هه‌ر جاره‌ی باسیک

پروفشیونیست!

ئاسۆ حامدی

ئینشخده‌ _هۆله‌ند

  

یه‌ک له‌ دیارده‌کانی کۆمه‌ڵگای شارستانی تایبه‌تمه‌ندی و زانایی له‌ گشت وورده‌کاریه‌کانه‌، هه‌ر له‌ کارو پیشه و زانست و خوێندن‌ تا ده‌گاته‌ هونه‌ر و مۆسیقا و زه‌وق و سه‌لیقه‌ی مرۆڤه‌کان. هه‌ر کارێ که‌ مرۆڤێ به‌رپرسیه‌تی لێی له‌ ووڵاتانی پێشکه‌وتوو تا ده‌گاته‌ ته‌نانه‌ت گوێ گرتن له‌ مۆسیقا  و  خولیای تاک هه‌موویان له‌ که‌لتووری کۆمه‌ڵدا جه‌سپاون، مرۆڤه‌کان ده‌بێ پرۆفشیۆنیست بن. به‌ڵام له‌ کۆمه‌لگای دواکه‌وتوو و یان هه‌ژار و سه‌رکووتدا هه‌روا هه‌موو مرۆڤه‌کان گشتین و کاروپیشه‌کان و سیاسه‌تمه‌دار و خوێندنه‌ زانستیه‌کان و ته‌نانه‌ت ڕۆژنامه‌نووس و هونه‌رمه‌نده‌کان و هتد هتد تا ده‌گاته‌ گوێگرانی مۆسیقا و گۆرانی و هتد هه‌موویان گشتین. هونه‌رمه‌ند هه‌یه‌ چه‌ندین ئامێری مۆسیقا ده‌ژه‌نێ به‌ڵام هیچ کام له‌ ئامێره‌کان ناتوانێ به‌ ته‌واوی و سه‌رکه‌وتووی لێبدا. ئه‌م گشتی بوونه‌ له‌ ئه‌نجامی نه‌ڕه‌خسانی ده‌ورانێکی ئابووری و سیاسی و فه‌رهه‌نگیه‌ بۆ کۆمه‌لگا. که‌لتووری کۆمه‌ڵگا په‌ره‌ به‌م گشت و زۆر و بۆریه‌ ده‌دا. پێشتر سه‌رتاشه‌کان ددانی خه‌لکیشیان ده‌کێشا یان رادیو چیه‌کان دوای چاککردنی رادیۆکه‌ سێ برغو و دوو واشه‌ری ده‌داوه‌ به‌ خاوه‌ن ڕادیۆکه‌ ده‌یگوت ئه‌مانه‌ زیاده‌ن! ( کۆمپانیای فلیپسی هۆله‌ندی یان تۆشیبای یابانی هه‌روا به‌ زیاده‌ داینابوون!!)

ئیستا له‌ ووڵاتانی ئه‌وروپای ڕۆژئاوایی و ئه‌مریکا پرۆفشیۆنیست و سکور و تایبه‌تمه‌ندی و ناوه‌خنی دروست و وورده‌کاری تا ده‌گاته‌ هه‌موو ناوه‌خن و بنه‌وانیه‌کانی هه‌ر کارێ یان زانستێ بۆته‌ مه‌سه‌له‌یه‌کی ئاسایی له‌ لای مرۆڤه‌کان. ئیتر له‌ زۆر حاڵه‌تدا گشتی بوون ده‌بێته‌ تایبه‌تمه‌ندی بۆ مرۆڤه‌کان.

ئه‌م گشتی بوونه‌ی مرۆڤه‌کانی کۆمه‌لگای کوردستان له‌ هونه‌ر و مۆسیقا و گۆرانی دا زۆر زه‌قه‌ و جه‌ماوه‌ره‌کانیش هه‌ر زۆر گشتین، له‌ ئاهه‌نگێ گۆرانیبێژی وا هه‌یه‌ هه‌ر له‌ حه‌یران تا ده‌گاته‌ گۆرانی سۆزو دڵداری تا خه‌م په‌ژاره‌ و سرود هتد.ده‌ڵێ و خه‌لکیش به‌ حه‌یران هه‌ڵده‌په‌ڕن. ئا به‌ حه‌یران له‌ هه‌ولێر نا له‌ ستۆکهۆلـم پایته‌ختی سوید...

کاتی خۆی دکتۆرێکی پسپۆری منداڵان هه‌بوو ده‌یگوت هه‌ندێ دکتۆر له‌ هه‌ولێر بۆ چاککردنی پێچکه‌ی فه‌رشه‌ی نانی بچی بۆ لایان ناڵێن ئه‌مه‌ ئیختیساسی من نیه‌و گه‌چ کاریه‌کی هه‌رده‌که‌ن!!.

خۆ با باسی ڕۆژنامه‌ نووس و نوسه‌رانی خایس و سکرابه‌کانی چایخانه‌ی مه‌چکۆ و شه‌عب و زۆر له‌ وانه‌ی( د) یان دالی شێخ الله‌ یان له‌ پێش ناوه‌کانیانه یان ئه‌و سیاسیانه‌ی که‌ وه‌کو چوون بۆ چێشتخانه‌کان حزبه‌کانیان ده‌گۆڕن هه‌ر نه‌که‌ین.

 ئه‌مه‌ بۆ وه‌رزشه‌وانه‌کان و گشت کۆمه‌لگا هه‌ر یه‌ک به‌زمه‌. ئێمه‌ش بێ به‌ش نین له‌م ده‌ردو مه‌ینه‌تیه‌ی پرۆفشیۆنیستیه‌ و ناچارین ڕه‌خنه‌ له‌ گشت شتێ بگرین و له‌ ناوه‌خندا بووین به‌ چه‌ندین مرۆڤ له‌ یه‌ک مرۆڤدا.هه‌ر بۆیه‌ش داهێنان و نوێخوازی له‌ کۆمه‌لگای کوردستان چۆته‌ که‌شکه‌لانی فه‌له‌ک.

پێشتر مه‌لای گوندی پرۆفسیۆری نه‌ک هه‌ر دێیه‌ک بوو به‌لکو خۆ ئه‌گه‌ر ته‌فسیر و زمانه‌کانی ده‌وروبه‌ری بزانیایه‌ ئه‌وا مه‌لای دوازده‌ علم بوو، که‌ له واقع دا یه‌ک علمیشی نه‌بوو. ته‌نها علمی سکات و سه‌رفتره‌ و ده‌ڵاڵی و ماره‌یی نه‌بێ.

 ئه‌م گشتی بوونه‌ هه‌موو مه‌یدانه‌کانی ژیانی گرتۆته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌رچه‌رخانێ بۆ کۆمه‌لگای مه‌ده‌نی بکرێ، ده‌بێ تایبه‌تمه‌ندیه‌کان و وورده‌کاریه‌کان بێنه‌ ناو خوێندن و په‌روه‌رده‌و هونه‌ر و مۆسیقا و خولیای مرۆڤه‌کان و هتد. ئه‌وکات مرۆڤ تۆزێ هه‌ست به‌ بوونی خۆی ده‌کات و ده‌توانێ له‌ ناوه‌رۆکی مه‌سه‌له‌کانی ژیان و پرۆسه‌کانی به‌ڕێوه‌بردنی ژیان و گوزه‌رانی قووڵ بێته‌وه‌. ئه‌وکات خه‌ڵکی گه‌ڕه‌که‌کان ده‌توانن پرۆسه‌کانی ژیان و گوزه‌رانی گه‌ڕه‌ک دیاری بکه‌ن، یان کارمه‌ندان و کرێکارانی کارگه‌یه‌ک ده‌توانن له‌ ڕێگای قه‌راردادی کار پرۆسه‌کانی کار و ژیان و هیزفرۆشتنیان بۆ ئاستێکی به‌رزتر ببه‌ن و ژیانی خۆیان و نه‌وه‌کانیان تاڕادده‌یه‌ک مسۆگه‌ر بکه‌ن.

 

هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌فکاری گه‌لی و ناسیونالیستی و مه‌زهه‌بی له‌م کۆمه‌ڵگایانه‌ و ئاسانتر له‌ گه‌ڵ ئه‌م که‌لتووره‌ دێنه‌وه‌ چونکه‌ خۆیان دروستکه‌ری ئه‌ون.

با سه‌ره‌تا داوا له‌ گۆرانی بێژ و هو‌نه‌رمه‌ندانی ته‌شکیلی و نواندن بکه‌ین، نه‌ک سیاسی و ڕۆژنامه‌نووس و دکتۆر و ڕادیۆچیه‌کان و..هتد.

با هه‌ر هونه‌رمه‌ندێ ڕێبازێکی هونه‌ری تایبه‌ت به‌ ده‌نگ و ریتم و زه‌وقی خۆی هه‌بێت،  مۆزیسۆنه‌کان به‌ زانستی و پرۆفشیۆنیستانه‌ ئامێره‌کانیان بژه‌نن. تا بتوانن له‌ هونه‌ره‌کانیان داهێنانێ بکه‌ن. ئینجا گوێگرانیان یان ئه‌وانه‌ی حه‌ز به‌ ده‌نگ و ئاواز و ڕیتمیان ده‌که‌ن ناچارن دابه‌ش ببن و تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌تای خۆی ده‌ست پێ بکات.گۆرانی بێژێکی کچه‌ کورد به‌ ده‌نگێکی خۆش ده‌ڵێ هۆ هۆ  ڕێگا من دووره‌...

 

 

 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca