كێ ناسنامه‌و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیمان پێ ده‌به‌خشێت و هه‌ڵیده‌سه‌نگێنێت؟!!!

بارزان شوان

 

ناکرێت له‌ ڕۆژانێکی سه‌یری وه‌ک ئه‌وڕۆماندا بڵێین که‌ گوایه‌ پسووله‌یه‌کی به‌ ڕه‌نگ نه‌خشکراوکراو هه‌بێت که‌ له‌ ناوه‌ڕۆکه‌که‌یدا که‌سانی نه‌ته‌وه‌په‌رست و که‌سانی خۆفڕۆش و ویژدان فڕۆش تیایدا له‌ یه‌کدی به‌ شێوه‌یه‌کی ئاشکرا جودا کرابێتنه‌‌وه‌‌، به‌ڵکو ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ ته‌نها به‌ کرده‌وه‌و هه‌ڵسوکه‌وتی مرۆڤ خۆیی و په‌یوه‌ندی به‌و خاکه‌ی که‌ له‌ باوه‌شیدا په‌روه‌رده‌ کراوه‌ ده‌نرخێندرێت وه‌ هه‌روه‌ها ڕاشکاوانه‌ خۆشه‌ویستی‌ خۆی بۆووڵاته‌که‌ی و نه‌ته‌وه‌که‌ی  خۆی ده‌ربخات و سه‌ربه‌رزانه‌ش داکۆکی له‌ هاوڵاتیه‌کانی بکات و هاوبه‌شی خۆشی و ناخۆشی نه‌وه‌کانی خۆی بکات، هه‌میشه‌ خۆی به‌ یه‌کێک له‌ دڵسۆزترین ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه‌که‌ی بزانێت، نرخاندنی مرۆڤ به‌ دڵپاکی و ڕاستگۆیی و ئه‌مه‌کی ویژدانیه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ ، هه‌وڵدانی تاکو‌ چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگا‌ بۆ به‌ پراکتیزه‌ کردنی بنه‌ما دیموکراتیه‌کان و پێشکه‌وتنی ووڵاته‌که‌یان ئاڵۆزاوه‌ به‌‌ ماندوو نه‌بوونی و نه‌ز‌انی شه‌که‌تیانه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی به‌ پێشکه‌وتنه‌وه‌ له‌ گشت بواره‌کاندا ، نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌یه‌ که‌ خودی مرۆڤ له‌ ووڵاته‌که‌یدا وه‌ ده‌ستی دێنن وڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و کاره‌ ڕه‌نگینانه‌یه‌ که‌ دڵسۆزانی خاک و ووڵات  به‌ گشت چینه‌کانه‌وه‌ خزمه‌ت به‌ میلله‌ته‌که‌ی خۆیان ده‌که‌ن  و‌ گه‌نج و لاوانیان به ئاره‌زوه‌کانیان ده‌گه‌یه‌نن و ڕاشکاوانه‌ و‌ به‌ بێ هیچ بیرکردنه‌وه‌یه‌ک له‌ ده‌سکه‌وته‌ ئابوریه‌کانی تاکه که‌سیه‌‌وه‌ وه‌ک دیاریه‌ک ڕووبه‌ڕووی میلله‌ته‌که‌ی خۆیانی ده‌که‌نه‌وه‌و له‌ سه‌ر سینیه‌کی زێڕین پێشکه‌ش به‌ ووڵاته‌که‌ی خۆیانی ده‌که‌ن.

 کوردایه‌تی به‌ پێی به‌رنامه‌یه‌کی دابین کراو و نه‌خشه‌ بۆ کێشراو فێر ناکرێت و بڵاو ناکرێته‌وه،‌ به‌ڵام بێ گومان کێش و نرخه‌ به‌هاکه‌و پایه‌کانی وه‌ک په‌رژین هه‌ڵچنراون و په‌ست کراون  به دام و‌ ده‌زگا حکومیه‌کان و بنکه‌ زانستیه‌کان و قوتابخانه‌کانه‌وه‌، ئه‌م ده‌زگایانه‌ ده‌توانن به‌ قووڵایی بچنه‌ نێو بنجو بناوانی ئه‌و پرسانه‌ی که‌ په‌یوه‌ندیان به‌ نه‌ته‌وایه‌تی و نرخاندنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و ویژدانی مرۆڤه‌وه هه‌بێت‌، بێگومان ته‌نها قوتابخانه‌ نیه‌ که‌ ئه‌و کاره‌ی پێ سپێردرابێت که‌ له‌وێوه‌ ویژدان و که‌سایه‌تی و لکاندنی هاوڵاتی به‌ نه‌ته‌وه‌وه‌و خاکه‌که‌یه‌وه‌ پێوه‌ی به‌سترابێته‌وه‌، به‌ڵکو ئومێدمان ئه‌وه‌یه‌ که‌ خوێندنگاکان بتوانن ئه‌و هه‌سته‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌و ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ گشتیه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ زیاتر په‌ره‌ پێ بده‌ن و بتوانن هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه هانی ئه‌و زاڕۆک و منداڵانه‌ بده‌ن که‌ زیاتر هه‌ست به‌ قوڵایی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ بکه‌ن که‌ هاوڵاتیان به‌ یه‌که‌وه‌ گرێده‌دات و به‌ شێوه‌یه‌کی په‌روه‌رده‌یی داڕێژکراویش وه‌ک وانه‌ خوێندنێکی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و هه‌سته‌ وون بوه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌ به‌ شاگردانی قوتابخانه‌کانیان بگه‌یه‌نن، ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ش بێگومان ده‌بێت به پله‌ یه‌ک وه‌ک یه‌کێک له‌ وانه‌ گرنگه‌کان‌ بژمێردرێت .

ئه‌و ڕاسپاردانه‌ی که‌ دامو ده‌زگا حکومیه‌کان و ده‌ستوره‌ نووسراوه‌کانی په‌رله‌مان وه‌ک یاسایه‌ک فه‌رمانمان پێ ده‌که‌ن و هاوڵاتیان ته‌نها له‌سه‌ریانه بێ که‌مه‌کورتی‌ به‌ ڕێوه‌یان به‌رن، ده‌بێت ئه‌و به‌جێهێنانه‌ به‌ مه‌رجێک تاوتوێ بکرێن و جێ به‌ جێ بکرێن که سه‌رکوتانه‌  به‌ڕێوه‌بردنی فه‌رمانه‌ دابینکراوه‌کان وه‌ک یه‌ک ڕه‌چاو بکرێن و به‌ یه‌ک چاویش ته‌ماشا بکرێن، نه‌وه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ وا بێت‌ که‌ ته‌نها پارێزی له‌ پاک و خاوێنی ماڵ و ئه‌و سه‌ر شه‌قامانه‌ بکه‌ین که‌ ته‌نها خۆمانی تیایدا ژیان به‌ سه‌ر ده‌به‌ین ، که‌چی له‌ هه‌مان کاتدا به‌وپه‌ڕی بێباکی و بیرکردنه‌وه‌‌ هه‌ستین به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ به‌‌ پیس کردنی شه‌قامه‌کانی دوور له‌ خۆمان و ده‌وروبه‌رمان، ئه‌ویش له‌ به‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ گوایه‌ پیسایه‌تی ئه‌و گه‌ڕه‌کانه‌ په‌یوه‌ندی به‌ کۆڵان و به‌ سه‌ر شه‌قامه‌کانی خۆمانه‌وه‌ی هه‌ر نیه‌، ده‌بێت ئێمه‌ بگه‌ینه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که‌ خاوێنی گشت ووڵات پا به‌نده‌ به‌ پاک و خاوێنی ماڵ و کۆڵانه‌کانمان.

گشتمان به‌ هیواین که‌ هه‌میشه‌ قوتابخانه‌کان سه‌ر له‌ سبه‌ینان و به‌ر له‌ ده‌ستپێکردنی وانه‌ خوێندنه‌کان گشت قوتابیان به‌ خوێندنی سروودی نه‌ته‌وایه‌تیه‌وه له‌ گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌کاندا‌ ده‌ست به‌ خوێندنی بکه‌ن ، له‌ هه‌مان کاتدا ئاڵای کوردوستان بلا‌ به‌ سه‌ر قوتابخانه‌کان‌دا بشه‌کێته‌وه‌، جگه‌ له‌وانه‌ش ده‌بێت وانه‌یه‌کی تایبه‌تیش هه‌بێت که‌ به‌رپرسی چه‌قینی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و فێر کردنی ویژدانی مرۆڤایه‌تی قوتابیان بێت ، ده‌مانه‌وێت گشت داموده‌زگا حکومیه‌کان پێکڕا هه‌ستن به‌ بڵاو کردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌سته‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌ و هه‌ست به‌ ئه‌رک و به‌رپرسێتی نه‌وه‌ نوێیه‌کانمان بکه‌ن.

کوردایه‌تی زمانێکی دیالۆگیه و هه‌ڵسوکه‌وتی هاوڵاتیانه به‌رامبه‌ر به‌ زه‌وی و خاکه‌که‌یان، جگه‌ له‌وانه‌ش ئاماده‌ باشی جه‌ماوه‌ره‌ که‌ هه‌رده‌م ژیانی خۆیان له‌ پێناوی ووڵاته‌کایان به‌خت بکه‌ن به‌ مه‌رجێک هیچ کامێکیشیان چاونواڕی پاداشت کردنه‌وه‌ بن، به‌ مانایه‌کی ووردتر ده‌تونین بڵێین که‌ خاکی کوردوستان هه‌میشه‌ خۆشه‌ویستی  له‌ نێو ویژدانی تاکه‌کانی خه‌ڵکیدا ده‌ڕوێنێت ، ده‌بێت دامو ده‌زگا حکومیه‌کان به‌ گوڕ هانده‌ری ئه‌رکه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌کان بن و هه‌ستن به‌ جێ به‌جێ کردنی ئه‌و پێداویستیانه‌ بکه‌ن که‌ خه‌ڵکی خوازیارین و به‌ ڕاستی پارێزی له‌ ڕێز و له‌ مافه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌کانی مرۆڤ به‌ بێ فه‌رق و جو‌دایی بکه‌ن.

کوردایه‌تی ئه‌ڤینێکی گرێدراوه‌ له‌ نێوان هاوڵاتیان و په‌یوه‌ندیان به‌ خاکو خۆڵی ووڵاته‌که‌یانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ که‌سێک بیر له‌ هۆزپه‌ره‌ستی وتیره‌ گه‌ڕیتی بکاته‌وه‌، به‌ڵکو ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ هێنده‌ گه‌وره‌و مه‌زنه‌ که‌ ده‌توانرێت به‌ درێژایی و پانایه‌تی ووڵاته‌‌وه‌ به‌ گشت سنووره‌کانیه‌وه یه‌کسان بێت ‌، کوردایه‌تی ته‌نها پسوله‌یه‌ک نیه‌ که‌ بخرێته‌ به‌رگه‌وه‌، به‌ڵکو هه‌ست و نه‌ستی کردارێکی به‌ستراوه‌ به‌ زه‌مانه‌وه‌ و هه‌وڵدانه‌ به‌ گه‌یاندن و بنه‌چڕ کردنی دام و ده‌زگا و ڕژێمه‌ به‌ ویژدانه‌کانه‌وه‌ و قووڵبوونه‌وه‌ی داده‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه‌ که‌ مرۆڤ به‌ به‌رزترین پله‌کانی ژیان ده‌گه‌یه‌نێت و به‌ستراونه‌ته‌وه‌ به‌ خاک و ووڵات و هاوڵاتیانه‌وه‌، کوردایه‌تی و خۆشویستی ووڵات وه‌ک نه‌مامێک وایه‌ که‌ به‌ کاوه‌ خۆ به‌رز ده‌بێته‌وه‌و بۆ حه‌وانه‌وه‌ی هاوڵاتیان سێبه‌ر درووست ده‌کات، ئه‌ویش به‌ مه‌رجێک به‌ بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی پادشت کردنه‌وه‌ بێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ مرۆڤیش هه‌میشه‌ ده‌بێت به‌ کرده‌وه‌ هانده‌ر و ده‌ستپێشخه‌ری داهات و بنیات نان بێت، به‌ بێ ئه‌وه‌ی له‌ ووڵاته‌که‌ی چاوه‌ڕوانی سوپاس گوزاری بێت ‌، چونکه‌ هه‌ر ئه‌و خاکه‌یه‌ که‌ بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی پله‌وپایه‌ی هاوڵاتیانی به‌ره‌و ئاسمانێکی گه‌شتر بگه‌یه‌نێت.

که‌واته‌ ئێمه‌ ئه‌وڕۆ دووچاری گه‌ڕانه‌وه‌ی هێماو هه‌یبه‌تی هه‌ستی کوردایه‌تین، ده‌بێت دووباره‌ ئه‌و مانا به‌رزه‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌کی نوێدا داڕێژ بکه‌ینه‌‌وه‌ که‌ خۆی له‌ خۆیدا قه‌تیس ناوه‌ له‌ نێو ویژدانی تاکه‌کانی جه‌ماوه‌ره‌وه،‌ بایه‌خدان به‌ په‌روه‌رده‌و ڕۆشنبیری و پێشکه‌وتن ده‌بێته‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی خۆشی ڕێژه‌ی ژیانی خه‌ڵکی ، تا ڕۆژێک وای لێدێت که‌ هه‌ر که‌سێک به‌ دڵه‌خورپێ بتوانێت بگاته‌‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که‌ ووڵاته‌که‌یان ده‌توانێت گشت ئومێد و خه‌وه‌کانی جه‌ماوه‌ر به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت، نه‌ته‌وایه‌تی پسوله‌یه‌کی به‌ نرخی قووڵه‌ که‌ ده‌توانێت پێداویستیه‌کانی هاوڵاتیان به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت وه‌ک ئه‌ستێره‌یه‌کی گه‌ش به‌ گشت گه‌لانی جیهانی بناسێنێت و به‌ هیواو خواستو ئومێدی نه‌گه‌یشتووی گه‌لانی ژێر ده‌ست بژمێردرێت، گه‌یشتن به‌و ئارمانجه‌ پڕ شکۆیانه‌ نه‌ک ته‌نها به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی بێ هوده‌ یاخود به‌ نووسینێکی ناڕاستی سه‌ر به‌ ده‌زگا ده‌سه‌ڵاته‌کانه‌وه‌ ده‌بێت، بێگومان هه‌رگه‌لێک به‌ هیوای گه‌یشتنی ئه‌و ڕۆژه‌یه‌ که‌ ده‌توانێت تیایدا بگاته‌ وه‌چنگ هێنانی‌ ئارمانجه‌ شاردراوه‌کانی، به‌ڵام ئه‌و ئومێدانه‌ خوازیاری ئه‌رک و کارێکی بێ ووچانن له‌ لایه‌ن گشت چین و توێژه‌کانی میللته‌وه‌.

گه‌یشتن به‌و مه‌رامه‌ ڕه‌ونه‌قدارانه‌ پێویستی به‌ قۆڵ و بازووی گشت جه‌ماوه‌ره‌و دامو ده‌زگا حکومیه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌ر یه‌که‌ به‌ پێی ئه‌و ئه‌رکه‌ی بۆی دابین کراوه‌، یه‌ک له‌وده‌زگایانه‌ بێگومان وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌یه که‌ به‌ خۆی‌ تێکه‌ڵه‌ به‌ توانای قوتابخانه‌وه‌و‌ به‌ بنیات نانی په‌روه‌رده‌یه‌کی شیاو که‌ له‌ گه‌ڵ زانسته‌ گشتیه‌کانی جیهانی ئه‌مڕۆماندا بگونجێت، وه‌ هه‌روه‌ها وه‌ک زنجیرێک به‌ستراوه‌ته‌وه‌‌ به‌ توانای خه‌سته‌خانه‌کان و به‌ چاره‌سه‌رکردنی نه‌خۆشیه‌ به‌ ئازار و ده‌ردو داده‌کانی نه‌خۆشانه‌وه‌، هه‌روه‌ها گرێدراوه‌ به‌ ئارامی ئه‌و ڕێگایه‌ی که‌ به‌ره‌و ماڵه‌وه‌ ده‌مانگه‌یه‌نێته‌وه‌، بێگومان لکاوه‌‌ به‌و دانیشگایه‌ی که‌ ده‌توانێت له‌ پاشه‌ڕۆژدا کار بۆ ده‌رچوه‌کانی بدۆزێته‌وه‌، پابه‌نده‌ به‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ی که‌ به‌ ویژدانه‌وه‌ پله‌وپایه‌ی گشت کارمه‌نده‌کانی به‌ یه‌ک چاو ده‌نواڕێت و به‌رزده‌کاته‌وه‌، گرێدراوه‌ به‌و ڕێگا به‌رینه‌ی که‌ درووست ده‌کرێت بۆ وه‌دیهێنانی دیالۆگێکی سه‌ر به‌ شارستانیه‌تی ئه‌و سه‌ده‌یه‌مان که‌ بتوانێت گشت پارت و ڕێکخراوه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کان بگه‌یه‌نێت به‌و هیوایه‌ی که‌ هه‌ر هه‌موویان بۆی کۆشش ده‌که‌ن و به‌ یه‌ک ده‌نگیش له‌ داهاتودا بۆ‌ گشت هاوڵاتیان کار ده‌که‌ن‌، کوردایه‌تی ئاوازێکی خۆش و دڵگیره‌ که ته‌نها‌ به‌خۆمان ده‌توانین ئه‌و ئاوازه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ڕه‌نگین بهۆنینه‌وه‌ و وه‌ک کاردانه‌وه‌یه‌کیش بێت بۆ پێشخستنی ووڵاته‌که‌مان ، ئه‌گه‌ر ئاوازه‌که‌ش ناخۆش و بێ تام و چێژ بێت ئه‌وا ده‌توانێت ببێت به‌ بارینی ئێش و ئازارێکی وه‌ها زۆر که‌ تا ماوین بیرمان نه‌چێته‌وه‌، ئه‌و کات ترس له‌وه‌دایه‌ که‌ وه‌ک بۆقێکی داماومان لێ بێت که‌ له‌ گۆماوێکی قوڵدا بخولێینه‌‌وه‌و هه‌میشه‌ قیڕین پیشه‌مان بێت و سه‌وزایی سه‌ر زه‌ویش مه‌گه‌ر به‌ خه‌و جارێکی تر ببینینه‌وه‌.

 

سوید

2006-09-28

uvnbas@hotmail.com

 

 

 
           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca