سیسته‌می جه‌نده‌ر و رێکخراوه‌کانی ژنان 

رێکپۆش عزیز
سوید

rekposh_3@yahoo.com

  

 ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه‌ وا تێبگه‌ین که‌ کۆمه‌ڵگای پاتریاکی کۆمه‌ڵگایه‌که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازی دووره‌گه‌زی سه‌ربه‌خۆ  دامه‌زراوه، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌کۆمه‌ڵگای پاتریاکیدا ته‌نها یه‌ک ره‌گه‌ز هه‌یه‌و هیچ جیاوازیه‌کی ره‌گه‌زیش نیه‌ چونکه‌ له‌جۆری ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان  پیاو‌و ژن دیکۆتۆمیه‌( مانای دابه‌شبوونی ره‌گه‌زێ بۆ دووان، واته‌ ره‌گه‌زی پیاو دابه‌ش بووه‌ بۆ ره‌گه‌زی پیاوو ژن) وه‌ک چیرۆکی دروست بوونی مرۆڤ  له‌ قورئاندا که‌ له‌ پێشدا خوا ئاده‌م دروست ده‌کا پاشان حه‌وا له‌ په‌راسووی چه‌پی ئه‌و، که‌ ده‌توانم بڵێم ئه‌م ئه‌فسانه‌یه‌ رێژه‌یه‌کی زۆر له‌ ژێرخانی که‌لتوریمان پێکده‌هێنێ، دیکۆتۆمی نێوان پیاووژن به‌زۆر  بۆچوون وسیفه‌تی جیاواز لێکده‌درێته‌وه‌ له‌وانه‌ پیاو چالاکه‌و ژن ناچالاک، پیاو رۆحه‌و ژن له‌ش، پیاو فۆرمه‌و ژن که‌ره‌سته‌، پیاو کرده‌وه‌یه ‌و به‌ڵام  ژن ئه‌وه‌یه‌، پیاو فاعله‌(سه‌بجێکت) و ژن مه‌فعول بهی(ئۆبجێکت)  .... ، پیاو بوونه‌وه‌رێکی گشتی جیهانیه‌ به‌ڵام ژن بوونه‌وه‌رێکی لۆکاڵی ناوچه‌ییه‌، پیاو شه‌رئه‌نگێزو توندره‌وه‌ به‌ڵام ژن هه‌سته‌وه‌رو میهره‌بان، پیاو له‌ده‌ره‌وه‌یه‌ وژن له‌ماڵه‌وه‌، پیاو سێکسی ده‌وێ به‌ڵام ژن قسه‌کردنی ده‌وێ،...هێد

 که‌واته‌ یه‌ک ره‌گه‌زه‌ که‌ سلبی پێناسه‌ کراوه‌ و یه‌ک ره‌گه‌زره‌ که‌ سه‌ربه‌خۆ نیه‌ و به‌شێکه‌ له‌ ره‌گه‌زێکی سه‌ر به‌خۆ،،هه‌ر چه‌ند له‌ ئه‌رزی واقعدا دوو ره‌گه‌ز هه‌یه‌ به‌ڵام یه‌کێکیان جیهانی کراوه‌ ئه‌ویش که‌ ‌ پیاوه‌و بۆته‌ نۆرمێک بۆ مرۆڤ ره‌گه‌زه‌که‌ی به‌ شێوه‌یه‌کی دیاری کراو نه‌ماوه‌ته‌وه‌ وه‌ ئه‌وه‌ی که‌ ماوه‌ته‌وه‌ ره‌گه‌زی  ژنی ناسه‌ربه‌خۆو به‌شێک له‌ پیاوه‌.‌ ‌

ئه‌م دیدگا سیسته‌ماکیانه‌ی ناو که‌لتوری ئێمه‌ نه‌ک هه‌ر گۆرانی تیادا نه‌کراوه‌ به‌ڵکو له‌لایه‌ن زۆربه‌ی رێکخراوه‌کانی ژنانه‌وه‌ مۆرکی ره‌وایه‌تی و درێژه‌پێدانی  لێدراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ لێره‌و له‌وێ ده‌بینم  و ده‌بیستم که‌ باس چه‌مکی فێمێنیزم و جه‌نده‌ر  ده‌کرێ و له‌باره‌یانه‌وه‌ ده‌نوسرێ به‌ڵام هه‌رگیز له‌ واقعدا ئه‌وه‌ نابینم که‌ تیۆری سیاسی فێمێنیزم و کرابێته‌ میکانیزمێک بۆ گۆرانی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ لاسه‌نگه‌ دیکۆتۆمیه‌ی نێوان پیاووژن.

ته‌نانه‌ت زۆر جار ده‌بینم هه‌ندێ سیسته‌می جه‌نده‌رو بزوتنه‌وه‌ی فێمێنیزم به‌ دوو شتی جیاواز ده‌زانن ،به‌رای من هه‌رگیز ناتوانرێ جه‌نده‌رو فێمێنیزم له‌یه‌ک هه‌ڵببڕدرێ، جه‌نده‌ر به‌شێکی بچوکه‌ له‌ تیۆری فێمێنیزم وه‌ فێمێنیسته‌کان له‌ساڵی 1980 ئه‌م چه‌مکه‌یان به‌کارهێنا بۆ  دابه‌ش بوونی ره‌گه‌زی پیاووژن  بۆ ره‌گه‌ز وه‌ک بایۆلۆژیا  وه‌ ره‌گه‌ز به‌مانا کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که‌ی وه‌ فێمێنیسته‌کان بۆیه‌ ئه‌م چه‌مکه‌یان هه‌ڵبژارد پێیان وابوو زۆر پێویسته‌ ‌ بۆ ده‌رخستنی ئه‌و هێزه‌ شاره‌وه‌یه‌ی ناو کۆمه‌ڵ که‌ رۆڵی ره‌گه‌ز به‌ شێوه‌یه‌کی دیکۆتۆمیی ده‌خولقێنێ.

هه‌ردوو چه‌مکی ره‌گه‌زو و جه‌نده‌ر رێگایه‌ک بوو بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین جیاوازی ته‌جروبه‌کانی نێوان پیاوو ژن  ، ژنانی و پیاوانی تێبگه‌ین،  لێکۆڵه‌ره‌وانی سیسته‌می جه‌نده‌ر  پێیان وایه‌  ئه‌وشیکردنه‌وه‌و روونکردنه‌وه‌ بایولوژیایه‌نه‌ی پێشوو سه‌باره‌ت به‌ ده‌سه‌ڵات و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی هه‌موو له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵ و ستروکتورێرا کراوه‌ به‌ بیرو بۆچوونی  خه‌ڵك، که‌واته‌  شتێک که‌ سه‌رچاوه‌که‌ی له‌بیری خه‌ڵکه‌وه‌ بێت ، ده‌کرێ گۆرانکاری تێدابکرێ. یووڤه‌نێ هیردمان  پرۆفیسۆره‌ له زانکۆی ‌ ستۆکۆڵۆم  پێیوایه‌ که‌ سیسته‌می جه‌نده‌ر زۆر قوڵتره‌و به‌رینترو ئاڵۆزتره‌ له‌وه‌ی که‌ ته‌نها به‌ ره‌گه‌زی کۆمه‌ڵ  لێ تێبگه‌ین چونکه‌ له‌ خۆیدا پرۆسه‌یه‌کی دیکوتومی پێکده‌هێنێ، ئه‌و  سیسته‌می جه‌نده‌ر له‌ فۆرمێکی ماتماتیکیدا پوخت ده‌کاته‌وه‌ 1+1=2    مانای  ره‌گه‌ز  +  کۆمه‌ڵ  =ره‌گه‌زبه‌ مانا کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که‌ی ئه‌و ده‌ڵێ یه‌ك و یه‌ك بوونی وونه‌ له‌ کۆمه‌ڵگادا  ته‌نها دوومان هه‌یه‌، مانای به‌رهه‌می کۆمه‌لگا سه‌باره‌ت به‌ ‌ ره‌گه‌ز ده‌بینین،وه‌ بنه‌مای دوو که‌ یه‌ك و یه‌که‌ ونه‌. ،

 لێره‌دا ده‌مه‌وێ بڵیم  ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ئه‌مرۆ له‌ کوردستان ده‌بینین نه‌ک کار کردن نیه‌ به‌پێی سیسته‌می جه‌نده‌ر به‌ڵکو ئه‌وه‌ی که‌   به‌ ناوی بزوتنه‌وه‌ی ژن و رێکخراوی ژن کار ده‌که‌ن جگه‌ له‌ بره‌ودان و ره‌وایه‌تی به‌و په‌یوه‌ندیه‌دیکۆتۆمیه‌ی نێوان پیاووژن هیچ شتێکی دی نیه‌،چونکه‌ دروست بوونی رێکخراو خۆرسک نه‌بووه‌ له‌ ئیراده‌ی ژنه‌وه‌ بێت به‌ڵکو پیاو بۆ زیاتر مۆدێرن کردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی خۆی رێکخراوی ژنی دروست کردوه‌و ژنی تیادا وه‌ک کارمه‌ند دامه‌زراندوه‌،هه‌یکه‌لی رێکخراو رێك کۆپیه‌که‌ له‌ هه‌یکه‌لی حزب، کۆبونه‌وه‌کانیان وه‌ک کۆبوونه‌وه‌کانی حزب داخراوه‌ به‌ڵام لێره‌ رێکخراوی ژنان کۆبوونه‌وه‌ی داخراوی نیه‌ له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ چۆن حزب بۆ هه‌تایه‌ لای ئێمه‌ سکرتێرێکی گشتی هه‌یه‌ ریکخراوی ژنانیش به‌هه‌مان شێوه‌، به‌دووریشی مه‌زانن دوای مردنیشیان کچه‌کانیان ببنه‌ سکرتێری رێکخراو،  لێره‌ هیچ رێکخراوێکی ژنان نیه‌ سکرتێره‌که‌ی بۆ ماوه‌ی چوارده‌ ساڵ له‌سه‌ر کار بێ، ماوه‌ی سکرتێری رێکخراو زۆر دیاری کراوه‌ له‌ دوو ساڵ تا چوار ساڵه‌. گه‌ر پاساوی کۆنگره‌و ده‌نگدانم بۆ ده‌هێننه‌وه ئه‌وا من خۆم له‌ کۆنگره‌ی رێکخراوێکی ژناندا بووم شاهدی ئه‌وه‌م  که‌ زۆربه‌ی ئه‌ندامانی ناو کۆنگره‌ خه‌ویان لیکه‌وتبوو، چه‌ند که‌سێک هه‌ر خه‌ریکی خه‌به‌رکردنه‌وه‌یان بوو پیان ده‌وتن ده‌نگ بده‌نه‌وه‌ به‌ فڵان بۆ سکرتێری.

له‌وه‌ش سه‌مه‌ره‌تر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی که‌ رێکخراوی ژنان هه‌یه‌تی له‌وه‌وه‌ نیه‌ که‌ ژنان باوه‌ڕیان به‌ مه‌سه‌له‌ی ژن هه‌یه‌ بۆیه‌ له‌ ده‌وری رێکخراو کۆبونه‌ته‌وه‌به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وه‌ جه‌ماوه‌ری حزبه‌  وه‌ ئه‌وه‌ش که‌ بۆ ژن کراوه‌ له‌ کوردستان پیاوان خۆیان ویستویانه‌ بیکه‌ن بیرمه‌ کاتێ بڕیاری  58  ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ده‌رچوو  رێکخراوه‌کان ده‌ستیان کرد به‌ رێپێوانێک بۆ پشتگیریکردنی له‌و بریاره‌ ‌ناو جه‌ماوه‌ره‌که‌دا ژنان هه‌بوون ده‌یان وت بۆ ئه‌وه‌ هاتووم بۆ ئه‌م رێپێوانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بایعه‌که‌م نه‌بڕن!!!!!   ‌

رێکخراو  له‌ عه‌قڵی یه‌ک ره‌گه‌زه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کات ئه‌ویش پیاوه‌و  هه‌ر  به‌ عه‌قڵی ئه‌ویش کۆتایی دێت په‌یره‌وو پرۆگرامی رێکخراوه‌کان پیاو نوسیویه‌تی ژنیش خاڵ به‌ خاڵ خه‌ریکی جێبه‌جێ کردنیه‌تی، ئایا ئه‌مه‌  کار کردنه‌  به‌ پێی سیسته‌می جه‌نده‌ر؟؟ یان ئه‌مانه‌ خه‌ریکن جه‌نده‌ریش  وه‌ك هه‌موو شته‌کانی دی ده‌شێوێنن؟  لێره‌ ( مه‌به‌ستم سویده‌)  هه‌موو ئه‌و سه‌نته‌رو رێکخراوانه‌ی که‌  کار به‌ پێی سیسته‌می جه‌نده‌ر ده‌که‌ن و هه‌وڵی گۆرانکاری جه‌وهه‌ری ده‌ده‌ن‌  له‌‌و په‌یوه‌ندیه‌ دیکۆتۆمی نێوان ژنان و پیاوان   خه‌ریکی کردنه‌وه‌ی خولی نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری وده‌وره‌ی کۆمپیتوته‌رو دورین و چنین نین  بۆ ژنان ؟؟؟؟!!! پێشیان وانیه‌ که‌ ئه‌مانه‌ کاری ئه‌وانه‌، ئه‌مان ناچن مینبه‌ره‌کانی خۆیان بده‌ن به‌ پیاوه‌ دووروو قسه‌ زله‌کان بیرمه‌ ساڵی پار لێره‌ پۆلیسێک له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ژنه‌که‌ی خۆی دابوو له‌سه‌ر کار ده‌ریان کرد، ئه‌وه‌شیان ووت  که ئه‌گه‌ری ‌ ئه‌وه‌‌ هه‌یه‌  که‌ ئه‌و پۆلیسه‌ گه‌ر کێشه‌ی پیاو ژن بێته‌لای که‌ پیاوه‌که‌ ده‌ستدرێژی کردبێته‌ سه‌ر ژنه‌که‌ یان لێێ دابێ  چاو پۆشی لێ ده‌کات چونکه‌ ئه‌و خۆی یه‌کێکه‌ له‌و پیاوانه‌ی له‌ ژنی داوه‌،  به‌ڵام  زۆربه‌ی  پیاوه‌کانی  کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌  باوه‌ریان به‌ ماسه‌له‌ی ژنان نیه‌  به‌ڵام   ئازادیان بۆ ژنی خه‌ڵك ده‌وێ و  خۆشك ودایکو و هاوسه‌ری خۆیان  نا که‌چی له‌هه‌مان کاتدا  شوێنێک ده‌زگایه‌ک نیه له‌م دوورووی و دووزمانی و دووفاقیه‌یان بپێچێته‌وه‌،‌ ‌ ئه‌و پیاوانه‌ی که‌ هه‌میشه‌ پێچ به‌ بزوتنه‌وه‌ی ژنان ده‌که‌نه‌وه‌ بۆ ناو عه‌قڵی خۆیان و بوون و که‌سێتی  ژنیان سریوه‌ته‌وه‌‌، ئه‌و پیاوه‌ی ئازادی و مافی ژنی لا گرنگه‌و باوه‌ری پێیه‌تی با له‌ پێشدا خوشکه‌که‌ی یان هاوسه‌ره‌که‌ی له‌ بوارێک له بواره‌کانی ژناندا ببینرێ ئه‌و کات ئه‌و پیاوه‌ گوێی لێ ده‌گیری ،  ‌، جا که‌ ئه‌مه‌ فه‌راغێکی گه‌وره‌ی هۆشیاری پیاوان بێ ئیتر چۆن  بتوانین ئێمه‌ی ژنان گوێیان لێ بگرین ، ژنانیش که‌  خاوه‌نی ئه‌و هه‌موو  فه‌راغه‌بن له‌ لایه‌نی رۆشنبیریانه‌وه‌  ئیتر چۆن ده‌توانین گۆرانکاری ریشه‌یی بکه‌ن به‌ پێی سیسته‌می جه‌نده‌ر و هه‌وڵی گۆرینی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ دیکۆتۆمیه‌ی نێوان پیاوان و ژنان بده‌ن ؟   دوا پرسیارم ئه‌وه‌یه‌  گه‌ر جه‌وهه‌ری بوونی رێکخراوێک ئه‌مه‌ بێ ئیتر بۆ هه‌بێ؟؟

 
           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca