ئه‌گه‌ر ده‌ستوبرد نه‌كه‌ین كێشه‌ی كه‌ركوك به‌هه‌ڵپه‌سێردراوی ده‌مینێته‌وه‌

به‌هرۆز گه‌ڵاڵی

apae39@hotmail.com

نوێنه‌ری ی ن ك له‌ ئه‌نكه‌ره‌  22-11-2006

مادده‌ی سه‌دو چل ئه‌و به‌شه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌كه‌ركووكه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌  نیسبه‌تی كورد كێشه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی گرنگ وگه‌وریه‌. شێخ  مه‌حمودی نه‌مر له‌گه‌ڵ  ئینگلیزه‌كان  نه‌رمی ده‌رباره‌ی كێشه‌ی كه‌ركوك  بنواندبایه‌ ده‌یتوانی  هه‌ندی ده‌سكه‌وتی سیاسی به‌ده‌ستبهێنی. به‌لام شێخی نه‌مر  ئاماده‌ نه‌بوو ئه‌وه‌بكات. . خوالێخۆشبو موسته‌فابارزانی ساڵی 1974 ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ڕژیمی به‌غدا تۆزقالێك  وازی له‌داخوازییه‌كانی كورد  له‌سه‌ركێشه‌ی كه‌ركوك بهێنابایه‌، به‌گه‌ری زۆره‌وه‌ ده‌یتوانێ هه‌ندێ ده‌سكه‌وتی سیاسی تر به‌ده‌ستبهێنی. به‌ڵام ڕازی نه‌بوو. ساڵی 1983 مامجه‌لال له‌گفتوگۆی نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و حكومه‌تی به‌غدا  ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك نه‌رمی بنواندبایه‌، گفتوگۆكه‌ به‌رده‌وام ده‌بوو. به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بوو كه‌مترین نه‌رم و نیانی له‌مه‌ر كه‌ركووك نیشان بدات. ئه‌نجام گفتوگۆكه‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك تێك چوو. ئێستاش له‌سه‌رده‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕواناكه‌م كه‌سێك  هه‌بێ له‌ناو كورد بتوانێ واز له‌كوردستانی بونی كه‌ركووك بهێنی. ماوه‌یه‌كی زۆره‌ له‌هه‌ول وته‌قه‌لای جێبه‌به‌جێكردنی مادده‌ی سه‌دو چل داین. شانبه‌شانی ئه‌م هه‌وڵدانه‌ی كوردیش، ده‌بینین هه‌وڵێكی تر بۆ جێبه‌جێنه‌كردنی مادده‌كه‌ زۆر به‌گه‌رمی له‌ئارادایه‌. ئه‌ویش  پیلانێكی ده‌ره‌كی و ناوخۆییه‌ به‌یه‌كه‌وه‌  كارده‌كه‌ن بۆ كۆسپ دروستكردن له‌به‌رده‌می ئه‌و مادده‌یه‌ و ده‌یانه‌وێت ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوری ڕه‌سمی عێراق ده‌ربهێنن و بیخه‌نه‌ نێو كۆنگره‌یه‌كی نێو ده‌وڵه‌تی و ورده‌ ورده‌ به‌ره‌و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانی  په‌لكێش بكه‌ن. ڕێفه‌راندومه‌كه‌ی كه‌بڕیاریشه‌ ساڵی داهاتو بكرێ،دوابخرێ بۆ چه‌ندین ساڵی تر  و فاتیحه‌ی بۆ بخوێنرێت. چی بكه‌ین بۆتێكوپێكشكاندنی  ئه‌و پیلانه‌  :

1- له‌ناو خۆمان یه‌كێتی و پارتی به‌یه‌ك هه‌ڵوێستی جدی و یه‌كگرتو له‌سه‌ر ئاستی  به‌رز كار بۆ ئه‌وماده‌یه‌ بكه‌ین. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكاو به‌ریتانیا قسه‌بكه‌ین. هه‌رچی توانای هه‌مانه‌ له‌هه‌موڕوێكه‌وه‌ بیخه‌ینه‌ گه‌ڕ بۆڕازیكردن  و به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانیان له‌ماده‌ی سه‌دو چل. وه‌ هه‌ر كارتێكی  كورد له‌ده‌ستییه‌تی بیخاته‌ گه‌ڕ بۆخزمه‌تی ئه‌ومادده‌یه‌. پێویسته‌  واز له‌لێژنه‌و لیژنه‌كاری بێنین. چیتر كات به‌فیرۆنه‌ده‌ین. به‌دوای كاری مه‌یدانی بكه‌وین. واز له‌ئیشی مه‌كته‌بی بهێنین

2- له‌گه‌ڵ حكومه‌تی مالیكی به‌جدی قسه‌بكه‌ین. ئاخۆحكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی  ئیراده‌ی سیاسی هه‌یه‌، ئه‌و مادده‌یه‌ جێبه‌جێبكات! یان ئه‌ویش وه‌كو جه‌عفه‌ری فه‌رداو په‌سفه‌ردامان پێده‌كات ؟

3- له‌گه‌ڵ توركیا و ئیران به‌ڕه‌سمی و نا ڕه‌سمی له‌سه‌ر كێشه‌ی كه‌ركووك  ڕاشكاوانه‌ قسه‌بكه‌ین. وه‌فدیكی  ڕه‌سمی و هاوبه‌شی یه‌كێتی وپارتی بێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌  سه‌ردانی توركیا و ئیران بكات. هه‌وڵی ئه‌وه‌بده‌ین توركیاو ئیران تێبگه‌یه‌نین كه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركووك بۆسه‌ركوردستان مانای دروستبونی ده‌وڵه‌تی كوردستان ناگه‌یه‌نی. وه‌ ناشبێته‌ جێگای مه‌ترسی  له‌سه‌ر ئاسایش و پچڕپچڕكردنی وڵاته‌كانی  ئه‌وان.

4- چاوێك ده‌رباره‌ی توركمانه‌كانی كه‌ركووك به‌سیاسه‌تی خۆمان بخشێنینه‌وه‌. هاوپه‌یمانیه‌تی نێوانی توركمان وكورد له‌كه‌ركووك ده‌بێ  زۆر زۆر له‌ئێستا به‌هێزتر بكه‌ین. مه‌به‌ستم هه‌موو گروپه‌كانی توركمانه‌ بێ جیاوزای. ئه‌گه‌ركورد هه‌وڵنه‌دات له‌ كه‌ركووك توركمان به‌كرده‌وه‌  بۆناو پرۆسه‌كه‌ ڕابكێشی وململانێی به‌شێكی توركمان بكه‌ین  ئه‌گه‌ر به‌ژماره‌كه‌میشبن،  دڵنیابن زه‌ره‌ری گه‌وره‌ترو  زۆرتری لێده‌كه‌ین.

5- یه‌كێتی و پارتی هه‌ندێ ئیمكانیاتی دارایی ته‌رخان  بكه‌ین بۆناردنه‌وه‌ی  ئه‌و عه‌ره‌به‌ هاوردانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێ بگه‌ڕێنه‌وه‌بۆ شوێنه‌كانی خۆیان و چیتر  چاوه‌ڕێی پاره‌ی حكومه‌تی مالیكی نه‌كه‌ین.

6- ڕاگه‌یاندنه‌كانمان پێویسته‌ لێره‌ به‌دواوه‌ به‌ته‌واوی موخاته‌به‌ی شه‌قامی توركی و فارسی و عه‌ره‌بی ده‌رباره‌ی به‌عه‌ره‌بكردنی شاری كه‌ركوك،ئه‌نفال،كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌وكوردستان بكه‌ن. هه‌فتانه‌ سێ به‌رنامه‌   له‌هه‌موو سه‌ته‌لایته‌كوردیه‌كان به‌ناوی ته‌عریبكردنی كه‌ركوك،ئه‌نفال، كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌و كوردستان به‌هه‌رسێ زمانی توركی، فارسی و عه‌ره‌بی ئه‌نجامبده‌ن. . كورد هه‌موی ده‌زانێ ئه‌نفال و ته‌عریب و كیمیاباران چییه‌. ئێمه‌ هه‌ر بۆخۆمان قسه‌نه‌كه‌ین. به‌ڵكو نوسه‌رو رژنامه‌نوس و سیاسه‌تمه‌دارو ڕۆشنبیره‌كانی( تورك و فارس و عه‌ره‌ب ) بۆ ئه‌و به‌رنامان داوه‌ت بكه‌ین و له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ حیواریان له‌گه‌لدا دروست بكه‌ین و  بۆ میلله‌ته‌كانی ئه‌وان  قسه‌بكه‌ین كه‌نازانن حكومه‌ته‌كان و ڕژێمه‌كانیان چیان به‌رانبه‌ر كوردكردووه‌ وه‌ ده‌یانه‌وێ له‌داهاتوشدا چی بكه‌ن.

ئه‌گه‌ر ده‌ستوبرد نه‌كه‌ین، ڕه‌نگه‌ ئه‌وكاته‌ی ماوه‌ زۆر كه‌م بێت بۆڕاپه‌راندی  ئه‌و هه‌موو ئیشوكارانه‌ی كه‌ له‌ داهاتو ده‌بێ ئه‌نجام بدرێن، به‌تایبه‌تیش كێشه‌ی كه‌ركوك به‌هه‌ڵپه‌سێردراوی ده‌مینێته‌وه‌ . هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ حكومه‌تی مالیكی ده‌كرێ  له‌وانه‌یه‌ پاش ماوه‌یه‌كی تر بۆی نه‌كرێ ، یا ڕۆژێك دابێ سونه‌كان له‌حكومه‌ت بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌ وكۆمه‌لێك مه‌رج و بیانو وشتی تازه‌ دێنه‌ پێشه‌وه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌وكاته‌  به‌ته‌واوی ببنه‌ هۆی په‌ككه‌وتنی مادده‌ی سه‌دوچل و سڕكردنی بۆكاتێكی نادیار  كه‌ئێمه‌ی كورد پێی ڕازی نابین و ئاسوده‌شمان ناكات.

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca