(زمانی دایک) عاشقی کردووم

کنێر حه‌سه‌ن خانم

 

     ده‌نگی شیعرێک ئه‌بیستم

شه‌پۆڵه‌کانی بۆ ماوه‌یه‌ک سڕم ئه‌که‌ن

ئاوازێکیش دێ و

وشه‌کان هه‌ڵئه‌گرێ ..بۆ باوه‌شی گۆرانیه‌ک

هیچ ده‌نگێک نایه‌ت

په‌نجه‌ره‌کان داخراون

من گوێبیستی هه‌ناسه‌ی شیعرێکم

ده‌رگاکه‌ش داخراوه‌ ئاسمانیش داخراوه‌

هه‌وا له‌ نێو گه‌ردیله‌کانی خه‌وتوه‌

که‌چی من ده‌نگی شیعرێک ئه‌بیستم

له‌ هیچ شوێنێکه‌وه‌ نایه‌ت ...له‌ منه‌وه‌ دێت

گۆرانیبێژێک  پێئه‌چێ ون بووبێ

پێ ئه‌چێ خۆی له‌درۆکانی هه‌ست ..درۆکانی خه‌یاڵ پاک کاته‌وه‌

پێ ئه‌چێ له‌ خۆشه‌ویستی دا بگه‌ڕێ له‌ نێو ڕاستی

من شیعره‌که‌یم خۆشده‌وێ

خه‌مه‌کانی ئه‌م گۆرانیبیژه‌

خه‌مبارم ئه‌کات

هه‌ندێجار ئه‌وه‌ستم له‌وێستگه‌ی ئازاره‌کاندا

بلیتی پرسیارێک ئه‌بڕم

ئه‌مه‌وێ له‌گه‌ڵ شه‌مه‌نده‌فه‌ری خه‌مه‌کانی ئه‌م ده‌نگه‌ بڕۆم

من شیعری ئه‌م گۆرانیبێژه‌م خۆشده‌وێ

وشه‌کانی به‌قه‌د وشه‌ کوردیه‌کان

من مه‌ست ئه‌کات

ئاوازه‌که‌ دێ و کوردی نیه‌ده‌رفه‌ت نادات سڵ له‌ بێگانه‌یی چاوی بکه‌مه‌وه‌

 ڕاپێچـم ئه‌کات له‌ ناویا ون ئه‌بم

تێکه‌ڵم ئه‌کات.... به‌هێمنی......به‌م جوانیه‌ی له‌ رۆحیا ئه‌ڕژێ

به‌یه‌که‌وه‌ سه‌فه‌ر ئه‌که‌ین..وشه‌ی په‌مه‌یی ئه‌خوێنینه‌وه‌

شیعر به‌سه‌ر ده‌ریادا ئه‌بارێنین

به‌یه‌که‌وه‌ له‌ نێو فه‌لسه‌فه‌ کۆنه‌کان

خانووێک بۆ فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌مرۆ ئه‌گرین

بێ کۆت بێ ئازار بێ ترسی گوناه..  فه‌توای کوشتن و له‌نێو بردنی جوانیه‌کان

باسی هه‌موو شتێکی زه‌وی و ئاسمان ئه‌که‌ین

دا ئه‌بڕێم له‌ خه‌مه‌ بێ سه‌ره‌تاو کۆتایی شێته‌کانی وڵاتم

دائه‌بڕێم له‌ ناشیرینی عه‌بای سه‌ری ژنانی شاره‌ خه‌مباره‌که‌م

کاتێک له‌ نێو ڕه‌شایی عه‌باو سه‌رپۆشدا

له‌ ڕێگاکان له‌خالێکی ڕه‌ش و دابڕاو ئه‌که‌ن

دابڕاو له‌ژین دابڕاو له‌کار له‌ به‌هره‌...له‌ ‌داهنێنان

ئه‌م ژنانه ی‌ بێ گوناه له‌ نێو سه‌رپۆش وعه‌باکاندا بێ چاره‌ن

وه‌ک‌ ڕۆحێکی پێچراو به‌ تۆپیک قوماش

وه‌ک‌ هزرێکی پێچراو به‌ تۆپێک قوماش

بوون به‌ توانایه‌کی کورتکراوه‌ بۆ چه‌ند کاریکی دیاریکراو

له‌‌هێزێکی  بێ هێز ئه‌که‌ن له‌ کۆمه‌ڵگه‌

من شیعری ئه‌م گۆرانیبێژه‌م خۆشده‌وێ

وشه‌کانی به‌ قه‌د وشه‌ کوردیه‌کان

من مه‌ست ئه‌کات

من له‌ناویانا ون ئه‌بم

له‌ به‌رانبه‌ر چه‌ند وشه‌یه‌کی کوردی گه‌نم ڕه‌نگ به‌ ئاگادێم

وشه‌کان شه‌رمنن

له‌ جلێکی کوردیه‌وه‌ به‌ خه‌مباریه‌وه‌ ئه‌ڕوانن                                                                            

وه‌ک ئه‌وه‌ی بیرم بێننه‌وه‌

وه‌ک ئه‌وه‌ی لێم توڕه‌ بن

توڕه‌ن . توڕه‌و دڵسۆز

توڕه‌و به‌وه‌فا..توڕه‌و مرۆڤ

توڕه‌و ناسک..توڕه‌و به‌ناز

توڕه‌و شه‌رمن..توڕه‌ومرۆڤ..توڕه‌وخه‌مبار

ئه‌م وشه‌ کوردیه‌ ڕه‌نگ تۆخانه‌

دێن و به‌رانبه‌رم ئه‌وه‌ستن ...دێن و له‌ خه‌ونم ئه‌که‌ن

دێن و ئه‌بن به‌ ڕسته‌یه‌کی بی کۆتایی

به‌ ده‌نگیک تێکه‌ڵ به‌ ئاوازی گۆرانیه‌که‌

ئه‌یانخوێنمه‌وه‌

ئه‌ چرپێننه‌ چاومم .و ئه‌ڵێن

هه‌ موو وشه‌ بیانیه‌کان به‌و جوانییه‌ی رۆحیان

ڕۆمانه‌کان به‌و قووڵیه‌ی مرۆڤ به‌ند ئه‌کات

ناسکی ئاوازه‌ نه‌مره‌کان

ناشێ تێکه‌ڵاوی تۆبن

له‌که‌ شتی زه‌ریای هه‌ناسه‌ت

.تۆ به‌ته‌نیا عه‌شقی ئیمه‌ت هه‌ڵگرتوه‌

من هه‌میشه‌ عه‌شقی وشه‌ کوردیه‌کانم له‌ هه‌گبه‌یه‌

ئه‌وان هه‌موو چرکه‌ ساتێك خۆیان و ئازاره‌کانیان

هه‌ میشه‌ ئاماده‌و توڕه‌ن

نا یه‌ڵن له‌ گه‌ڵ عه‌شقی هێچ زمانێکی تردا

پێکێک شه‌ڕاب له‌ ئێواره‌یه‌کی دره‌نگدا له‌ مه‌یخانه‌یه‌کی لا چه‌پ

به‌ دیار مۆمێکی کزه‌وه‌ .له‌ژێر دارمێوێکی پیردا بخۆمه‌وه‌

(زمانی دایک) عاشقی کردووم

خه‌می ئه‌وان بۆ من ئه‌بێت

ناڵه‌ی ئه‌وان له‌ تونێلی شاری بوونم ده‌نگ ئه‌داته‌وه‌

خۆم و عه‌شقی ئه‌وان له‌ کۆڵانێکی تاریکدا ڕێئه‌که‌ین

به‌دوای هه‌ناسه‌ی شیعره‌ بیانیه‌که‌ ئه‌گه‌ڕێین

ده‌ستی وشه‌ کوردیه‌کانم توند گرتوه‌

من حه‌ز ئه‌که‌م له‌م پیاسه‌یه‌ ئه‌وان ده‌ستی من چۆڵ نه‌که‌ن

ئاوازه‌که‌ من کێش ئه‌کات

گۆرانیبێژێکی خه‌مبار له‌ ما ڵی ئه‌م گۆرانیه‌دا

له‌ خۆشه‌ویستی ئه‌گه‌ڕێ

وشه‌ کوردیه‌کانی ده‌ستم پێکه‌نینیان به‌ ماناکانی ئاسمانی

ئه‌م گۆرانیبێژه‌ خه‌مباره‌ دێ

ئه‌وان خه‌ مێکی خه‌ستترو ناونیشانێکی تریان پێ یه‌ بۆ عه‌شق وژیان

ئه‌م گۆرانیه‌ ڕاستگۆتر ئه‌ڕژی به‌سه‌رما

به‌سه‌ر عه‌شقی من وشه‌کوردیه‌کانم

دێ و داگیرم ئه‌کات

دێ وخۆشه‌وێستی له‌ ترس ودرۆو خه‌یاڵ ئه‌سه‌نێته‌وه‌و

ئه‌یداته‌وه‌ به‌ڕاستی وعه‌قڵ وپاکی

دێ و ژیان له‌ وه‌هم ڕزگار ئه‌کاو  به‌ ماڵه‌کانی ئه‌به‌خشێ

من وشه‌ کوردیه‌کانی ده‌ستم یه‌کترمان خۆشده‌وی

گوێبیستی ئه‌و ئه‌بین و نابین

ئه‌گه‌ڕێینه‌وه‌ دواوه‌و نا گه‌ڕێینه‌وه‌

وه‌ک هه‌موو جارێ

من مه‌ست ئه‌بم ئاوازه‌که‌  گێژم ئه‌کات و ون ئه‌بم وله‌ گه‌ڵیا ئه‌ڕۆم

وه‌ک هه‌موو جارێ

له‌ به‌رانبه‌ر چه‌ند وشه‌یه‌کی کوردی گه‌نم ڕه‌نگ به‌ ئاگادێمه‌ وه‌و

 تیکه‌ڵ به‌ ئه‌وان ئه‌بمه‌وه‌

به‌ره‌و سه‌دان پیاسه‌ی تر...................

 

09.09.2006

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca