ڕه‌نگه تایبه‌تمه‌ندیی ڕووناکبیریمان له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مدا
(شیعر) بووبێ، بهوبهڵگهیهی شیعر پانتاییه‌کی به‌رفراوانیی
له ژیانی ڕووناکبیریدا داگیر کردووه. ئه‌م دیارده‌یه‌ش بێ
مه‌ڵامه‌ت نییه. وه‌ک هۆکاری ئه‌م دیارده‌یه زۆرم نووسیوه.
لیره‌دا ده‌مه‌وێ چه‌ند هۆکارێکی دیکه بدرکێنم، ده‌توانین
بڵێین؛ له‌ڕووی سۆز‌و هه‌ڵچوونه‌وه، تاکی کورد هه‌ستیاره
(حساس)؛ زوو هه‌ڵده‌چی و هه‌سته‌کانی، له خۆشه‌ویستی و قین و
تووڕه‌بوون وشه‌رم و به‌سه‌رخۆدا شکانه‌وه و کهمسهریی...
به ئاسانی ده‌ورووژێن و له‌زۆر ده‌رفه‌تدا به‌شیعر گوزارشت
له‌و هه‌ڵچون و ورووژاندنانه ده‌کا.
ده‌کرێ بڵێین بۆ ساڕێژو به‌تاڵکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌سته په‌نگ
خوادووانهی ناخ، شیعر بۆ تاکی کوردی هه‌میشه ژێر فشار وه‌ک
دووکه‌ڵکێشه، له‌وێوه خه‌مه‌کانی به‌باده‌دا و مینا
حه‌وانه‌وه‌یه‌کی ده‌روونیی وه‌هایه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و
هه‌موو کرده و کۆششه‌دا، شیعری کورد نه‌یتوانیوه سنوور
ببه‌زێنێ و ببێته جیهانی. ڕاسته ئێمه شاعیری ( لۆکال) ی
بهنامێمان هه‌ن وه‌ک، مه‌لای جزیری، خانی، نالی، گۆران.
به‌ڵام هیچ کام له‌مانه له‌ودیوی کوردستانه‌وه ناسراو نین.
سه‌باره‌ت شیعری نوێی کورد ئه‌وه هه‌ر هیچ. ئه‌و ده‌نگۆیه‌ی
که‌ده‌ڵێن گوایه فڵان شاعیری نوێ، له‌فڵانه وڵات ناسراوه،
له ڕیکلامی بێ باغه به‌ولاوه هیچی دیکه نییه! بۆچی
ئه‌وروپاییه‌کان شیعری خۆیان ده‌خوێننه‌وه هه‌تا کاتی
زێڕینیان له‌گه‌ڵ شیعری کوردی‌دا به‌سه‌ربه‌رن؟ ئه‌گه‌ر وردتر
بدوێین ئه‌وا ده‌بی بڵێین: ئه‌وروپاییه‌کان ته‌نانه‌ت یه‌ک
شاعیری کوردیش ناناسن!
به‌سه‌رێکی تر، وادیاره جه‌نگ و جه‌نگی ناوخۆ‌و شه‌ڕوشۆڕ و
پارتیزانی بۆ زۆربوونی شیعر هۆکار و پاڵنه‌ری کاریگه‌ر بن. له
تافی جه‌نگدا هه‌ست و سۆزه‌کان زیتر ده‌جووڵێن، ده‌خرۆشێن و
سه‌ر ده‌ردێنن تا له‌سه‌رده‌می ئاشتیدا. ئێمه‌ی کوردیش
هه‌رده‌م شه‌ڕ به‌رده‌گه‌ی پێگرتووین و هه‌میشه هه‌ستی
مه‌زڵوومییه‌ت ئابلوقه‌ی داوین. له‌سه‌رده‌می جه‌نگدا گیانی
تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه چه‌که‌ره ده‌کا. ڕقه‌کان ئه‌ستوورتر ده‌بن.
ده‌سته‌و تاقمه ئیتنییه جیاوازه‌کان له‌جاران زیاتر به‌ته‌نگ
یه‌که‌وه ده‌بن و به‌هانای یه‌که‌وه ده‌چن. ئه‌و هه‌سته
خه‌فه و متبووانهی پێشتر له‌نه‌ستدا خۆیان حه‌شار دابوو،
بواریان بۆ ده‌ڕه‌خسێ بورووژێن و سه‌رده‌ربێنن. ڕه‌نگه
باشترین ڕێگه‌ش بۆ به‌تاڵکردنه‌وه‌یان شیعربێ، چونکه سۆز
به‌هه‌موو جۆره‌کانێوه به‌شێکی گرنگی پێکدینێ.
له سه‌روبه‌ندی شۆڕشی چوارده‌ی ته‌موزدا، بێ پێشینه، هه‌ر
بابا بوو ههڵیدهکرده سه‌ر مێزێک و به هه‌ڵبه‌ستێکی (نظم)
حه‌ماسی، هه‌م هه‌سته به‌قین بارگاوییه‌کانی خۆی، که
ماوه‌یه‌کی دوور‌و درێژ گینگڵی پێوه‌داوه به‌تاڵ ده‌کرده‌وه و
هه‌م ئه‌و خه‌ڵکه داخ له‌دڵه، له سیستمی پاشایه‌تی پڕهشی
ده‌ورووژاند. کوردیش له مێژووی نوێی خۆیدا سه‌ده‌یه‌کی خشته
له‌ناو جه‌نگه‌ی شۆڕش و جه‌نگ و هه‌ڵچووندایه. ئه‌گه‌ر
سه‌رنجی ڕۆژنامه‌کانی سه‌رده‌می شۆڕشه‌کانی شێخ مه‌حموود بده‌ی
ئه‌م ڕاستییه‌ت بۆڕوون ده‌بێته‌وه. به‌م دواییه به‌هۆی ئه‌م
دوو جه‌نگه‌ی که‌نداوه‌وه له‌وڵاتی عێراق، هه‌زاران شیعر
به‌دیالێکتی جڵفهو به‌زمانی ستاندارد بڵاوبوونه‌وه‌و ناوی
شیعری قادسییهیان لێ‌نرا.
وادیاره له‌جه‌نگدا له‌پاڵ زۆربوونی که‌لاوه و ئاواره‌و
کوژراو‌و بێ سه‌رپه‌رشتاندا، هاوکات شیعریش په‌ره‌ده‌سێنێ.
(ئیبنو سه‌للام ـ إبن سلام)یش ده‌ڵێ:((شیعر به‌جه‌نگ زۆر
ده‌بێ. ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی بهشهڕنایهن، شیعریان که‌مه.))
ئه‌م ڕایه‌ی ئیبنو سه‌للام ڕاستیی تێدایه. جه‌نگی ته‌رواده،
داستانی (ئۆدێسه و ئه‌لیاده)ی لێکه‌وته‌وه، که تاکو ئێستاش
زیندوون و سرووش به نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی دنیا
ده‌به‌خشن و بۆکاری نوێ ئاماده ده‌کرێن. کاره‌ساته‌کانی
جه‌نگ (ماڵئاوا ئه‌ی چه‌ک) ی هه‌مه‌نگوای و (جه‌نگ و ئاشتی)
تۆلستۆیان لێکه‌وته‌وه.
که‌چی ئه‌وهه‌موو جه‌نگه، به‌ڕه‌واو ناڕه‌وایانه‌وه، که
به‌درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م تووشی کورد هاتن، به‌زۆری
شیعرۆکهیان لێ له‌دایک بوو؛ شاکارێکیان به شاعیران
نه‌نووسی.. به‌ڵکو جۆره شاعیرێکی هێنایه ئاراوه، له مێژووی
ئه‌ده‌بی کوردی‌دا بێ وێنه‌یه. ئه‌ویش شاعیری جه‌نگی ناوخۆیه.
شاعیر په‌یدا بوو، بێ ئه‌وه‌ی شه‌رم له مێژووی میلله‌ته‌که‌ی
بکات هات شیعری بۆ پاڵه‌وانانی جه‌نگی ناوخۆ نووسی! وه‌ک چۆن
به‌هۆی جه‌نگه‌وه پاره‌ی قه‌ڵب ئه‌وه‌نده زۆربوو، جێی به
دراوه ڕه‌سه‌نه‌که لهقکردو شاردییه‌وه. شیعری ڕه‌سنی
کوردیش وه‌های به‌سه‌رهات.
پێم وایه هیچ میلله‌تێک هینده‌ی کورد سه‌ری نه‌کردۆته شیعر
وتن و هۆگری نه‌بووه. که‌م دایک هه‌یه سه‌رپێیی شیعری بۆ
کۆرپه‌که‌ی نه‌وتبێ. شیعری سۆزئامێز، کاتێ له‌بێشکه‌دا
کۆرپه‌که‌ی ڕاژهندووهو به‌ده‌م گۆرانییه‌وه وتوونی. یان
کاتێ ده‌ست و پێی جگه‌رگۆشه‌که‌ی گه‌رم بووه‌و تووشی چورتمێک
هاتووه. خۆ ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌که‌ی له نه‌به‌ردێکدا گیانی
له‌ده‌ست دابێ، ئه‌وا ڕه‌نگه چه‌ندین شیعری به‌سه‌ردا
هه‌ڵدابێ و کڵوکۆی ده‌روونی به‌شیعر دامرکاندبێتهوه. که‌م
هه‌رزه‌کار هه‌یه ڕۆژێ له ڕۆژان شیعری بۆ دڵداره‌که‌ی
نه‌وتبێ. به‌تایبه‌تی دڵداره‌کانی وڵاتی ئێمه مه‌گه‌ر
به‌ده‌گمه‌ن ده‌نا هه‌رده‌م نامرادبوون. ژن هه‌ن کاروپیشه‌یان
ئه‌مه‌سه، له‌پرسه‌دا، شیعر به‌سه‌ر مردوو یان شه‌هیددا
هه‌ڵده‌ده‌ن و ده‌یلاوێننه‌وه.
ژنی دیکه‌ش هه‌ن هه‌ر پرسه‌یه‌ک سووسهبکهن سه‌ری ده‌ده‌ن،
هه‌ر بۆئه‌وه‌ی له‌وێ بۆمردوو، یان بۆ شه‌هیدی خۆیان، با
ساڵانێکیشی به‌سه‌ردا ڕابوردبێ بلاوێننه‌وه.. ئه‌و ده‌رفه‌ته
ده‌قۆزنه‌وه بۆئه‌وه‌ی ساتێ به ئازادیی ده‌نگی لێ هه‌ڵبڕن و
به‌شیعری سۆزئامێزهوه، به‌ده‌م گریان و بانگ هه‌ڵدانه‌وه
به‌سه‌ر مێرخاسیی مردووه‌کانیاندا هه‌ڵبده‌ن. سهردولکهبێژیش
ئه‌مه کار‌و کرده‌وه‌ی بووه.
بۆخۆم که‌م (شێت) م دیوه شیعر نه‌ڵێ. دیوانه شیعری
دهستنووسیشم به شێت دیوه!! پێده‌چێ ڕه‌گێکی شێتی له‌هه‌ندێ
شاعیریشدا هه‌بێ. بیرمه له شارۆچکه‌ی قه‌ره‌داخ قوتابیی
سه‌ره‌تایی بووم، شێتێکیان به‌کۆڵه‌که‌ی چایخانهیهکهوه
به‌ستبۆوه، له‌گوندێکی نزیکه‌وه هێنابوویان و بۆلای شێخێکیان
ده‌برد تاکو چاکیبکاته‌وه!! چاوه‌ڕوانی هاتنی پاسه‌که‌یان
ده‌کرد.. شێته‌که کوڕێکی هه‌رزه‌کاری جوانخاس بوو. خه‌ڵک و
خوا ده‌یانگوت عه‌شق شێتی کردووه. ئه‌و شیعره‌ی ده‌یوت
نهیدهوتهوه. تاکه دێڕێکیم له‌یاد ماوه:
شهتهی شه‌تاوان، بۆی عه‌تری شه‌وبۆ
شه‌ماڵ هاوردی، بۆی هه‌ناسه‌ی تۆ
ئێستاش شێته‌کانی سلێمانی گه‌لێکیان شیعر ده‌ڵێن. بڕوام وایه
له سه‌روبه‌ندی مه‌دره‌سه و حوجره‌ی فه‌قێیاندا فه‌قێ
نه‌بووبێ شیعری نه‌وتبێ. ئه‌ی که‌واته کێ مایه‌وه شیعر
نه‌ڵێ؟ گیو موکریانی له فه‌رهه‌نگی مه‌هاباد دا، ل/768 ده‌ڵێ:
((هه‌ڵبه‌ست و هۆنراوه‌کانی کورد له پێش ئیسلامدا، زۆرترین
ئاوێستا و دینکورد به هه‌ڵبه‌ست بووه‌و به ده‌نگی خۆش و بڵند
خوێنراونه‌ته‌وه.)) هه‌ر ڕێزدار گیو موکریانی، لهپێشدهستیی
فه‌رهه‌نگی مه‌هاباد دا، ل/3 ئیماژه به‌و به‌رهه‌مانه
ده‌دات، که خۆی له ماوه‌ی (50) ساڵدا ڕۆیناون. له‌خاڵی
پێنجه‌مدا نووسیوێتی: ((... به‌سه‌رهات و هه‌ڵبه‌ستی (3000)
بوێژانی کۆن و تازه به وێنه‌ی (300) کهسێکیانهوهی تێدا
تۆمار کراوه. داخه‌که‌م ئه‌م دوانزه به‌رگانه‌ش هێشتا هیچیان
چاپ نه‌کراون.))
من
ڕێزدار گیو موکریانی له‌وه دڵنیاده‌که‌م، ئه‌و شاعیرانه‌ی
ئه‌و به‌سه‌رهات و به‌رهه‌مه‌کانیانی تۆمارکردووه
به‌هه‌موویان سه‌دیه‌کی (مه‌لا مه‌حموودی بایه‌زیدی) خزمه‌تیان
به‌کلتووری کورد نه‌کردووه، کاتێ هاتووه لای خۆیه‌وه چل
دانه چیرۆکی فۆلکلۆریی به‌شێوه‌یه‌کی تاڕاده‌یه‌ک هونه‌ریی
تمارکردووه و لهفهوتاندن ڕزگاری کردوون. هیوادارم
نه‌وه‌کانی هێژا گیو موکرایانیش ئاوڕ له‌و ده‌ستنووسانه
نه‌ده‌نه‌وه.
ئێوه
سه‌رنجی ئه‌م ژماره قه‌به‌یه بده‌ن:(( سێ هه‌زار شاعیر؟))
بۆیه بڕواناکه‌م میلله‌ت هه‌بێ ئه‌وه‌ندی کورد سه‌رقاڵی شیعر
بووبێ! ئه‌مه له‌خۆیدا دیارده‌یه‌که شیاوی تێڕامان و
لێکۆڵینه‌وه‌یه. ئه‌م سێ هه‌زار زه‌لامه ئه‌گه‌ر بهاتایه‌و
مێژوویان نووسیبا یان هیچ نه‌بێ بیره‌وه‌ریی خۆیان تۆمار
کردبا، که لێی ئاسانتر نییه، ئێمه ئێستا خاوه‌نی مێژوویه‌کی
ئه‌ستوور بووین! ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌که‌و ته‌نیا دوو حیکایه‌تی
میللی‌یان تۆمار کردبا، ئێستا خاوه‌نی گه‌نجینه‌یه‌کی به‌نرخی
که‌له‌پوور بووین! ئه‌ی باشه ئه‌گه‌ر بهاتایه‌و هه‌ر یه‌که‌و
ته‌نیا (ده) دانه په‌ندیان ڕه‌نووس کردبا؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر
ئه‌م سێ هه‌زار به‌ڕێزه له‌بریی شیعر بیریان له فه‌لسه‌فه‌و
زانست بکردایه‌ته‌وه؟ بۆیه لێره‌دا ده‌ڵێم سوپاس بۆ خودا که
مامۆستا گیو نه‌یتوانیوه ئه‌و شیعره هه‌له‌ق مه‌له‌قانه
چاپبکات!
هێژا
عه‌بدولڕه‌قیب یوسف، زوو ده‌رکی به‌م په‌تای شیعره کردووه.
له‌کتێبی: بانگه‌وازێک بۆ ڕووناکبیرانی کورد، 1985، ل/6 دا،
نووسیوێتی: ((ده‌بێ ددان به‌وه‌دا بنێین، که بواری کلتووری
ئه‌م سه‌رده‌مه‌مان زۆر هاتۆته‌وه یه‌ک، له باریدا نییه
له‌شیعر و چیرۆک و وه‌رگێڕانی نووسینی ئه‌ده‌بی به‌ده‌ر، هیچی
دیکه به‌خۆ بگرێ. ئه‌وه‌یش نه له‌گه‌ڵ خواست و ئاره‌زووی
ئه‌م چه‌رخه‌دا هه‌ڵده‌کاو نه ده‌شتوانێ پێ به‌پێ و شان
به‌شانی بڕوات به‌ڕێوه.)) دواتر به‌تایبه‌ت له لاپه‌ڕه
(159) دا، به‌وردی زیانی ئه‌م په‌تای شیعر‌و چیرۆکه‌ی ڕوون
کردۆته‌وه...
ره‌نگه بڵێن: شاعیر شاعیره‌و مێژوونووسیش مێژوونووس، هه‌ر
که‌سه‌و له‌بواری خۆیدا وه‌ستایه. یان وه‌ک په‌نده‌که ده‌ڵێ،
نان بۆ نانه‌واو گۆشت بۆ قه‌ساب. پێم وایه بۆچوونی وه‌ها
له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا نایه‌ته‌وه. چونکه مه‌رجه
ڕووناکبیر ڕۆشنبیرییه‌کی فره‌لایه‌نی هه‌بێ و شاره‌زای چه‌ند
بوارێک بێ. زۆر بوار هه‌ن گه‌لێک له‌شیعر که‌ڵکیان زیاتره‌و
پێویستیشیان به‌شاره‌زایی ئه‌وتۆ نییه. له دنیای ئه‌مڕۆدا،
که‌م ڕووناکبیر هه‌ن خۆیان به‌ته‌نیا ڕشته‌یه‌کی ئه‌ده‌بی یان
زانستییه‌وه گرێدابێ. به‌ڵکو زۆربه‌یان په‌ل ده‌هاون و
له‌چه‌ند بوارێک‌دا کاران. له‌م دواییه‌دا کتێبێکی به‌نرخ
به‌ناوی: ((بزاڤه هونه‌رییه‌کانی دوای جه‌نگی جیهانیی
دووه‌م)) له نووسینی: ئێدوارد لوسی سمث، له لایه‌ن فه‌خری
خه‌لیل، له ئینگلیزییه‌وه کراوه به‌عاره‌بی. نووسه‌ره‌که‌ی
شاعیرێکی ئینگلیزه‌و خاوه‌نی چوار دیوانه. هه‌روه‌سا ڕۆمان
نووسێکی ناسراویشه. جگه‌له‌وه نووسه‌ری (ژیننامه ـ سیره)
یه‌و ڕه‌خنه‌گریشه. هه‌روه‌ها فه‌رهه‌نگێکی له‌مه‌ڕ
زاراوه‌کانی ڕه‌خنه‌ی هونه‌ریش ڕۆناوه. که‌چی له‌لای خۆمان
به‌سه‌دان و پتریش خه‌ریکی شیعرۆکه نووسینن و بێجگه له
شیعریله، ده‌ست و پێ سپی، هیچی دیکه نازانن.
ئه‌مڕۆ له‌دنیای پێشکه‌وتوودا شیعر باری که‌وتووه. چونکه
مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌ڵچوون و سۆزدا ده‌کا. به باڵی خه‌یاڵ و
هه‌ندێ جار واهیمه، له زه‌وینه‌ی واقیع ته‌واو
دوورده‌که‌وێته‌وه. وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی مرۆڤی سه‌رده‌م
ناداته‌وه. باوه‌ڕم نییه له پاریس دا، که ده‌کرێ پێیبڵێن
پایته‌ختی ڕۆشنبیریی جیهان، شاعیرێک هه‌بێ بتوانێ له‌کۆڕێکدا،
دووسه‌د گوێگر له خۆی کۆبکاته‌وه. که‌چی ڕۆمانه‌کان
به‌هه‌زاران دانه چاپ ده‌کرێن و خه‌ڵک به‌رده‌وام ڕۆمان
ده‌خوێننه‌وه. هه‌روه‌ها به‌ده‌وام ده‌چنه سه‌یری شانۆ‌و
دیتنی فیلم، چونکه ئه‌م هونه‌رانه زیاتر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ
هۆش و ئاوه‌زی مرۆڤدا ده‌که‌ن. هه‌ڵوێستی پاڵه‌وانه‌کان
مرۆڤانه‌ن. نموونه‌شیان له‌نێو کۆمه‌ڵدا هه‌ن و له‌سه‌ر
مه‌سه‌له هه‌ڵایساوه‌کان قسه‌و ڕایان هه‌یه. هه‌ندێ جاران
خه‌ڵک خۆیان له هه‌ڵوێست و ئاکار‌و به‌سه‌رهاتیاندا
ده‌بیننه‌وه. به‌زمانی ڕیاڵ و سه‌رده‌م، بابه‌تییانه له
کێشه‌کان ده‌دوێن. ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌ی شیعره‌وه، که
ته‌نیا سۆز ده‌بزوێنێ و به‌زمانێکی خه‌یاڵاوی ده‌دوێ.
شیعر ئه‌مڕۆ بۆته هونه‌ری چڤاکه خێڵه‌کییه له شارستانیه‌ت
به‌جێماوه‌کان. بۆیه زۆربوونی ژماره‌ی شاعیر له‌هه‌ر وڵاتێک
نیشانه‌ی دواکهوتنێتی. زۆرینه‌ی ئه‌م شاعیرانه‌ی لای خۆمان
سه‌رقاڵی خۆپێگه‌یاندن نین و ئاستی ڕووناکبیرییان زۆر نزمه.
جگه‌له شیعرۆکه و میعرۆکه هیچی دیکه پێنازانن و
ناخوێننه‌وه. له‌هه‌ر سه‌رده‌مێکدا، هه‌ر که‌سێک به‌رپرسی
لاپه‌ڕه‌ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری هه‌ر ڕۆژنامه‌یه‌ک بووبێ، ئه‌مان
لای خۆیانه‌وه به‌گه‌وره‌ترین ڕۆشنبیریان له‌قه‌ڵه‌م ده‌اوه.
له کاتێکدا مه‌رایی کردن کاری شاعیر نییه و شاعیری
ڕاسته‌قینه ئازاترین مرۆڤی چڤاکهکهیه!
ڕه‌نگه بێکاریی پاڵنه‌ر و هۆیه‌کی کاریگه‌ربێ بۆ خوودانه
شیعر. ئه‌گینا بۆ میلله‌تێکی چه‌ند ملیۆنی وه‌ک کوردستانی
باشوور ده پانزه شاعیرێ سه‌رو زیاده. که‌چی بۆ میلله‌تێکی
دواکه‌وتووی وه‌ک ئێمه هه‌زاران توێژه‌ره‌وه، له ده‌یان
بوواردا، هێشتا هه‌رکه‌مه.
ئه‌گه‌ر سه‌رنجێکی (پۆسته‌ی خووێنهران) ی هاوکاری و
گۆڤاره‌کانی به‌یان و کاروان و ڕه‌نگین بده‌ین، ژماره‌ی وامان
به‌رچاوده‌که‌وێ وه‌ڵامی ده‌یان لاوی داوه‌ته‌وه، که شیعریان
بۆ ناردوون. ئه‌م دیارده‌یه‌ش له‌خۆیدا به‌ڵگه‌یه بۆ به‌ئاسان
ڕوانینه شیعر؛ بۆیه به‌و ڕاده‌یه هانایان بۆبردووه..
پێده‌چێ له‌لای خۆمان، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه منداڵ له‌سه‌ر
شیعر وتن ڕابێت. ده‌نا بۆچی ده‌بێ دوو ژماره‌ی (هه‌نگ) ژماره
(13، 14) هه‌ریه‌که‌و هه‌شت شیعریان تێدابێ و هه‌ر جاره‌و (3)
لاپه‌ڕه بۆ شیعر ته‌رخان بێ، له‌کاتێکدا سه‌رجه‌می گۆڤاره‌که
(16) لاپه‌ڕه‌یه!! ئه‌مه چ غه‌درێکه له‌منداڵی کورد ده‌کرێ
خودایه؟ بۆ هه‌ر لهمداڵییهوه به‌ره‌وڕووی دنیایه‌ک وه‌همی
ده‌که‌نه‌وه؟ ئایا بێجگه له‌شیعر بابه‌تی دیکه نییه بۆ
منداڵ بشێ؟ یان مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌یه گه‌وره‌کان خۆیان
سه‌ریان کردۆته شیعر؟
ئێوه به‌وردیی سه‌رنجی ئه‌م دیارده‌یه بده‌ن. هه‌مانه
ته‌مه‌نێکه سه‌رقاڵی شیعر نووسینه و به‌حسابی خۆی چه‌ندین
دیوانی هه‌یه. که‌چی تاکو نهۆ تاکه ڕووناکبیرێک، ڕه‌خنه‌گرێک،
دانی خێری به به‌رهه‌مێکیدا نه‌ناوه. ته‌نانه‌ت ڕۆژێ له
ڕۆژان خوێنده‌وارێک نه‌هاتووه به‌دوو دێڕان پێی بڵێ؛ تۆ
شاعیری. که‌چی کۆڵنه‌ده‌رانه هه‌ر به‌رده‌وامه‌و دوای وههم
که‌وتووه. یان تاکو ئێستا نه‌یتوانیوه شیعر بۆ هونه‌رێکی
دیکه بخاته‌کار. وه‌ک شانۆی شیعر یان ئۆپه‌رێت، یاخود هیچ
نه‌بێ وه‌ک (ئیسماعیل خورماڵی و ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د) بتوانێ
شیعری گۆرانی بنووسێ.
که‌سێک ته‌مه‌نێکی له‌گه‌ڵ شیعردا بردبێته سه‌ر، خوێنه‌ر
چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی لێده‌کا له‌و بواره‌دا تێوریزه (تنظیر)
بکا. که‌چی شاعیر هه‌ن ڕسته‌یه‌کی جوانیان له‌مه‌ڕ شیعر‌و
هونه‌ری شیعر پێ نییه! لێره‌دا پرسیارێک سه‌رهه‌ڵده‌دا؛ ئایا
لاوه‌کان زیاتر ڕوو له‌زانست بکه‌ن باشتر نییه؟ کورد له‌هه‌ر
ڕشته‌یه‌کدا که‌م و کووڕیی هه‌بێ، شیعری ئه‌وه‌نده زۆره
له‌سه‌رێوه دێ لهپێیهوه ده‌ڕوا. شیعر هه‌یه‌و شیعرۆکهیش
هه‌یه.. |