کورد و ئیسلامی سیاسی و گره‌وه‌کانی ئایینده‌
تایبه‌تمه‌ندی پێوه‌ندی کورد به‌ ئایینی ئیسلامه‌وه‌

نزار جاف

nezarjaff@gmail.com

       (2)

 

به‌ر له‌ باسکردنی ته‌وه‌ری سه‌ره‌کی باسه‌که‌مان، واته‌ کورد و ئیسلامی سیاسی، زۆر گرنگه‌ که‌ تیشک بخه‌ینه‌سه‌ر پێوه‌ندی خودی گه‌لی کورد به‌ ئایینی ئیسلامه‌وه‌ و، شێوازی مامه‌ڵه‌کردنی له‌گه‌ڵیدا، چونکه‌ جۆری ئه‌و پێوه‌ندییه‌ شته‌کان پتر روون ده‌کاته‌وه‌ و، بنه‌ڕه‌تی بابه‌ته‌که‌ شیده‌کاته‌وه‌. ئه‌وه‌ی که‌ روون و ئاشکراشه‌، گه‌لی کورد به‌ یه‌کێک له‌و گه‌لانه‌ داده‌نرێت که‌ زۆر به‌ رێز و حورمه‌تێکی تایبه‌تییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئیسلامدا کردووه‌ و، هه‌میشه‌ پێگه‌یه‌کی یه‌کجار تایبه‌تی بۆ ئه‌و ئایینه‌ داناوه‌ و، له‌ سه‌روو هه‌موو شتێکی دیکه‌وه‌ دایناوه‌. گه‌لی و کورد ته‌نانه‌ت زانا ئاینییه‌کانیشی هه‌رگیز بیریان له‌ به‌کارهێنانی ئایینی ئیسلام نه‌کردۆته‌وه‌ بۆ هه‌ندێک مه‌به‌ست و ئامانجی سیاسی یان ره‌گه‌زی، ئه‌وان ئایینیان به‌ بابه‌تێک زانیوه‌ که‌ ته‌نها به‌رجه‌سته‌کاری پێوه‌ندی مرۆڤه‌ له‌گه‌ڵ یه‌زدانیدا. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌، ئه‌و ململانێی ده‌سه‌ڵاته‌ی که‌ له‌ رێگه‌ی ئایینی ئیسلامه‌وه‌ ئه‌نجامدرا بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجی سیاسی، زۆر به‌ روونی و ئاشکرایی له‌ ناو گه‌لانی ناوچه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێت. ئه‌گه‌ر بڕوانینه‌ دوورگه‌ی عه‌ره‌ب که‌ ئایینی ئیسلامی تێدا ده‌رکه‌وت، ئه‌وا ململانێکردنێکی سه‌ختی هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵات له‌ ناو چه‌ند باڵێکی هۆزایه‌تی عه‌ره‌بدا ده‌بینین، هه‌ر له‌سه‌رتاشه‌وه‌، کاتێک پێغه‌مبه‌ری ئیسلام کۆچی دوایی کرد، ململانێی ده‌سه‌ڵات له‌"سه‌قیفه‌ی قه‌سی کوڕی ساعیده‌"دا ده‌ستی پێکرد له‌ نێوان "موهاجیرین" و "ئه‌نسار"دا، که‌ هه‌روه‌ک له‌ سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌کاندا ده‌گێڕدرێته‌وه‌، به‌ هۆی هه‌ڵگردنی شمشێره‌که‌ی"عومه‌ڕی کوڕی خه‌تاب"ه‌وه‌ پۆستی جێنشینی پێغه‌مبه‌ر بۆ ئه‌بو به‌کری سدیق یه‌ک‌لایی کرایه‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ دوابه‌دوای دانانی ئه‌بوبه‌کر بۆ ئه‌و پۆسته‌، عه‌لی کوڕی ئه‌بی تالیب بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ رازی نه‌بوو ملکه‌چی ئه‌و کاره‌بێت و، وه‌ک زۆر سه‌رچاوه‌ی مێژوویی باس ده‌که‌ن، عه‌لی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌کی به‌ مافی ره‌وای خۆی ده‌زانی. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی عه‌لی له‌ مه‌سه‌له‌ی دانانی جێنشینێک بۆ پێغه‌مبه‌ر، بووه‌ هه‌وێنی درووستبوونی مه‌زهه‌بی شیعه‌ له‌ دوای خۆی، که‌ ئه‌ویش درێژه‌دانبوو به‌ چیرۆکی ململانێکردن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌ ناوی ئیسلامه‌وه‌. به‌ڵام، له‌ سه‌رده‌می خه‌لیفه‌ی سێییه‌م "عوسمانی کوڕی عه‌ففان"ه‌وه‌، هه‌ژموونی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌مه‌وی په‌یتا په‌یتا ده‌رکه‌وت و، رۆژ له دوای رۆژ توانا و ده‌سه‌ڵاتی "والی"شام موعاوییه‌ کوری ئه‌بی سوفیان به‌هێزتر ده‌بوو و‌، به‌ تیرۆر کردنی عه‌لی کوڕی ئه‌بی تالیب له‌سه‌ر ده‌ستی"عه‌بدولڕه‌حمانی کوڕی مولجیم"، بوار بۆ موعاوییه‌ ره‌خسا که‌ ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌وی پێکبهێنێت که‌ هه‌روه‌ک زۆرینه‌ی مێژوونووس و لێکۆڵه‌ره‌وانه‌کان باسی ده‌که‌ن، ده‌وڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌ب بوو به‌ ناوه‌رۆکێکی ئیسلامی. پاش پتر له‌ سه‌ده‌یه‌ک و دوای لاوازبوونی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌، عه‌باسییه‌کان که‌ رچه‌ڵه‌کیان بۆ "عه‌باس کوڕی عه‌بدولموته‌لیب"ی مامی پێغه‌مبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، شۆڕشیان له‌دژی ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌وی به‌رپاکرد به‌ ناوی داواکردنی ده‌سه‌ڵات بۆ بنه‌ماڵه‌ی پێغه‌مبه‌ر(واته‌ وه‌چه‌ی عه‌لی کوری ئه‌بی تالیب و فاتمه‌ی کچی پێغه‌مبه‌ر که‌ خێزانی بوو) و کار کۆتایی هات به‌ له‌ ناوچوونی ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌وی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عه‌باسی. به‌ڵام، پاشان ئاشکرابوو که‌ بانگه‌شه‌کردن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ بنه‌ماڵه‌ی پێغه‌مبه‌ر له‌ بیانوویه‌ک بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات به‌ولاوه‌ چیدی زێتر نه‌بوو. هه‌ڵبه‌ته‌ چیرۆکی ململانێکردن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌ هۆی ئایینی ئیسلامه‌وه‌ له‌ ناو هۆزه‌ عه‌ره‌به‌کاندا هه‌ر به‌رده‌وامبوو و، چه‌ندین ده‌وڵتی دیکه‌ی وه‌ک ده‌وڵه‌تی حه‌مدانی  و ئه‌مه‌وی له‌ ئه‌نده‌لوس و ده‌وڵه‌تی مورابتین له‌ مه‌غریب و چه‌ندین ده‌وڵتی دیکه‌ که‌ خوێنه‌ر ده‌توانێت به‌ هۆی سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌ جیاوازه‌کانه‌وه‌ پتر زانیارییان له‌باره‌وه‌ وه‌ربگرێت چونکه‌ ئه‌م بواره‌ ته‌سکه‌ بۆ ئه‌و باسه‌ فراوانه‌ به‌س نییه‌. به‌ڵام، مامه‌ڵه‌کردنی فارس له‌گه‌ڵ ئیسلامدا به‌ شێوازێکی جیاوازتر له‌ هی عه‌ره‌ب بوو، چونکه‌ فارس خاوه‌ن مێژوویه‌کی شارستانی دێرین بوون که‌ به‌ هۆی ئیسلامه‌وه‌ کۆتایی پێهات و، هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه‌، فارسه‌کان خاوه‌ن ئه‌زموونێکی باش بوون له‌ بواری حوکمڕانیدا و، ده‌یانزانی چۆن و که‌ی ده‌وڵه‌تی خۆیان پاش داڕمانی شارستانییه‌تییه‌کان له‌سه‌ر ده‌ستی موسڵمانانن. فارسه‌کان که‌ تا سه‌رده‌می شا ئیسماعیلی سه‌فه‌وی هه‌موویان سوننی مه‌زهه‌ب بوون، له‌ سه‌رده‌می ئه‌وه‌وه‌ که‌مه‌ که‌مه‌ مه‌زهه‌بی فارسه‌کان بۆ شیعه‌ گۆڕدرا، ئه‌مه‌ش له‌ خۆیدا جۆره‌ ته‌کتیکی ژیرانه‌ی ئیسماعیل سه‌فه‌وی بوو له‌ به‌رامبه‌ر دراوسێ به‌هێزه‌که‌ی"ده‌وڵه‌تی عوسمانی"، چونکه‌ ئه‌گه‌ر بهاتبایه‌ فارس له‌سه‌ر مه‌زهه‌بی سوننی بمابایه‌، ئه‌وا بیانوو له‌ ده‌ستی عوسمانییه‌کاندا زۆر ده‌بوو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی فارس بۆ ژێر رکێفی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، ئه‌مه‌ و، ده‌شبێت ئه‌وه‌ بزانرێت که‌ شا ئیسماعیل به‌ جۆرێکی ژیرانه‌ به‌ردوامی دایه‌وه‌ به‌ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی فارس به‌ڵام ته‌نها به‌ گۆڕانێک له‌ ناوه‌رۆکیدا، به‌ڵام به‌ شێوه‌ هه‌ر هه‌مان شاهنشاکه‌ی جاران بوو. هه‌ڵبه‌ته‌، ململانێ و شه‌ڕی به‌رده‌وام له‌ نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی عوسمانی و سه‌فه‌وی روویدا که‌ هه‌موو له‌پێناو هه‌ژموونی تایبه‌تیدا بوو له‌ژێر په‌رده‌ی ئایینی ئیسلامدا. بۆ زێتر زانیاریش وه‌رگرتن له‌باره‌ی پێوه‌ندی فارس به‌ ئیسلامه‌وه‌، ده‌کرێت سوود له‌ زنجیره‌ کتێبی"ايران اسلام خدمات متقابل"ی فه‌یله‌سوف و زانای موسڵمانی ئێرانی"ئایه‌توڵڵا مورته‌زا موته‌هه‌ری"که‌ به‌ زمانی فارسی نووسراوه‌ و تیایدا تیشک خراوه‌ته‌ سه‌ر زۆر بابه‌تی گرنگ له‌ مێژووی پێوه‌ندییه‌کانیانه‌وه‌، موته‌هه‌ری باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ چۆن ئیسلام خزمه‌تی فارسی کردووه‌، فارسیش به‌ هه‌مان شێوه‌ خزمه‌تێکی ئه‌وتۆیان به‌ ئایینی ئیسلام گه‌یاندووه‌، له‌ راستیشدا موته‌هه‌ری هه‌وڵ ده‌دات باس له دوو ‌لایه‌نی هاوکێشه‌که‌ بکات، واته‌ نه‌ته‌وه‌ی فارس و ئیسلام، ئه‌مه‌ش له‌ خۆیدا گرنگی مۆرکی نه‌ته‌وایه‌تی له‌ شێوازی مامه‌ڵه‌کردنی فارس له‌گه‌ڵ ئاییندا روون ده‌کاته‌وه‌.  گه‌لی تورکیش، له‌ میانه‌ی عوسمانییه‌کانه‌وه‌ چیرۆکی خۆی له‌گه‌ڵ بابه‌تی ده‌سه‌ڵات له‌ رێگه‌ی ئیسلامه‌وه‌ ده‌ست پێکرد. عوسمانییه‌کان که‌ گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تیان له‌ مێژووی ئیسلامدا ده‌سته‌به‌رکرد، مۆرکی نه‌ته‌وه‌یی"تورک"به‌و ده‌وڵه‌ته‌وه‌ یه‌کجار ئاشکرابوو و، ته‌نانه‌ت هه‌موو ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وانه‌ی که‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌کاندابوون له‌وباره‌وه‌ سكاڵایان ده‌کرد، لێره‌شدا، زاڵبوونی بابه‌تی ره‌گه‌زی له‌سه‌رده‌می عوسمانییه‌کاندا به‌سه‌ر ویلایه‌ته‌ جیاوازه‌کانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا، هه‌ژموونی نه‌ته‌وه‌یی تورکی له‌وباره‌وه‌ روون ده‌کرده‌وه‌. ده‌رفه‌تی مێژوویی کورد بۆ دامه‌زارندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆیبه‌ هۆی ئاینی ئیسلامه‌وه‌، له‌ سه‌رده‌می سه‌لاحه‌دین ئه‌یوبیدا ره‌خسا، به‌ڵام، هه‌روه‌ک سه‌لمێندراوه‌، سه‌لاحه‌دین و بنه‌ماڵه‌که‌یشی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک بیریان له‌ ده‌وڵتێکی نه‌ته‌وه‌یی بۆ کورد نه‌کردۆته‌وه‌ و، کاره‌که‌یان ته‌نها له‌پێناو ئایینی ئیسلامدا کردووه‌ و، ئه‌م راستییه‌ش هه‌موو سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌کان دانی پێدا ده‌نێن، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش، به‌ڵکو به‌ هۆی ئه‌و بایه‌خ نه‌دانه‌ی سه‌لاحه‌دین ئه‌یوبی به‌ نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی، بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ زۆر له‌ سه‌رچاوه‌مێژووییه‌کان به‌ قاره‌مانێکی"عه‌ره‌ب"ی دابنێن!! هه‌ڵبه‌ته‌ کۆتایی هاتنی سه‌رده‌می ئه‌یوبییه‌کان کۆتایی هێنا به‌ خه‌ونی ده‌وڵه‌تێکی  نه‌ته‌وه‌یی کورد و، له‌ هه‌مان کاتیشدا، بنچینه‌یه‌کی تایبه‌تیش دانا بۆ پێوه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌ ئیسلامه‌وه و، هه‌میشه‌ بابه‌تی په‌یڕه‌وکردنی نه‌ته‌وه‌ی کوردی له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی"عه‌ره‌ب و تورک و فارس"ی کرده‌ بنه‌مایه‌ک بۆ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ کورددا و، کورد وه‌ک به‌شێک له‌ ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ دانرا و، ئه‌م مامه‌ڵه‌کردن و تێڕوانینه‌ش بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه‌ و بۆته‌ چوارچێوه‌یه‌ک که‌ ناتوانن به‌ ئاسانی خۆیانی لێ ده‌رباز بکه‌ن. ئیسلام ئه‌گه‌رچی له‌لای هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی ناوچه‌که‌ بووه‌ پردێک بۆ ده‌سه‌ڵات، که‌چی لای گه‌لی کورد ته‌نها هۆکارێک پێوه‌ندی خاوێنبوو له‌ نێوان ئه‌و و یه‌زدانیدا. ئه‌وه‌ی که‌ جێگه‌ی تێڕامانه‌، پێکنه‌هێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی کورد له‌ مێژوودا، بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی که‌ ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌ هۆی ئیسلامه‌وه‌ پێک هێنا، وه‌ک سه‌پانێکی خۆیان ته‌ماشای گه‌لی کورد‌ و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بکه‌ن.

تێبینی: ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ یه‌که‌م جار له‌ رۆژنامه‌ی کوردستان راپۆرتدا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.

                                                    

 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca