که‌یسی زمانی یه‌کگرتوو

ئاسۆ بیاره‌یی

 

 به‌شی یه‌که‌م

 

25-11-2006 سوێد

با بڵێن گریمانه‌ی ئه‌وه سه‌رکه‌وت که‌ یه‌کێک له زاراوه‌کان بوو به زمانی ستاندارت.  به‌ڵام کێشه‌کانی دۆزینه‌‌وه‌‌ی زمانی ستاندارت ته‌نها به ستاندارکردنی زاراوه‌یه‌کی تاقانه، که زاراوه‌یه‌کی سه‌پاو بێت، کۆتایی پێ ناێت، به‌ تایبه‌تی له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی کۆله‌کتیڤی کوردی، که ده‌سه‌ڵات وپێوه‌ری بنه‌ماڵه یان کاریگه‌ری ته‌سکی ڕێکخراوه‌یی و پارتایه‌تی له‌سه‌ره و ئه‌ندامه‌کانی کوێرانه پابه‌ندی بڕیاره‌کانن. گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری ڕوکه‌شی یان به‌کارهێنانی ڕێگه‌ی چاره‌ی داخراو، په‌سه‌ندکردنی زاراوه‌یه‌ک وه‌کو زمانی ستاندارد به ده‌رکردنی بڕیارێکی سیاسی، کێشه‌گه‌لێکی قوڵی لێ ده‌بێته‌وه، که خودی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش که ئه‌و بڕیاره ده‌‌رده‌کات، دووچاری له ‌یه‌ک ‌ترازان و په‌ره‌وازه‌یی ده‌بێت.  نموونه پێکهاته ‌و ستروکتوری به‌رینه‌ی پارتیه‌کانی نێو په‌رله‌مانی کوردستان، له‌و کۆمه‌ڵگه‌ کۆله‌کتیڤه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه که هێشتا ئاسته‌کانی له زۆر لایه‌نه‌وه دواکه‌توون.

وه‌کو نموونه، کردمان به‌ بڕیارێکی سیاسی په‌رله‌مان زاراوه‌ی سۆرانی بوو به زمانی ستاندارد، ئه‌ی ئایا نابێت ڕاڤه‌یه‌کی زانستی له هه‌موو بواره‌کاندا بکرێت له مه‌ڕ هه‌ڵوێستی بادینییه‌کانه‌وه که ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سه‌پاندنی سۆرانی به‌سه‌رایندا کام شوێنه‌واری ده‌روونی و کۆمه‌لایه‌تی به‌جێ ده‌هێڵێت؟ که به‌شێکی گرنگی بزوتنه‌وه‌ی کوردی  باشوور پێک ده‌هێنن؟ ئایا پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماده‌یه ده‌سه‌ت به‌رداری  بادیینیه‌کان و هه‌ورامیه‌کان بێت که سه‌رچاوه‌ی هێزی ئه‌و پارتیه‌ن یا هه‌ورامیه‌کانی ناو یه‌کگرتوو؟ چونکه زمان و که‌سایه‌تی ڕووی دراوێکن. که واته ئاخافتن له سه‌ر زمانی ستاندارت، له سه‌ر بناغه‌ی سۆز و حه‌زی چه‌ند نووسه‌رێک، هێزێک و ڕوناکبیرێک، زیان به یه‌کبوونی نه‌ته‌وه‌یی ده‌گه‌ێنیت. چونکه ده‌ربڕینی چاره‌سه‌ری زمانی ستاندارد به بڕیارێکی سیاسی، توێژێکی به‌رینی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌کات دژی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته و سه‌ره‌تایه‌ک بۆ گۆشه‌گیربوونی ئه‌و که‌س و خه‌ڵکانه‌ی که زاراوه‌ی سه‌رده‌ستیان لا په‌سه‌ند نییه، ده‌خوڵقێنیت. چونکه دروستبوونی زمانی ستاندارت پرۆسه‌یه‌کی ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه، نه بچڕاوه له ئاستی هوشیار کۆمه‌ڵگه‌‌و تاکه‌کانی. لێره‌دا با ئه‌نجامی سه‌پاندنی زمانی عه‌ره‌بی، فارسی و تورکیمان له بیر نه‌چێت.

وه‌رگرتنی بڕیارێکی سیاسی بۆ ستاندارکردنی یه‌کێک له زاراوه‌کان به زمانی ستاندارد، نه‌ک ته‌نها زمانی کوردی لاواز ده‌کات به‌ڵکو کۆمه‌لگه‌ی کورد ده‌خاته ڕۆخ هه‌ڵدێری په‌رت بوونه‌وه. چونکه ئه‌وه پرۆسه‌یه‌که‌ ده‌بێت به شێوه‌یه‌کی زانستیانه کاری بۆ بکرێت، نه‌ک له سه‌ر بنه‌مای سۆزی کوردستانێکی گه‌وره، که ئه‌بستراک و نادیاره. که‌واته دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌ی زانستی که بره‌و به پرۆسه‌ی زمانی ستاندارد بدات، زمانێکی ستاندار له کۆی مندڵدانی زاراوه‌کانی کوردی، چاره‌نووسێکی پرشنگدارتری ده‌بێت، دوور له سه‌پاندی زاراوه‌ی هۆزێک یان ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌یه‌‌یکی تایبه‌تی له کوردستاندا که واته بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌ بزوێنه‌ره‌کانی زاراو‌ه‌کانی تری کورد، له هه‌ستکردن به‌رامبه‌ر سه‌پاندنی زاراوه‌یه‌کی تر هه‌ڵویستی دژایه‌تی وه‌رنه‌گرن، جێگه‌ی خۆیه‌تی ڕێبازێکی زانستی بگیرێته‌ به‌ر تاکو پردێکی نیزیکبوونه‌وه له نێوان زاراوه‌کان دروست ببێت.   

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca