وه‌ڵامێک بۆنامه‌که‌ی ڕه‌وا گیان ( کچی شه‌هید شوانه‌ی ته‌نسیق)

   ڕووناک شوانی
ronakshwani3k@hotmail.com

 

داده‌ بچکۆله‌ مه‌زنه‌که‌م سڵاو ،                                                                     

یادگارييه‌که‌ی مامۆستای مه‌دره‌سه‌ی کوردایه‌تی شاره‌ خێر نه‌دیوه‌که‌م  ، کچه‌ خنجیلانه‌ دڵ پڕ له‌ هیواکه‌ی کاکه شوان .  ئه‌ی من له‌ سووره‌تی کام ئایه‌تی ئه‌شق ، وشه‌یه‌ک بدۆزمه‌وه‌ ، له ‌تاسه‌ و په‌رۆشیم بۆ تۆ بدوێ. وانه‌زانی له‌م سه‌هۆڵبه‌ندانی غوربه‌ته‌ ئێوه‌م فه‌رامۆش کردبيت ‌  . ئه‌مڕۆ 15/11 نامه‌که‌ی تۆ ڕچه‌ی تاساوی یادی زامه‌‌ به سوێیه‌که‌می شکاند و له‌ خه‌ڵوه‌تی تازیه ‌باری هێنامیه‌ ده‌ر  . من نازانم له‌ ده‌رگای کام کیتێبخانه ی مێژوو بده‌م له‌ دیرۆکی قاره‌مانیه‌تی سێ کوچکه‌که‌ی باوه‌گوڕگوڕ ، سێ پێشمه‌رگه‌که‌ی ده‌سته‌ی ڕێکخستن ، سێ ڕۆڵه‌که‌ی که‌رکووکی ناسنامه‌ لێ دزراو بدوێ ، کاک شوانی ته‌نسیق سه‌رکرده‌ی لێهاتوو ، کاک جمهوری مامۆستای ماندوونه‌ناس و کاکه نه‌وزادی قاره‌مان .  به‌ڵێ ئازیز ، ئه‌وان عاشقێکی گه‌رمیانی ( که‌رکووکی)دڵپاک بوون ، ئه‌وینێکی بێگه‌ردیان بۆ نیشتیمان له‌دڵدا هه‌ڵگرتبوو ، پێشمه‌رگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌باتی چینایه‌تی و نه‌ته‌وایه‌تی بوون ، له‌ هه‌موو پلان و چالاکیه‌کیاندا لاپه‌ڕه‌یه‌کی تری شکۆمه‌ندیان له‌ دیرۆکی خۆڕاگری میلله‌ته‌که‌مان تۆمار ئه‌کرد ، ئه‌وان و هاورێکانیان دوور له‌ خۆ په‌رستی و به‌رژه‌وه‌ندی کورسی و گیرفان ، ئازادی خاکی داگیرکراوو چینی هه‌ژاریان کردبوو به‌ بیرو باوه‌ڕو له‌ پێناویدا خه‌باتێکی بێوچانیان ئه‌کرد سه‌روماڵیان کرد به‌ قوربانی .

ڕه‌وا گیان له‌ بیرته‌ نه‌نه‌ قه‌دری ئه‌یووت ، کاتێ نه‌وزاد ئه‌هات بۆ ماڵمان له‌ ئیمام قاسم ، ئه‌مووت ، شوانه‌ نهێنی خۆت مه‌خه‌ ژێر ده‌ست ئه‌م منداڵه‌ ، ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا ئه‌یووت ، دایه‌ گیان ئه‌م منداڵه‌ی تۆ ئه‌یبینی له‌ حه‌وت پیاو ئازاتره‌ و زۆر باوه‌ڕم پێیه‌تی . به‌ڵی ئازیز ، بابه‌ی تۆ گه‌لێک مه‌زن بوو ، مامۆستای ده‌یانی وه‌ک کاکه‌ نه‌وزادم بوو . هه‌ر بۆیه‌ خۆی و کاکه‌ جمهور کردبوویان به‌ په يامنيرى خه‌باتی کوردایه‌تی و يه كسانى ومرۆڤایه‌تی .ئه‌مڕۆش ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر دڵی میلله‌ت دانیشتوون و له‌به‌ری ڕه‌نجی خه‌باتی ئه‌وان ئه‌خۆن ، ئه‌وه‌ی له‌ بیریان نییه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی فه‌قیرو هه‌ژاره‌ . ئه‌وانه‌شی که‌ له‌ دوێنێدا بۆ مستێ پاره‌ ئه‌وانیان شه‌هید کرد و وه‌ک به‌رزی بانان بۆی ده‌رچوون ،ئه‌وانه‌شی ده‌ستیان به‌ خوێنی ئه‌وان و سه‌دان پێشمه‌رگه‌ی گه‌له‌که‌مان سووره‌ ، تا دوێنێ چاو ساغی به‌عسیان بوون بۆ به‌گرتدانی خێزانی پێشمه‌رگه‌، ئێستاش هه‌ر خۆیان بخۆر و ببڕن .

ئای ڕه‌وا گیان کاتێ که‌ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ که‌رکووکه‌ وێران کراوه‌که‌م ، دڵم ئه‌یووت ئه‌وان زۆر له‌ مێژه‌، له‌پێش ئێمه‌ش گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و چاوه‌ڕوانی ئێمه‌ن . له‌ژێر قه‌ڵای هيماى که‌رکووکی کوردان جه‌ژنی ئازادیيان ئه‌گێڕا ، له‌ کۆنسێرتێکی کاک ئازاد هه‌ورامی ،  سروودی ڕێی خه‌باتیان ئه‌وته‌وه‌ ، موژده‌ی ئازادیيان به‌ ڕه‌نجده‌ران و هه‌ژاران و منداڵانی بێنازی ڕه‌حیم ئاوا وشۆریجه‌و ئاواره‌کانی مه‌لعه‌به‌که‌ ئه‌دا ، گڕی بڕوایان به‌تینتر ئه‌کرد ، به‌هێزی مامه‌ ڕیشه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ کاخی فیرعه‌ونه‌کانی سه‌رده‌م ئه‌کرد ، شاخ وده‌شت و ڕێوبانی کوردستانیان گوڵباران ئه‌کرد .

 نه‌خێر گوڵم ئێمه‌ هه‌رگیز له‌ بیریان ناکه‌ین ، ئه‌م وڵاته‌ ئێستاش هه‌ر به‌ بیرو باوه‌ڕو یادگارییه‌کانی ئه‌وانه‌وه‌ جوانه‌ .

 

وه‌ته‌ن چاوی لێمانه‌ ، ده‌ری که‌ین له‌ ته‌نگانه‌ ، حه‌یفه‌ بێته‌ وێرانه‌

ئاوی که‌وسه‌ره‌ ، خاکی گه‌وهه‌ره‌، پڕ له‌ گوڵ و نه‌سرینه‌

یادیان به‌خێر ، ماڵیان ئاوا ، ئاشقه‌کانی خاک ، پێشمه‌رگه‌کانی که‌رکووکی کوردستان .

تۆش ڕه‌وا گیان هه‌ر له‌ بیرو هؤش و ياد و تيفكرينميت .

 

داده‌ ڕووناکت /  ستۆکهۆڵم 

 

--------------------------------------------------------------------------------------

1.تێبینی / نامه‌که‌ی ڕه‌وا شوان له‌ کوردستانی نوێ   

http://www.pukmedia.com/Kurdistani%20Nwe/15-11-2006/Kurdistani%20Nwe.htm

 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca