ئه‌تۆمی  ئێران گر‌ه‌وێكی دۆڕاوه

شێرزاد عه‌زیز

 

شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 79 ئێرانی شای كرده نه‌یاری ئه‌مریكا و ڕۆژئاوا و دروشمه ڕادیكاڵه‌كانی ئه‌و شۆڕشه ناوچه‌كه‌ی به‌ره‌و هه‌ژانێك برد كه سه‌دام قۆستیه‌وه بۆ جه‌نگی 8 ساڵه. كۆماری ئیسلامی بانگه‌شه‌ی ( نه‌ڕۆژهه‌ڵاتی و نه‌ڕۆژئاوایی) ‌ی كرده بنه‌مای ڕامیاری ده‌ره‌وه‌ی خۆی ، به‌ڵام به‌رژه‌وه‌ندی‌یه‌كانی خۆی گرێدا به ووڵاتانی( ڕووسیا و چین و ئه‌ڵمان و..) و دژایه‌تی سه‌ختی ( شه‌یتانی گه‌وره) و ( ڕزگاركردنی قودس) كردی‌یه دوژمنی ئه‌مریكا.


وه‌ستانی جه‌نگی عێراق- ئێران و گۆڕانه‌كانی ( سۆڤیه‌ت و ‌داگیركردنی كوه‌یت و ڕووخاندنی سه‌دام) ململانێی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا به دۆخی به‌رز و نزم‌دا تێپه‌ڕیوه به‌ڵام نه‌بۆته كۆتایی هێنان به ئابڵوقه‌ی ئه‌مریكی(سه‌ربازی و دیبلۆماسی و ئابووری و بازرگانی).


داگیركردنی عێراق له 2003 دا بۆ ئێران بووه هاتنه‌ناوه‌وه‌ی  و ئاماده‌بوونی ئه‌و له‌پشت ( شیعه‌) وه كه زۆرینه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان وه‌رگرتووه پلان و به‌رنامه‌كانی ئه‌مریكای به‌ره‌و سه‌رنه‌كه‌ووتن بردووه.   به‌رژه‌وه‌ندی ئێران دوولایه‌نه‌یه و هه‌ڵوێستیشیان دوو دیووه له باری ئاشكرا و نهێنی‌دا بۆ ( حكومه‌تی نوێ‌ی‌عێراق و به‌ره‌ی به‌عس و  سونه‌ و گرووپه‌كانی دۆستیان).
گه‌ر ناچاربوونی ئه‌مریكا به ئێران و سوریا له‌عێراقدا بكاته گه‌ور‌ه‌یی قه‌یران و مه‌ترسی‌یه‌كانی به‌رده‌وامی ئه‌و  بارودۆخه‌ خوێناویه‌ی كه ڕۆژانه قوربانیه‌كانی زۆر و تۆقێنه‌رن و  ژیانی كردۆته دۆزه‌خێكی داخراو بۆ ناوچه‌كانی ده‌كه‌ونه جوگرافیای سه‌ربازی ( جه‌نگی ژێر به‌ژێری شیعه و سونه‌) به‌ڵام گه‌ر تێگه‌یشتنی ئێران وا بێت عێراق ببێته كارتی مۆڵه‌ت وه‌رگرتنی ( چه‌كی ئه‌تۆم) و له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا گۆڕینه‌وه‌ی پێبكات هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیژی چاره‌نووساز ده‌كات.


 گره‌وه‌كانی ئێران بۆ  مانه‌وه‌ و پاراستنی له هه‌ر په‌لامارێكی ئه‌مریكا و ئیسرائیل  ئه‌مانه‌ن:  قه‌یرانی ئه‌مریكا له عێراق و ڕۆڵی باڵاده‌ستی ئێران له‌عێراق و باشووری لوبنان، ناكۆكی به‌رژه‌وه‌ندی نێوان ڕووسیا و چین - ئه‌مریكا و ئه‌ورووپا، نه‌وت ، حیزبوڵڵای لوبنانی ، دۆستایه‌تی سوریا ،  نزیك بوونه‌وه  بۆ هاوپه‌یمانی به‌ستن له‌گه‌ڵ  ئه‌نجومه‌نی كه‌نداودا، هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكا و بردنه‌وه‌ی دیموكراته‌كان.، كۆریای‌باكوور.. هتد.


ئه‌مانه گه‌ر ئه‌و فاكته‌رانه بن كه ڕامیارانی ئێرانی هه‌ڵوێستی  ووڵاته‌كه‌یانی پێ توند و ڕه‌ق بكه‌ن و گووتاره‌كانی ( ئاغای نه‌ژادیش) پێ ئاگراوی بكه‌ن  و ئه‌زموونی سه‌دام دووباره بكه‌‌نه‌وه به‌ڵام به‌دیووی به‌هێزی و ڕه‌تكردنه‌وه‌دا دژی ئه‌مریكا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئه‌وا له‌گه‌ڵ
 ئه‌و باكگراونده مێژوویی‌یه كه ده‌وڵه‌تی  ئێران هه‌یبووه بۆ مانه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ناگوونجێت. ململانێی ئه‌مریكا و ئێران له‌نێوان هه‌ڵكشاندن و داكشاندا ده‌جوڵێته‌وه به چه‌سپاوی و ‌گۆڕاوی دوو پنت له  سه‌ره‌وه‌ی ململانێكه‌یه:


* تاچه‌‌ند ئێران ئاماده‌یه ده‌ستبه‌رداری به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ‌بێت ئه‌مه له ئێستادا شاراوه‌یه گه‌رچی ئێران تادواسات هه‌وڵی په‌یداكردنی چه‌کی ئه‌تۆم ده‌دات. بڕیاری ئێرانی ده‌توانێت كاربه‌مه بكات و ئاڵوگۆڕی پێ‌بكات.
** پنتی سه‌ره‌كی و نه‌گۆڕ و چه‌سپاووی نێوان ئێران - ئه‌مریكا و ناوچه‌كه و جیهان به‌ئه‌تۆم نه‌بوونی ئێرانه واتا نابێت ( چه‌كی ئه‌تۆمی) هه‌بێت و ئه‌م خاڵه‌ش به‌ره‌ی ئه‌وبه‌ر ئێران نه‌ك سازشی بۆ ناكه‌ن به‌ڵکو هه‌موو شێواز و جۆرێكی دیپلۆماسی و ڕامیاری و ئابووری بۆ تاقی ده‌كه‌نه‌وه‌و له‌كۆتایشدا به هێرش و په‌لاماری سه‌ربازی خاپووری ده‌كه‌ن.


ئێران دوو ئه‌زموونی ناوچه‌كه‌ی له‌به‌رده‌مدایه و  ده‌توانێت هه‌ڵیانبژێرێت، عێراقی سه‌دام یان لیبیای قه‌زافی به‌ڵام ‌بۆ چه‌كی ئه‌تۆمی  گره‌وی دۆڕاو ده‌كه‌ن.

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca