هه‌نگاوێكى به‌ په‌له‌ بۆ شاره‌كه‌ى بابه‌ گورِگورِ

به‌هرۆز گه‌لآڵى

 

مامجه‌لال و كاك مه‌سعود ،  خۆتان رِاسته‌وخۆ فریای مادده‌ی سه‌دو چل به‌كه‌ون ، به‌تایبه‌تی ئه‌وبه‌شه‌ی  په‌یوه‌ندی به‌كه‌ركووكه‌وه‌ هه‌یه‌، زۆری نه‌ماوه‌ كارله‌كاربترازێ .چونكه‌ ئه‌وسێنزه‌ مانگ و چه‌ند رِۆژه‌ی ماوه‌ به‌شی هه‌موو ئه‌و ئیش و كارانه‌ ناكات كه‌بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و مادده‌یه‌ ماوه‌ . زۆر دڵنیام كه‌ بێ ئاگانین له‌وه‌ی كه‌ نه‌یارانی مادده‌ی  سه‌دوچل ، له‌ده‌ره‌وه‌ به‌یارمه‌تی هه‌ندێ هێزی  ناوه‌وه‌ به‌رنامه‌یه‌كی تێرو ته‌سه‌لیان بۆ رِێگرتن له‌جێبه‌جێكردنی ئه‌و مادده‌یه‌ ئاماده‌كردووه‌.ئه‌لبه‌ته‌  هه‌نگاوی  یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌مادده‌كه‌ له‌و كاته‌ی بۆی ته‌رخانكراوه‌ جێبه‌جێنه‌كرێ  و دوابخرێ  .  به‌دیلی ئه‌ومادده‌یه‌شیان داناوه‌ كه‌ پێچه‌وانه‌ی خواستی  كورده‌ و  ئه‌وه‌یه‌كه‌ كه‌ركووك بكرێته‌ شارێكی فیدرالی سه‌ربه‌خۆ و ببه‌ستریته‌وه‌ به‌به‌غدای عه‌ره‌بی و نه‌خرێته‌وه‌ سه‌ركوردستان.هه‌مووشمان ده‌زانین هه‌ندێ له‌ برِگه‌كانی ئه‌ومادده‌یه‌ پێویستیان به‌ئاسایكردنه‌وه‌ نییه‌.له‌وانه‌ قه‌زای مه‌خمور . كاتی خۆی رِژێم به‌برِیارێكی سیاسی   مه‌خموری خستۆته‌ سه‌رموسل.ئه‌مرِۆ   سه‌رۆك  وه‌زیرانی عێراق مالیكی  ده‌توانێ به‌برِیارێكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران مه‌خمور بخاته‌وه‌ سه‌ر هه‌ولێر،به‌مه‌رجێك  برا شیعه‌كانمان له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ جدیبن !له‌كاتێكدا  گه‌رِانه‌وه‌ی  ئه‌م قه‌زایه‌ له‌رِوی كارگێرِییه‌وه‌ بۆ سه‌ر هه‌ولێر  نه‌پاره‌ی بۆ ئاسایكردنه‌وه‌ پێویسته‌ وه‌نه‌ خانوو دروستكردن  . كه‌واته‌ سه‌رۆكی وه‌زیرانمان  چاوه‌رِێی چی ده‌كات ؟بۆ ئه‌م برِیاره‌ ده‌رناكات ؟خۆ ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌كی ئه‌وه‌نده‌ ئاڵۆز نییه‌ ! به‌رِاشكاوی ده‌ڵێم  ئه‌گه‌ر یه‌كێتی و پارتی  دۆسیه‌ی كه‌ركووك نه‌ده‌نه‌ ده‌ست سه‌ركردایه‌تییه‌كی هاوبه‌شی به‌توانای یه‌كێتی و پارتی ، له‌سه‌روی هه‌مووشیانه‌وه‌ مامجه‌لال و كاك مه‌سعود خۆیان رِاسته‌وخۆ ته‌داخول نه‌كه‌ن!چاره‌نووسی كه‌ركوك   به‌ره‌و ئاقارو زه‌مانێكی   نادیار ده‌رِوات و مه‌ترسی ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ كێشه‌ی كه‌ركووك  وه‌ك  مه‌سه‌له‌ی قودسی لێ بێ   ! له‌ده‌ره‌وه‌ نه‌یارانی ماده‌ی  سه‌دوچل    چالاكانه‌ له‌ژێرناوی جۆراو جۆر كۆرِوسمینار ده‌به‌ستن ، له‌15-11ی ئه‌م مانگه‌ له‌ئیستانبول  هه‌مووگروپه‌ سونه‌كانی عێراق بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ داوه‌تكراون و كۆبوونه‌وه‌یان هه‌یه‌. هه‌ر له‌30-11ی ئه‌م مانگه‌ش  له‌ ئه‌نكه‌ره‌ ئینسیتوتی ستراتیژی گلۆبال له‌هۆتێل هیلتۆن كۆنفراسێك به‌ناوی (كه‌ركووك ) ده‌به‌ستێت كه‌تیایدا هه‌موو كه‌س و لایه‌ن و نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌عێراق   داوه‌تكراوه‌ ته‌نها  كورد نه‌بێ.چونكه‌ له‌بنچینه‌دا كۆنفراسه‌كه‌ دژی داخوازییه‌كانی كورده‌ وتیایدا داواده‌كه‌ن رِاپرسییه‌كه‌ی كه‌ركووك   بۆماوه‌ی ده‌ساڵی تر دوابخرێ ! ئه‌مانه‌ هه‌مووی ته‌داخولاته‌ له‌ئیشوكاری ناوخۆی عێراق! به‌داخه‌وه‌ حكومه‌تی به‌غداش تاكو ئێستا  به‌رِه‌سمی له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌موو ته‌داخولاته‌ رِاسته‌وخۆیانه‌ هه‌ڵوێستێكی سیاسی رِوون و ئاشكرای ده‌رنه‌برِیوه‌.ته‌نانه‌ت هه‌ندێ لایه‌نیش له‌ ناوحكومه‌تی عێراق  هه‌یه‌ ، له‌ژێره‌وه‌  پشی پشی له‌م  جۆره‌ ته‌داخولاتانه‌ ده‌كه‌ن و  له‌سه‌ره‌وه‌ش ئێمه‌یان به‌ لێژنه‌و لێژنه‌كاری خه‌ریك كردووه‌. ئه‌م لێژنانه‌ هیچیان بۆناكرێ .هه‌مووی بۆ كات به‌سه‌ربردنه‌! ئه‌گه‌ر حكومه‌تی به‌غدا  جدییه‌ ، ده‌بێ كاری جدی بكات.نه‌وه‌كو هه‌ررِۆژه‌و هه‌فته‌یه‌ك لێژنه‌یه‌ك دابنێ و لێژنه‌یه‌ك  بگۆرِێ ،كه‌سێ  لاببا و یه‌كێكی تر دابنێ  . ئه‌ م فه‌رداو په‌سفه‌ردا پێكردنه‌ به‌ره‌و دواخستنی مادده‌كه‌مان ده‌بات .ئایا كورد ده‌یه‌وێ  سه‌دوچل دوابكه‌وێ ؟ بێگومان نه‌خێر.كه‌واته‌ ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین نه‌یارانی  سه‌دوچل واخه‌ریكن  فه‌شه‌ل به‌وه‌ دێنن كه‌ ئێمه‌ی كورد بۆ كه‌ركوك ده‌مانه‌وێ. بۆیه‌ حزبه‌ سیاسییه‌كانمان , رِۆژنامه‌كانمان،نوسه‌ره‌كانمان  و كه‌ناڵی ته‌لفزیۆنه‌كانمان له‌به‌رانبه‌ر  ئه‌و هه‌موو ته‌داخولاته‌ ده‌ره‌كیانه‌ هه‌قه‌ چیتر بێده‌نگ نه‌بین  و هه‌موو به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌نگی نارِه‌زایی خۆمان به‌رزبكه‌ینه‌وه‌و بلێین له‌مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك وازبێنن ! كه‌ركووك  شارێكی عێراقییه‌وله‌ناو جه‌رگه‌ی كوردستانه‌ .ئه‌گه‌رنا  رِێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی كوردستان و عێراقیش مافی خۆیانه‌ باسی زۆر شاری تر بكه‌ن كه‌ كاتی خۆی بێ رِه‌زامه‌ندی و خواستی كورد  به‌زۆر به‌هه‌ندێ ولاتی تره‌وه‌ لكێنراوون ! به‌رِاستی  وریا نه‌بین و په‌له‌نه‌كه‌ین ،كێشه‌ی  كه‌ركووك به‌ره‌و بنبه‌ست ده‌رِوات . زۆر پێویسته‌  جه‌نابی  مامجه‌لال و كاك مه‌سعود رِاسته‌وخۆ خۆیان ته‌داخول بكه‌ن   .ئه‌گه‌رنا  هه‌موو شتێ  دوایی دره‌نگ ده‌بێ  .

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca