ژن بوونه‌وه‌رێکی داگیرکراوی عه‌قڵ دزراوه‌

چه‌ند سه‌رنجێك له‌سه‌ر چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی کاک شێرزاد حه‌سه‌ن

رێکپۆش عزیز

rekposh_3@yahoo.com

من یه‌کێکم له‌و ژنانه‌ی که‌  باوه‌رم وایه‌  که‌ یه‌کسانی نێوان ژنان و پیاوان ته‌نها وشه‌و قسه‌ی زل نیه‌ به‌ڵکو مه‌سه‌له‌که‌  پرۆسه‌یه‌کی سیاسی  سترۆکترورێرا کراوه‌، کاریگه‌ری ئه‌م سیسته‌مه‌ به‌ شێوه‌یه‌که‌   ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی که‌ ژن ژیانی تیادا ده‌کات  به‌هه‌موو سه‌ختی و دژواریه‌که‌وه‌ لای ژن  ئاسای  کراواو  پێی وایه‌ ئه‌مه‌  سروشتی ئه‌وه‌،  گوێرایه‌ڵی به‌رده‌وامی ژن بۆ پیاو، خزمه‌تی به‌رده‌وامی ژن بۆ پیاو، خۆشه‌ویستی به‌رده‌وامی ژن بۆ پیاو، منداڵ به‌خێو کردن، چێشتلێنان، بێده‌نگی ومیهره‌بانی، تێرکردن و دامرکاندنه‌وه‌ی هه‌وه‌س و ئاره‌زووی پیاو، جل پۆشین ...و هێتد تۆ بڵێی ئه‌م هه‌موو بۆچونه‌  بێ عه‌قڵیانه‌ مه‌نتیقێکی تیابێ بۆ سروشتی بوونی ژن؟

 پیاو له‌ کۆمه‌ڵی ئێمه‌دا سه‌ر به‌ هه‌ر چین و توێژێك بێت  هه‌میشه‌ ژنێك  له‌ خزمه‌تی دایه‌ له‌ هه‌موو روویه‌که‌وه‌ جا ئه‌و ژنه‌ گه‌ر هاوسه‌ر بێت یا دایک یا خوشك، من له‌و باوه‌ڕه‌شدام که‌ پیاوی کورد هه‌رگیز ئاماده‌ نیه‌ ژن  له‌و هاوکێشه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌دا یه‌کسان بکات به‌ ‌خۆی.   کورد( وته‌نی من ئاغا و تۆ ئاغا ئه‌ی کێ جێمان بۆ راخا) وه‌ ئه‌وه‌ش که‌ وه‌زعی ژن له‌ هه‌ندێ شوێنی جیهاندا گۆرانی به‌سه‌ردا هاتوه‌ ده‌بێ سوپاسی بزووتنه‌وه‌ی فێمێنیزم بکه‌ین  ئه‌و ژنانه‌ی که‌ خه‌باتیان کردوه‌ تیادا و ژنیان گه‌یانده‌ ئاستێکی تر ، سیمۆن دی بۆڤوار ده‌ڵێ(به‌درێژایی مێژووی به‌شه‌ریه‌ت پیاوان هیچ مافێکیان به‌ ژنان نه‌داوه‌ مه‌گه‌ر شتێ خۆیان ویستبێتیان بیده‌ن) به‌ڵام له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ پیاوانی کورد .  هێنده‌ی رێزو ماف و ئازادی ژن   له‌ ده‌قه‌ نوسراو گوتراوه‌‌کانی پیاواندا  هه‌یه‌ گه‌ر له‌ ئه‌رزی واقعی کوردستاندا هه‌بوایه‌  ئه‌وا  له‌وانه‌یه‌  وه‌زعی ژنانی کورد له‌ ئاستێکی تردا بوایه‌. به‌ دووریشی نازانم که‌ ئێواره‌ چه‌می   زۆرێک له‌ رۆشنبیران و دانیشتنیان  له‌  سه‌ر مێزی نادیه‌کان به‌ قسه‌ و قسه‌ڵۆك بۆ ژنه‌  ئازاده‌کان ته‌واو بێت.

له‌ ژمارا 23  ی رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌دا چاوپێکه‌وتنێکی کاک شێرزاد حه‌سه‌نم خوێنده‌وه‌ به‌ پێویستم زانی که‌ چه‌ند سه‌رنجێک و ره‌خنه‌یه‌کی بچوك و پێشنیارێك بۆ کاک شێرزاد بنوسم، وه‌ سه‌رنجه‌که‌شم له‌ پرسیاری یه‌که‌مه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات که‌ کاک شێرزاد زیاتر باس له‌  قۆناغی پاتریالکال ده‌کات مانای سه‌رده‌می ئێستا ، بۆیه‌ من  ده‌مه‌وێ که‌مێک بگه‌رێمه‌وه‌ دواوه‌و ئه‌وه‌ زیاد بکه‌مه‌ سه‌ری که‌ ئه‌و وه‌زعه‌ی که‌ ژنی تێدایه‌ ئه‌مرۆ له‌ کوردستان و زۆربه‌ی شوێنه‌کانی تری دنیادا شتێک نیه‌ له‌ سروشته‌وه‌ هاتبێ مانای  به‌ستنه‌وه‌ی ژن له‌ناو ماڵ و چێشتخانه‌دا  و پیاویش بۆ ده‌ره‌وه‌ شتێک نیه‌ که‌ سروشت ئه‌م دابه‌ش کردنه‌ی کردبێ ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ پیاو بوو که‌ پاساوی سروشتی بۆ ئه‌م جۆری دابه‌شکردنه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی تیۆری ده‌هێنایه‌وه‌  که‌ دواتر له‌ قۆناغی پاتریالکالدا باسی لێوه‌ ده‌که‌م ،به‌ڵام چۆن ژن له‌لایه‌ن پیاوه‌وه‌ داگیر کرا پێش ده‌ورانی نوسینه‌وه‌ی مێژوو پرسیارێکه‌ که‌ فێمێنیزماکان  به‌م شێوه‌یه‌  وه‌ڵامی ده‌ده‌نه‌وه‌،  به‌ پێی بۆچونه‌کانی  ئه‌لیزابێث فشیر ده‌ڵێ له‌ سه‌دا %80 ی خواردن له‌ ده‌ورانی سه‌ره‌تاییدا له‌لایه‌ن ژنانه‌وه‌ به‌ده‌ست هاتوه‌ وه‌ ژنان یه‌که‌مین که‌سانێک بوون که‌ یه‌که‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیان پێکهێناوه‌ چونکا ژن هه‌م خواردنی بۆ خۆی په‌یدا کردوه‌ و هه‌م بۆ منداڵه‌کانیشی به‌ڵام پیاو هه‌ر بۆ خۆی  خه‌ریکی راو کردن بووه‌ و ته‌نها خواردنی بۆ خۆی په‌یدا کردوه‌،، منداڵ بوون و سوری مانگانه‌ی ژنان زۆر جێگه‌ی سه‌رسامی پیاو بووه، له‌م سه‌رده‌مانه‌دا پیاو نه‌یزانیوه‌ ده‌وری چیه‌ له‌ منداڵ بووندا منداڵ به‌ ناوی دایکه‌وه‌ بانگ کراوه به‌م قۆناغه‌ ده‌ڵێن قۆناغی دایك سالاری وه‌ له‌ قۆناغی دایک سالاریدا پیاوو ژن له‌ رووی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ یه‌کسان بوون مانای ژن له‌م سه‌رده‌مه‌دا پیاوی نه‌چه‌وسانۆته‌وه‌ وه‌ك‌ هه‌ندێک پێیان وایه‌ دایک سالاری  سیسته‌مێک بووه‌  که‌  ژن پیاوی تیا چه‌وساندۆته‌وه،هه‌ر له‌م سه‌رده‌مانه‌شدا بوو خواردنی ژن له‌ سروشتدا بریتی بووو له‌ کۆکردنه‌وه‌ی دانه‌وێڵه‌وهه‌ڵکه‌ننی ره‌گ و ریشه‌ی گژووگیا  وه‌ ژن  یه‌که‌مین داهێنانی له‌ سروشتدا  کشتوکال کردن بوه‌  چونکا ژن به‌هۆی منداڵ بوونه‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر له‌ شوێنێکدا ماوه‌ته‌وه‌و پاش ماوه‌یه‌ک سه‌رنجی ئه‌وه‌ی داوه‌ که‌ دانه‌وێڵه‌کان سه‌رله‌نوێ سه‌وز ده‌بنه‌وه وه‌ لێره‌دا ئه‌و ئامێره‌ سه‌ره‌تاییانه‌ی کشتوکاڵ کردن بۆ هه‌ڵکاندنی زه‌وی له‌لایه‌ن ژنه‌وه‌ داهێنراوه‌ ئێستاش له‌ هه‌ندێ شوێنی ئه‌فه‌ریقا  پاشماوه‌ی ئه‌و دیارده‌ سه‌ره‌تاییه‌ ماوه‌ته‌وه‌ که‌ کشتوکاڵ کردن ئه‌رکی بنه‌ره‌تی ژنانه‌  به‌ڵام په‌یوه‌ندی پیاو به‌سروشته‌وه‌ ته‌نها  راو کردنی  گیانله‌به‌ره‌ گه‌وره‌کان بووه‌  داهێنانی پیاو له‌ سروشتدا دروستکردنی تیرو که‌وان و رم بووه‌ لێکۆڵه‌ره‌وانی فێمێنیست پێیان وایه‌ پیاوان یه‌که‌مین که‌س بوون که‌ که‌ شه‌ڕو کووشتنیان داهێناوه‌ چونکه‌ ئامێره‌کانی پیاوان ته‌نها بۆ شه‌ڕو کوشتن به‌کار هاتوون، سه‌رنج بده‌ن ئێستاش مه‌سه‌له‌ی شه‌ڕ له‌دنیادا له‌ چوار دیواری ماڵدا بێت یا لاهه‌ر شوێنێکی دنیادا هامووی له‌ پیاوو عه‌قڵی پیاوه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات مانای ئه‌و ئامێرانه‌ی که‌ ژن وه‌ک شتێکی سه‌ره‌تایی سودی لێوه‌رگرتوه‌  ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ئێستاشی له‌سه‌ر بێ شتێک بووه‌ له‌ خزمه‌ت مرۆڤایه‌تیدا به‌ڵام پیاو جگه‌ له‌ زه‌ره‌ر بۆ مرۆڤایه‌تی ‌‌‌ هیچی تر نه‌بووه‌.

 پیاو  شتێکی تریشی زیاد  ئه‌ویش کاتێ ده‌ستی کرده‌ ماڵکردنی گیانله‌به‌ران تێگه‌شت که‌ هێزی له‌ش و بازووی له‌ هی ژنان به‌هێزتره‌ چونکه‌ شاهیدی بینینی ئه‌وه‌ بوو که‌ چۆن  گیانله‌به‌ره‌ گه‌و‌ره‌ نێره‌کان هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر گیانله‌به‌ره‌ مێیه‌کان ( وه‌ک گا و مانگا) و ناچاریان ده‌کات بۆ جووت بوون ئاواش  پیاو بیری کرده‌وه‌ له‌وه‌ی که‌ ئه‌وه‌ی گا ده‌توانێ بیکات ئه‌میش ده‌توانێ  ،  گه‌ر ژن مل نه‌دا  ئه‌وا ئه‌م خاوه‌نی  تیرو که‌وان و رمه‌ ،لێره‌وه‌ ده‌ست درێژی بۆ سه‌ر ژنان ده‌ستی پێکرد و پیاو که‌وته‌ راوی ژن  و فراندنیان بۆ ناو ئه‌شکه‌وته‌کان و ژن به‌زۆرو لێدان و ناچارکردنیان بۆ جووت بوون و  یارمه‌تیدان و خزمه‌ت کردن وبه‌خێو کردنی گیانله‌به‌ره‌کانی، ته‌نانه‌ت کۆیلایه‌تیش له‌م سه‌رده‌مه‌دا سه‌ری هه‌ڵدا که‌ پیاو هه‌ستی کرد  یارمه‌تی زیاتری پێویسته‌ بۆ  راگرتنی گیانله‌به‌ری زیاتر،  پیاو که‌وته‌ راوی کوری گه‌نج و ژن زۆرێک له‌ لێکۆڵه‌ره‌وان له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که‌ کۆیلایه‌تی  له‌ ئه‌فریقا له‌مه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵدا کۆیله‌کان پێش ئه‌وه‌ی بفرۆشرێن ده‌بوو ده‌ستگیر بکرێن، تا وای لێ هات پیاوان له‌ناو خۆیاندا بازرگانیان به‌ ژن و پیاوی کۆیله‌و گیانله‌به‌ره‌کانه‌وه‌ ده‌کرد، ماره‌یی که‌ ئه‌مرۆ فۆرمێکی مه‌زهه‌بی له‌ خۆ گرتوه لای ئێمه‌‌ له‌گه‌ڵ شیربایی و  ژن به‌ ژن  پاشماوه‌ی ئه‌و بازرگانیه‌ سه‌ره‌تاییه‌ی پیاو بوو به‌ ژن له‌و ده‌ورانه‌دا.

به‌کورتی‌ له‌م په‌یوه‌ندیه‌ زۆره‌ ملێیه‌ی  نێوان پیاوو ژنه‌وه‌ پیاو به‌وه‌ش گه‌شت که‌ ده‌روری چیه‌ له‌ منداڵ بووندا، به‌م قۆناغه‌ی که‌ پیاو ده‌رکی کرد به‌وه‌ی که‌  ده‌وری چیه‌ له‌ منداڵ بووندا ده‌ڵێن فه‌لۆکراتیزم ئنجا پیاو  زه‌که‌ری خۆی کرده‌ وه‌سیله‌یه‌کی تری چه‌وساندنه‌وه‌ی ژن ده‌ستی کرده‌ به‌ شانازی کردن به‌وه‌ی که‌ ئه‌و خاوه‌نی زه‌که‌ره‌، پاشماوه‌ی قۆناغی فه‌لۆکراتیزم  وه‌ک دیارده‌یه‌کی زه‌ق له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی دنیادا ماوه‌ته‌وه‌  بۆ نموونه‌ جنێودان له‌ کۆمه‌ڵی ئێمه‌دا هه‌مووی به‌ زه‌که‌ری پیاو ده‌ست پێده‌کات بۆ له‌شی ژن  که‌ زۆر دیارده‌یه‌کی قێزه‌وونه‌، شانازی کردن به‌ زه‌که‌ره‌وه‌ له‌ تیۆریه‌که‌ی زیگمۆند فرۆیدا ره‌نگ ده‌داته‌وه‌،  ئه‌و پێیوایه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ژن زه‌که‌ری نیه‌  ( به‌رزه‌ من) لای ژن وه‌ک هی پیاو گه‌شه‌ ناکات،  ژن له‌ رووی ده‌رونیه‌وه‌ ناته‌واوه‌ و به‌رده‌وام له‌ بیری ئه‌وه‌دایه‌ که‌ ئه‌م گرفته‌ی به‌ زه‌که‌ری پیاو چاره‌سه‌ر بکات. به‌ڵام  ئێمه‌ ئێستا  له‌ سه‌ر ده‌مێکدا ده‌ژین که‌ سه‌رده‌می کۆپی کردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌ مانای  ده‌وری پیاو هیچ نیه‌ له‌ منداڵ بووندا، به‌ڵام پیاو ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ئه‌م ده‌رک کردنه‌ی به‌ سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌ زانی بۆ خۆی و ده‌ستی کرده‌ شایی و جه‌ژن گێران

ئێستاش پاسماوه‌ی ئه‌م جه‌ژنه‌ له‌ هه‌ندێ لادێ کۆنه‌کانی صیندا ده‌بینرێ هه‌یکه‌لێکی گه‌وره‌ له‌ زه‌که‌ری پیاو دروست ده‌که‌ن و به‌ده‌وریدا سه‌ما و هه‌ڵپه‌رین ده‌که‌ن،. پاشان کۆتایی ئه‌م قۆناغه‌ به پاتریالکال ده‌ست پێ ده‌کات  وه‌ به‌ پێویستی ده‌زانم ئه‌وه‌ بڵێم  کاتێ  ئه‌م قۆناغه ده‌ستی پێکرد‌ هه‌موو ژنه‌کانی دنیا داگیر نه‌کرابوون، له‌کاتی نوسینه‌وه‌ی زماندا  پیاو به‌ ژنی وتت من وه‌ک پیاو تۆ وه‌ک ژن ناکرێ به‌رده‌وام تایبه‌تی بکرێین له‌ زمانی نوسیندا، له‌بری ئه‌مه‌ وشه‌یه‌کی تر هه‌یه‌ که‌  هه‌موو خواست وویستی هه‌ردوکمان ده‌گرێته‌وه‌ ئه‌ویش وشه‌ی ( مرۆڤه‌)،ئه‌مه‌یان گه‌وره‌ترین فێڵی پیاو بوو له‌ژن چونکه‌ ده‌ورانی پێش نوسینه‌وه‌ی مێژوو  هه‌موو ژنه‌کان داگیر نه‌کران به‌ڵام مرۆڤ بوون هه‌ر به‌داگیرکردنی ژنه‌وه‌ نه‌وه‌ستا به‌ڵکوو  ژن  شێوه‌ ژیانی  پێشووی خۆی له‌ بیر برایه‌وه‌.

زمان و  زۆرێک له‌ چه‌مکه‌کانی بوونه‌ ئامرازێکی تر بۆ ده‌سه‌ڵاتی پیاوان، دیل سپینده‌ر له‌ کتێبی( پیاو زمانی دروست کرد) ده‌ڵی زمان له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی پیاواندایه‌ و هه‌ر ئه‌و زمانه‌وه‌‌ بوو پیاوان تایبه‌تیان کرد به‌خۆیان و له‌رێی واژه‌کانیه‌وه‌ ژنیان داگیرکرد زمان ته‌نها ئامرازێکه‌  که‌هه‌م سه‌رده‌ستی پێ ده‌سه‌لمێنێ و هه‌م ده‌یشارێته‌وه‌ گه‌ر له‌ روانگه‌ی ئه‌م خاڵه‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵی خۆمان بروانین زوو ئه‌و راستیه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێ  گه‌ر باس له‌ توازنی ده‌سه‌ڵات بکرێ له‌ نێوان ژنان و پیاوان  ئه‌وا پیاوان خێرا پاساوی ئه‌وه‌ ده‌‌ێننه‌وه‌ که‌ ژن پێویست نیه‌ جیا له‌ پیاو له‌هیچ رێکخراوو حزبێکدا خۆی رێک بخات چونکه‌ به‌پێی باوه‌ری ئه‌وان  ژن و پیاو مرۆڤن ئینسانن به‌ڵام له‌ پراکتیکدا ژن هه‌مان بوونه‌وه‌ره‌ خزمه‌تکاره‌که‌ی پیاوه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک سیمۆن دی بۆڤوار ده‌ڵێ( له‌ جیاتی مرۆڤ سود له‌ وشه‌ی پیاو گیراوه‌، بۆیه‌ وشه‌ی مرۆڤ ئه‌و چه‌مکه‌یه‌ که‌ هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی پیاوی له‌پشته‌وه‌یه‌)،من خۆم یه‌کێکم له‌ ژنانه‌ی که‌ گاڵته‌م دێ به‌وه‌ی بپاڕێمه‌وه‌ و پاکانه‌ بکام بۆ   پیاوانی کۆمه‌ڵگاکه‌م که‌ ژنی به‌ توانا هه‌یه‌ و پێویسته‌ له‌ ناوه‌ندی بریاردا بن ،  پێم وایه‌  ژنانی کورد  له‌ زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌ پیاوه‌کانی حزب به‌تواناترن ته‌نها جیاوازیه‌ک که‌ هه‌یه‌ له‌نێوان ئه‌م دوو گروپه‌دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ ژن خۆی له‌ رێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆدا رێک نه‌خستوه‌‌ تا ببێته‌ هێزێک  به‌رامبه‌ر پیاو به‌ڵام پیاو کردویه‌تی، وه‌هه‌ر پیاویش وه‌ک گروپ هه‌وڵی به‌ که‌م گرتنی ژنان ده‌دات وه‌ک گروپ و په‌ره‌وازایان ده‌کات . ئه‌و شۆرشه‌ بۆرجوازیه‌ی که‌ کاک شێرزاد باسی ده‌کات گه‌ر مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی فه‌ره‌نسا بێت  ئه‌وا من ذڵنیاتان ده‌کام له‌و شۆڕسه‌ لیبراڵ و فه‌ردانیه‌ته‌دا ژنی ئازاد له‌ سێداره‌ درا که‌ ناوی ماری دی گۆزه‌ بوو ،  پاشان پیاوان به‌ ژنانیان ده‌وت گه‌ر ده‌تانه‌وی به‌ ده‌ردی ئه‌و ژنه‌ بێشه‌رمه‌ نه‌چن له‌ماڵه‌وه‌ دانیشن، پیاوان هه‌موو رێکخراوه‌ سه‌ربه‌خۆکانی ژنانیان داخست و له‌ بری ئه‌وه‌ خۆیان رێکخراویان بۆ ژنان ده‌کرده‌وه‌ وه‌ک ئه‌م رێکخراوه‌ پیاوانیانه‌ی که‌ ئێستا ئێمه‌ هه‌مانه‌ له‌ کوردستان،  من ده‌مه‌وێ لێره‌دا کۆتایی به‌باسه‌کام بهێنم و باسکردنی تیۆره‌ فه‌لسه‌فیه‌کانی و سروشتیه‌کانی پیاوان له‌ باره‌یی ژنانه‌وه‌ هه‌ڵده‌گرم بۆ ده‌رفاتێکی تر نه‌کا پیاوه‌کانی رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ بابه‌ته‌که‌م له‌به‌ر دورودرێژی دانه‌به‌زێنن، به‌ڵام  ماوه‌ بڵیم کاک شێرزاد خۆی ره‌خنه‌ ده‌گرێ که‌   به‌ منداڵی گوێی لێ بووه‌ کچ به‌ دێڵه‌ سه‌گ بانگ کراوه‌ که‌ چی خۆشێ له‌هه‌مان کاتدا باسی مێگه‌ل ده‌کات،  وشه‌ی مێگه‌ل به‌مانای مانگاکان دێت  مێ و نێر به‌ بۆچوونی من ئه‌مه‌ش جۆرێ له شووبهاندنی ژن و پیاوه‌ به‌ مانگاو گا. هیوادارم تۆش واز له‌ به‌کارهێنانی ئه‌م دوو وشه‌یه‌ بهێنی

دوا قسه‌م له‌ بۆ کاک شێرزاد  له‌ ناونیشانی بابه‌ته‌که‌یه‌وه‌یه‌ که‌ نوسراوه‌ (شه‌ره‌فی نێره‌کانی ئه‌ندامانی ‌ بنه‌ماله‌ به‌قه‌رز لای کچه‌کان دانراوه‌) من وه‌ك ژنێك ئینتزاری جورئه‌تێکی زیاتر ده‌که‌م له‌  تۆ بۆیه‌ پێشنیار ده‌که‌م تۆ ببیته‌ یه‌کێک له‌و فێمێنێسته‌ به‌جه‌رگانه‌ی که‌ خۆت باسی ده‌که‌یت و ئه‌و  په‌رده‌ مه‌تاتیه‌ی سه‌ر ئه‌م بۆچونه‌ت لابه‌و که‌مپینێک له‌ کوردستان دروست بکه‌  به‌ دوای وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی شه‌هید عبدولخالق مه‌عروف دا بگه‌رێ له‌ نێوان پیاوانی کورددا  که‌ ده‌ڵێ( بۆ پیاو ژن ده‌کوژێ و بۆ پیاو پێیوایه‌ شه‌ره‌فی ئه‌وه‌تا له‌ نێوان دوو پێی ژندا)، گه‌ر ئه‌م که‌مپینه‌ دروست بکه‌یت ئه‌وا  من دڵنیام که‌ تۆ بۆچوونێک سه‌باره‌ت به‌ ژن گه‌ر به‌ته‌وه‌وی  نه‌شی گۆریت به‌رێژه‌یه‌کی باش ده‌یگۆریت، که‌ تا ئێستا  هیچ کام له‌ رێکخراوه‌کانی ژنان نه‌یانتوانیوه‌ بچوکترین بۆچوون سه‌باره‌ت به‌ ژن بگۆرن، هیوادارم کاک شیرزاد ببیته‌  به‌دیلی رێکخراوه‌کانی ژنان.

 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca