مناڵی ..نه‌مرترین نیشتمان بۆ عه‌شق !

ڕێباز مه‌حمود
هۆڵه‌ندا

rebazmahmud@hotmail.com

 

پیاوێکی ڕیش سپی له‌ چاره‌نووسی منه‌وه‌

ڕێگه‌ت پێ ده‌گرێ و

په‌شیمانت ده‌کاته‌وه‌ له‌ دوودڵی ..

ده‌ستی سۆراخت ده‌گرێ و

ده‌تباته،‌‌

موغامه‌ره‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی خۆته‌وه‌ ..

وه‌ک سرکه‌ ماسیه‌ک

له‌ ناو چنگێ موچوڕکی ته‌ڕو فێنکدا

موعجیزه‌یه‌ک ،‌

ده‌تخاته‌ ناو گۆمی پێشوازیمه‌وه .‌

منیش به‌رله‌وه‌ی سه‌مایه‌ک له‌ (( زۆربا ))  بخوازم و

پێکێ شه‌راب له‌ (( خیام )) وه‌ربگرم و

ڕوخسه‌تێکی تر له‌ ژیان قه‌رز که‌م ..

تاپشتمان له‌م خه‌رابستانه‌ و

 له‌سه‌ر سه‌کۆی عه‌‌سرێکی جاوید

کۆ بینه‌وه‌ ..

هه‌رچه‌ند سه‌ر دێنم و سه‌ر ده‌به‌م ،

شوێنێکی به‌ریئی وام له‌ شک نایه‌

زه‌مه‌نێکی وه‌حشی داگیری نه‌کردبێ ..

هه‌ر بۆیه‌ به‌ ئاو ده‌ڵێم :

 ( که‌ ژیکه‌ڵه‌ ترین کچی خۆشه‌ویستی خۆم داوه به‌ کوڕێکی ،‌

به‌و کوڕه‌ هه‌رده‌م ڕێبواره‌ی که‌ هه‌میشه‌

  به‌نه‌رمی   به‌ ناو شیوو دۆڵی هه‌موو قه‌ڕنه‌کانا

به‌س ته‌نیا سه‌ربه‌ره‌وخوار ده‌که‌وێته‌ ڕێ ) :

پێی ده‌ڵێم :

هه‌موو پانتایی ئاسمان  و هه‌موو بیابانه‌کانی خۆم و

 هه‌موو هه‌ورازه‌کانی ژیانم

پشکنی و

ئه‌و نوره‌ کشاوه‌م له‌ هیچ جێیه‌ک نه‌بینیه‌وه‌

که‌ له‌ ناو  بریقانه‌وه‌ی دڵبزوێنی شه‌وا

دانیشتبوو بۆڵه ترێی له‌ هێشوه‌ پێ گه‌یوه‌کانی

 تاریکی ده‌کرده‌وه و‌

ده‌یخسته‌ ناو ده‌می هۆگریمه‌وه ..‌

هۆگریم به‌ خوا

هۆگریم به‌ خۆم

هۆگریم به‌ تۆ

که‌ له‌ به‌راییه‌کانی هاتنمه‌وه‌ ده‌بوو له‌گه‌ڵم بێ و

که‌چی له‌ پڕێکا

دونیا مه‌حفی کرده‌وه‌ ..

نا .. نه‌مبینیه‌وه‌ و نه‌مبینیه‌وه‌ ، هه‌ر بۆیه‌‌

ئه‌وسه‌ری پاشه‌ڕۆژم لێی گرتبوو ،

 بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ژیان ئاودیو نه‌بێ ...

له‌ به‌فری میهری ئه‌وم له‌ ڕیشم هه‌ڵسوا بوو ،

 بۆ ئه‌وه‌ی نورم لێ بتکێ و

بۆ ئه‌وه‌ی بێت و بکه‌وێته‌ ئاخرین که‌مینمه‌وه ..

ئێستاش ئه‌م ته‌ڕاییه‌و

ئامانه‌تی من و تۆ

وا ڕۆی ده‌که‌مه‌ ناو خوێنی

 تیره‌و ڕه‌گه‌زه‌  جۆراو جۆره‌کانته‌وه...‌

به‌ڵام توخوا هه‌ر هیچ نه‌بێ

 له‌گه‌ل په‌لکێ گه‌ڵای  ئه‌م پایزه‌دا

به‌ هێمنی جۆگه‌له‌یه‌کی خۆتی بسپێره‌ و

تا ده‌یگه‌یه‌نیته‌وه‌ مناڵیم لێی غافڵ مه‌به‌ ..!

پێی ده‌ڵێم

ده‌زانم تا ده‌یگه‌یه‌نیته‌وه‌ ئه‌وێنده‌ر

ده‌بێ به‌ به‌ر پێی قوڕاوی هه‌زاران حه‌سره‌ت و

به‌ ناو گه‌ڕه‌لاوژێی جۆره‌ها سه‌رده‌م و

به‌ ته‌نیشت نامورادی چه‌ندین به‌هارا ڕه‌ت بی ..

به‌ڵام بڕۆ .. پایزه‌کانم له‌وه‌ دڵ سه‌خی ترن

چه‌م و جۆباره‌کانت

 به‌هه‌ر که‌نده‌ڵانێکی مه‌حزونیما داگه‌ڕێن

تا ئه‌وێ ، چاوساغیت نه‌که‌ن !

بیبه‌ .. له‌ ناو حه‌په‌سانه‌کانی هه‌ر ئه‌وێمدا ؛

که‌ پڕاو پڕن له‌ ته‌ڵانه‌ی خاڵی

چڵ چڵ شه‌تڵه‌ ڕێحانه‌کانیم

  به‌ ده‌ست و په‌نجه‌ی نه‌رمی بارانه‌کانت ، 

بۆ بڕوێنه‌ ..

با بێجگه‌ له‌ دایکیشم که‌سی تر ئاگای لێ نه‌بێ !

 [[ - تۆ له‌م هه‌راو هوریایه‌ی من، که‌ کردومه‌ به‌ ڕۆژی خۆم

بزه‌یه‌کی ناسک ئه‌تگرێ و هه‌رچه‌ند خۆت ڕاده‌پسکێنی

(نا) یه‌ک له‌ لێوتا په‌یدا نابێت و

   بێت ،

به‌ دزیه‌وه‌ پێت بڵێت :

ئه‌و مناڵه‌ به‌ تۆ ژیر نابێته‌وه‌ ،

چونکه‌ خۆ مناڵی خۆت ده‌ره‌وه‌ی نه‌دی ! ]]

من تێ هه‌ڵده‌چمه‌وه‌ و له‌ که‌ناری غه‌ریبیما ده‌چمه‌ حزوری ده‌ریا و

پێی ده‌ڵێم : به‌ساقه ،ئه‌و دڵۆپی مه‌ره‌که‌بی ئه‌فسونه‌

گه‌ر وریا نه‌بی و بیڕژێنی به‌ خۆتا

هێنده‌ شه‌فافت ده‌کاته‌وه‌

ئیدی ناخوداکان هیچ سامێک نایانگرێ

له‌و حکایه‌ته‌ ڕاست و درۆزنانه‌ی

 ژیان له‌ شه‌پۆل و هه‌ڵچوونه‌کانتی  ده‌گێڕێته‌وه‌ ..!

بۆیه‌ دڵم مه‌شکێنه‌ و

تۆ که‌ خۆت وتایه‌فه‌که‌ت سێ به‌شی ئیمپراتۆریه‌تی دونیان

هه‌وڵ به‌ن  ، ئه‌م په‌لکه‌ سێپه‌ڕه‌یه‌ ، ئه‌م چڵه‌ نێرگزه‌م

ته‌سلیم به‌ گه‌ڕانه‌ شێت و شه‌یداکانی

ناو قه‌دپاڵه‌کانی مناڵیم که‌ن ..

 [[ -تۆ بیر له‌و شه‌وه‌ت ده‌که‌یته‌وه‌ که‌ په‌نجه‌ره‌که‌ت پێوه‌ نه‌دابوو

که‌ کاغه‌ز و مه‌لزه‌مه‌ و کتێبه‌کانی گۆشه‌گیریت

 به‌ په‌رش وبڵاوی جێ هێشتبوو

که‌ بیرت چوو بوو به‌تانیه‌ ده‌ستکرده‌که ،‌

 به‌ سه‌رماکانتا به‌ی ..

ئه‌و شه‌وه‌ی که‌ پیرێکی نورانی خۆی خزانده‌ ناو

سه‌خی ترین خه‌ونته‌وه‌ و

پێی وتی بچۆ به‌لای ئه‌و مناڵه‌وه‌

که‌ مناڵه‌و مناڵیش نیه‌ ....

وه‌ وا ئێستا تێده‌گه‌ی ،

تومه‌ز هه‌ر خۆی بوو ......!!!

ئاقڵانه‌ش دایپۆشیت و

ڕێگای سه‌فه‌رێکی ئه‌به‌دیشی له‌ چاره‌نوستا پیشان دای ! ]].

منیش به‌ چرپه‌چرپێکی شه‌رابیه‌وه‌ ،

ڕوو له‌ سیمای ژانی سه‌ختی هه‌وره‌ ئاوسه‌کان ده‌که‌م و

ده‌ڵێم به‌ هیوای به‌ختێکی باش بۆ ئێوه‌ و

به‌و ئومێده‌ش ،

هه‌موو کۆڵانه‌ خه‌فه‌تبار و کۆستکه‌وتوه‌کانی ئێمه‌ش

به‌ زارۆکه‌ سپیکه‌ڵه‌کانی ئێوه‌ ئاوه‌دان ببنه‌وه‌ ..

به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی ،

ئه‌وم له‌ ناو سه‌مای سه‌رمه‌ستی خۆتانا بۆ به‌رن و

بیخه‌نه‌وه‌ ناو شه‌ڕه‌ تۆپه‌ڵه‌کانی ئه‌وسام ،

بیخه‌نه‌وه‌ ئه‌و ساتانه‌ی

بزۆزیم چاوی بۆ شوێنی خاڵی ئه‌و ده‌گێڕا ..

به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی ،

ته‌سلیم به‌ فڕینه‌کانی ئه‌وسامی که‌ن ،

که‌ له‌م حه‌قیقه‌ته‌ شه‌ق و شڕه‌ی

 به‌رده‌م ئاوێنه‌ درز بردوه‌کانی ئێستام

ڕاستی تر بوون ..

ته‌سلیم به‌و وڕکانه‌می بکه‌ن ،

که‌ له‌ گریانه‌کانی ئێستام

ده‌روێشی تر بوون ..

 [[ -تۆ سه‌رێک ڕاده‌وه‌شێنی و

چه‌ند ده‌نکه‌ قۆخێکی پێگه‌یوی مه‌ندیت

 له‌ ڕوخسارت ده‌وه‌رێ و

دونیا له‌ بێ ماریفه‌تی خۆی بۆ یه‌که‌م جار

  ته‌ریق ده‌بێته‌وه ..‌

ده‌زانێ تۆ له‌ ڕۆژی خه‌لیقه‌ته‌وه‌

له‌ دوره‌ده‌ستیدا ده‌ژی و

باخێکی ته‌نیای .. ]].

منیش  به‌ ساده‌یی و ڕه‌وتی پڕ عینادی  چه‌مێک،

له‌وه‌ی هه‌رگیز ڕانا‌وه‌ستێ ..

که‌ شۆڕه‌ بییه‌کی مه‌کرباز له‌ قه‌راغه‌وه‌

زوڵفی به‌سه‌ر شان و ملیا شۆڕ کردۆته‌وه‌ و

چاوه‌ڕوانی جارێک ڕاوه‌ستانی ئیقاعی ئاوه‌ ؛

به‌ دیار ڕاز و نیازیه‌وه ..

زۆر خۆمانه‌ پێی ده‌ڵێم :

ئه‌مه‌ ئه‌ستێره‌یه‌که‌ ،

 ڕه‌وتی نه‌رم و نیانت پڕ ده‌کات له‌ نوور

مانگه‌ شه‌وێکه‌ له‌ ڕۆمانسیه‌ت

له‌ بالکۆنی منه‌وه‌ سه‌یر که‌ی .. که‌ون بێ ئه‌و

جلی ڕه‌شی تازیه‌باری پۆشیوه ..

هه‌ر بۆیه‌ به‌ هه‌راو زه‌نای هیچ مه‌خلوقێک  ،

به‌ هاوار لێکردنی هیچ ناسیاوێکی ته‌ماحکار و

هیچ نه‌ناسێکی بێ متمانه‌ خۆت لێڵ مه‌که‌ ..

هه‌ر گوێشیان لێ مه‌گره‌ !

به‌ کوڵمی سوری ،

گۆماوه‌ خوێنه‌کانی سه‌ر ڕێگات هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێی ...

وریابه‌ حه‌زی ڕاموسانێک ،

نه‌تخاته‌ بۆسه‌ی تاڵانی ..

به‌ به‌رده‌م شاره‌ گه‌وره‌کانی جه‌نگ و فیتنه‌دا ،

 له‌سه‌ر نووکی پێ بڕۆ !

با سوارچاکه‌ گوناهباره‌کانی زوڵمه‌ت ،

شمشێره‌ خوێناویه‌کانی خۆیانت تیا نه‌شۆنه‌وه‌ ..

با پیاوه‌ زاڵمه‌کانی ناو جێگای چه‌ند ژنه‌ ،

وسڵی له‌ش پیسیت تیا ده‌ر نه‌که‌ن ..

بڕۆ و .. بیبه‌ و

ئه‌گه‌ر له‌ ڕێگا (با) شت تووش بوو

توخوا مه‌هێڵه‌ ئاگات لێی بێ ،

لاپه‌ڕه‌ی کتێبه‌ زه‌خمه‌کانی برین بخاته‌ خشپه‌ خشپ .

هه‌وڵ به‌ به‌لای ئه‌و کانیه‌

مه‌ئیوسانه‌ی خوادا تێنه‌په‌ڕی

که‌ لێوان لێون

له‌ سه‌ر لێ تێک چوونی ئاو ڕوون که‌ره‌وه‌کان ..

که‌ نه‌یانوێراو ناوێرن

خۆیان بده‌ن له‌ قه‌ره‌ی

گۆمی لێڵی به‌ختی کچه‌ قه‌یره‌کان .. !

[[ -تۆ له‌گه‌ڵ بارانه‌کانما که‌مێ ده‌کرێیته‌وه‌ و

یه‌که‌م شت ،

چه‌تره‌کانت فڕێ ئه‌ده‌ی ..!

له‌وێوه‌

که‌ ده‌زانی شوێنێک نه‌ماوه‌ بۆی بڕۆین و

زه‌مه‌نێکی وه‌حشی داگیری نه‌کردبێ ..

له‌وێوه‌

که‌ تێده‌گه‌ی گه‌وره‌بوون

خیانه‌تێک بوو له‌ مناڵیم..

له‌وێوه‌

که‌ حه‌ز ناکه‌ی گه‌وره‌ بیت و

دڵنیای نه‌مرترین نیشتمان بۆ عه‌شق

مناڵیه‌ .. ]]

منیش که‌ ده‌قم به‌م چڵێسیه‌ی خۆمه‌وه‌ گرتوه

بۆ خه‌واندنی هه‌موو جوانیه‌کانت

له‌ ناو شیری ترین ته‌مدا..‌

تکا و ڕجای دونیا له‌ ئاو ده‌که‌م

له‌و ئاورنگانه‌وه‌ به‌ڕێ که‌وێ

له‌ چاوانته‌وه‌

ده‌تکێنه‌ سه‌ر کوڵمه‌کانت ..

من ، له‌م ساته‌دا که‌ ته‌نیا شاگردێکی

گوێڕایه‌ڵم و

به‌رده‌ستی بۆ ڕه‌سامێکی شه‌رمنی ڕۆحم ده‌که‌م ..

که‌چی هه‌موو ڕه‌سمه‌کانم

ناگه‌ن به‌و ته‌نها ڕه‌سمه‌ی

وا بزانم کچه‌ هیندیه‌کی ناو وه‌همی خۆمه‌ و

پڕ به‌ ئاینده‌ی من ،

گۆرانی حه‌زین بۆ تێپه‌ڕینی سه‌رده‌می  هاودڵی ده‌چڕێ ..

که‌چی له‌ ئاستیا دۆش دامام و

تینوێتیم

بینی ناوه‌ به‌ چۆڕاوگه‌ی خوێن شیرینی

ڕوخساریه‌وه‌ ..

که‌ خوا به‌شێکی گرانبه‌های

گه‌نجینه‌ی به‌رائه‌تی خۆی

تیا داناوه‌ ..!

 

***********‌‌

 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca