بێکه‌س و هه‌ڵمه‌ت و شاکه‌لی

له‌ گۆڤارێکی ئه‌ده‌بیی ئه‌مه‌ریکیدا

 

پۆڵا ساناکار

گۆڤاری ڕاتتاپاللاکس (Rattapallax)ی ئه‌مه‌ریکایی گۆڤارێکی ئه‌ده‌بییه‌ و له‌ پله‌ی یه‌که‌مدا بۆ شیعر ته‌رخان ده‌کرێت، به‌ڵام له‌ هه‌ر ژماره‌یه‌کدا یه‌ک دوو لێکۆڵینه‌وه‌کیش بڵاو ده‌کر‌ێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت وه‌ک پێشکه‌شکردنی ئه‌و تێکستانه‌ی له‌ گۆڤاره‌که‌دا بڵاو ده‌کرێنه‌وه‌. ئه‌م گۆڤاره‌ بایه‌خێکی باش به‌ شیعری گه‌لانی بچووک و هه‌ڕه‌شه‌لێکراو ده‌دات و هه‌وڵ ده‌دات ئه‌ده‌ب و شیعری ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ به‌ خوێنه‌ری ئه‌مه‌ریکایی و خوێنه‌رانی شیعر له‌ جیهاندا بناسێنێت.

له‌ ژماره‌ سێزده‌ی گۆڤاره‌که‌دا که‌ سه‌ره‌تای پاییزی ئه‌مساڵ ده‌رچووه‌، به‌رهه‌می سێ شاعیری کورد (شێرکۆ بێکه‌س و له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و فه‌رهاد شاکه‌لی) پێشکه‌ش کراوه‌. له‌م ژماره‌یه‌دا به‌شێکی تایبه‌ت ته‌رخان کراوه‌ بۆ به‌رهه‌می (زمانانی هه‌ره‌شه‌لێکراو) و شیعره‌کانی بێکه‌س و هه‌ڵمه‌ت و شاکه‌لی له‌م به‌شه‌دا له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می نزیکه‌ی سیوپێنج شاعیردا بڵاو کراونه‌ته‌وه. جێگای دڵخۆشی‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌رهه‌می هه‌موو ئه‌و شاعیرانه‌‌ به‌ زمانی خۆیان و به‌ زمانی ئینگلیزی به‌ ته‌نیشت یه‌که‌وه‌ چاپ کراون. شیعری هه‌ر سێ شاعیره‌ کورده‌که‌یش به‌ هه‌ردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی بڵاو کراونه‌وه‌.

به‌رهه‌می شاعیره‌ کورده‌کان که‌ له‌ ژماره‌ی سێزده‌یه‌می گۆڤاری ڕاتتاپاللاکسدا ده‌بینرێن به‌م جۆره‌ن:

شیرکۆ بێکه‌س: شیعری(کلیل)، لاپه‌ڕه‌: 35

له‌تیف هه‌ڵمه‌ت: شیعری(نازم حیکمه‌ت بۆ مرۆڤایه‌تی ده‌دوێ)، لاپه‌ڕه‌: 41

فه‌رهاد شاکه‌لی: شیعری(ده‌رده‌سه‌ری)، لاپه‌ڕه‌: 52 تا 55

 

له‌ به‌شی کۆتاییی گۆڤاره‌که‌دا کورته‌ زانیارییه‌ک له‌سه‌ر ژیان و به‌رهه‌می شاعیره‌کان نوسراوه‌.

شایانی باسه‌‌ له‌و به‌شه‌ تایبه‌تییه‌دا، بێجگه‌ له‌ زمانی کوردی، به‌رهه‌می شیعریی زمانانی وه‌ک بریتۆن، سامی، وه‌یڵز، سکۆتی، فریسیان، تیگرینی، ژاپۆتیک و باسک بڵاو کراوه‌ته‌وه‌.

 

پۆڵا ساناکار

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca