هه‌ناسه‌کانی به‌رد و ژیانی پیاوێکی برسی
کورته‌ چیرۆک

حه‌مه‌شوان شه‌ریف 2005
Hamashwan1@hotmail.com
سوێد – کونگێلف

 

 

له‌وه‌ بێزار ببووین که‌ به‌سه‌ره‌ نانمان ده‌خوارد و به‌سه‌ره‌ پێڵاوه‌ نوێکه‌مان له‌پێده‌کرد !
هه‌ر به‌منداڵی باوکمان مرد و دایکمان به‌زوخاوی نه‌هاتنه‌وه‌ی برا ئه‌نفاله‌که‌مانه‌وه‌ چاوه‌کانی کوێربوون ،،
بژێویمان سه‌ختر باڵی لێده‌سوین و هه‌ژاری بوو به‌ ئاینده‌ و نه‌ خۆشیه‌کی هه‌میشه‌یی بۆمان ، که‌ بووین به‌ مێرد منداڵ هه‌ریه‌که‌مان به‌ڕێکه‌وت و ئاره‌زووی ڕۆژگار
گواستراینه‌وه‌ بۆ گوندێک و شارێک .،
من
ئاگام له‌هه‌واڵی ئه‌وان نه‌ما که‌ ڕۆژگار به‌کام ده‌وراندا ده‌یان سووڕێنێت .
گه‌وره‌ بووم و له‌ ژێر چه‌تری گومان و بــــاراندا ده‌گه‌وزام
ژیان به‌لامه‌وه‌ هیچ مانایه‌کی نه‌ده‌به‌خشی ته‌نیا له‌ شکانی پارچه‌کانی خۆزگه‌کانم زیاتر .، هاوڕێکانم له‌ خۆم ماندو ترده‌هاته‌ پێش چاو ،
تۆش بیان بینه‌ !-
ئه‌ وه‌ ئازاد بوو مه‌ستییه‌کی هه‌میشه‌یی سه‌ری خزاندبوویه‌ کۆشیه‌وه‌ ،
بارام بوو وێڵی عاشقێکی یه‌کلایی په‌نجه‌کانی پێده‌گه‌زت ،
نه‌وزاد عه‌وداڵی هه‌واڵێکی تازه‌ی سارته‌ر *و خوێندنه‌وه‌ی کۆتای چیرۆکی ئه‌و شه‌وانه‌ی خۆمم تیا کوشت بوو سه‌رقاڵی کردبوو ،
په‌یام به‌دیار په‌یامی خۆره‌وه‌ ده‌نوستوو و ڕۆژنامه‌ نوسێکی درۆزن و بێبه‌ڵێن و
بێهه‌ڵوێست ده‌ناسرا .
هیوا فه‌رته‌نه‌
تێکه‌ڵاو کردنی پێکه‌نین و گریان به‌ پێکه‌نینی- کورد ئاسا* ڕقمان لێهه‌ڵده‌ستاو به‌گریانی هاو به‌شیمان ده‌کرد ،
داخی عه‌لی کڵۆڵیش با بووه‌ ستێ هیوایه‌تی جگه‌ره‌ وه‌رگرتن و داگیرسانی جگه‌ره‌ هێمای سه‌رمایه‌یه‌کی مه‌زنی ده‌به‌خشی به‌و ! . عومه‌ریش ئه‌گه‌ر قه‌بریش به‌لاش بووایه‌ بۆ ساتێکیش بووایه‌ له‌ناویدا ڕاده‌کشا .....
منیش به‌ مانایه‌کی تر :
ورد ورد چاوی ژیان حه‌زی ده‌گه‌زتم و بۆ ئه‌وینی کێشده‌کردم
ته‌مه‌نم له‌ چل لایدا و وه‌ک بارام عه‌شق گه‌زتمی
وه‌ک باران به‌خوڕ ده‌گریام بۆ دوری و ناسکی ئه‌و
وه‌ک به‌فر له‌شم ده‌یبه‌ست بۆ بینینی
که‌ده‌مبینی
ده‌یووت خۆشم ده‌وێیت و به‌جوان تێیته‌به‌رچاوم
یان ده‌یووت هه‌ڵۆ
له‌ هه‌رمێیه‌کی کاڵ ده‌چیت له‌وه‌ ده‌چێ که‌س قه‌پی لێنه‌گرتبی !؟ .
یان : ته‌وای نه‌ده‌کرد و ده‌مزانی ئه‌یه‌وێت بڵێ :
تۆ کۆیله‌یت و زینجیری چاوه‌کانم زمانی به‌ستوویی .


به‌ڕاستی ده‌مبه‌رست
له‌باوکمه‌وه‌ ڕاهاتبووم که‌ ئافره‌تم خۆش بوێ
باوکم تامرد وێنه‌که‌ی دایکمی له‌باخه‌ڵابوو
یه‌ک ژنی هێنا ، بۆیه‌ک ژن ده‌ژیا ، گه‌ر بژمایه‌ هه‌ر یه‌ک ژنی ده‌هێنا ّ !
ئێواره‌ که‌ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ !
ته‌ڵاق نامه‌که‌ی نوسی بوو بۆم و له‌سه‌ر ڕه‌فه‌شکاوه‌که‌ی هۆڵه‌که‌ جێیهێڵابوو
نوسیبووی -
به‌پێی ئه‌و بڕیاره‌ی 322 مافی ئه‌وه‌م هه‌یه‌ شویه‌کیتر بکه‌مه‌وه‌ و ئاره‌زوم لێتنه‌ماوه‌ و کۆن بوی له‌لام و سوواویت لام ، ،
کۆنه‌ ژنت ... ئاڵا ،
منیش به‌دوای بارامدا ده‌گه‌ڕام تا ئه‌م ته‌ڵاق نامه‌یه‌ی ئاڵای بۆیبخوێنمه‌وه‌ و دڵنه‌واییه‌کم باته‌وه‌ ، به‌ر له‌من ئه‌و ماری ئه‌وین گه‌زتبویی ! ، بارامم ده‌ستنه‌که‌وت !
دوایی چه‌ند ڕۆژێک نامه‌یه‌کی بۆناردبووم
نوسیبویی : هه‌ڵۆ
دوایی چه‌ندساڵ دابڕان من و به‌فرین به‌یه‌ک گه‌یشتینه‌وه‌
ژیان به‌کێشه‌وه‌وه‌ خۆشه‌ برا شیرینه‌که‌م هه‌ر ماچه‌ به‌یه‌کترمان شادده‌کاته‌وه‌
بیرت ده‌که‌م به‌ڵام ببوره‌ سه‌رقاڵم هه‌رئه‌وه‌نده‌ پێڕاگه‌شتم ئه‌م نامه‌یه‌ت بۆ بنوسم و ئه‌م هه‌واڵه‌خۆشه‌ت پێڕابگه‌یه‌نم .
... هاوڕێت بارام !؟ .
به‌پێکه‌نینه‌وه‌ نامه‌که‌م خوێنده‌وه‌و چومه‌ده‌ره‌وه‌
به‌سه‌رهاته‌کانی ئه‌و ڕۆژانه‌م بۆ پیاوێکی برسی و به‌ردێکی ڕه‌ق ده‌گێڕایه‌وه‌ که‌ ته‌نــــیــا ئه‌وان له‌وشاره‌دا پێڵوه‌کانیان دانه‌که‌وتبوو بۆخه‌و .

--------------------------------------------------
*ئه‌م چیرۆکه‌م له‌ کوردوستان نێتدا له‌ ساڵی 1995دا بڵاوکردۆته‌وه‌ بۆ پێشبرکێی چیرۆک به‌ڵام هیچه‌م نه‌بووم .! .







 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca