بزماره‌کانی خالید مه‌جید فه‌ره‌ج

ره‌قابه‌ی زاتی

 

 

وویستم  له‌سه‌ر لایه‌نێکی سیاسی بنووسم سێ دێرم لێنووسی، و ووتم کوره‌ چیت داوه‌ له‌م سه‌ر ئێشه‌یه‌، یه‌که‌مین وه‌زعه‌که‌ به‌تۆ چاک نابێ ،دووه‌مین دوساڵ جارێک ئه‌گه‌ر پاره‌ی بلیتێکی ته‌یاره‌ت بۆ پاشه‌که‌وت کرا و ڕۆشتیته‌وه‌، بۆ وه‌کو ئه‌و عاله‌مه‌ حوڕو سه‌ربه‌ست له‌مابه‌ینی، سلێمانی، و هه‌ولێر،و دهۆکا، بۆ خۆت جه‌وله‌ نه‌که‌ی، و بۆچی له‌و ده‌قه‌یه‌وه‌ی ‌سواری ته‌یاره‌که‌ ئه‌بی ده‌ستت له‌سه‌ر دڵت دانێیت،  له‌به‌رئه‌وه‌نا که‌ ‌ فۆبیای چوونه‌ سه‌ر به‌رزاییت هه‌یه‌ ، به‌ڵکو له‌به‌ر نه‌بادای لێپێچینه‌وه‌ی دام و ده‌زگای حکومه‌تی مه‌ده‌نی، به‌تۆمه‌تی ته‌شهیرو ناوزڕاندن، و دواتر که‌وتنه‌ پاڕانه‌وه‌ی بیکه‌ن به‌خاتری خوا، و له‌په‌ستا دوعای خوا زوڕیه‌تتان هه‌م به‌ره‌که‌ت تێخاو‌ بپارێرێزێ، هه‌میش وه‌کو خۆتان زۆرزان و زیره‌کیان کا . نه‌خێر بام دایه‌‌ سه‌ربابه‌تی ئاینی، نه‌گه‌یشتبوومه‌ کۆتایی دووهه‌مین دێڕ ، ووتم ئه‌رێ ئه‌وه‌ من چی ئه‌که‌م، ده‌وره‌ له‌چی خۆم ده‌رباز کردو خه‌ریکه‌ خۆم هه‌ڵئه‌یه‌مه‌ ناو چیه‌وه‌ ؟خۆ ئه‌وان هه‌موو شتێک ته‌نانه‌ت مێژووه‌که‌شیان موقه‌ده‌س کردووه‌،  منیش به‌هیوام له‌سه‌ر باشه‌ی تێکه‌ڵی کچان و کوڕان، له‌ زانکۆ ،دوو لاپه‌ره‌ی خورشیدی پڕبکه‌مه‌وه‌، نه‌خێر ئه‌ویشم ته‌فرو تونا کرد . هاتمه‌ سه‌ر کابرایه‌ک سێی مته‌وه‌سته‌ی له‌به‌ر ته‌مه‌ڵی نه‌ک له‌به‌ر بارو زوروفی کوردستان ته‌واو نه‌کردووه‌، که‌چی ئه‌لعان بۆخۆی موحه‌لیلی سیاسیه ،و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رۆشنبیری مێگه‌ل دیارده‌ی سه‌ره‌کی ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستای ئێمه‌یه‌، نه‌ک هه‌ر به‌ نووسه‌ر قه‌بڵێنراوه‌ ،به‌ڵکو سیمیناریشی بۆ ئه‌گرن، لێتان ناشارمه‌وه‌ ئه‌ودێڕانه‌ی ئه‌ویشم به‌ده‌ری ئه‌وانه‌ی لای سه‌ره‌وه‌ برد، چوونکه‌ یه‌که‌مین ده‌می پیسه‌، دوویش له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ک مێگه‌له‌که‌ پێم بڵێن حه‌سودی پێئه‌با .هاتمه‌ سه‌ر وه‌سه‌تی شیعرو شاعیرانی ئه‌م سه‌رده‌مه،‌ و هاتم بڵێم به‌ خوا له‌شیعری ئه‌م ده‌ورو زه‌مانه‌ تێناگه‌م، کۆمه‌ڵگا عه‌شایه‌ری و شاعیره‌کان پۆست مۆدێرن! ئه‌و بیرۆکه‌یه‌شم  له‌غو کرده‌وه‌ ،چوونکه‌ ئه‌و بواره‌ی ئه‌مڕۆی ئێمه‌ی کورد ئه‌گه‌ر درۆم نه‌کردبێ بیست سی هه‌زار هه‌ست ناسکی به‌ژن و پیاوو کورو کچۆڵه‌وه‌ تیایه‌، باشه‌ ئه‌گه‌ر رۆژێک هاتوو خۆم کاندید کرد بۆ ئه‌ندام پارله‌مان له‌سه‌ر لیستی موشاغیبه‌کان ئایا به‌وه‌ ده‌نگی ئه‌وانه‌ هه‌موو له‌ خۆم نا‌که‌م؟ به‌ره‌وڵڵا رقێکی ئه‌ستوریشم لێهه‌ڵئه‌گرن ، له‌وه‌ش گرنگتر ترسام نه‌کا ئیتیهامم که‌ن به‌کۆن و تێنه‌گه‌یشتن له‌ ریتم و مۆسیقا و ئه‌و وێنه‌ شیعریانه‌ی که‌ ئه‌وه‌ته‌ی شیعر دروست بووه‌ وێنه‌ی واو ئه‌و ڕاده‌ زۆره‌ی له‌ شاعیران به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌. باشه‌ له‌سه‌ر کێ بنووسم له‌سه‌ر کێ نه‌نوسم، تازه‌ ده‌ستم دابووه‌ قه‌ڵه‌م ،و ئه‌بوو هه‌ر شتێک بنووسم ،له‌پرێکا بیرم که‌وته‌وه‌ یه‌کێک ئه‌ناسم کابرایه‌که‌ ‌نه‌ پشتی هه‌یه‌و نه‌ پێش، نه‌ له‌حیزبایه‌و نه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ نزیکه‌، به‌ کوته‌کیش تێی به‌ربی ئه‌وه‌نه‌ مه‌زڵومه‌ ناڵێ بۆ وا ئه‌که‌ی، ئه‌وجا هاتم  بێ سڵه‌مینه‌وه‌ کوێت ئێشێ تێی که‌وتم و داخی ئه‌وانه‌ی لای سه‌ره‌وه‌یشم هه‌مووی به‌و ڕشت. ‌‌

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca