که ده‌ڵێم دوا نامه؛ مانای ئه‌وه نیه که من رۆژێک له رۆژان
نامه‌ی ترم بۆ تۆ نوسیبێت یان هه‌ر بیریشم لێکردبێته‌وه. له
دوا نامه مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه؛ که تۆ به‌م زوانه ملت
لێئه‌کرێته‌وه و زۆر به نهێنی له شوێنێ نادیارا ده‌کرێیته ژێر
خاکه‌وه. که ده‌ڵێم له جێگایه نادیارا چونکه له‌و وێرانه‌یه‌ی
که ناوی عێراقه هێشتا هه‌وادارت زۆره. تۆ، وه‌ک هه‌موو شتێکی
تر، ده‌کرێت بکرێیته بابه‌تی بیرکردنه‌وه. چونکه له‌تۆدا زۆر
نهێنی خۆی په‌نهان داوه. تێگه‌یشتن له تۆ ئه‌رکێکی
هه‌نووکه‌ییه. من که به‌یانیان تۆ له قه‌فه‌سا ئه‌بینم، لێره
هێشتا زووه، کاتی به‌رچاییه، نازانم دڵم خۆش بێت یان بگریم. من
له خۆم ئه‌پرسم؛ وه‌ک له‌و جوله‌که ئیتالیه‌ی که ناوی پریمی
لیڤیه فێربووم؛ ئایا ئه‌مه‌یه مرۆڤ. پرسیارێکی پڕ له ئازاره.
ئایا ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ی که له‌سه‌ر دوو پێ ئه‌روات و ناوی له خۆی
ناوه مرۆڤ، به هه‌ر کارێک هه‌ستێ هه‌ر به مرۆڤ ئه‌مێنێته‌وه.
به مانایه‌کی تر ئایا مرۆڤ بوون په‌یوه‌سته به جه‌سته‌وه یان
به هه‌ڵسوکه‌وته‌وه.
تۆ مردویت. تۆ له رۆژی روخانی به‌غادا مردیت. پاشان له
کونه‌که‌ت، که له راستیا گۆری کۆتایی ده‌سه‌ڵاتت بوو به کۆڵێ
چلک و ریش و حه‌وسه‌د و په‌نجا هه‌زار دۆلاری ئه‌مریکیه‌وه
ده‌ریانهێنای، ده‌ڵێن گوایه له‌گه‌ڵ خۆتا کلاشینکۆفێکیشت
هه‌ڵگرتبوو، وه‌ک په‌نده کوردیه‌که ئه‌ڵێت بۆ رۆژی ته‌نگانه.
تۆ که ئه‌مریکاییه‌کان راویان نای چیت ئه‌کرد به پاره‌ی
ئه‌وان. ره‌نگه له ته‌نهایی و بێتاقه‌تیا ته‌ماشای گه‌ڵا
دۆلاره‌کانت کردبێ. خه‌ونت به‌وه‌وه بینیبێت رۆژێک بچیته کۆشکی
سپی. یان رسته به‌ناوبانگه‌که‌ت خوێندبێته‌وه؛ به‌خودا بروامان
هه‌یه. وه‌ک چۆن تۆ ده‌ستت به هه‌رکوێ بگه‌شتایه وێرانت
ئه‌کرد و خوێنی بێتاوانانت ئه‌رشت، ئه‌مریکایه‌کانیش ئه‌م گوی
زه‌ویه‌یان کردوه‌ته خانی ووڵاخ، هه‌موو رۆژێ پێمان ده‌ڵێن
ئه‌وان خه‌ڵکێ ئیماندارن و ووڵاته‌که‌یان شارێکی پڕ له روناکیه
به سه‌ر گردێکه‌وه، له‌م دونیا پیس و تاریکه‌دا له پاکیا
ئه‌گه‌شێته‌وه. ئه‌وه‌ی ئه‌وان باسی ئه‌که‌ن له شارێک له شاره
نه‌بینراوه‌کانی ئیتالۆ کالڤینۆ ئه‌چێت. که‌چی راستی جۆرێ
تره.
ئه‌م رۆژانه‌ی که ئێستا ده‌یگوزه‌رێنی رۆژانی پاش مه‌رگته.
تۆ ئێستا جگه له قه‌ره‌قۆزێ بێحورمه‌ت هیچی تر نیت. که مناڵ
بووم، به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزوێنه‌کان جگه له وێنه‌کانی تۆ و قسه
پووچه‌کانی تۆ و گۆرانی به‌باڵای شان و شکۆی تۆدا هیچی تر
نه‌بوون. تۆ هه‌رده‌م هه‌ره‌شه‌ت ئه‌کرد، جلی سه‌ربازیت
له‌به‌رئه‌کرد، رۆژانێک هه‌بوو له ده‌سته‌کانتا کیمیاوی
المزدوج-ت هه‌ڵئه‌گرت و جاری سوتانی شار و ووڵاتانت ئه‌دا.
ئێستا به هه‌مان ده‌ست قورئانی پیرۆز هه‌ڵئه‌گریت. چه‌ند
سه‌یره له‌و هه‌زار هه‌زار ملیون موسوڵمانه، که‌سێ رۆژێ
به‌ده‌نگ نه‌هات. ئه‌گه‌ر قورئان هێشتا کتێبێ پیرۆزه، ئه‌وا
نه‌ده‌بوو بدرایه ده‌ستی تۆ. ئه‌گه‌ر خودا هێنده‌ی گه‌ردون
لێبوردنی هه‌بێ هێشتا به‌شی ئه‌وه ناکات که له تۆ ببورێ.
من لێره جار جارێ که به‌ته‌نها له قاوه‌خانه‌یه روناک و گه‌رما
له گه‌ڵ کتێبێکی قه‌به‌ی فه‌لسه‌فه‌دا دائه‌نیشم؛ بیر له تۆ
ئه‌که‌مه‌وه. بیر له‌وه‌ئه‌که‌مه‌وه تۆ که‌چه‌ندێ تاوانباریت،
ئه‌گه‌ر ته‌وبه بکه‌یت ره‌نگه برۆیته به‌هه‌شت. ئه‌مه بۆ من
قه‌یرانێ فه‌لسه‌فی گه‌وره‌یه. چه‌مکی ته‌وبه؛ بۆ من مایه‌ی
سه‌رئێشه‌یه. چه‌مکی ته‌وبه کلیلی کۆمه‌ڵگای ئاینیه. له
کۆمه‌ڵگای ئاینیدا رازیکردنی خودا گرنگه نه‌ک مرۆڤ. ئه‌گه‌ر
که‌سێک هه‌رچه‌نده خراپه بکات به‌رامبه‌ر به مرۆڤ، له ساتێکا
وه‌ئاگابێت و داوای لێبوردن له خوا بکات ئه‌وا گرنگ نیه
چیکردوه به‌رامبه‌ر به مرۆڤ خودا لێده‌بوورێ. به‌ڵام له
کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیدا مرۆڤ ئه‌رکیه‌تی به‌رده‌وام رێزی مرۆڤ
بگرێ. بۆیه مرۆڤی شارستانی مرۆڤێکه که مرۆڤ لێی رازیه، مرۆڤی
ئاینی مرۆڤێکه که خوا لێیرازیه. زۆرجار ره‌نگه ئه‌م دوانه یه‌ک
بگرنه‌وه. به‌ڵام مێژوو شتێکی ترمان پێئه‌ڵێت.
تۆ به‌م زووانه له‌به‌رچاوان وون ئه‌بیت. به‌ڵام ئایا تۆ
هه‌رگیز ده‌رۆی. گومانم هه‌یه. ئه‌گه‌ر تۆ شای درنده‌کان بووی،
ئه‌وا ئه‌و جه‌نگه‌ڵه‌ی که ناوی عێراقه پره له درنده‌ی وه‌ک
تۆ، هه‌مویان خۆیان مه‌ڵاس داوه و به‌دوای ده‌رفه‌تێکا
ئه‌گه‌رێن. ئه‌وانه‌ی دۆستت بوون ده‌یانه‌وێ شوێن پێت هه‌ڵگرن،
ئه‌وانه‌ش دوژمنت بوون زۆریان بێئاگایانه وه‌ک تۆیان لێهات.
ئه‌ی له‌و دۆزه‌خه‌ی که ناوی عێراقه که‌س نیتچه ناخوێنێته‌وه.
ئه‌و ئه‌ڵێت؛ ئه‌بێ به ئاگابین له به‌ربه‌ره‌کانی درنده‌دا
خۆشمان نه‌بینه درنده. به‌لای زۆر که‌سه‌وه تۆ نموونه‌ی ئازایی
بووی. دوکتۆر که‌مال مه‌زهه‌ر، که ئه‌گه‌ر وه‌ها نه‌بوایه
شایانی جێی شانازی بوو، جارێکیان تۆی خسته خانه‌ی مرۆڤه
ئازاکانه‌وه. ئه‌وه گه‌واهی ئه‌وه‌یه که تۆ نه‌ک مرۆڤه
ساده‌کان، به‌ڵکو خوێنده‌واره‌کانیشت ئالوده‌کرد. ئه‌ی
ئه‌و‌ه‌نیه دادوه‌ر پێت ده‌ڵێت تۆ دیکتاتۆرنیت. من دڵنیام
هه‌تا خودی خۆشت به‌لاته‌وه سه‌یربوو که ئه‌و وه‌های پێگووتی.
دوو هه‌فته له‌مه‌وپێش له سه‌ر پشتی گه‌مێیه جوان، له ژێر
تیشکی خۆره‌تاوێکی وه‌ک به‌هار ناسکا، به روباری دانوبا، له
ووڵاتی نه‌مسا سه‌فه‌رم ئه‌کرد. که له گوندێ دڵگیر و بچکۆله
شه‌و رۆژێکم به‌سه‌ربرد، له هه‌رکوێم ئه‌نواری دڵم ته‌نگ
ئه‌بوو. ئێمه چه‌ند نامۆین به‌جوانی، چه‌ند نامۆین به ساده‌یی.
چه‌ندێک دورین له ژیانه‌وه. که کوردوستان و قه‌راخ دانووبم
به‌راوردئه‌کرد، ئاسان نه‌بوو تێبگه‌م بۆچی ئێمه ئه‌وه‌نده
حه‌زمان له
ناشیرینه.
که مێژووی باڵه‌خانه‌و ماڵه‌کانم ئه‌خوێنده‌وه دڵم ته‌نگ
ئه‌بوو. له شارۆچکه‌یه بچکۆله له قه‌راخ ده‌ریاچه‌یه‌کا له نێو
کۆمه‌ڵێ چیادا، که به هاوینیش به‌فر میوانیه‌تی، نوسرابوو له
ساڵی هه‌زار و دووسه‌ده‌وه شاره. من له‌م ته‌مه‌نه کورته‌ما،
که سه‌رتاپایم له ژێر حوکمی تودا به‌سه‌ربرد زیاتر له چه‌ند
جار شایه‌تحالی رۆخانی ماڵی خۆمان بووم. تۆ کۆتاییت به
جێگیربوون هێنا، به سه‌قامگرتن، به هه‌ستکردن به ماڵ. له
ده‌ستدانی ماڵ، له ده‌ستدانی توانای چالاک بوونه له دونیادا.
ده‌ڵێن که تۆیان ده‌ستگیرکرد تۆ خۆت وه‌ها ناساند؛ من سه‌دام
حوسه‌ینم سه‌رۆک کۆماری عێراق. ئێستاش که تۆ جگه له تاوانبارێ
بێحه‌یا هیچی تر نیت، هه‌رده‌م هه‌ر به هه‌مان شێوه خۆت
ئه‌ناسێنیت. ئه‌گه‌ر له عێراقدا ئه‌دیبێک هه‌بوایه ئه‌وا
رۆمانێکی مه‌زنی وه‌ک دۆنکیخۆته‌ی ئه‌نووسی که تۆ
پاڵه‌وانه‌که‌ی بووی. (ئه‌رێ به‌راست بۆچی بوونی
دیکتاتۆره‌کان له ئه‌مریکای لاتین ئه‌و ئه‌ده‌به جوانه‌یان
به‌رهه‌م هێنا، یان له چین، نووسه‌رێکی وه‌ک، گا‌و جیانجینگ، که
خاوه‌نی نۆبلی ئادابه. که‌چی له‌و ده‌ڤه‌ره‌ی ئێمه هیچ.
ره‌نگه یه‌ک به یه‌کی ئێمه پێویستمان به پاکبوونه‌وه بێت له
دیکتاتۆر هه‌تا بتوانین، دیکتاتۆره‌کان ببینین و ده‌رباره‌یان
بنووسین). تۆ که له مێژووتدا هه‌رده‌م هه‌ر سه‌رئه‌که‌وتی،
هه‌تا زمانت مابێ هه‌رخۆت به سه‌رۆک ئه‌زانی. جه‌نابی سه‌رۆک
تۆ نه‌ک سه‌رۆک به‌ڵکو مرۆڤیش نیت، تۆ درنده‌ی. به‌ڵام
ئه‌فسووس ئه‌وه‌ی تۆ پێی هه‌ڵئه‌ستیت ئاوێنه‌ی سایکی(ناخی)
کۆمه‌ڵێ خه‌ڵكی زۆره له‌و وێرانه خاکه‌ی که پێێ ده‌ڵێن
عێراق.
بینینی راستی و دانپیانانی کارێکی هێنده ئاسان نیه. عێراق
ووڵاتێکه که خه‌ڵك تیایا بۆ کۆمه‌ڵێ ئایده‌لۆژیا و ئاین و ناو
ناتۆره خۆیان به کوشت ئه‌ده‌ن یان به ئاسانی خوێنی ئه‌وانی تر
ئه‌رێژن، که ئه‌لف و بێی ده‌رباره نازانن. سایمۆن بلاکبێرن
له‌و کتێبه‌ی که ناوی راستیه به دێرێک ده‌ست پێئه‌کات، ئه‌و
ئه‌ڵێت؛ زۆر ئاساییه ئه‌گه‌ر که‌سێ له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست
و یه‌کدا زاروی بته‌قێ. ئه‌وه‌ی له هه‌مووی زیاتر مایه‌ی ترسه،
ئه‌وه‌یه که له مێشکی ئه‌وانی تردا هه‌یه. ئه‌وه‌ی له عێراق
ده‌گوزه‌رێ، گه‌واهی ئه‌وه‌یه که ئه‌وه‌ی له مێشکی خه‌ڵكدایه
به‌راستی مایه‌ی ترسه. ده‌بێ رۆژێک بێت کانت ببێته میوانی
هه‌موو مالێک و پێیان بڵێت به‌رێزان؛ عه‌قڵ له سه‌روی هه‌موو
شتێکه‌وه‌یه، هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی تر له سه‌روی عه‌قڵه‌وه نیه.
ئه‌گه‌ر کورد ده‌ڵێت (هه‌موو جارێ عه‌قڵ میوان نیه)، هیچ نه‌بێ
جارێک به میوانی رایگرن.
که ژاپۆن له جه‌نگدا دۆرا ئه‌وانه‌یان نه‌یانتوانی خۆیان بگۆرن
خۆیان کوشت. ئه‌وانه‌ی که مانه‌وه به‌دیدێکی تره‌وه ژیانێکی
تریان ده‌ستپێکرد. به‌ڵام دانیشتوانی عێراق هیچ وایان لێ‌ناکات
بگۆرێن، هیچ وه‌هایان لێ‌ناکات بیرکه‌نه‌وه چونکه زۆر به
ساده‌یی؛ ئه‌وان نیشته‌جێی ئه‌فسانه‌کانن. مرۆڤی ساده له
هه‌موو شتێ زیاتر عه‌شقی ئه‌فسانه‌یه. ئه‌گه‌ر ئه‌تانه‌وێ
زیاتر له‌م باره‌وه بزانن؛ ده‌قه‌کانی ولیه‌م رایش بخوێننه‌وه
به تایبه‌ت سایکۆلۆژیای مێگه‌لی فاشیزم یان ده‌قی پیاوی گرگن.
خه‌ڵكی عێراق دۆراون. ئه‌وه راستیه. ئه‌گه‌ر رۆژێک هاتوو
ئه‌وان توانیان ئه‌و راستیه ببینن ئه‌وا ده‌که‌ونه سه‌ر رێگای
راست. هه‌ستکردن و دانپیانانی شکست پێویسته بۆ ئاماده‌بون بۆ
گۆران بۆ هه‌ڵگرتنی دیدێکی تر بۆ ژیان.
دادگایی تۆ دادگایی‌کردنی مرۆڤایه‌تیه. که‌س له‌م گۆی زه‌ویه‌دا
بێ‌تاوان نیه به‌رامبه‌ر به مه‌رگ و قرانی کورد. چه‌ند شه‌رمه.
موسوڵمانه‌کان، ئه‌مریکاییه‌کان، عه‌ره‌به‌کان،
رۆژئاواییه‌کان؛ هه‌موو به‌شدارن له تاوانه‌کانی تۆدا. ئه‌وان
هه‌مویان له درنده‌یی تۆ به ئاگابوون به‌ڵام چونکه هێشتا
رێگایه‌کی دووریان له پێشدایه هه‌تا ببنه مرۆڤ، نه‌یانتوانی
یان نه یانوویست فزه‌یان لێوه‌بێت. تۆ د‌ه‌مریت، به‌ڵام بۆ
زه‌مانێکی زۆر دیوزه‌مه‌که‌ت راومان ئه‌نێ. بۆئه‌وه‌ی له تۆ
پاک بینه‌وه، پێویسته له ماڵی خۆمانا دانیشین، به بێ ده‌نگی
بیرکه‌ینه‌وه.
جه‌نابی سه‌رۆک، سبه‌ینێ لێره بارانه. من ده‌ستی یاره‌که‌م
ئه‌گرم و به قه‌راخ روباره نووستوه‌که‌دا ده‌رۆین بۆ زانکۆ.
له‌وێ من وانه‌کانم ده‌رباره‌ی سیاسه‌ت و فه‌لسه‌فه ئه‌خوێنم،
له گه‌ڵ هاورێکانما ئه‌رۆم بۆ قاوه‌خواردنه‌وه. ده‌رباره‌ی زۆر
شت ئه‌دوێین، رۆژنامه ئه‌خوێنمه‌وه. تۆ بێحورمه‌تانه ئه‌مریت،
منیش به ئازاره‌کانمه‌وه به ساده‌یی ژیانم ئه‌گوزه‌رێنم.
|