ورشه‌ی خه‌یاڵی تۆ ، له‌ بێده‌نگیم ده‌خشێ ..

 

ڕێباز مه‌حمود - هۆڵه‌ندا

به‌ ده‌ستی به‌تاڵه‌وه‌ لێره‌وه‌ تا ئه‌وسه‌ری فرسه‌تێک

که‌ دواین شانسی تۆیه‌و

دنیا به‌ منه‌ته‌وه‌ پێی به‌خشیوی ..

من موسافیرێکم ، شپرزه‌یی پێم پێ هه‌ڵده‌گرێ و

ورشه‌ی خه‌یاڵی تۆ له‌ بێده‌نگیم ده‌خشێ

که‌چی بڕستی ئه‌وه‌م لێ ده‌بڕێ بێمه‌وه‌ ناو خۆم ..

بێمه‌وه‌ ناو خۆم  و ته‌پ و تۆزی ئه‌و غه‌دره‌ بته‌کێنم ،

له‌سه‌ر ڕووی باڵێکم نیشتووه‌ له‌ تۆدا ،

تۆ که‌ به‌و هه‌موو مناڵیه‌ی خۆته‌وه‌

چاره‌یه‌کی ترت نیه‌ جگه‌ له‌ فڕین .......

من که‌ به‌م هه‌موو تینوێتیه‌ی خۆمه‌وه‌

دڵۆپێک بارانی تۆم بۆ قاتی بوو..

له‌ کوێ هه‌ڵت بگرمه‌وه‌ ..له‌ کام زه‌مانه‌وه‌ ده‌ست

به‌ کۆکردنه‌وه‌ی هه‌نسکه‌کانت بکه‌م ؟

ئاه .. چه‌ند دوور ودرێژ له‌و دیو ته‌نهایی منه‌وه‌ ڕژاوی و

موشتاقیم له‌ ناو ئه‌م کاخه‌زه‌ چرچ و لۆچ بوه‌ی ناو مشتی قه‌ده‌ردا

له‌گه‌ڵ تۆدا چ دوو ڕاسته‌هێڵێکی هاوته‌ریب بوون !

دنیا بۆ پێکه‌نینی خۆی

تۆی به‌ ده‌ستی من خسته‌ ناو ئه‌م ناهه‌قیه‌وه‌

یان ژیان فێڵێک بوو ،

بۆ فریو دانی هه‌ردوکمان ؟؟

جوانترین پارچه‌کانت ،که‌ هه‌موو تۆ ده‌کات به‌ منیشه‌وه‌

شیعرێک بوو له‌وه‌ته‌ی دنیا دنیایه‌ ،

بۆته‌ جێ نیشانه‌ی به‌ردی یه‌که‌م و

ڕم و ئاسنی دووه‌م و

ته‌کنه‌لۆژیای ئاخرینی ڕیز کردنه‌وه‌مان به‌ خوار و خێچی ..

له‌ هه‌ر گۆرانیه‌ک ورد ده‌بمه‌وه‌ ، ده‌ماو ده‌م ده‌ڕوا  ؛ بۆ درۆ 

 هه‌ر تۆو عه‌شق و ئازادی پێیه .

که‌چی له‌وه‌ته‌ی دنیا دنیایه‌

نیشتمانێک نه‌بوو بۆ ژیر بونه‌وه‌ی غه‌ریبیم به‌ ژیان .‌

ئاسمانێک نه‌بوو

له‌ عه‌شق پڕ ته‌م و هه‌ور و هه‌ڵاتر ..

که‌چی تۆ هێشتا دوای گشت ژه‌مێک ،

  له‌ ئاشپه‌زخانه‌ی خه‌م خواردنا

ئه‌بێ هه‌ر خه‌ریکی سڕینه‌وه‌ی ،

  سفره‌ی هه‌ڵه‌ی مه‌خلوقات بیت ..

ئه‌قڵم که‌ باوکی ڕاسته‌قینه‌ی تۆیه‌

هێنده‌ کار قایمه‌ قه‌ڵه‌می حساباته‌که‌ی خۆی قه‌ت بیر ناچێ

حه‌یف سبه‌ینێش به‌ر له‌ تۆ له‌ خه‌و هه‌ڵده‌‌ستێ

خه‌تی سوور سوور ده‌هێنێت به‌ به‌ینی ئه‌رزی گرمۆڵه‌ییت و

ئاسمانی شینی خه‌و بینینت ،

 نه‌کا بفڕی ..!

به‌ڵام هێشتا مردن  گوناهی ده‌گات

گه‌ر وا بزانێت ،

سه‌ره‌تاتکێکانی له‌گه‌ڵ تۆ له‌سه‌ر حه‌قه‌ ..

گه‌ر وابزانێت  ،

هه‌ر کاتێ بێت واده‌ی خۆیه‌تی و

گه‌ر له‌ واده‌ی خۆشیا بێت ..

 من هێشتا نوزه‌یه‌ک جوانیم که‌ لای تۆیه‌

ناچێ به‌ گژیا !

هێشتا هه‌ر زۆر زۆر گوناهی ده‌گات ،

گه‌ر وابزانێت ،

تۆ که‌ له‌ مندا له‌ ئاست باخدا ده‌محه‌په‌سێنی و

له‌و دیو که‌لله‌ڕه‌قیمه‌وه‌ مناڵیم ده‌خه‌یته‌وه‌ گڕوگاڵ  ..

تۆ له‌ مندا هه‌ڵکه‌نێ ،

من نابمه‌ ده‌ڤه‌رێکی ووشک و به‌تاڵ ..!

به‌ڵام حه‌یف که‌ له‌ خوارڕای مردنیشه‌وه‌

هیچ به‌رچاو ڕوونیه‌ک دیار نیه ...

تا بڵێین :

ئه‌وه‌‌ دواین وێستگه‌یه‌ ، هیلاکی دا‌ئه‌به‌زێت و

 ئیتر ئێمه‌‌ به‌ ناو ئه‌رز و ئاوی

 مه‌مله‌که‌ته‌ به‌رینه‌کانی ته‌مه‌ننادا ئه‌ڕۆین و

له‌ دڵه‌ شکاوه‌کانمانه‌وه‌ ،

له‌ جیاتی ئه‌سه‌ف ..

 هه‌ر ورده‌ چرپه‌ی فێنک و ته‌ڕمان لێ ده‌ڕژێ ..!

به‌ڵام واش هه‌ر دێم و ده‌چم به‌ گژ نیگه‌رانیتا

به‌ گژ ئه‌و ساتانه‌ی تاقه‌تی ئه‌وه‌ت نیه‌ ده‌رگای تیا بکه‌یته‌وه‌ و

پیاوێکی تر له‌ من ، به‌به‌ر په‌نجه‌ره‌ی دڵتا

به‌سه‌رماکانی هه‌ردوکتانا ڕه‌ت بێ ...

که‌ ئه‌ته‌وێت له‌و دیو په‌نجه‌ره‌که‌ته‌وه‌

له‌ ژێر لێوه‌وه‌ بڵێی :

بۆ قومێک ژیانت هێناوه‌ و

به‌ نیازی له‌ مردنم بستێنیته‌وه‌

 که‌ ئیتر ئه‌مه‌ دنیایه‌ ،‌ دنیا .......‌

www.dengekan.com

11/19/2006