بێویژدانی به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک!

 ئیسما‌عیل ئیبراهیمڕواندزی

Ismail_rwandzi@yahoo.com

 

     ڕه‌نگه هه‌موو به‌یانییه‌ک له‌سه‌رکار سڵاومان لێکردبن، پێکه‌وه‌ چووبین بۆ کار، دراوسێمان بووبن، له‌ شادی‌و خۆشیه‌کاندا له‌گه‌ڵیان له‌ قاقای پێکه‌نینماندابێت، ئه‌وکات نه‌مانده‌زانی که‌ بزه‌ درۆزنه‌کانیان چاوی دوژمن بوون، نه‌مانده‌زانی که‌ ئه‌وه‌ی جارێک خۆی بفرۆشێ، هه‌موو جارێ خۆی ده‌فرۆشێ. ئه‌مڕۆ ده‌زانین که‌ ئه‌وانه‌ سیخوڕو فایلدار بوون، ئه‌و که‌سانه‌ بوون که‌ پاش به‌شداری ڕاسته‌وخۆو ناراسته‌خۆی بێویژدانانه‌یان له‌ ئه‌نفال‌و جینۆسایدی کورد، به‌درێژایی ماوه‌ی ڕابردوو مقاشی ده‌ستی دوژمن بوون.

        پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی فایلی خۆفرۆش‌و سیخووڕه‌کانی ڕژێمی به‌عسی عه‌ره‌بی ڕووخاو له هه‌ردوو هه‌فته‌نامه‌ی‌ هاوڵاتی‌و ئاوێنه‌دا‌، تووشی شۆک بووم. له‌ خۆم ده‌پرسی که‌ ده‌بێ ئه‌مه‌ خه‌ون نه‌بێ؟ باشه‌ خۆ ئه‌م هه‌موو ماوه‌یه‌ چاره‌نووسی هه‌موومان له‌ ژێر چه‌قۆی به‌عس بووه‌. به‌ڕاستی وڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بۆ داهاتووی نه‌ته‌وه‌ی‌ کورد چاره‌نووسسازه، که‌ چۆنه‌‌ که‌سانێکی سیخوڕو ئه‌نفالچی، که‌ بێویژدانانه‌ به‌شداری ئه‌نفال‌‌و جینۆسایدی نه‌ته‌وه‌ی کوردیان کردووه‌، ئاوا به‌ربڵاو‌و به‌رین له‌ ده‌زگا هه‌ستیارو به‌رزه‌کانی پارته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان‌و په‌رله‌مان‌و حکومه‌ت بته‌ننه‌وه‌؟، له‌وه‌ش خراپتر، چۆنه‌ توانیویانه‌ پاش ڕاپه‌ڕین‌و دوای لێبووردنیان، به‌رده‌وام بن له‌ سیخووڕی‌و چاوساغی بۆ دوژمنێکی وه‌کو به‌عسی عه‌ره‌بی، که‌ گه‌وره‌ترین تراژیدیای مرۆڤایه‌تی به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی کورد هێناوه‌؟

     حیزبی به‌عسی عه‌ره‌بی به‌ درێژایی ده‌سه‌ڵاتی له‌ ئێراق توانی کۆمه‌ڵگایه‌کی بێ پڕه‌نسیپ‌و بێویژدان پێک بێنێ‌و ته‌نانه‌ت توانی هه‌موو بنچینه‌ ساده‌کانی مۆڕاڵی شارستانی، که هه‌موومان وه‌ک مرۆڤ پێکه‌وه‌ گرێ ده‌دات، له‌ کۆمه‌ڵگای ئێراق هه‌ڵته‌کێنێ. ئامانجی به‌عس گه‌شه‌پێدانی ترس‌و دووڕوویی‌و خۆفرۆشی بوو له‌نێو کۆمه‌ڵگادا. به‌عس توانیبووی به‌شی هه‌ره‌ زۆری مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێراق وه‌ک مێگه‌له‌ مه‌ڕ بۆ هه‌ر لایه‌ک بیه‌وێ ئاراسته‌یان بکات. له‌م نێوه‌دا بوو که‌ سیسته‌می به‌عسی عه‌ره‌بی توانیبووی له‌ کوردستانیش، که‌ که‌ڕامه‌ت‌و سه‌روه‌ری سیاسی پێشێل کرابوو، هه‌زاران سیخووڕو خۆفرۆش‌و ئه‌نفالچی کورد دروست بکات. ته‌نانه‌ت سه‌رده‌مانێک له‌ کوردستان سیخووڕو خۆفرۆش‌و ئه‌نفالچی‌و جاش‌و سه‌رۆک جاشه‌کان بێ هه‌ستکردن به‌ ئازاری ویژدان خه‌ڵکی بێتاوان‌و شۆرشگێریان ده‌گرت‌‌و ده‌کوشت، گوندو شاریان شان به‌ شانی سه‌ربازانی ئێراق ئه‌نفال ده‌کردو ده‌سووتاند. ڕۆشنه‌ که‌ کۆمه‌ڵگا‌یه‌کی دوور له‌ ویژدان‌و مۆڕاڵی شارستانیانه‌‌ی مرۆڤایه‌تی ناتوانێ بێجگه‌ له‌ مرۆڤ کوژه‌کان‌‌و خه‌ڵکانێکی کۆیله‌ به‌رهه‌م بێنێ، که‌ دژایه‌تی‌و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر به‌ سته‌م‌و بێویژدانی به‌ ئه‌رکی خۆی نه‌زانێ.

   برسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه‌: چۆن ده‌توانین مۆڕالی خۆفرۆشی‌و سیخووڕی‌و جاشایه‌تی له‌ کوردستان بنه‌بڕ بکه‌ین؟ هه‌وڵده‌ده‌م وڵامی ئه‌م پرسیاره‌ له‌ چه‌ند خاڵی خواره‌وه‌ بده‌مه‌وه‌:

یه‌که‌م:ـ ده‌رکه‌وت که‌ سیخووڕ‌و به‌کرێگیراو و چاوه‌کانی به‌عس له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی به‌عسی ڕووخا‌و له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی کورد‌یدا نزیکه‌ی هه‌مان که‌س‌و له‌ هه‌مان ناوه‌ندی پێشوو سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌. ئه‌مه‌ چی ده‌گه‌یه‌نێ؟ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ که‌ جاری پێشوو بێده‌نگی له‌ به‌رامبه‌ر سیخووڕی‌و به‌کرێگیراوی هانی سیخووڕ‌و به‌کرێگیراوه‌کانی داوه‌ جارێکی‌تر دووباره‌ درێژه‌ به‌ خۆفرۆشی‌و تاواناکانیان بده‌ن. له‌م نێوه‌دا‌، مافی خۆمانه‌ ڕه‌خنه‌یه‌کی توند له‌ ئۆپۆرتۆنیزمی حیزبه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کانی کوردستان بگرین، چونکه‌ گومانم نییه‌ که‌ ئه‌وان ئه‌گه‌ر ده‌سته‌وه‌ستان نه‌وه‌ستابان ئاوا توانای بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ سیخووڕ‌ی‌و به‌کرێگیراوی له‌م ئاسته‌ فراوانه‌دا‌ نه‌بوو. بێ‌ده‌نگی له‌به‌رده‌م گه‌ڕای خۆفرۆشی‌و خۆفرۆشه‌کان مانای له‌ ده‌ستدانی کۆنتڕۆڵی بنه‌بڕکردنی خۆفرۆشی‌و جاشایه‌تییه‌ له‌ کوردستان، مانای سێ باره‌و چوارباره‌و ده‌باره‌ بوونه‌وه‌یه‌تی. بۆیه‌ ده‌بێ‌و پێویسته که‌ سیخووڕ‌و به‌کرێگیراو چاوه‌کانی به‌عس‌و به‌ تایبه‌تی فایلداره‌کان، له‌ حاله‌تی ساغبوونه‌وه‌ی ڕاستی‌و دروستی به‌ڵگه‌نامه‌کان، به‌ تووندترین شێوه‌ سزا بدرێن‌و بکرێنه په‌ند بۆ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ ئێستا‌و داهاتوو ده‌یانه‌وێ یاخود بیر له سیخووڕی‌و به‌کرێگیراوی‌و چاوساغی بۆ دوژمن ده‌که‌نه‌وه‌.‌ له‌ کاتێکدا باس له‌مه‌ ده‌که‌ین، نابێ بیرمان بچێ که‌ وانه‌یه‌ک بۆ نه‌وه‌کانی داهاتوومان جێبێڵین. نه‌وه‌کانی‌ داهاتوو، کاتێک مێژووی خۆیان ده‌خوێننه‌وه،‌‌ ده‌بێ بزانن که‌ داگیرکه‌ر‌و ڕژێمی به‌عسی عه‌ره‌بی‌و دوژمن نه‌یده‌توانی به‌ ئاسانی‌ به‌بێ چاوی خۆماڵی‌و سیخووڕ‌و به‌کرێگیراوه‌کان تاوانه‌کانی له‌ کوردستان ئه‌نجام بدا.

دووه‌م:ـ ژێرده‌سته‌یی کورد به‌ درێژایی مێژووی کۆن‌و نوێی زه‌مینه‌یه‌کی باشی ڕه‌خساندووه‌ بۆ چه‌که‌ره‌کردنی گه‌ڕای سیخووڕیه‌تی‌و به‌کرێگیراوی له‌ کوردستان، بۆیه‌ هه‌رچه‌ند بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی‌و ده‌سه‌ڵات‌و سه‌کردایه‌تی کوردستان له‌ ڕێگه‌ی ستراتیژێکی نه‌ته‌وه‌یی ڕۆشن‌و یه‌کگرتوو بتوانێ سه‌روه‌ری سیاسی له‌سه‌ر خاکی کوردستان پته‌و‌و به‌هێز بکات‌،وه‌ متمانه‌‌و باوه‌ڕی گه‌لی کوردستان بۆ خۆی ڕاکێشێ، ئه‌وا به‌و ڕێژه‌یه‌ش پێگه‌ی بیانی‌و سیخووڕیه‌تی‌و به‌کرێگیراوی له‌ کوردستان بێ‌هێز ده‌کات.

سێیه‌م:ـ به‌هێزکردنی ژینگه‌‌و ووشیارییه‌کی تۆله‌ڕانتی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نگی له‌ ڕاستای هه‌ڵته‌کاندنی هه‌موو ئه‌و بنه‌ما فه‌لسه‌فی‌و ڕۆشنبیریانه‌ی که‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی کۆیله‌‌و بێویژدانت بۆ به‌رهه‌م دێنێ.

چواره‌م:ـ ئاشکرابوونی دوایین فایله‌کانی سیخووڕ‌و به‌کرێگیراوانی موخابه‌راتی به‌عس له کوردستان له‌ لایه‌ن میدیا‌و ڕۆژنامه‌ ئه‌هلییه‌کانی کوردستان، ئه‌وه‌ی سه‌لماند که‌ کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ چه‌نده‌ پێویستی به‌ ئازادی میدیاو ڕاگه‌یاندن هه‌یه‌. هه‌ربۆیه‌ له‌ پێناو به‌هێزکردن‌و ته‌ندروستی کۆمه‌ڵگای کوردستان پێویستیمان به‌ میدیاو ڕاگه‌یاندنێکی ئازاد هه‌یه. مێژووی نوێی مرۆڤ پێمان ده‌ڵێ که‌ ته‌نها میدیاو ڕاگه‌یاندی ئازاده‌ ده‌توانێ بێده‌نگی بشکێنێ.

    له‌ کۆتاییدا ده‌ڵێم: له‌ گه‌ڵ بوونی هه‌وڵی لێپرسینه‌وه‌و دامه‌زراندنی لێژنه‌یه‌ک له‌ لایه‌ن په‌رله‌مان‌و سه‌رۆکی کوردستان بۆ به‌دواداچوونی فایله‌کانی سیخووڕ‌و به‌کرێگیراوانی موخابه‌راتی به‌عسی ڕووخاو، به‌ پێویستی ده‌زانم‌ به‌ بیر هه‌مووان بێنمه‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌ر ئاشکرابوونی ئه‌م فایلانه سه‌رکردایه‌تی کورد‌ به‌ تووندی نه‌هژێنێ، به‌ جۆرێک کاردانه‌وه‌و لێپرسینه‌وه‌یه‌کی جیدی نه‌کات‌و هه‌ڵوێستێکی تووند‌و ڕۆشنیش‌ به‌رامبه‌ر گه‌ڕای سیخوڕی‌و خۆفرۆشی وه‌رنه‌گرێت، ئه‌وا له‌ داهاتوو چاوه‌ڕێی گه‌وره‌ترین گه‌ڕای سیخووڕ‌ی‌و خۆفرۆشی بۆ دوژمنانی ناوخۆیی ئێراق‌و ناوچه‌یی‌و داگیرکه‌رانی کوردستان  له‌ نێو بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی‌و ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌دا، بن.

 

                                                         هۆڵه‌‌ندا ـ 19 ئۆکتۆبه‌ری 2006

     

 
           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca