کورد و ئیسلامی سیاسی و گره‌وه‌کانی ئایینده‌
ئیسلامی سیاسی کورد و بزافی رزگاریخوازی کورد

نزار جاف

  nezarjaff@gmail.com

                                   به‌شی شه‌شه‌م و کۆتایی

ئیسلامی سیاسی له‌ کوردستان، هه‌روه‌ک چۆن ته‌کتیکی تایبه‌تی به‌کارهێنا بۆ راکێشان و رێکخستنی ئه‌ندامان بۆ ریزه‌کانی، هه‌ر به‌ شێوازێکی ته‌کتیکی پێوه‌ندی و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو باڵی سه‌ره‌کی بزافی رزگاریخوازی گه‌لی کورد کردووه‌. بارودۆخی تایبه‌تی کوردستان و، هه‌ل و مه‌رجی سیاسی ناوچه‌که‌، دوو فاکته‌ری سه‌ره‌کیبوون له‌ ده‌رفه‌ت دروستکردن بۆ ئیسلامی سیاسی کوردی تا رۆژ له‌ دوای رۆژ شوێن پێی خۆی له‌ نه‌خشه‌ی سیاسی کوردستاندا به‌هێزتربکات. لێره‌شدا، ئه‌و جه‌نگی ناوخۆییه‌ی که‌ ململانێکردن له‌پێناو ده‌سه‌ڵاتی ته‌سکی حزبایه‌تی هۆکاری هه‌ره‌ سه‌ره‌کی بوو، باشترین بواری ره‌خساند بۆ ئه‌م هێڵه‌ سیاسییه‌ نامۆیه‌ به‌ واقیعی کوردستان، تا له‌سه‌ر حیسابی دوو پارتی سه‌ره‌کی گۆڕه‌پانی سیاسی کوردستان، پێگه‌ی خۆی پته‌وتر و به‌هێزتر بکات. ئه‌وه‌یشی که‌ جێگه‌ی ئاماژه‌پێدانه‌، ئه‌و دوو پارته‌ سه‌ره‌کییه‌، له‌پێناو سنووردارترکردنی ده‌سه‌ڵاتی یه‌کتریان، په‌نایان بۆ ئه‌م باڵه‌ سیاسییه‌ ده‌برد تا له‌ هاوکێشه‌ی هه‌ژمووندا پێگه‌یه‌کی پشتیوانیکه‌ری هه‌بێت بۆیان، به‌ڵام، ئه‌وه‌ی که‌ پاشان بۆ هه‌ردوولا و، بۆ یه‌کێتی نیشتمانی به‌ شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی ده‌رکه‌وت، هه‌ڵه‌یی ئه‌و تێڕوانینه‌بوو. ئیسلامی سیاسی، توانی که‌ڵکێکی باش له‌ ململانێکردنی ده‌سه‌ڵات له‌ نێوان هه‌ردوو پارتدا وه‌ربگرێت و، بۆ مه‌رامی تایبه‌تی خۆی به‌ شێوازێکی ژیرانه‌ به‌کاری بهێنێت. هه‌ڵبه‌ته‌، ماوه‌ زێڕینه‌کانی ئیسلامی سیاسی کورد، ئه‌و کاتانه‌ بووه‌ که‌ ململانێ و رکابه‌ری سیاسی و سه‌ربازی له‌نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له‌ ئه‌وپه‌ریدا بووه‌ و، پێچه‌وانه‌که‌شی تا راده‌یه‌کی ره‌چاوکراو، راسته‌. ئه‌ویشی که‌ جێگه‌ی سه‌رنج و تێڕامانه‌، ئیسلامی سیاسی له‌ کوردستان، دوای تێپه‌ربوونی چه‌ند ساڵێک به‌سه‌ر ئازادبوونی له‌ ده‌سه‌ڵاتی رژێمی به‌عس له‌ به‌غدا و، هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگی ناوخۆیی، پتر له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پارته‌ سه‌ره‌کییه‌کانی گۆڕه‌پانه‌که‌ هه‌نگاویان به‌ره‌و پێشه‌وه‌نا، هه‌ر بۆ نموونه‌، بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، هیچ جۆره‌ بایه‌خ و ئیعتیبارێکی بۆ پارتی و یه‌کێتیش له‌به‌رچاونه‌ده‌گرت، چ له‌ سه‌رده‌می هه‌ژموونی پارتی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ یان پاشان له‌ کاتی هه‌ژموونی یه‌کێتی له‌و شاره‌دا. بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، وه‌ک حکومه‌تێکی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌تی خۆی ره‌فتاری ده‌کرد و، هه‌موو کاره‌کانی به‌ پێی پێوه‌ره‌"ئیسلامییه‌کانی"خۆی جێبه‌جێ ده‌کرد، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش، به‌ڵکو کار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی که‌ فه‌توای کوشتن بۆ ئه‌م رۆشنبیر و ئه‌و شاعیریش ده‌رکه‌ن. هه‌ڵبه‌ته‌، ئه‌وه‌ی که‌ زێتر بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی هان ده‌دا که‌ هه‌ڵوێستی توندتر و ره‌قتر به‌تایبه‌تی له‌ به‌رامبه‌ر یه‌کێتی نیشتمانیدا وه‌ربگرێت، ئه‌و پشت ئه‌ستوور بوونه‌ی بوو به‌ کۆماری ئیسلامی ئێران، کاتێکیش رووبه‌ڕوونه‌وه‌ی سه‌ربازی له‌ نێوانیادا روویدا، ئه‌وا وه‌ک روون و ئاشکرابوو، رێککه‌وتننامه‌ی ئاشتی نێوان یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ تاران مۆرکرا!! به‌ڵام، ناسه‌قامگیربوونی بارودۆخه‌که‌ و لێڵ بوونی ئاسۆی زۆر بابه‌ت، بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ بززوتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌ره‌ به‌ره‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی جاران نه‌مێنێت و، یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردستان، وه‌ک هێزێکی ئیسلامی " هه‌ژموونی سیاسی و فیکری خۆی له‌ سه‌رانسه‌ری کوردستاندا، به‌هێزتر بکات. یه‌کگرتوو، وه‌ک پرۆژه‌یه‌کی سیاسی، ده‌کرێت به‌ بازدانێکی دابنێین له‌ هزری ئیسلامی سیاسی کوردیدا و، له‌ هه‌مان کاتیشدا، به‌ هاوچه‌رختر و هاوده‌مانه‌تر له‌ باڵه‌کانی دیکه‌ی ئیسلامی سیاسی کوردی وتاره‌که‌ی ئاراسته‌ی گه‌لی کورد بکات، سه‌رباری ئه‌وه‌ی که‌ توانی وه‌ک هێزێکی سیاسی شوێن و پێگه‌ی خۆی له‌ناو گۆڕه‌پانه‌که‌دا بکاته‌وه‌. بێگومان هه‌ر له‌گه‌ڵ پترتر هه‌ژموونی سیاسی یه‌کگرتوو له‌ناو گۆڕه‌پانه‌که‌دا، هاوکات کوردستان و عێراق، هه‌نگاوی نائاسایی به‌ره‌و گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تی ده‌نا. ئازادکردنی عێراق و رووخاندنی رژێمی به‌عس له‌ به‌غدا و، ئه‌و هاوکاریکردن و هه‌ماهه‌نگیه‌ی  که‌ له‌ نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و هێزه‌کانی ئه‌مریکا جێبه‌جێکرا، جۆره‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کی دیکه‌ی به‌ پێوه‌ندی نێوانیان به‌خشی، هه‌رچه‌نده‌ ده‌کرێت بڵێین ئه‌و رۆڵه‌ی که‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان له‌ ئازادکردنی عێراقدا بینی، توانی به‌ جۆرێک و دیکه‌، کورد بخاته‌ ناو بازنه‌ داخراوه‌کانی"یارییه‌ نهێنییه‌کان"و، کۆتایی به‌ رۆڵی"پاشکۆیی"و"په‌راوێز"کراوی له‌ گۆڕه‌پانی سیاسیدا بهێنێت. ئه‌م گۆڕانه‌ له‌ رۆڵ و پێگه‌ی سیاسی بزافی رزگاریخوازی کورددا، بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ جۆره‌ گۆڕانکارییه‌کیش به‌سه‌ر ئه‌و شێوازی کارکردن و هه‌ماهه‌نگییه‌ی که‌ ئیسلامی سیاسی له‌ کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌و بزافه‌دا گرتبوویانه‌به‌ر، بهێنن. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌، جیابوونه‌وه‌ی یه‌کگرتووی ئیسلامی له‌ لیستێکی جیاوازدا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م دواییه‌دا و، سه‌ره‌تای ده‌ستپێکی قۆناغێکی نوێی پێوه‌ندی نێوان ئه‌م دوو باڵه‌ سیاسییه‌ی ناو کوردستان ده‌ستنیشانکرد. ئه‌م گۆڕانه‌ش، له‌ رۆشنایی خوێندنه‌وه‌یه‌کی وردبینانه‌دا، ئه‌گه‌رچی له‌ رووکه‌شدا، بانگه‌شه‌ی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی سیاسی و ئیداری ده‌کرد، به‌ڵام له‌ ناوه‌رۆکیدا و، هه‌روه‌ک ناوه‌نده‌ سیاسییه‌ جیاوازه‌کان لێکیاندایه‌وه‌، جووتبوونێکی ناڕاسته‌وخۆی ئیسلامی سیاسی کوردبوو له‌گه‌ڵ باڵه‌ سوننییه‌که‌ی به‌غدا که‌ به‌رجه‌سته‌کاری داخوازییه‌ سیاسییه‌کانی وڵاتانی ناوچه‌که‌یه‌. ئیسلامی سیاسی کورد، ده‌خوازێت له‌ میانه‌ی ئه‌و پرۆسه‌ دیموکراتییه‌ی که‌ له‌ کوردستاندا پیاده‌کراوه‌، ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر ته‌واوی گۆڕه‌پانی سیاسی کوردستاندا زاڵ بکات، ئه‌م پێشبینییه‌ش ئه‌گه‌رچی هه‌ندێک به‌ جۆره‌ زێده‌ڕه‌ویی له‌ ره‌شبینی بۆ داهاتووی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتیشدا، ده‌زانن هه‌ڕه‌شه‌یه‌که‌ که‌ سایه‌ی تاریکی خۆی به‌سه‌ر کوردستاندا ده‌کێشێت. لێره‌شدا، ده‌کرێت، ئه‌زموونی جه‌زایه‌ر له‌باره‌ی سوودوه‌رگرتنی ئیسلامی سیاسی له‌ پرۆسه‌ دیموکراتییه‌که له‌ هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی رابردوو،‌ بهێنینه‌وه‌ یاد، چونکه‌"به‌ره‌ی رزگاریخوازی ئیسلامی"به‌رنامه‌یه‌کی سیاسی ـ فیکری له‌به‌رده‌ستدابوو که‌ له‌ میانه‌وه‌ی بتوانێت گۆڕه‌پانه‌که‌ به‌ ته‌واوه‌تی بۆ خۆی چۆڵ بکات، ئه‌م کاره‌ش، هه‌موو ناوه‌نده‌"هه‌واڵگریه‌کانی"ناوچه‌که‌ و جیهانی پێیانزانی به‌ په‌له‌ که‌وتنه‌ کار له‌دژیدا چونکه‌ رێگه‌ی خۆش ده‌کرد بۆ گه‌وره‌ترین گۆڕانکاری له‌ ناوچه‌که‌دا. بزافی رزگاریخوازی کورد که‌ پتر له‌ پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستاندا، به‌رجه‌سته‌ده‌بێت، هێشتا به‌ شێوازێکی که‌مته‌رخه‌مییانه‌ له‌گه‌ڵ ئیسلامی سیاسی کوردیدا ده‌جووڵێته‌وه‌ و، وه‌ک هێزێکی سیاسی ئاسایی ته‌ماشا و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ که‌ ئه‌و باڵه‌ سیاسییه‌ په‌یتا په‌یتا به‌ڕه‌که‌ له‌ژێر پێی ئه‌وان راده‌کێشێت. له‌راستیشدا، ئه‌وه‌ی که‌ تا ئه‌مڕۆ ده‌سته‌به‌رکراوه‌، به‌روبوومی خوێنی شه‌هیدان و مال وێرانکراوه‌کانی گه‌لی کورده‌ و، هیچ باڵێکی سیاسی به‌ هیچ بیانوویه‌که‌وه‌ ته‌نانه‌ت"ئایینیشه‌و"بۆی نییه‌ کۆسپ بخاته‌ رێگه‌ی یان نشووستی پێ بهێنێت. په‌رله‌مانی کوردستان، ده‌بێت له‌ میانه‌ی چه‌ند بڕگه‌یه‌کی ده‌ستوورییه‌وه‌ رێگه‌ی ته‌واو له‌ هه‌ر جۆره‌ پاشقولدانێک بگرێت و، پتر مۆرکی نه‌ته‌وه‌یی ـ عیلمانی ئه‌زموونی سیاسی کوردستان له‌ بڕگه‌ یاساییه‌کاندا به‌رجه‌سته‌بکرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو تێبینییه‌ش که‌ له‌سه‌ر سیسته‌می سیاسی تورکیا هه‌مانه‌، به‌ڵام ده‌کرێت ته‌ماشای ئه‌زموونی سیاسی تورکیا له‌گه‌ڵ ئیسلامی سیاسی ئه‌و وڵاته‌دا بکرێت و، تا ئه‌وه‌نده‌ی پێویسته‌ سوودی لێ وه‌ربگیرێت. ئیسلامی سیاسی کوردی، که‌ رۆژ له‌ دوای رۆژ هه‌نگاوی پراکتیکی ده‌نێت بۆ سنووردارترکردنی ناوه‌رۆکی"عیلمانی" و شارستانی ئه‌زموونی سیاسی کورد به‌تایبه‌تی له‌ میانه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی دیارده‌ی"حیجاب"به‌و شێوازه‌ی که‌ هه‌رگیز جاران له‌ ناو کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیدا نه‌بووه‌، گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئه‌زموونی سیاسی کورد ده‌کات، چونکه‌ له‌ کاتێکدا که‌ په‌رله‌مانی کوردستان خه‌ریکی ده‌رکردنی یاسای تایبه‌ته‌ به‌ پتر به‌خشینی ئازادی به‌ ئافره‌ت، که‌چی ئیسلامی سیاسی له‌ میانه‌ی سوودوه‌رگرتنێکی میکاڤیلییه‌وه‌ له‌ بابه‌تی"حیجاب"ده‌خوازێت ئه‌و یاسایانه‌ پووچه‌ل بکاته‌وه‌ له‌ ناوه‌رۆکه‌که‌ی و هیچ ئومێدیکیش به‌ په‌ره‌پێدانیان بۆ به‌ره‌و پێشتر چوون له‌ئارادانه‌هێڵێته‌وه‌. ئیسلامی سیاسی ده‌بێت بزانێت، که‌ ئه‌و که‌شه‌ ئازادییه‌ی ئێستا له‌ کوردستاندا هه‌یه‌، ته‌نها به‌رهه‌می خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییه‌ و، ته‌نها ئه‌و خه‌باته‌شه‌ که‌ ده‌توانێت ئایینده‌یه‌کی رۆشنتر بۆ گه‌لی کورد مسۆگه‌ربکات. کاتێکیش گه‌لی کورد هه‌ستی نیگه‌رانی له‌به‌رامبه‌ر ئیسلامی سیاسی کوردیدا ده‌ڕه‌وێته‌وه‌، که‌ سنوورێک بۆ پێوه‌ندییه‌"فیکری ـ سیاسی"یه‌کانی نێوانی و نێوان عه‌ره‌به‌ سوننه‌کاندا دابنێت، ئه‌و کاره‌ش ته‌نها له‌ گرتنه‌به‌ری تایبه‌تمه‌ندی کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری و جیاوازی له‌ زۆر رووه‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌کانی دیکه‌ی ناوچه‌که‌دا، مسۆگه‌ر ده‌بێت.

                                                             

 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca