ده‌سه‌ڵات لاوه‌کانمان به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌بات

 

عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د گه‌رمکی

 

گه‌ر تێروانینێکی خێرا له‌دیدگای لاوانه‌وه‌ بکه‌ین سه‌باره‌ت به‌ده‌سه‌ڵات. بێشک ده‌بێ هه‌ڵسه‌نگاندنێکی راست و دروستمان هه‌بێت. سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ئینجا ده‌توانیین شڵۆڤه‌کانمان به‌رده‌وام بکه‌ین به‌وه‌ی چۆن ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێ گه‌نجانمان به‌ره‌و جیهانێکی نادیار به‌رن. کاتێک من بۆ خۆم ووشه‌ی ده‌سه‌ڵات بێت به‌ گوێمدا زۆر پێی ناڕه‌حه‌ت ده‌بم، چونکه‌ به‌راستیش ئه‌و ووشه‌یه‌ خۆی بۆ خۆی به‌واتای تۆتالیتاریزم دێته‌وه‌ له‌روانگه‌ی منه‌وه‌، چونکه‌ واتا ده‌سه‌ڵاتێک به‌سه‌رته‌وه‌یه‌ ناوێری یان ناتوانی کارێک یان قسه‌یه‌ک یان هه‌ر شتێکی تر بکه‌ی گه‌ر ده‌سه‌ڵات پێی خۆش نه‌بێت یان ده‌بێ به‌باڵیدا هه‌ڵده‌ی یان ده‌بێت بچه‌وسێنێته‌وه‌، به‌ڵام دیاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی تر له‌جاران زیاتر نه‌چه‌وسێنێته‌وه‌ پێویستیمان به‌خه‌باتێکی گه‌نجانه‌ هه‌یه‌ بۆ بنبڕکردنی ئه‌و هزره‌ دۆگما کۆنه‌ که‌ که‌ ئه‌و رۆکه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ دیکتاتۆره‌کان رابه‌رایه‌تی ده‌که‌ن.


ئاشکرایه‌ گه‌لی کورد هه‌میشه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌رده‌سته‌کانه‌وه‌ چه‌وسێنراوه‌ته‌ و ماڵوێران کراوه‌. ئیمڕۆش ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌یه‌وێ به‌شێوازێکی جیاواز و مۆدێرن گه‌له‌که‌مان له‌باشووری کوردستان مه‌به‌ستم ئازادی خوازه‌کانه‌ و به‌تایبه‌ت لاوه‌کانمان سه‌رکوت بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر هه‌ڵنه‌بڕن ئاشکراشه‌ بۆ واده‌که‌ن، چونکه‌ لاوی ئازاد هه‌رگیز ئه‌م ژیانه‌ په‌سه‌ند ناکات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژیانێکه‌ تا دوا راده‌ ناعه‌داله‌تی و نایه‌کسانی به‌دی ده‌کرێت. جا بۆیه‌ ئێستا هه‌ندێ ترسیش له‌ده‌سه‌ڵات نشتوه‌ته‌وه‌ که‌ ئه‌مجاره‌ لاوان بێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان به‌مه‌به‌ستی خۆپیشاندان ئیتر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ قبووڵ ناکه‌ن. مه‌ترسێکه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش له‌وه‌دێت که‌ ماوه‌ی رابردوو شایه‌تی ئه‌و حاڵه‌ته‌ن که‌ لاوه‌کانمان به‌ چ جۆشێکه‌وه‌ ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی. دیاره‌ هه‌ر زۆربه‌ی خۆ پیشانده‌ره‌کانیش لاو بوون، چونکه‌ نه‌وه‌ی نوێن من بۆ خۆم زۆر شادمانم به‌و نه‌وعه‌ گه‌نجانه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بنه‌ جێگای هیوا. به‌ڵام کێشه‌ و پرسگرێکه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵات بۆ رێگه‌ به‌لاوه‌ ئازادی خوازه‌کان ناده‌ن به‌ئازادی و به‌بێ سانسۆر رای خۆیان ده‌بڕن یا خۆپیشاندان بکه‌ن یا هه‌ر چالاکییه‌کی دیموکراتی تر؟ ئه‌ی بۆ ته‌نها رێگه‌ به‌ روخسار لاو له‌هزر پیری رێکخراوه‌کانی خۆیان ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر وه‌سفی ئه‌وان بکه‌نه‌وه‌. تاکه‌ی ئه‌م فه‌رق و جیاوازیه‌. گوایه‌ هه‌ردوو حکومه‌تی سلێمانی و هه‌ولێر یه‌کیانگردوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌تا تا هه‌نووکه‌ش به‌ فایلی زه‌رد و سه‌وز خه‌ڵک داده‌مه‌زرێنن به‌و شێوه‌یه‌ ده‌تانه‌وێ حکومه‌ت به‌رنه‌ رێوه‌. واتا ئه‌وه‌ی سه‌ر به‌ سه‌وز یا زه‌رد نه‌بێ ژیانی بۆ نییه‌ له‌م هه‌رێمه‌ کاولبوه‌. کامه‌ په‌رله‌مانی لاوانتانه‌ کام وزاره‌ت به‌ناوی لاوانه‌وه‌ من لێره‌دا پرسیارێک له‌رێزدار وه‌زیری په‌روه‌رده‌ ده‌که‌م پێم ناڵێی چ کارێکتان بۆ لاو کردوه‌ له‌دوای ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و وزاره‌ته‌ دامه‌زراوه‌ له‌کابینه‌ی پێنجه‌می حکومه‌ته‌که‌تان له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ولێر یان دهۆک زیاتر. هیوادارم گه‌ر وه‌زیری وه‌رزش ولاوان به‌راستی ده‌یه‌وێ خزمه‌ت به‌م توێژه‌ بکات من وه‌ک گه‌نجێکی کورد ئه‌و پرسیاره‌م ئاراسته‌ی کرد هیوادارم وه‌ڵامم بداته‌وه‌.


بێزاربوون و بیکاری و نه‌بوونی...تاد سه‌رجه‌م چین و تۆێژه‌کان به‌تایبه‌ت لاوان له‌ئه‌نجامی سیاسه‌تێکی قرێژ و (زانابونه‌وه‌دێت)، له‌به‌ر ئه‌وه‌ وه‌ک باسم لێوه‌ کرد ده‌سه‌ڵات بۆ خۆی له‌هێزی له‌بن نه‌هاتووی لاوان ده‌ترسێن، چونکه‌ فکری نوێی گه‌نجانه‌ هه‌رگیز ئه‌م بارودۆخه‌ و ژیانه‌ پڕ له‌درۆ و بێ ئومێدیه‌ و بێ کاره‌بایه‌ و بێ سوته‌مه‌نه‌ و بێ بێ بێ ئه‌مه‌ په‌سه‌ند ناکات. ئه‌مه‌ش بێشک مه‌به‌ستم ئه‌و گه‌نجانه‌یه‌ که‌ تینوی ئازادین که‌ زۆر پاکن راستگۆن مه‌به‌سته‌م ئه‌وانه‌ نییه‌ که‌ ده‌ستیان به‌کڵاوه‌که‌ی خۆیانه‌وه‌ گردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی با نه‌یبات ئه‌وانه‌ هه‌ر بخه‌ون و بنون رابێۆرن ئه‌وه‌ ئیتر هیچ خه‌میان نییه‌ یان مه‌به‌سته‌م ئه‌و گه‌نجانه‌ش نییه‌ که‌ به‌ کرێگراوی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کانن، چونکه‌ ئه‌وان له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه‌ی لاوان به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌به‌ن باوه‌ڕبکه‌ن هیچی تر ناکه‌ن ئه‌وه‌ ئه‌م پازده‌ ساڵه‌ش شایه‌تی ئه‌م قسه‌یه‌ن.


له‌دوایدا به‌راستی ده‌بێت لاوه‌کانمان باش له‌وه‌ تێبگه‌ن که‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌یه‌وێت به‌ره‌و هه‌ڵدێرمان به‌رێت گه‌ر ورد بیته‌وه‌ لێی هه‌مووی روون ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام به‌هیممه‌تی گه‌نجه‌ قاره‌مانه‌کان ئه‌وانه‌ی که‌ نه‌بۆ ده‌سه‌ڵات ده‌خه‌ڵه‌تێن نه‌ بۆ پاره‌ ئه‌و ئینسانانه‌ ده‌بنه‌ جێگای ئومێد گه‌ر ئه‌م جاره‌ له‌پڕێکدا ده‌نگی ناڕازی زیاتر هه‌ڵبڕین ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتیش ناتوانێت وناوێرێت گه‌نج له‌وه‌ زیاتر به‌ره‌و لایه‌کی ناڕاست ئاراسته‌ قسه‌ی دوایشم بۆ ئه‌و گه‌نجانه‌یه‌ که‌ هه‌ر خه‌ریکی خۆیانن و حه‌قیان له‌سه‌ر هیچ نییه‌ ده‌ڵێم " گه‌نجه‌ نوستوه‌کان رابن، بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ ئاسۆیه‌کی گه‌ش بۆ ئێستا و ئاینده‌".

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca