قورسایی سه‌رکرده‌کانی کورد له ته‌رازوی جهیاندا
و به‌کار‌هێنانی چه‌کی ئاش به‌تاڵ

   ئاسۆ بیاره‌یی

سوێد

 

12-12-2006                             

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که  ڕژێمی سه‌رمایه‌داری  ئه‌مریکا  پێوه‌ره‌کانی له سه‌ر بنچینه‌ی قازانجی ماتریاڵ داناوه،  به‌ڵام باشترین هه‌لی مێژوویی بۆ گه‌لی کورد خوڵقاند.  موخابن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رکرده‌کانی کورد هه‌میشه ڕۆڵی پاسیڤیان بینیوه، به جۆرێکی ڕونتر کاغه‌زی سپییان بۆ داگیرکه‌ران و دوژمنانی گه‌لی کورد ئیمزا کردووه، له هه‌مان کاتدا ڕۆلی فه‌رمانده‌ییان به‌سه‌ر میلله‌ته‌که‌یان بینیوه، به‌نه‌زان و کۆیله‌یان زانیوه، کاره‌سات له دوای کاره‌سات مێژووی گه‌لیان پڕکردووه له نه‌هامه‌تی.

ئاشبه‌تاڵ و نسکۆکانی گه‌لی کورد  ده‌رهاویشته‌ی کاریزمای سواوی هه‌ندێ له‌و سه‌رکردانه‌یه که بوونه‌ته دیکتاتۆر و باری گران، که جه‌سته‌و هۆشمه‌ندی گه‌لی کوردیان سڕکردووه.

ده‌سه‌ڵاتی دۆگم ده‌سه‌ڵاتێکی نه‌گۆڕه‌ که بڕوای به گۆڕانکاری نیه و سه‌رکردایه‌تی له چنگ کۆمه‌ڵێک که‌س گیری کردووه. زاڵبوونی ده‌سه‌ڵاتی دوگم  له نێو گروپێک، ڕێکخراوێک، کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک یان وڵاتێک ده‌بێته هۆی لاوازی و له ‌ناوچوونی ئه‌و هێزه‌ بزونێنه‌ری که ده‌خوازێت پال به‌ چه‌رخی پێشکه‌وتنه‌وه بنێت. نموونه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دۆگم و نه‌گۆڕ له جهیاندا زۆرن، له ‌وانه ڕژێمه عه‌ره‌بیه‌که‌ی به‌عسی عێراق، ڕژێمه عه‌ره‌بیه‌کان نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و گروپه‌ ئیسلامیه‌ پاشکه‌وتو خوازه‌کان که ته‌نها ڕ‌ه‌ش و سپی له سیاسه‌تدا په‌یڕه‌وده‌که‌ن و دوا نموونه‌ی خۆماڵیش، سه‌کرده‌کانی باشووری کوردستان، که چل ساڵ ده‌بێت جڵه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌رناده‌ن و ئه‌مڕۆش له گه‌نده‌ڵیدا جه‌ماوه‌ری کوردیان خستووه‌ته زه‌نگاوی ئاش به‌تاڵه‌وه.

 ده‌رهاویشته‌کانی ده‌سه‌ڵاتی دۆگم و نه‌گۆڕ

ده‌سه‌ڵاتی نه‌گۆڕ له به‌ر ئه‌وه‌ی خۆپه‌رسته، بڕواشی به گۆڕان نیه، که بڕواشی به‌ گۆران نه‌بێت هه‌وڵ ده‌دات ده‌ست و پێوه‌نده‌که‌ی له ژێر کۆمه‌ڵێک یاسای توند کۆیله بکات،  که به له‌ناو چوونی خۆی چاره‌نووسی ئه‌وانیش له ناو به‌رێت- ئاخر ئۆجه‌لانیش که  گیرا، ئاشبه‌تاڵی به‌بزوتنه‌وه‌ی باکور کرد و ئه‌مڕۆش بۆ ڕزگارکردنی خۆی به ‌تۆرانیه فاشسته‌کان ده‌ڵێت شۆڕشگێڕ  . ئاوێته کردنی ده‌سه‌ڵاتی کوردی باشووری کوردستان، به‌ته‌واوه‌تی له‌یه‌ک چووی ئه‌و دۆخه‌یه که باسکرا. ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ و نه‌خوێنده‌واری کوردی، له به‌رئه‌وه‌ی خۆپه‌رسته و نه‌گۆڕه، زۆر که‌م هه‌وڵی داوه که کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی به‌ره‌و پێش به‌رێت و گه‌شه‌ی پێبدات.

 15 ساڵی ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بر‌دن ئه‌وه‌ی سه‌لماند، که  له به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رکردانه خۆپه‌رستن، ناتوانن دڵسۆزیش بن، به‌ڵکو گاڵته‌یان به ئامانجه‌کانی گه‌لی کورد دێت. که تووشی نسکۆ و ئاش به‌تاڵیش ده‌بن، هه‌وڵ ده‌ده‌ن یاری به سۆزی گه‌ل بکه‌ن و تاوانه‌که بخه‌نه سه‌ر بارودۆخی ناوچه‌ و سنووری جوگرافی کوردستان. ده‌سه‌ڵاتی کوردی، ئه‌مڕۆش نه‌بێت، به‌یانێکی زوو جاڕی  ئاش به‌تاڵ ده‌دات، چونکه هیچ میکانزم به‌رنامه‌یه‌کی نیه بۆ  داهاتووی کوردستان.

باشترین ڕێگه بۆ پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌که‌ی‌  بیکه‌ر- هاملتۆن  :

ئه‌گه‌ری ئاش به‌تاڵ کردن ئه‌مڕۆ باشترین چه‌که  له کوردستان، ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌رکردانه بتوانن بۆ ‌سوودی خۆیان و گه‌لی کورد به‌کاریبهێنن بۆ پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌که‌ی بیکه‌ر- هاملتۆن  و ووریاکردنه‌وه‌ی جهیان له مه‌ترسیه‌کانی.

 بۆ؟ چونکه له کوردستان ته‌نها هێز هه‌بێت جێگه‌ی پارتیی و یه‌کێتی بگرێته‌وه،  هێزه‌ ئیسلامیه‌کانن، له وانه تۆڕه توندڕه‌وه‌کان که ده‌که‌ونه شه‌ڕێکی ڕاسته‌وخۆ له گه‌ڵ ئه‌مریکا، هه‌روه‌کو شاره‌کانی دی عێراق. پرسیارێک که لێره دێته ئاراوه، ئایا ئه‌مریکا ده‌خوازێت باشووری کوردستان ببێته لانه‌ی تیرۆرستان؟ وه‌ڵامه‌که‌ی نه‌خێر، که‌واته ئه‌و نایه، له قازانجی کورده و ده‌بێت سه‌رکرده‌کانی کورد زانستیانه بیری لێبکه‌نه‌وه.  ئه‌گه‌ر وا نه‌بوایه ئه‌مریکا ده‌مێک بوو گه‌ریلاکانی باکوری له قه‌ندیل جێله‌ق ده‌کرد(www.kurdistanan.com ) ، یان ئه‌گه‌ر( ئه‌مریکا) بیزانیبایه  ڕژێمێکی ‌هیۆر و ئاشتیخواز  جێی ڕژێمی به‌عس له سوریا ده‌گرێته‌وه، ده‌مێک بوو ئه‌و کرده‌وه‌یه‌ی ئه‌نجام دابوو. هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ له هه‌موو کاتێک زیاتر ئه‌مریکا پێویستی به هێمنی ناوچه‌ی ڕۆژه‌هه‌ڵات هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئاش به‌تاڵ وه‌کو چه‌کێکی کاریگه‌ر به ‌کاربهێنرێت، گه‌وره‌ترین زیان له پێکهاته‌ی ناوچه‌که‌ ده‌گات. لێ ئه‌م ئاش به‌تاڵه زۆر جیاوازی هه‌یه له ئاشبه‌تاڵه‌که‌ی 1975 که گه‌لی کورد سه‌نگی سیاسی نه‌بوو.

 

که‌واته ئه‌مرۆ له هه‌موو کاتێک زیاتر ئه‌رکی سه‌رکرده‌کانی کورده، که به‌رگی خه‌مساری فڕێبده‌ن و چالاکانه، مه‌رجه‌کانیان به‌سه‌ر نه‌ک ته‌نها ئه‌مریکا به‌ڵکو به‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌شدا بسه‌پێنن. چونکه دیسان به‌‌هۆی دابه‌شبوونی کوردستان به سه‌ر چوار وڵاتی داگیرکه‌ر، ده‌توانن هانی گه‌لی کورد له پارچه‌کانی دی بده‌ن، هه‌روه‌ک چۆن تۆرانیه‌کانی تورکیا هانی تورکمانه‌کان ده‌ده‌ن.

 

سه‌رچاوه‌کان:

ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌کێتی ته‌نیا هه‌ڕه‌شه‌ی ئاش به‌تاڵ له‌ ئه‌مریکا بکه‌ن، سه‌رده‌که‌ون
 Tuesday, 12.12.2006, 12:02am (GMT) (www.kurdistanan.com

 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca