بزماره‌کانی خالید مه‌جید فه‌ره‌ج
مامۆستاو قوتابی و ره‌مه‌زانی جاران

 
 

ئه‌وکاتانه‌ی که ‌له‌قۆناغی سه‌ره‌تایی بووم  دایکم هه‌موو جارێک پێی ئه‌وتین  ئه‌وه‌ی ئه‌یه‌وێ مانگی ره‌مه‌زان بگرێت، ئه‌بێ بیری نه‌چێ شه‌وانه‌ که‌ چووه‌ سه‌ر جێگا، بڵێ نێتمه‌ به‌یانی به‌رۆژوو ئه‌بم، رۆژووی مانگی ڕه‌مه‌زان ،یانیش هه‌ر له‌یه‌که‌م شه‌وه‌وه‌ نێتی گرتنی هه‌موو مانگه‌که‌ به‌یه‌ک که‌ڕه‌ت بێنێ ،و له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌بێ هه‌موو ڕۆژه‌کان به‌ته‌واوی بگرێ ،و پارشێویش بکا باشه‌ چوونکه‌ خێره‌که‌ی زیاتر ئه‌بێ، ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ به‌ڕێکو پێکی بکا خه‌می نه‌بێ‌ هه‌موو مه‌خسووده‌کانی حاصل ئه‌بن، دیاره‌ مه‌خسوودی  ئه‌وکاته‌ی ئێمه‌ی قوتابی که‌ له‌قۆناغی سه‌ره‌تایی بووین له‌ناجیح بوون به‌بێ سه‌عی به‌یه‌که‌م، و خه‌رجی زۆر،و جلی جوان، و سه‌عات و پێڵاوی تازه‌،و ساڵێک پانزه‌ جه‌ژنی تێبکه‌وێ، و ته‌حتیلی سه‌ری سال له‌ سێ مانگه‌وه‌ بۆ شه‌ش مانگ، زیاتر نه‌بوو! هه‌رچه‌نه‌ من ئه‌وانه‌م له‌ خه‌ڵکی زیاتر پێویست بوو ، به‌ڵام هه‌موویم وه‌لا نابوو، و له‌ داواکاریه‌ک زیاتر هیچی ترم نه‌بوو ، شه‌وانی ڕه‌مه‌زان له‌جیاتی یه‌ک که‌ڕه‌ت نیه‌ت هێنان، ده‌جار له‌ناخی دڵمه‌وه‌ به‌ده‌نگێکی بیستراو هاوارم ئه‌کرد،و ئه‌م گووت نێتمه‌ به‌یانی به‌ڕۆژوو ئه‌بم، خوایه‌ گیان لێم قبووڵ که‌ی. جاری واهه‌بوو دایکم ئه‌ی گووت کوڕم یه‌ک جار به‌سه‌، ئه‌و عاله‌مه‌ خه‌وتوون تۆ هه‌موو گه‌ڕه‌کت تێگه‌یان به‌یانی به‌ڕۆژوو ئه‌بی ،باشه‌ ئه‌گه‌ر ئاوا هاوار نه‌که‌ی خوا نازانێ تۆ به‌روژوو ئه‌بی ؟ به‌ڵام ئه‌وشته‌ی که‌ له‌دڵما بوو،و ڕۆژووه‌که‌م له‌پێناوا ئه‌گرت، بۆئه‌وه‌ی پێم نه‌زانن ،زۆر به‌نزمی له‌خوام داوا ئه‌کرد ،  لێفه‌که‌شم ئه‌یا به‌سه‌ر ده‌موو چاووما، نه‌وه‌ک جووڵه‌ی لێووم بخوێننه‌وه‌ ،و تێم به‌ربن، چوونکه‌ له‌کاتێکا که‌ هه‌موو که‌س حه‌زی ئه‌کرد مناڵه‌کانیان ببنه‌ مو‌هه‌ندیس ،و دکتۆر،و مامۆستا،و محامی، جه‌نابم ئه‌ی ووت ده‌خوایه‌ بۆخاتری ئه‌م مانگی ڕه‌مه‌زانه‌، به‌یانی مه‌کته‌به‌که‌مان وابڕوخێنی  سه‌قفه‌ کۆنکرێته‌که‌و ئه‌رزه‌که‌ی له‌گه‌ڵ یه‌کا جووتکه‌ی، و دوور له‌ قووتابیه‌کان یه‌ک مامۆستای به‌ مودیرو موعاونی مودیرو موڕاقیبه‌ نه‌عله‌تیه‌که‌شمانه‌وه‌ی لێ ده‌رنه‌چێ، جیقو فلیقی هه‌موویان ده‌ربێ، و ببن به‌ قاورمه‌ (جاران هه‌مبه‌رگر نه‌بوو ده‌نا باشترین شوبهاندن ئه‌میان بوو نه‌ک قاورمه‌). سه‌به‌بیشم هه‌بوو،‌ ئه‌وکاتانه‌ که‌ ئه‌چووینه‌ سنفه‌وه‌،هه‌تا مامۆستاو داره‌که‌ی ئه‌گه‌یشتن، موراقیب ناوی چه‌ند دانه‌یه‌کی له‌ هاروهاجه‌کان که‌ به‌نده‌ی دایم تیا بوو، له‌سه‌ر ته‌خته‌ڕه‌شه‌که‌ ریز ئه‌کرد،و پێش ده‌ست پێکردن به‌ وانه‌ ووتنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی ناویان نووسراوه‌، ئه‌گه‌ر ده‌ستیان له‌ژێر زه‌بری داره‌که‌ی ئه‌فه‌نیا سه‌قه‌ت نه‌بوایه‌، تاکید ئیتر ئاگایان له‌و مه‌عریفه‌ته‌ نه‌ئه‌ما که‌‌ له‌ زاری مامۆستاوه‌ ئه‌باری، و تاجه‌ره‌سی کۆتاییش بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ختێک ئازاره‌که‌ی بشکێ ئه‌بوو فووی تێبکه‌ن و هه‌ڵیبگڵۆفن. هه‌ر ئه‌و کاتانه‌ ئاستی گوزه‌رانی خه‌ڵک زۆر نزم بوو، زۆربه‌ی قوتابیه‌کان زستان و هاوین یه‌ک جلیان له‌به‌را بوو، زستانان هه‌ر سنفێک و عه‌لادینێکیان بۆدانابوو، مامۆستاش ئه‌یبرده‌ لای خۆیه‌وه‌، قوتابیه‌کمان له‌گه‌ڵ بوو باوکی وه‌زعی مادی باش بوو، هه‌م سه‌رو که‌لله‌ی وه‌کو سه‌رو که‌لله‌ی ئێمه‌ نه‌بوو، هه‌م پۆشته‌و په‌رداخیش بوو ڕۆژێک مامۆستا ئاقڵه‌که‌مان هێنایه‌ به‌رده‌می ته‌خته‌ ره‌شه‌که‌،و پێی ووتین چاووتان لێیه‌ چه‌ن جله‌کانی پاک ،و خاوێن، و جوان و به‌ته‌رتیبن ،ئه‌مه‌وێ هه‌مووتان به‌یانی وه‌کو ئه‌م بن‌! ئه‌یان گووت ڕه‌مه‌زان مانگی خێرو به‌ره‌که‌ته، به‌وپێیه‌ مامۆستاش وه‌کو هه‌موو موسڵمانانی تر له‌سه‌ری بوو خێر بکات، ئه‌وان وه‌سیله‌یه‌کی به‌لاشیان دۆزیبۆوه‌ یه‌ک فلسی تێ نه‌ئه‌چوو، له‌ هه‌مان کاتیشدا به‌خێر بۆیان ئه‌نووسرا، ‌کردبوویان به‌ عاده‌ت له‌نزیکی ته‌واو بوونی ره‌مه‌زانا، هه‌ر که‌سه‌و له‌وانه‌که‌ی خۆیا، به‌ قوتابیه‌کانی ئه‌ووت، هه‌موو زمان بهێننه‌ ده‌ره‌وه‌ یه‌ک یه‌ک سه‌یریی زمانیان ئه‌کردین، ئه‌وه‌ی زمانی سپی بوایه،‌ ئه‌وه‌ به‌ڕۆژوو بوو، مه‌کرومه‌که‌ی مامۆستا که‌ بیست ده‌ره‌جه‌ وه‌یان زیاتر یان که‌متر بوو ئه‌یگرته‌وه‌،و بۆی ئه‌خرایه‌ سه‌ر ده‌ره‌جه‌کانی ، به‌ڵام شمولی ئه‌وانه‌ی نه‌ئه‌کرد که‌ زمانیان سوور بوو . هه‌ر ئه‌وزه‌مانه‌ هه‌ندێک جار مامۆستا ئه‌یپرسی، له ‌پاشه‌ ڕۆژا ئه‌تانه‌‌وێ ببن به‌چی؟ ته‌مه‌ڵ ترین قوتابی له‌ دکتۆر که‌متری هه‌ڵنه‌ئه‌بژارد ، دوای ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر هه‌موویانا ئه‌گه‌ڕێ ، یه‌ک له‌وی تریان پله‌وپایه‌ی به‌رز تر هه‌ڵئه‌بژێرێ، قوتابیه‌ک ئه‌مێنێ ئه‌ڵێ  مامۆستا گیان من ئه‌مه‌وێ ببم به‌ فه‌ڕاش، مامۆستا که‌لعاده‌ تێی به‌ر ئه‌بێ ،ئه‌ڵێ هه‌تیو هیچ نه‌ما فه‌راشی نه‌بێ ،دیاره‌ ناته‌وێ بخوێنی، ئه‌ڵێ مامۆستا به‌ره‌وه‌ڵڵا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌موو عاله‌مه‌ ببن به‌ موهه‌ندیس و مامۆستاو فه‌رمانبه‌ری گه‌وره،‌و دکتۆر، خۆ ئه‌بێ فه‌ڕاشێکیشیان هه‌بێ .

 

موخته‌سه‌ری که‌لام

ئه‌گه‌ر بته‌وێ نه‌وه‌یه‌کی ساغت چنگ که‌وێ ئه‌بێ مامۆستای ساغیشت هه‌بێ ده‌نا ئه‌بێ هه‌تا ماوی عه‌ریف بی .

 

 
           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca