هه‌ڕاجکردنی
گورچیله ( (Rea på njure،
ناوی ئه‌و ڕیپۆرتاژه بوو که شه‌وی 8/10 له که‌ناڵی یه‌کی
تلڤزیۆنی سوید پێشکه‌شکرا ، له ده‌رهێنانی ( نیما سه‌ربستانی
) . له‌م ریپۆرتاژه‌دا ، گۆشه‌یه‌کی بچوکی ژیانی مه‌مره و
مه‌ژی خه‌ڵکی ئێرانی خسته به‌رچاو ویژدانی مرۆڤایه‌تی ،
فرۆشتنی گورچیله له تارانی پایته‌ختی جمهوری ئیسلامی ئێران .
له‌و شاره
شلۆقه ى ژماره‌ی دانیشتوانی نزیکه‌ی 13_14 ملیون که‌سه ،
جیاوازی چینایه‌تی له نێوان به‌شه ده‌وڵه‌مه‌ندنشینه‌که‌ی
باکووری شار و به‌شه هه‌ژارو له په‌راوێز خراوه‌که‌ی باشوور
ئاسمان و ريسمانه . هه‌ر له‌و شاره‌دا ، به‌هۆی پیسی
ژینگه‌وه ڕۆژانه هه‌زاران که‌س تووشی نه‌خۆشیيه‌کانی
ته‌نگه‌نه‌فه‌سی وهه‌وکردنی بۆرییه‌کانی هه‌وا ئه‌بن ، بۆ
ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێک چه‌ندین خوێندنگه‌و فه‌رمانگه دائه‌خرێن .
ده‌یان نووسینگه‌ی بازرگانیکردن به به‌شێک له ئه‌ندامی له‌شی
مرۆڤ کراوه‌ته‌وه ، ئه‌ویش گورچیله‌یه . فرۆشیاره‌کان
گه‌نجانی ژێر ته‌مه‌نی 35 ساڵه‌ن له ژن و‌پیاو، خه‌ڵکانێکی
هه‌ژارن ، ئه‌یانه‌وێ به فرۆشتنی ئه‌م ئه‌ندامه‌ی له‌شیان
پێویستیه سه‌ره‌کیه‌کانی ژیانیان دابین بکه‌ن .
(میهرداد )
یه‌کێ له‌و گه‌نجه بێکارانه‌یه که به نرخی گورچیله‌ی ،
دوای بگره و به‌رده‌یه‌کی زۆری خاوه‌ن نووسینگه‌وکڕیارو پاش
ئازارێکی زۆر، به‌نرخی گورچیله‌ی تاکسیه‌ک ئه‌کڕێ بۆ ئه‌وه‌ی
نانی ڕۆژانه‌ی خێزانه‌که‌ی دابین بکات , پاش ماوه‌یه‌کی که‌م
له ڕووداویکی هات وچۆدا تاکسیه‌که‌ی ئه‌سووتێ و ئه‌میش مایه
پووچ ئه‌بێ . ( سۆیله) ژنێکی گه‌نجه له مێرده‌که‌ی جیا
ئه‌بێته‌وه‌و سه‌رپه‌رستیاری خوشکه‌کانیه‌تی ، ئه‌یه‌وێ به
نرخی گورچیله‌ی کرێی ماڵه‌که‌یان دابین بکات تاكو کارێکی ده‌ست
بکه‌وێ ، بۆ ئه‌وه‌ی خۆی و خوشکه‌کانی سه‌رگه‌ردان نه‌بن و
نه‌که‌ونه سه‌ر جاده‌کان . له کاتی گه‌ڕانیدا به شوێن کار,
له به‌رێوه‌به‌رایه‌تی کار لێپرسراوه‌که پێی ئه‌ڵێ به‌و ده‌م
و چاوه جوانه‌وه به مانگێ ده‌وڵه‌مه‌ند ئه‌بی (هانی ئه‌دا
بۆ له‌شفرۆشی ) . گورچیله‌ی ئه‌فرۆشێ و پاره‌که‌ی ئه‌خۆن هه‌ر
به بێکاریش ئه‌مێنێته‌وه . له نه‌خۆشخانه و له ژووری
نه‌شته‌رگه‌ریدا نه‌خۆشه‌کان (فرۆشیاره‌کان) وه‌ک ئاژه‌ڵ
ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵدا ئه‌کرێ . له‌شوێنێکی تردا ، له‌ماڵێکی
زۆر ساده‌دا که هیچ مه‌رجێکی ته‌ندروستی تیادا به‌دی ناکرێ ،
دوور له چاوی یاسای ئازادی له‌باربردنی منداڵ
ژنانی سک پڕ
ژیانی خۆیان ئه‌خه‌نه مه‌ترسی مه‌رگه‌وه ، له‌وێ کورتاژ
ئه‌که‌ن ، منداڵی نه‌خواز له‌ناو ئه‌به‌ن ، دیاره هۆیه‌که‌شی
له‌به‌ر هه‌ژارییه یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی منداڵی ده‌ره‌وه‌ی
په‌یوه‌ندی ژن و مێردایه‌تی یاساییه . ئه‌م چیرۆکانه و
هه‌زاره‌ها چیرۆکی نه‌بیستراوی تر ڕۆژانه بوونه‌ته
چاره‌نووسی خه‌ڵکانی هه‌ژار و بێده‌ره‌تانی تاران و شاره‌کانی
تری ئێران . له سایه‌ی جمهورییه‌تی عه‌مامه و عه‌بادا ،
چاره‌نووسی خه‌ڵکانی ئێران به‌ده‌ست گروپێکی مافیایی دڕنده و
مرۆڤکوژه‌وه‌یه ، ئه‌وه‌ی نرخی نه‌بێ لایان مرۆڤه. له‌و
وڵاته‌ی که به خۆپیشاندانێکی سه‌رتاسه‌ری جه‌ماوه‌ری ،
ئیمپراتۆرییه‌تی په‌هله‌وی ، که یه‌کێك له به‌هێزترین و پڕ
چه‌کترین ده‌سه‌ڵاتی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بوو ڕاماڵرا .
ئه‌مرۆ ڕژێمێک ده‌سه‌ڵاتداره ، به ئاگرو ئاسن حوکم ئه‌کات
، خه‌ڵکی خستۆته گێژاوی قه‌یرانێکی ئابووری بێسه‌روبنه‌وه ،
که مه‌ردم ته‌نها له خه‌می ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆیانن ، ماسییه
ورده‌کان خۆراکی حووته‌کانن ، بێ‌کاری و هه‌ژاری بوونه‌ته
سیمایه‌کی به‌رچاوی کۆمه‌ڵگه‌کانی ئێران . بڵاوبوونه‌وه‌ی
بانده‌کانی فرۆشتنی مادده بێهۆشکه‌ره‌کان وبڵاوکردنه‌وه‌ی به
هه‌موو شاره‌کانی ئێران و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر، له‌وانه‌ش ئێراق
وباشووری کوردستان .
هه‌روه‌ها
له‌شفرۆشی ودیپۆرتکردنی ژنان بۆ وڵاتانی که‌نداو (ئيمارات ) و
به‌مه‌به‌ستی له‌شفرۆشی هه‌مووشیان نه‌ک ته‌نها به‌پشتیوانی
پیاوانی ڕژێمه‌وه ئه‌کرێن ، به‌ڵکو خۆیان هاوبه‌شن له‌و
بازرگانیانه، وبه‌شێکن له‌و باندانه . ئه‌مه له لایه‌ک ،
له‌لایه‌کی تریشه‌وه خه‌فه‌کردنی ده‌نگی ئازادیخوازان وخه‌ڵکی
ڕۆشنبیرو ڕاونانیان بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه ، داهێنانی ده‌یان
یاسای دژ به مرۆڤایه‌تی وه‌ک سه‌نگسار و ئیعدامکردن به‌به‌ر
چاوی خه‌ڵکه‌وه ، سیاسه‌تێکی تۆقێنه‌رانه‌ی ئاخونده‌کانی
ئێرانن بۆ درێژه پێدان به ته‌مه‌نی خوێناوی ده‌سه‌ڵاتیان .
داهێنانی ڕه‌وتی ڕیفۆرمیسته‌کانیش که به ( جه‌ره‌یانی دووی
خورداد) ئه‌ناسرێت ، هه‌ر سیاسه‌تیکی چه‌واشه‌کارانه بوو به
هه‌مان مه‌به‌ست . به‌هیوای گۆڕانکاری وژیانێکی ئازادترو
باشتر ، خه‌ڵکانێکی زۆر ڕوویان کرده سنووقه‌کانی ده‌نگدان و
به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 1997 بوون . ته‌نانه‌ت
به‌داخه‌وه ئه‌ڵێم هه‌ندێك له که‌سایه‌تی سیاسی ولایه‌نی
کوردستانیش له ده‌ره‌وه‌ی ئێران بانگه‌وازی خه‌ڵکیان ئه‌کرد
بۆ به‌شداریکردن له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا . وه‌لێ پاش ئه‌وه‌ی
خاته‌می ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست
.
کۆمه‌ڵانی
خه‌ڵکی ئێران به نه‌ته‌وه وچینه جۆراوجۆره‌کانه‌وه ،
بۆیان ده‌رکه‌وت که هیچ گۆڕانێکی بنه‌ڕه‌تی له سیستمی سیاسی
و ئابووری وڵاته‌که‌یان ڕووینه‌دا، به‌ڵکوگۆڕانکارییه‌کان
ته‌نها ڕووکه‌ش بوون وهیج ڕیفۆرمێک نه‌کرا . دیاره بارودۆخی
ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆی نییه له‌گه‌ڵ
به‌شه‌کانی تری ئێران‌دا گه‌ر خراپتر نه‌بێ باشتر نییه .
ئه‌مڕۆ خه‌ڵکی ئێران به ژن و پیاوو گه‌نج و پیرومنداڵه‌وه ،
قوربانی ئه‌و دۆزه‌خه مه‌زنه بێڕه‌حمه‌ن که ناوی جمهوری
ئیسلامی ئێرانه . ئاخۆ، چی ئاڵ وگۆڕێکی سیاسی ئه‌م مرۆڤانه
له‌و دۆزه‌خه ڕزگار ئه‌کات ؟ هه‌تا که‌ی ئه‌م ڕژێمه
حوکمڕانه ؟ ئه‌ڵته‌رناتیڤ چییه ؟ ئه‌م پرسیارانه
وهه‌زاره‌ها پرسیاری تریش ڕووبه ڕووی خه‌ڵکانی ڕۆشنبیرو سیاسی
و بزووتنه وه سیاسییه‌کانی ئێران به گشتی وڕۆژهه‌ڵاتی
کوردستان به تایبه‌تی ئه‌بێته‌وه . پێم وایه خۆیان
له‌به‌رده‌م لێپرسراویه‌تيه کی گه‌وره‌ی مێژوویی‌دا
ئه‌بیننه‌وه ، گه‌ر هه‌نگاو نه‌نێن بۆ گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی
سیاسی وهێنانه‌کایه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێک که مافه نه‌ته‌وایه‌تی
و مرۆڤایه‌تیه‌کانی هه‌موو چین و توێژه کانی خه‌ڵک دابین
بکات، ئه‌وا بێگومان بار‌و دۆخه‌که ڕۆژ به ڕۆژ ئاڵۆزتر و
ئاگری دۆزه‌خه‌که به تین تر ئه‌بێ .
|