تورکیا کارتی زه‌ردی وه‌رگرت،خواگه‌وره‌یه‌ بۆ سووره‌که‌ش

گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی
 

 

له‌یاری تۆپی پێدا دووجۆر کارتی سزادان هه‌یه‌ ،زه‌رد و سوور.گه‌ر یاریزانێک له‌کاتی یاریدا هه‌ڵه‌یه‌ک یا سه‌رپێجیه‌ک بکات،ئه‌وا  حه‌که‌مه‌که‌ بۆ سزادان کارتێکی به‌ڕوودا به‌رز ده‌کاته‌وه‌.جا جۆری کارته‌که‌ زه‌رد یا سوور په‌یوه‌ندی به‌ چۆنیه‌تی وپله‌ی سه‌رپێچیه‌که‌وه‌ هه‌یه‌ ،که‌ ئه‌وه‌ش حه‌که‌مه‌که‌ مه‌زه‌نه‌ی ده‌کات و بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات. 

ئه‌وه‌ی باوه‌ زۆرتر کارتی زه‌رد ده‌درێت و که‌متر سوور، سوور له‌ کاتێکدا ده‌درێت که‌ مخاله‌فه‌که‌ زۆر گه‌وره‌ بیت و به‌زه‌قی دیاربێت.کارتی سووریش یانی کردنه‌ده‌ره‌وه‌ی  یاریزانه‌که‌و بێبه‌شکردنی له‌یاریه‌که‌و چه‌ندین یاری دیکه‌.

هه‌ندێک جار دووباره‌بوونه‌وه‌ی کارتی زه‌رد به‌ رووی یاریزانێکدا ده‌بێته‌ سوور و یاریزان به‌هۆیه‌وه‌  ده‌کرێته‌ ده‌ره‌وه‌.

چه‌ندین ساڵه‌ تورکیا له‌ گۆڕه‌پانی یه‌کیه‌تی ئه‌وروپادا له‌ گه‌مه‌دایه‌ بۆ گه‌شتن به‌ پله‌ی ئه‌ندمیه‌تی،لێ تائێستا پێی نه‌گه‌شتووه‌ و له‌وه‌ش ناچێت به‌م زوانه‌ پێی بگات.هه‌ندێک یاریزان له‌دوای تورکیا ده‌ستیان به‌گه‌مه‌ کرد ،به‌لام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌جوانی گه‌مه‌یانکردوو هه‌موو مه‌رجه‌کانی گه‌مه‌کانیان به‌ باشی به‌جێگه‌یاند له‌ماوه‌یه‌کی کوورتدا ده‌وره‌که‌یان بڕیو بوونه‌ ئه‌ندامی ته‌واو له‌ یه‌کیه‌تیه‌که‌دا. لێ تورکیا نه‌ک هه‌ر یاریزانێکی لێهاتوو نیه‌ به‌ڵکو هێنده‌ خراپ گه‌مه‌ده‌کات له‌وه‌ ناچێت هه‌رگیز بگاته‌ پله‌ی مه‌به‌ست .

مانگی 10 مانگێکی نه‌هامه‌ت بوو بۆ تورکیا، له‌ ئه‌و مانگه‌دا په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ  جینۆسایدی ئه‌رمه‌نیه‌کانی به‌فه‌رمی ناساند،ڕۆماننووسی تورکی بوێرو ئینسان دۆست{ئۆرهان پامۆک} به‌هۆی ڕۆمانێکیه‌وه‌ که‌ باس له‌ جینۆسایدی ئه‌رمه‌نه‌کان ده‌کات خه‌ڵاتی نۆبڵی بۆ ئاداب وه‌رگرت،دواجار له‌ کۆتایی هه‌مان مانگداله‌لایه‌ن کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی سه‌ر به‌ یه‌کیه‌تی ئه‌ورۆپا  کارتێکی زه‌ردی وه‌رگرت و هێنده‌ی دیکه‌ وه‌رگرتنی تورکیای له‌یه‌کیه‌تیه‌که‌دا دواخست.

هۆکاری وه‌گرتنی کارته‌ زه‌رده‌که‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ کۆمه‌ڵێک سه‌رپێچی و به‌جێ نه‌گه‌یاندنی مه‌رجه‌کانی گه‌مه‌که‌،له‌وانه‌ ڕێگه‌نه‌دان به‌ فڕۆکه‌کانی کۆماری قوبرووس به‌شه‌ یونانیه‌که‌ی بۆفڕین به‌سه‌ر ئاسمانی تورکیادا،پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ئه‌شکه‌نجه‌دانی زیندانیان به‌شێوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک ،نه‌بوونی ڕاده‌ربڕین ئازاد له‌بواری ڕۆژنامه‌گه‌ریدا،نمونه‌ش  سزادانی جۆرنالیستێک که‌ له‌ باره‌ی جینۆسایدی ئه‌رمه‌نیه‌کانه‌وه‌ بابه‌تێکی نووسیبوو،چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ به‌تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ی کورد.

ئه‌مانه‌ کۆمه‌ڵێک ڕه‌خنه‌ی جددین که‌ کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی سه‌ر به‌ یه‌کیه‌تی ئه‌ورۆپا له‌ راپۆرتێکدا له‌ باره‌ی ئه‌ندامیه‌تی تورکیاوه‌ له‌ کۆتایی مانگی ده‌دا پێشکه‌شی کۆمسیۆنی باڵای  خودی یه‌کیه‌تیه‌که‌ی کرد

به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کیه‌تیه‌که‌ ئۆللی ره‌هن له‌ لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامه‌نووسان گووتی ،گه‌ر تورکیا چانسی هه‌بیت و پرنسیپه‌کانی یه‌کیه‌تیه‌که‌ به‌باشی ره‌چاو بکات ئه‌وا زووترین کات بۆ ئه‌ندمیه‌تی ساڵی 2015 ده‌بێت.

به‌م پێیه‌بێت وه‌رگرتنی کورسیه‌ک بۆ تورکیا هێنده‌ سانا نیه‌ به‌تایبه‌تی که‌ نغرۆی کۆمه‌ڵێک قه‌یران بووه‌، وه‌ک سه‌رپێچی یاسا و  پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و له‌که‌دارکردنی بنه‌ماکانی دیموکراسی وچه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وکانی دیکه‌و قه‌یرانی ئابووری و کێشه‌ی په‌یوه‌ندی دیبلۆماسی له‌ته‌ک هه‌ندێک وڵاتانی ئه‌وروپیدا به‌تایبه‌ت فه‌ره‌نسا  و کۆمه‌ڵێک مخاله‌فاتی دیکه‌.

ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیا خۆشیان به‌م حه‌قیقه‌ته‌ تاڵه‌ ده‌زانن، وه‌لی نایانه‌وێت نیشانی بده‌ن، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌  شته‌کان ده‌دوون و له‌ هه‌ندێک حاڵه‌تدا وای نیشان ده‌ده‌ن که‌ ته‌نها چه‌ند فرسه‌قێکیان ماوه‌ بگه‌ن به‌ ده‌روازه‌که‌ی یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا.

جاگه‌ر دۆخه‌که‌ به‌مجۆره‌ به‌رده‌وام بێت و هه‌ر ماوه‌ماوه‌ وه‌ک کارتێکی زه‌رد ڕاپۆرتێکی نه‌گه‌تیڤیان به‌ڕوودا به‌رزکه‌نه‌وه‌، ئه‌وده‌مه‌ وه‌رگرتنی ئه‌ندامیه‌تی گه‌رنه‌ڵێم مه‌حاڵه‌ ده‌توانم بێژم ئه‌سته‌مه‌.

به‌هه‌رحاڵ باچاوه‌ڕێ بین تاوه‌ده‌مه‌ خواگه‌وره‌یه‌ بۆ کارتێکی سوور.

 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca