حدکا و ده‌رده ‌کورد

هیوا ناسیح

hiwanaseh@hotmail.com

 

ناکۆکیه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی دووباڵه‌که‌ی نێوخۆی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، هه‌موو کوردێکی ڕۆشه‌نبیر و نیشتمانپه‌روه‌ری نیگه‌ران کردوه‌. هه‌موو ده‌زانین حدکا کۆنترین پارتی کوردییه‌ که‌ تا ئێستاش به‌رده‌وام بێت له‌ خه‌بات و تێکۆشان، به‌ شێوه‌یه‌ک ده‌توانین به‌ دایکی هه‌موو ئه‌و حزبانه‌ی تری دابنێین که‌ تا ئێستا له‌ گۆڕه‌پانی خه‌بات و کوردایه‌تیدان. گه‌ر ئه‌م وته‌یه‌‌ بۆ ‌هه‌موو پارچه‌کان له‌ جێگه‌ی خۆی نه‌بێت ئه‌وا بێ شک بۆ باشور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ڕاسته‌.  چونکه‌ له‌و کاته‌ی که‌ کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ك له‌ ئۆگۆستی ١٩٤٥ دا گۆڕا بۆ حدکا و یه‌که‌م به‌یاننامه‌یان بڵاوکرده‌وه‌، ئه‌م حزبه‌ بووه‌ په‌ناگه‌ و سه‌رچاوه‌ی بیری کوردایه‌تی و خه‌باتی سیاسی به‌ شێوازێکی نوێ بۆ ڕۆژهه‌ڵات و پارچه‌کانی تریش.  

ئه‌وه‌ی که‌ جێگه‌ی سه‌رنج و تێڕامانه‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ سه‌‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی حدکا خاوه‌ن کاروانێکی خه‌باتی‌ دوور و درێژه‌ و ئه‌زموونێکی باشی‌ که‌ڵه‌که‌ کردووه له‌ هه‌وراز و نشێوییه‌کانی سیاسه‌ت و کارو خه‌باتدا و کلتورێکی‌ سیاسی باشی پێکه‌وه‌‌ ناوه‌، که‌چی وه‌ک ده‌بینین هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێک و ڤایرۆسی (ده‌رده‌ کورد) لێی ده‌دا و به‌م ده‌رده‌وه‌ گیرۆده ‌و ئالوده‌ ده‌بێت، مه‌به‌ستی من لێره‌دا له‌ زاراوه‌ی (ده‌رده‌کورد) ناکۆکی و ناته‌بایی ناوخۆیی کورد و قبوڵنه‌کردنی یه‌کتری و دانونه‌کوڵانه‌ که‌ ئه‌نجامه‌که‌شی به‌ دووله‌تبوون و دووبه‌ره‌کی ته‌واو ده‌بێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م ده‌رده‌ هه‌ر تایبه‌ت نییه‌ به‌ حدکا یان کوردی ڕۆژهه‌ڵات به‌ڵکو به‌گشتی سیاسیه‌کانی ئه‌م گه‌له‌ به‌شخوراوه‌ هه‌میشه‌ پێان باشتره‌ له‌ گروپێکی ٥٠ ـ ١٠٠ که‌سیدا که‌سی یه‌که‌م بن نه‌ک له‌ حزب و گروپێکی خاوه‌ن هه‌زاران ئه‌ندامدا که‌سی دووه‌م بن.

 

دیاره‌ نه‌خشه‌ و هه‌وڵه‌کانی دوژمنان و داگیرکه‌رانی کوردیش له‌ هه‌رپارچه‌یه‌کدا بۆ ناکۆکی نانه‌وه‌و دووبه‌ره‌کی و خۆشکردنی ئه‌م ئاگره‌ له‌ نێوان پارته‌ جیاجیاکاندا و له‌ نێوخۆی هه‌ر حزبێکیشدا بۆ لاواز کردن و ساردکردنه‌وه‌ی دڵی جه‌ماوه‌ره‌که‌‌ی، نابێت له‌ بیر بکرێت. به‌ڵام ئایا ئه‌ی نابێت سه‌رکرد‌ه‌کانیشمان ئه‌وه‌نده زیره‌ک و شاره‌زاو کارامه‌ بن، که‌ ئه‌م جۆره‌ هه‌وڵ و پیلانانه‌ پوچه‌ڵ بکه‌نه‌وه‌؟!

خاڵێکی تریش له‌ بونیاد و پێکهاته‌ی که‌سایه‌تی و ده‌رون و بیرکردنه‌وه‌ی زۆربه‌ی کورد و بگره‌ که‌سانی ڕۆژهه‌ڵاتیدا به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی هه‌یه، ئه‌ویش حه‌ز کردن به‌ پله‌ و پایه‌ و په‌ل کوتانه‌ بۆی، دیاره‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ش ئه‌گه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی (تموح) و خۆپێگه‌یاندندا بێت شتێکی ڕه‌وا و ڕاسته‌، به‌ڵام گرفته‌که‌ له‌وه‌دایه‌، سیاسییه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایانه‌ سه‌ره‌تا هه‌موو ڕێگه‌یه‌ک ده‌گرنه‌ به‌ر بۆ د‌ه‌ست پێراگه‌یشتن به‌ (پایه‌) که‌و دواتریش هه‌ر که‌سێک ده‌ستی له‌ کورسیه‌ک (پله‌یه‌ک) گیر ده‌بێت، جگه‌ له‌وه‌ی که‌ دێت ته‌واوی ده‌سته‌ڵاته‌کان قۆرخ ده‌کات و هیچ جۆره‌ ڕاوێژکردن و ڕه‌خنه‌گرتنێک له‌ کار و هه‌ڵسوکه‌وت و بیرکردنه‌وه‌یدا قبوڵ ناکات، ئیتر وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌ ئه‌زه‌لیشه‌وه‌ ئه‌م بۆیه‌ هاتبێته‌ جیهانه‌وه‌ که‌ ئه‌و کورسیه‌ پڕ بکاته‌وه‌ و له‌ سه‌ری تاپۆ کرابێت، به‌ری نادات و ده‌بێت یان شه‌هید بکرێت یان کۆچی دوایی بکات ئینجا چۆڵی بکات!!

 

من له‌چه‌ندان کۆڕ کۆمه‌ڵ و کۆبونه‌وه‌ دا ستایشی ئه‌و سه‌رده‌قشکاندن و ده‌سپێشکه‌ریه‌ مۆدێرنه‌ (لای که‌می له‌ نێو حزبه‌ کوردییه‌کاندا و له‌ شۆڕش و خه‌باتی گه‌له‌که‌ماندا) م کردوه‌ که‌ حدکا پێش دوو ساڵێک له‌ کۆنگره‌ی سیانزه‌هه‌مدا به‌کردار پیاده‌ی کرد، ئه‌وه‌ش پاش هه‌ڵبژاردنی کاک مسته‌فای هیجری بوو له‌ کاتێکدا سکرتێری پێشوی حزبه‌که‌ش که‌ کاک عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌نزاده‌یه‌ خۆی کاندید کربۆوه‌، به‌ڵام هه‌ر له‌گه‌ڵ ئاشکرا کردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ هه‌ردوو ناوبراو ئه‌ملاولای یه‌کتریان ماچ کرد و سکرتێری پێشوو پیرۆزبایی له‌ نوێیه‌که‌ کرد، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و کات هیچ ئاژاوه‌ و دووبه‌ره‌کی و ناکۆکییه‌ک دروست بێت.

به‌ بۆچون و بینینی من دووبه‌ره‌کی و ناته‌بایی ئه‌م دواییه‌ی حدکا نه‌ له‌ سه‌ر جیاوازی بیر وباوه‌ڕه‌ و نه‌ش له‌ سه‌ر سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌چونی ئێستای حزب، به‌ڵکو مه‌سه‌له‌که‌ بنه‌مای ده‌سته‌ڵاته‌ و‌ له‌ سه‌ر پله‌ و پایه‌ و کورسیه‌، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا به‌ پێی قۆناغی ئێستای شۆڕشی ڕۆژهه‌ڵات هێشتا له‌ قۆناغی ڕزگاری نیشتمانیی و خه‌باتی شاخ و پارتیزانیدان، وای بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ی سه‌رکرده‌کانی ئه‌م حزبه‌ ده‌چنه‌وه‌ شار (هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستم دوای ئازادکردنی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌) و خه‌باتی جه‌ماوه‌ری و ئاشکرای ناو خه‌ڵک ده‌ست پێ ده‌که‌ن و به‌رژه‌وه‌ندی و ئیمتیازه‌کانیش ده‌یان و سه‌دان هێنده‌ی ئێستا زیاد ده‌که‌ن، ده‌بێت ئه‌وسا ( پارتی و یه‌کێتی ئاسا) چۆن له‌ نێو ڕیزه‌کانی ناوخۆی حزب و له‌گه‌ڵ حزبه‌کانی تری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا بکه‌ونه‌ ململانێی ناڕه‌وا دوور نییه‌ شه‌ڕی براکوژییش (که‌ هیوادارم قه‌ت ڕوونه‌دات)، به‌ جۆرێک به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و پاره‌ و سامان و ده‌سته‌ڵات به‌ها باڵا و پیرۆزه‌کانی نیشتمانیان له‌ بیرده‌باته‌وه‌ !؟

ئاخر ئه‌گه‌ر وا نییه‌ چی وا ده‌کات ئه‌و حزبه‌ی بۆ یه‌که‌م جار کۆماری کوردستانی ئازادی جاڕدا و ئاڵای کوردستانی به‌رز کرده‌وه‌ هه‌روه‌ها حزبه‌که‌ی شه‌هیدان قازی پێشه‌وا و د. قاسملو و د. سه‌عیدی شه‌ره‌فکه‌ندی، که‌ تاکه‌ حزبی کوردییه‌ سێ ڕابه‌ر و سکرتێری کربێته‌ قۆچی قوربانی ڕێگه‌ی ئازادی و سه‌رفرازی کوردستان.

 

 له‌م بار و دۆخه‌ هه‌ستیار و ناسکه‌ دا که خۆشبه‌ختانه‌ گڵۆڵه‌ی داگیرکه‌رانی کوردستان وا یه‌ک له‌ دوای یه‌ک که‌وتۆته‌ لێژی و به‌ چاوی خۆشمان هه‌ره‌سی یه‌کێک له‌ سه‌رسه‌ختترین و هار و دڕنده‌ترین رژێمی داگیرکه‌ری کوردستانمان له‌ باشوردا بینی. له‌ بری پاراستنی یه‌کڕیزی حزب و هه‌وڵدان بۆ دروستکردنی به‌ره‌یه‌ک له‌ گه‌ڵ حزب و لایه‌نه‌کانی تری ڕۆژهه‌ڵات ( وه‌ک چه‌ند هه‌وڵێکیشی بۆ درا) بۆ پاراستنی یه‌کڕیزی گه‌ل و تۆکمه‌کردنی سه‌نگه‌ری رزگاری و به‌ره‌نگاری، که‌چی وا بێباکانه‌ بۆ چه‌نده‌مین جار دیسانه‌وه‌ (جه‌ناح)بازی و کوتله‌گه‌رایی سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ و رۆژبه‌رۆژیش قوڵتر ده‌بێته‌وه‌، تا گه‌یشتوه‌ به‌وه‌ی لێپرسراوانی کوتله‌کان لێره‌و له‌وێ و له‌ سایته‌ کوردییه‌کانی ئینته‌رنێتدا به‌ ناوی خوازراوه‌وه‌ وتاری جۆێنتامێز و بریندارکه‌ر له‌ سه‌ر یه‌کتری بنوسن. ئه‌م حزبه‌ تاکه‌ حزبی کوردیه‌ که‌ ئه‌ندامی ته‌واوی  (سۆسیال ئینته‌رناسیۆنالی جیهانی) یه‌ و له‌ پڕۆگرامی ناوخۆشی دا هاتوه‌ که‌ ( حزبێکی نه‌ته‌وه‌یی سۆسیال دیموکراته‌) ده‌بوو له‌م قۆناغه‌ ناسکه‌ی خه‌باتدا ئه‌وی بیری لێ نه‌که‌نه‌وه‌ (جه‌ناحبازی) و دوبه‌ره‌کی ناوخۆیی بوایه‌. کێشه‌کانیان به‌ دیموکراتیانه‌ و برایانه‌ چاره‌سه‌ربکردایه‌.

 

به‌ڕای من گه‌وره‌ترین گرفتی حدکا له‌ ئێستادا قه‌یرانی نه‌بوونی ڕێبه‌ر و سه‌رکرده‌یه‌کی دڵسۆز و خۆنه‌ویست و کارامه‌یه‌، ده‌بوایه‌ به‌ڕێز کاک (عه‌لی قازی) کوڕی پێشه‌وای نه‌مر و یه‌که‌م سه‌رۆکی ئه‌م پارته‌ له‌بری ئه‌وه‌ی بچێته‌ ناو  یه‌کێتی شۆڕشگێڕانی کوردستانه‌وه‌ ( له‌گه‌ڵ رێزی زۆرم بۆ یه‌ک به ‌یه‌کی کادر و ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌کانیان) بهاتایه‌ته‌ نێو ڕیزه‌کانی حدکا، بۆ سه‌رله‌نوێ بنیادنانه‌وه‌ و دوور خستنه‌وه‌ی له‌ هه‌ر کوتله‌گه‌رایی و هه‌وڵێکی جیابونه‌وه‌ و لاواز بوون و دووکه‌رت بوونێک.

 

حه‌ز ده‌که‌م لێره‌شدا ئه‌وه‌ بڵێم، که‌ مام جه‌لال وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌کی کورد  و کاک مه‌سعودیش وه‌ک (سه‌رۆکی هه‌رێم) که‌ ڕاگه‌یاندنی پاردتی دیموکرات وه‌ک (سه‌رۆکی کوردستان) یش ده‌یناسێنێت،‌ ده‌بێت  وه‌ک ئه‌رکێکی نیشتمانی و نه‌ته‌وایه‌تی له‌م قه‌یرانه‌ی حدکا دا ڕۆڵێکی دیار و کاراتریان هه‌بێت، بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ و پاراستنی یه‌کڕیزی ئه‌م حزبه‌ کوردستانییه‌ و به‌ شه‌خسی بچنه‌ ناو کێشه‌کانیانه‌وه‌، چونکه‌  بێگومان له‌به‌ریه‌کترازانی هه‌ر حزبێکی کوردستانیی زیانێکه‌ له‌ ته‌واوی په‌یکه‌ری بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌له‌که‌مان ده‌که‌وێت و دڵی دوژمنان و داگیرکه‌رانی کوردیشی پێ خۆش ده‌بێت.

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca