بۆ باوه‌شی ژیان دێمه‌وه

كانی هه‌ڵه‌بجه‌یی

هۆڵندا

 

 

هه‌ر ڕۆژێك دێ تۆ له بیر كه‌م

لاپه‌ڕه‌یه‌كی سپی بۆ ته‌مه‌نم هه‌ڵده‌مه‌وه

ساتێك دادێ بۆ ئه‌وینت خۆم نوقمی ئه‌سرین نه‌كه‌م

بتوانم هێنده‌ی ئاسمان دوور كه‌ومه‌وه

گشت یادگارییه‌كانت پاكۆدان كه‌م

چیدی ئاوڕ بۆ تۆی هێڤك نه‌ده‌مه‌وه

ته‌مه‌نی من وه‌ك ته‌مه‌نی په‌رپه‌رك كورته

حه‌یفه بۆ چاوه‌ڕوانیت ته‌رخانی كه‌م

منیش ئیتر ته‌نها بۆ ژین ئه‌توێمه‌وه

ئیدی باخچه‌یه‌ك بۆ خۆمو ژیان كارتیش ئه‌كه‌م

هه‌رگیز چیدی كاژی ده‌رونم هه‌ڵناده‌مه‌وه

له‌مڕۆوه هه‌رگیز باوه‌ڕ به ئه‌فسانه ناكه‌م

بۆ ئامێزی ڕه‌قی ڕاستی ده‌گه‌ڕێمه‌وه

چیدی بۆ مردن له پێناوت نزا ناكه‌م

منیش بۆ باوه‌شی ژیان دێمه‌وه

 

 

 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca