سیاسه‌تی هه‌رزان: ئه‌جه‌وید و سه‌ددام

کاوه‌ ئه‌مین

له‌م ڕۆژانه‌ی پێشوودا، دوو ڕووداوی گرنگ‌ که‌ ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان به‌ کورده‌وه‌ هه‌یه‌ ڕوویاندا، ئه‌ویش دادگایی کردنی سه‌ددام و حوکومدانی به‌ مردن، هه‌روه‌ها مردنی بولند ئه‌جه‌ویت سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشووی تورکیا. ئه‌گه‌ر سه‌ددام له‌ ماوه‌ی مانگێکدا له‌ سێداره‌ بدرێت ئه‌وا کاره‌ساتی ئه‌نفالیش په‌رده‌یه‌کی ڕه‌شی به‌ سه‌ردا ده‌درێت، مه‌گه‌ر ته‌نها له‌ بیره‌وه‌ری خه‌ڵکانی نیشتمانپه‌روه‌ر و که‌سووکاری ئه‌نفاله‌کاندا بمێنێته‌وه‌. کێ ده‌ڵێت ڕێکه‌وتنێک له‌ نێوان ده‌سته‌ڵاتدارنی عه‌ره‌ب و سه‌رمایه‌دارانی جیهان به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی که‌ چه‌کی کیمیاوییان به‌ عێراق فرۆشتووه‌، نه‌کراوه‌، تا کێشه‌که‌ دیزه‌ به‌ ده‌رخۆنه‌ بکرێت، له‌ لایه‌ک به‌ دنیایی نیشان بده‌ن که‌ تاوانبارێک به‌ سزای خۆی گه‌یشتووه‌ و له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ جینۆسایدی گه‌لێک له‌ بیر به‌رنه‌وه‌و، خۆیان له‌ قه‌ره‌بووکردنی زیانه‌کان بدزنه‌وه‌ که‌ به‌ ملیاردها دۆلاره‌، ئه‌گه‌ر کورد خاوه‌نی خۆی هه‌بێت. له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتدارانی کورد خه‌ڵک بێنه‌ سه‌رجاده‌کان و داوای به‌رده‌وامی دادگاییکردنی سه‌ددام بکه‌ن له‌ پای ئه‌و تاوانانه‌ی که‌ به‌ دژی دانیشتوانی کوردستان کردوونی، که‌چی دیسان ته‌قه‌ی خۆشی و عه‌یب نه‌بێت(قون بادان)ه‌. هه‌ر له‌م ڕۆژانه‌دا یه‌کێک له‌ سه‌رسه‌خترین و ڕه‌گه‌زپه‌رسترین سیاسه‌تمه‌داری تورک، بولند ئه‌جه‌ویت، به‌ ده‌ردی خوا مرد و تا دوا هه‌ناسه‌ش دانێکی خێری به‌ کورددا نه‌هێنا و ئه‌گه‌رچی وه‌ک ده‌ڵێن خۆشی به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک کورد بووه‌، به‌ڵام کام فاشستی تورک حه‌دی هه‌یه‌ خۆی له‌ پاژنه‌ی پێی ئه‌جه‌وید بدات له‌ شۆڤێنێتیدا. بۆ به‌دبه‌ختی کورد سیاسه‌تی کوردیی هه‌راج کراوه‌ و که‌س به‌ پولێکیش نایکڕێت، ئه‌وه‌تا کۆما کۆمه‌ڵێن کوردستان واته‌ پارتی کرێکارانی کوردستان له‌ برووسکه‌یه‌کی سه‌رخۆشیدا به‌ بۆنه‌ی مردنی ئه‌جه‌ویته‌وه‌ ده‌ڵێن:" ئه‌جه‌ویت هه‌رچه‌نده‌ له‌ دژی بزاڤی ئازادی کوردستان هه‌ڵوێستێکی کلاسیکیانه‌ی ده‌وڵه‌تی هه‌بوو، به‌ڵام هیچ کاتێکیش هه‌ستی ڕاست و دروستی خۆی له‌ ده‌ست نه‌دا. ئه‌جه‌ویت نه‌یده‌ویست کێشکه‌ زیاتر کوێرتر بێته‌وه‌ و درکی به‌و گه‌له‌کۆمه‌کییه‌ی که‌ له‌ دژی تورکیا‌ له‌ که‌سایه‌تی سه‌رۆکی ئێمه‌دا پیاده‌کرا، ده‌کرد، بۆیه‌ هه‌ڵوێستی خۆی نیشان ده‌دا. ئه‌جه‌ویت سیاسه‌تمه‌درای گه‌وره‌ی تورکیایه‌ و بۆیه‌ مردنی ئه‌و بۆ تورکیا خه‌ساره‌تێکی گه‌وره‌یه‌". (نێتکورد ٨/١١/٢٠٠٦). به‌ڵی ئه‌وه‌ قسه‌ی پارتێکی کوردییه‌، ئاخر ئه‌گه‌ر ئه‌وان یه‌ک که‌‌م بیریان بکردایه‌ته‌وه‌ ده‌بوو ئه‌و په‌یڤانه‌یان له‌ ده‌م نه‌هاتایه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، مه‌گه‌ر له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆکایه‌تی ئه‌جه‌ویتدا نه‌بوو، عه‌بدوڵلا ئۆجه‌لان گیرا، مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و کاتانه‌ نه‌بوو سو‌پا به‌ سه‌دان گوندی کوردی کاول و وێران کرد و هه‌زارانی  خسته‌ نێو زیندانه‌کانه‌وه‌، مه‌گه‌ر هه‌ر له‌ سه‌رده‌می ئه‌و پیاوه‌دا نه‌بوو تورکیا به‌شێکی قوبرسی داگیر کرد و هه‌تا ئێستاش چۆڵیان نه‌کردووه‌. باشه‌ هه‌ر داوای خه‌ڵاتی ئاشتی بۆ ئه‌جه‌ویت ناکه‌ن! سه‌رکردایه‌تی (پ. ک. ک) ڕه‌نگه‌ وابزانن به‌و شین و شه‌پۆڕه‌ دڵی تورکیا نه‌رم ده‌بێت و هاکا ئه‌ردۆغان هاته‌ سه‌ر ته‌له‌فیزیۆن و وتی کوردیش مافی جیابوونه‌وه‌ی هه‌یه‌ و با ریفراندۆم بکه‌ن، بزانین چیان ده‌وێت سه‌رخۆبوون یان کۆیلایه‌تی؟ ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ی سیاسه‌تمه‌دارانی کورد جگه‌ له‌ خۆ به‌که‌م زانی و سیاسه‌تی هه‌رزان، ناکرێت هیچ ناوێکی تری لێ بنرێت بۆیه‌"تا سێبه‌ری ئه‌وان مابێت" پێ ناچێت کورد به‌ مه‌نزڵگه‌ی ئازادی بگات و ده‌بێت له‌ بازنه‌ی خۆبه‌که‌مزانیدا بخولێته‌وه‌ و جۆگه‌له‌ی خوێنی کورد به‌ به‌رده‌وامی خوێنی لێ بڕوات.  

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca