کاتێک ملکه‌چ کردن ده‌بێت به‌کارێکی باو ژیان مانای خۆی له‌ده‌ست ده‌دات!

 تایه‌ر حاجی حه‌سه‌ن

Hanskk_01@hotmail.com 

        ئه‌م جۆره‌ ژیانه‌ی له‌ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆماندا ده‌یبینین، له‌ سه‌رده‌می به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی دایناسۆره‌کان ده‌چێت کاتێک گۆڕانه‌کانی پێکهاته‌ی سروشت  جێگای بۆنه‌هێشتنه‌وه‌ بۆ درێژه‌دان به‌ژیانیان. باشه‌ده‌کرێت له‌م سه‌ده‌ی وه‌رچه‌رخان و به‌دستهێنانی نوێترین ئامرازێک بۆ خۆشگوزه‌رانی ژیان، باجه‌که‌ی به‌کوشتن و ماڵوێرانی به‌شێکی زۆری کۆمه‌ڵگه‌ کۆتایی پێبێت؟ ئایا ده‌توانین ئه‌م سه‌رده‌مه‌ به‌ سه‌رده‌مێکی ڕوناک و داهاتوویه‌کی پرشنگدار ببینین؟ یان ده‌کرێت به‌سه‌رده‌می ملکه‌چ بوون و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان بۆ ژێر بۆمبای تۆقێنه‌ری ده‌سه‌ڵات و دینه‌کان ناوزه‌د بکه‌ین؟

 

ده‌سه‌ڵاتی نیزامی چه‌وسێنه‌رو وێڵ بووی گه‌ڕان به‌شوێن قازانج په‌رستیدا وا به‌شێوه‌یه‌کی زۆردڕندانه‌و دوور له‌ هه‌رپێگه‌یه‌کی مۆڕاڵی مانای ئینسانی بوون، له‌م هێرشه‌ی خۆیدا به‌رده‌وامه‌و به‌بێ هیچ سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ک ده‌یکات و شوێن که‌وته‌ی ئامنجیه‌تی، واتا جێخستنی ئیمپراتۆریه‌تێک چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی پێک ده‌هێنێت. زهنیه‌ت و ته‌فکیری کۆمه‌ڵگه‌ به‌ ئایدۆلۆژیای ملکه‌چ بوون و هیچ له‌ توانادا نه‌بوون په‌روه‌رده‌ ده‌کات و ده‌سه‌ڵات وه‌ک به‌تواناترین هه‌ره‌م له‌ نه‌خشه‌که‌دا ده‌ڕوێنێت، خاوه‌نانی ئه‌م هه‌ره‌مه‌ پڕ له‌ ناکۆکیه‌ چینایه‌تیانه‌، هه‌رده‌م له‌ خۆقایم کردندان به‌ چه‌کی داموده‌زگای سه‌ربازی و ته‌واوی ده‌زگا گشتیه‌کانی که‌ سه‌رخانی کۆمه‌ڵگا پێک دێنن.

 

ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌ چه‌وسێنه‌روحاکمه‌کانی ئه‌مڕۆی جیهان بۆ درێژه‌دان به‌ مانه‌وه‌ی خۆیان، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م ملکه‌چ بوون و هه‌ست نه‌کردنه‌یه‌ به‌ئیراده‌و تواناییه‌ک که‌ ئه‌م چینه‌ به‌رهه‌م هێنه‌ره‌ هه‌یه‌تی و ده‌توانێت کۆی ژیان به‌ شێوه‌یه‌کی یه‌کسانی و داد په‌روه‌ری پێناسه‌بکاته‌وه‌. هه‌ڵسوڕێنه‌رانی نیزامی سه‌رمایه‌داری مانای به‌رده‌وام بوونێک به‌ سوونه‌ته‌کانی ژیان ژێرپێ ده‌نێت و ملکه‌چ بوونی چینێکی به‌رهه‌م هێنه‌ری کۆمه‌ڵگه‌ ده‌کات به‌ کارێکی ڕۆتینی، ڕۆژانه‌ له‌ ڕێگای ده‌زگا و بڵاوکراوه‌کانیانه‌وه‌، سه‌رقاڵن به‌م ڕاکێشانی ئیراده‌گشتیه‌ی ئه‌م چینه‌ به‌رهه‌م هێنه‌ره‌ بۆنێو سه‌نگه‌ری ده‌سه‌ڵاته‌کانیان و به‌ تلیاکــــــــــــــــــی میللی گه‌رایی و مه‌زهه‌بیه‌وه‌، میکرۆبی ژه‌هراوی خۆیان ده‌ڕژێننه‌ نێو ئه‌م ته‌سویری ملکه‌چ کردنه‌وه‌. خودی ئه‌م چینه‌ به‌بێ ئاگایی خۆی ڕۆژانه‌ ئیراده‌ی به‌کارهێنراوه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌لاتی سه‌رده‌سته‌وه‌، وه‌ درێژه‌دانیش به‌ ژیان هه‌ربه‌م چینه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌، به‌لام کاتێک ئه‌م چینه‌ ئیراده‌ی خۆی ناناسێت و هه‌ستی پێناکات که‌ کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌م ئیراده‌یه‌ ده‌ توانیت چ مه‌زنیه‌ک بنوێنیت، دێت لاوازیه‌کان و کولتووری بێده‌نگی و( ده‌ست به‌کڵاوی خۆوه‌ بگره‌ تا بانه‌یبات)، ده‌کات به‌ سومبلی ژیانی، کاره‌سات لێره‌وه‌ ده‌خوڵقیت. ئه‌مه‌ ئایدۆلۆژیاو ته‌فکیری ده‌سه‌ڵاتی حاکمه‌ ئه‌م په‌ند و فه‌لسه‌فانه‌‌ بڵاو ده‌کاته‌وه‌.

 

ئه‌وه‌ی له‌ عێراقدا ده‌بینرێت، نیشانه‌ی ئه‌م ملکه‌چ بوون و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانه‌ی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی زه‌حمه‌ت کێش و سته‌م دیده‌ی ئه‌م وڵاته‌یه‌‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ و زیندو کردنه‌وه‌ی کولتووری هه‌زاران ساڵه‌ی ڕابردوو، که‌ ئه‌مڕۆ غه‌رق بووه‌ له‌ هێرشی به‌ربه‌ریه‌ت و لێسه‌ندنه‌وه‌ی سه‌ره‌تاییترین مافی ژیان، ئه‌و دیارده‌ی کوشتن و دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی سه‌رجاده‌ و نێوکۆڵان و چۆڵه‌وانیه‌کان، گێڕانه‌وه‌ی حیکایه‌ت و مێژووی جه‌هاله‌ت و کوێره‌وه‌رییه‌، نه‌ک چاوه‌ڕێی ئاسۆیه‌کی ڕوناک بۆ داهاتوویه‌کی ده‌م به‌خه‌نده‌. وا قه‌سابانی چاوبرسی و ملیاردێر، له‌ بینینی ئه‌م جه‌هه‌نمه‌ ڕۆژانه‌ییه‌، دڵخۆش و تێروپۆشته‌، ئابڕوی شه‌رماوییان به‌ دیارده‌خه‌ن. ئه‌مانه‌ وه‌ک گه‌له‌ گورگن، که‌ چۆن له‌ خواردن و ملشکاندنی ڕانه‌مه‌ڕ تێرناخۆن تا مه‌ڕه‌کان به‌ره‌نگارییان نه‌بنه‌وه‌ واز ناهێنن. ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌م چینه‌ش ‌ خۆی وه‌ک ڕانه‌ مه‌ڕ نیشان بدات ئه‌وا ملی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان بۆ ژێر که‌ڵبه‌ی برسی به‌ کۆتایی ناگات و هه‌رده‌خوات و تێرنابێت.

ئه‌مانه‌ واته‌ چینی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ستی ئه‌مڕۆ، خێڵی به‌دڕه‌وشتترین چینی کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تین، خاوه‌نی بێئابڕوترین نه‌زم و سونه‌تی ژیانێکن، ته‌نها له‌ ڕێگه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ و لێسه‌ندنه‌وه‌ی مافی ژیانێکی شایسته‌ له‌ چینی ژێرده‌ست ده‌توانن سه‌روه‌ت و سامانه‌کانیان زیاتربکه‌ن. وه‌رن سه‌یربکه‌ن بزانن ڕۆژانه‌ به‌ چ جۆرێک درێژه‌ به‌ ژیانی کۆیلایه‌تی ژنان ده‌ده‌ن و به‌ چ جۆرێک له‌ وێنه‌ی هه‌ر کاڵایه‌کی تر سات و سه‌ودای کڕین و فرۆشتنیان درێژه‌ پێده‌ده‌ن، به‌ چ شێوه‌یه‌ک له‌ هه‌وڵی به‌ مێگه‌ل کردنی کۆمه‌ڵگه‌دان! ئه‌مانه‌ ناتوانن نوێنه‌ری هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌بن، به‌ڵکو ته‌نها درێژه‌ پێده‌ری ژیانی چه‌وساندنه‌وه‌و ڕاگری خاوه‌ندارێتی سه‌روه‌ته‌کانیانن.

 

له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی به‌م ستراتیژ و پلانه‌ ناڕۆشنیه‌ی ئێستای که‌ خۆی له‌ داڕێژه‌رانی سیاسه‌تی ئه‌مریکی و هێزه‌ ئیسلامیه‌کان و نه‌ته‌وه‌په‌رستاندا به‌یان ده‌کات، ده‌کرێت ته‌نها له‌ چاوه‌ڕوانییه‌کی بێهوده‌یی ملکه‌چ کردندا ئاسۆکه‌ی ببینرێت. زه‌مه‌نێک له‌ ناشیرین بوون به‌ هه‌موو پێناسه‌کانیه‌وه‌ خۆی ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر ته‌واوی پێگه‌ ئینسانیه‌کاندا، ئه‌مه‌ به‌رئه‌نجامی ناڕۆشنی و نه‌هاتنه‌ مه‌یدانی خه‌باتی چینی به‌رهه‌م هێنه‌ر دیاری ده‌کات، ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌م چینه‌ ژێرده‌سته‌یه‌ نه‌توانێت به‌ئاگا بێته‌وه‌و خۆی ڕێک نه‌خاته‌وه‌ بۆ شۆڕشێکی سه‌رتاسه‌ری به‌ قازانجی خۆی و هه‌موان، ده‌کرێت ماڵوێرانی و بێهوده‌یی ببێت به‌ پێناسه‌ی ژیانی مرۆڤایه‌تی له‌ سایه‌ی نیزامی چه‌وسێنه‌ری سه‌رمایه‌داریدا؟

 

 

                                                               

                                                                04/11/2006

                                                                هۆڵه‌ندا

                                                                       

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca