كوژاندنه‌وه‌ی مۆمی سێیه‌مین ساڵی ته‌مه‌نم....

كانی هه‌ڵه‌بجه‌یی
هۆڵندا

kani_awin@hotmail.com

 

ئه‌مشه‌و

به‌ڵێ ئه‌مشه‌و

له‌گه‌ڵ كێشانی باڵی تارمایی به ئاسماندا

له ته‌ك هۆنینه‌وه‌ی گشت ڕۆژگاره‌كانم به ته‌زووی یادگارییه‌كانت

له ژووره چۆڵه ته‌سكه‌كه‌مو

له‌سه‌ر مێزه شكاوه‌ ته‌نیاكه‌م

من سێ مۆم داده‌گیرسێنم

به‌ڵێ سێ مۆم

یه‌كێكیان بۆ ڕۆژی یه‌كتر ناسینمانو

یه‌كێكیش بۆ یه‌كه‌م جار ووتنی 'خۆشم ئه‌وێی' به یه‌كدی

ئه‌وی تریش له بۆ ڕۆژی لێكدابڕان

له‌وانه‌یه ئێستا لێم بپرسی تۆ چه‌ن ساڵی تا سێ مۆم داگیرسێنی

له وه‌ڵامدا نه‌ك ته‌نها خۆم

سات به ساتی ته‌مه‌نم

تنۆك تنۆك ئه‌سرینی ڕژێنراوم

ئه‌مجا گشت ماچه نه‌كراوه‌كانم

پێت ده‌ڵێن من سێ ساڵه له دایك بووم

گشت ئه‌و شه‌قامانه‌ی ڕۆژێ من به دوو چاوی ئه‌شكاوییه‌وه

ڕوم تێكردوون

یه‌ك به یه‌كی ئه‌و گه‌ڵا زه‌ردانه‌ی به ئه‌مری عومرم

ماچم كردوون

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و پێكانه‌ی له دووری تۆ

به ته‌زیوی نۆشم كردوون

پێت ده‌ڵێن سێ ساڵه له دایك بووم

به‌ڵێ سێ ساڵ

سێ ساڵی ڕه‌شو ڕه‌نگاوڕه‌نگ

هه‌ر كه گڕی شه‌مێكت له لاواچی ژوره‌كه‌ما به‌دی ئه‌كرد

ئه‌هاتیو به هاناسه‌ت فووت لێ ده‌كردو ده‌تكوژانده‌وه

تاكو ڕه‌نگی ژوره‌كه‌م بسڕیته‌وه به تاریكی

هه‌ر كات سوراوت به لێومه‌وه نیگا كردایه

ماچێكت بۆ ئه‌ناردو ڕه‌نگی ئه‌ویشت مات ده‌كرده‌وه

سێ ساڵه هه‌موو ڕۆژێ ده‌ستت ئه‌نێیته قورگمو

هه‌وڵی خنكاندنم ئه‌ده‌ی

سێ ساڵه هه‌روه‌ك ماره‌كه‌ی سه‌رشانی زوحاك

هه‌موو ساتێ له خوێنی كاڵم ئه‌خۆیته‌وه

كه‌چی منیش له ڕۆژی له دایك بوونمدا ته‌نها سێ مۆم داده‌گیرسێنم

چون سێ ساڵه به منت وتووه خۆشم ئه‌وێی

بۆچی هاتی؟ بۆ له خه‌و هه‌ڵتساندم

بۆ چاوی كوێری منت به‌رامبه‌ر ژیان كرده‌وه

من دڵم به‌ردێ بو له نێو ئامێزی كانی دێكه‌تان

بۆ كردته دڵۆپێ ئاوو هه‌وڵتدا بێوه‌فایی ناخی خۆتی پێ بشۆیته‌وه

ئه‌ی نه‌دزانی دڵی من هێند دڵۆپێكی ڕوونو پاكه

ڕه‌نگی ڕه‌ش قه‌قنه‌زی بێ وه‌فایی كاڵ ناكاته‌وه؟

به‌ڵام ئه‌مشه‌و

ئا ئه‌مشه‌و

له‌گه‌ڵ كوژاندنه‌وه‌ی مۆمی یه‌كه‌مدا

یادگارییه‌كانت له‌گه‌ڵ دڵما ڕه‌وانه‌ی خاك ئه‌كه‌م

له‌گه‌ڵ خامۆش كردنی مۆمی دووه‌میشدا

جه‌سته‌و ڕۆژگارم توڕ ئه‌ده‌مه باوه‌شی پایزێكی مردووه‌وه‌و

تۆش وه‌ره به‌هارێكی سه‌وز بۆ خۆت هه‌ر له‌وێدا دابهێنه

ئه‌مجا كاتێ فوو له مۆمی سێیه‌م ئه‌كه‌م

خاچێك ئه‌ده‌مه سه‌رپیلمو گۆشه‌یه‌كی گچكه له خاك هه‌ڵئه‌كه‌نم

زۆر زۆر قول هه‌ڵی ئه‌كه‌نم

نه‌وه‌ك گه‌ر ڕۆژێ سه‌ردانت كردم هه‌ست به ترپه‌كانی دڵت بكه‌م

یان كاتێ باوه‌ش به مه‌زاره‌كه‌مدا ئه‌كه‌ی هێنده بگریت

كه گوێم لێبێت له ئامێزی خاك ڕاكه‌مو بێم فرمێسكه‌كانت بسڕم

ئه‌وه‌نه قوڵ هه‌ڵی ئه‌كه‌نم

له گشت ڕوداوه‌كانی سه‌ر زه‌وی بێ ئاگا بم

تاكو له ئه‌و هه‌موو درۆیانه‌ی مرۆڤ دوور بم

یان ئاگام له گریانی هیچ كیژۆڵه‌یه‌كی خۆم ئاسا نه‌بێ

كه له داخی بێوه‌فایی بانگی مه‌رگ ئه‌كات

هێند قوڵ هه‌ڵی ئه‌كه‌نم

گوێم له زمایشی دایكم نه‌بێت كاتێ دێته سه‌ر گۆڕه‌كه‌م

یان ئاگام له فرمێسكه وشكه‌كانی باوكم نه‌بێ بۆ بێنازیم

بۆ ئه‌وه‌شی گوێبیستی زریكه‌و هاواری خوشكه‌كانم نه‌بمو

برا تاقانه‌كه‌شم به شكاوی قه‌ت نه‌بینم

زۆۆۆۆۆۆۆر زۆۆر قوڵ هه‌ڵی ئه‌كه‌نم

دوواییش له كاژی ده‌روونی خۆم كفنێكی سپی به فرمێسكه ئه‌ندۆكانم ئه‌دروم

له‌به‌ری خۆمی ئه‌كه‌مو خۆم توڕ ئه‌ده‌مه ئه‌و گۆڕه قوڵه‌ی كه هه‌ڵمكه‌ند

باش فوو له خۆڵو گڵی ئه‌و ناوه ئه‌كاو به‌سه‌ر جه‌سته‌مدا ئه‌یپرژێنێو

منیش هه‌ر له ڕۆژی له دایك بوونمداو له‌گه‌ڵ كوژاندنه‌وه‌ی سێیه‌مین مۆمدا

ڕۆحم ماڵئاوایی له ژین ئه‌كات

 وه‌فاداری ئه‌كه‌مه مه‌لایه‌كو

كه‌سه‌ریو ئه‌سرینیش ئه‌كه‌مه شایه‌ته‌كانو

هه‌نیسكیش هه‌لهه‌له لێ ئه‌دا

له كاتێكدا وه‌فا دڵم له مه‌رگ ماره ئه‌كات

 

ڕۆژی 19-11-2006 نوسراوه بۆ ڕۆژی 22-11-2006 

 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca