له‌ کورستان مناڵیش وه‌ک که‌ر مامه‌ڵه‌ی له‌ گه‌ڵدا ده‌کرێت

یاسین بانیخێڵانی

 

 

ئه‌و هه‌واڵه‌ی له‌م ڕۆژانه‌ له‌ میدیا کوردییه‌کانی ناو کوردستانه‌وه‌ بڵاو کرایه‌وه‌و پاشان بۆسه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت‌، بۆ من نه‌ جێگای سه‌رسوڕمان و نه‌ شتێکی نوێش بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و ووڵاته‌ی ناوی عێراقه‌ و له‌و هه‌رێمه‌ش کوردستانی پێ ده‌ڵێن هه‌میشه‌ مناڵ و ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ی ناوی (که‌ر)ه‌ وه‌ک یه‌ک مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا کراوه‌، ئه‌وه‌ نییه‌ دوای پازده‌ ساڵ تازه‌ په‌رله‌مانی کوردستان عه‌قڵی به‌وه‌ شکاوه‌، کارپێکردنی مناڵ له‌سه‌روو دوازده‌ ساڵه‌وه‌ کارێکی ئابڕوبه‌رانه‌یه‌!. که‌واته‌ تا چه‌ند ڕۆژێک پێش ئه‌م هه‌واڵه‌ مناڵ له‌ 12 ساڵه‌وه‌ بۆی هه‌بووه‌ کار بکات، هه‌ر بۆیه‌ شه‌قامه‌کانی کوردستان و عێراق به‌ له‌شکر مناڵی ده‌ستفرۆشی له‌خۆ گرتبوو‌. وا بزانم ئه‌وه‌ی له‌ کوردستان بێت باشتر له‌ ئێمه‌ ئاگای له‌ قه‌شمه‌ریاته‌کانی په‌رله‌مانی کوردستانه‌ به‌تایبه‌تیش په‌روه‌رده‌* با خوێنه‌ر سه‌یری ئه‌م دوو ڕسته‌یه‌ بکات:

1-    به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر به‌نوسراوی ژماره‌ 28758 ی به‌رواری 5/11/2006 به‌شێوه‌یه‌کی ره‌سمی سه‌رجه‌م خوێندنگاکانی ئاگادارکردۆته‌وه‌ که‌ "هه‌ر خوێندکارێک سه‌رپێچی رێنماییه‌کانی په‌روه‌رده‌ و خوێندن بکات به‌توندرین شێوه‌ سزا ده‌درێت".

2-    راگرتنی یاسای ژماره‌ 368 ی "مجلس قیاده‌ السوره‌" ی هه‌ڵوه‌شاوه‌یه‌ كه‌ بڕیارێكی سته‌مكارانه‌بوو و رێگه‌ی به‌منداڵان ده‌دا كه‌ به‌ 12 ساڵی كاربكه‌ن كه‌ ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤه‌.

ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌ ڕوانگه‌ی خۆرئاواو لایه‌نه‌ ئینسانییه‌کانه‌وه‌‌ ته‌ماشای (که‌ر) بکه‌ین ئه‌وا لێدانی که‌ر یش ده‌چێته‌ خانه‌ی پێشێلکردنی مافه‌کانی ئاژه‌ڵه‌وه‌، به‌ڵام پرۆفیسۆرو دکتۆره‌ شاره‌زاکانی بواری په‌روه‌رده‌ له‌ کوردستان کارپێکردنی مناڵ به‌ پێچه‌وانه‌ی مافه‌کانی مرۆڤ ده‌زانن، به‌ڵام توندترین شێوازی سزای مناڵ کارێکی ڕه‌وایه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆیان گوته‌نی: بۆ به‌رژه‌وه‌ندی مناڵه‌که‌ باشه‌، به‌ بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ له‌بیر بکه‌ن، که‌ تێکشکاندنی سایکۆلۆژییه‌تی مناڵێک له‌ ناسکترین ته‌مه‌نی ژیانیدا، ده‌بێت مرۆڤێک بۆ هه‌موو ته‌مه‌نی باجه‌که‌ی بدات!. من پێم وابێت ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین تراژیدیایه‌ له‌شێوه‌یه‌کی گاڵته‌جاڕیدا، که‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌‌ به‌ مرۆڤ، به‌ مافه‌کانی مرۆڤ و به‌ خودی خۆیشی ده‌یکات، که‌ مناڵ وه‌ک که‌ر کار بکات،‌ وه‌کو که‌ریش مافی لێدان و سزای هه‌بێت. له‌م گاڵته‌ جاڕییه‌ خۆشتر ئه‌م ڕسته‌یه‌: (ئارێز عه‌بدوڵڵا روونیكرده‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و بڕیاره‌ له‌ دوای ساڵی 1991 له‌ كوردستان كاری پێنه‌كراوه‌، به‌ڵام پێویستی به‌لایه‌نی قانونی بوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی، ئه‌مڕۆش په‌رله‌مان كارپێكردن به‌و یاسایه‌ راده‌گرێت.) ئه‌م خۆشه‌ویسته‌ ده‌ڵێت: له‌ ساڵی 1991ه‌وه‌ به‌م بڕیاره‌ کار نه‌کراوه‌، ئه‌ی ئه‌گه‌ر من لێره‌دا له‌و به‌ڕێزه‌ بپرسم: ئه‌و سه‌دان و هه‌زاران مناڵی ده‌ستفرۆش، عاره‌بانه‌چی و وێڵگه‌ردانه‌ چین له‌سه‌ر شه‌قام و بازاڕه‌کانی کوردستان؟ من بۆ خۆم دوو جار سه‌ردانی کوردستانم کردووه‌، کاتژمێر 12 شه‌و مناڵم له‌ باڕو شوێنی خواردنه‌وه‌ی‌ شه‌وانه‌ دیوه‌ ده‌ستفرۆشیان کردووه‌، له‌ کاتێکدا مناڵ له‌ ڕۆژئاوا له‌پاش 9 ی شه‌وه‌وه‌ پێویسته‌ بنوێت و بۆی نییه‌ ته‌نانه‌ت ته‌ماشای ته‌له‌فزیۆن بکات نه‌ک له‌ده‌ره‌وه‌ کار بکات. له‌وه‌ ده‌چێت وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ئاگای له‌و ڕیپۆرتاژانه‌ی که‌ناڵه‌کانی کوردستان،که‌ باس له‌ ژیانی مناڵانی سه‌ر شه‌قامه‌کان ده‌کات نه‌بێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م قسانه‌ی من جێگای گومانه‌ با وه‌زیری په‌روه‌رده‌ شه‌وێک له‌ پاش 10ی شه‌وه‌وه‌ بفه‌رموێته‌ باڕو چێشتخانه‌کانی سه‌رچناری سلێمانی تا بزانین ڕاسته‌ له‌ ساڵی 1991 ه‌وه‌ کار به‌و بڕیاره‌ی به‌عس کراوه‌ یان نا، خۆ هیچ شه‌رم نییه‌ بۆ په‌رله‌مانی کوردستان بۆ جارێک دان به‌ ڕاستییه‌کی تاڵدا بنێت و بڵێت ئێمه‌ دره‌نگ درکمان به‌و بڕیاره‌ کردووه‌، به‌ڵام بۆ له‌مه‌و دوا کۆتایی به‌و تراژیدیانه‌ ده‌هێنین، ئه‌و بڕیاره‌ تاکه‌ بڕیارێکی به‌عس نییه‌ په‌رله‌مانی کوردستان له‌ ساڵی 1991 ه‌وه‌ کاری پێده‌کات، ده‌یان بڕیاری له‌وه‌ گرنگتری به‌عس هه‌یه‌ په‌رله‌مانی کوردستان کاری پێده‌کات و هیچ باکی نییه‌.

له‌ڕوویه‌کی تره‌وه‌ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانی کوردستان له‌گه‌ڵ خۆیدا ڕاستگۆیه‌و له‌ساڵی 1991ه‌وه‌ کاری به‌و بڕیاره‌ خۆی گوته‌نی سته‌مکارانه‌یه‌ نه‌کردووه‌، با به‌ نووسراوێک بۆمان ڕوونبکاته‌وه‌ تا بزانین چی بۆ ئه‌م بڕیاره‌ کردووه، یان هیچ نه‌بێ با بزانین چی بۆ نه‌هێشتنی ده‌ستفرۆشی و عاره‌بانه‌گێڕی مناڵان کردووه‌؟.‌

له‌ کۆتاییدا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر من وه‌زیری په‌روه‌رده‌ بام پاش ده‌رچوونی ئه‌و بڕیاره‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌و ئه‌و هه‌موو تراژیدیایه‌ی‌ مناڵان ڕۆژانه‌ ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه‌ ده‌ستم له‌ کار ده‌کێشایه‌وه‌و خۆم له‌و به‌رپرسیارێتییه‌ به‌ دوور ده‌گرت، که‌ هه‌موو مرۆڤێک ناتوانێت بچێته‌ ژێرباری.‌

 

په‌ڕاوێزه‌کان

*1. لێره‌دا بۆیه‌ زیاتر پێ له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ داده‌گرم، چونکه‌ به‌ کاری خۆمی ده‌زانم و له‌و بواره‌دا زۆر کارم کردووه‌ و به‌ش به‌ هاڵی خۆم شاره‌زاییم  له‌ڕووی تیۆری و پراکتیکه‌وه‌ هه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌کان

ئه‌و دێڕانه‌ی‌ به‌ سوور نووسراون له‌ سایتی PUKmedia وه‌رگیراون

 

تێبینی

با خوێنه‌ر چاوه‌ڕوانی نووسینێکی تێرو ته‌سه‌ل له‌مه‌ڕ په‌روه‌رده‌و مافه‌کانی مناڵ بکات له‌داهاتوویه‌کی که‌مدا.

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca