پێویسته‌ هه‌موو ئه‌و ده‌کومێنتانه‌ی له‌ دادگا پێشاندران بڵاوبکرێنه‌وه‌

پێویسته‌ نه‌زار خه‌زره‌جی و وه‌فیق سامه‌ڕایی ڕابکێشرێنه‌ دادگا

 

له‌ دانیشتنه‌کان ڕۆژانی 18-21 ی دیسه‌مبه‌ری 2006 دا دادگای باڵای تاوانی ئێراقی، له‌ لایه‌ن داواکاری گشتیه‌وه‌ تائێستا نزیکه‌ی 60 ده‌کومێنتی گرنگی سه‌باره‌ت به‌ کیماباران و شاڵاوه‌کانی ئه‌نفال دژ به‌ خه‌ڵکی کوردستان له‌ ناوچه‌ گوندنشینه‌ محه‌ره‌مه‌کاندا که‌ له‌ لایه‌ن حکومه‌تی ئێراقه‌وه‌ له‌ ساڵانی 1987-1988 دا ئه‌نجامدران، خراونه‌‌ته‌ ڕوو.

ئه‌وه‌ی به‌ گه‌لی کورد و قوربانیه‌کانه‌وه‌ په‌یوه‌ستداره‌ و لێره‌دا جێگای سه‌رنجه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و خاڵانه‌ی ده‌بێ هه‌ڵوه‌سته‌یان له‌به‌رامبه‌ردا بکرێت ئه‌مانه‌ن:

 

-       ده‌کومێنته‌کان به‌ زمانی عه‌ره‌بین و به‌ عه‌ره‌بیش مشتومڕیان له‌سه‌ر ده‌کرێت، زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان له‌و ده‌مه‌ته‌قێ عه‌ره‌بییه‌ ناگه‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ وه‌رگێری کوردی هه‌بێت و هه‌موو ئه‌و ده‌کومێنتانه‌ به‌ کوردی بگوترێنه‌وه‌.

-       پێویسته‌ ئه‌و ده‌کومێنتانه‌ هه‌موویان ‌بێلاکردنه‌وه‌ و بێده‌ستاکری وه‌کو خۆیان بڵاوبکرێنه‌وه‌، هه‌روه‌ها وه‌ربگێڕدرێنه‌ سه‌ر زمانی کوردی و بڵاوبکرێنه‌وه‌. واته‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی و کوردی بڵاوبکرێنه‌وه‌.

-       پێویسته‌ ئه‌و ده‌کومێنتانه‌ وه‌رگێردرێنه‌ سه‌ر زمانی ئینگلیزی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو گه‌لانی جیهان له‌ناوه‌ڕۆکی ئه‌و ده‌کومێنتانه‌ بگه‌ن و بزانن ژینۆسایدی گه‌لی کورد به‌ بڕیاری فه‌رمی ده‌وڵه‌تی ئێراقی بووه‌.

-       له‌ چه‌ندین ده‌کومێنتدا ئاماژه‌ی ڕاسته‌وخۆ به‌ تێوه‌گڵانی تاوانبار نه‌زار خه‌زره‌جی له‌ فه‌رمانی کیمیابارانکردنه‌کانی ناوچه‌کانی کوردستان کرا، ئه‌و تاوانباره‌ که‌ واژوی له‌سه‌ر گه‌لێ له‌ ده‌کومێنته‌کاندا هه‌یه‌، پشکداریی ئه‌و له‌ ژینۆسایدی ئه‌نفالدا به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌. ئاشکرایه‌ ڕێکخراوی هه‌وڵه‌کان بۆ خستنه‌گه‌ڕی دادگاییکردنی نه‌زار خه‌زره‌جی له‌ دانیمارک و ناوه‌ندی چاک هه‌ر زوو هه‌وڵی دادگاییکردنی تاوانبار نه‌زار خه‌زره‌جیان له‌ ساڵی 2001 دا، ئه‌وسا سه‌رکردایه‌تی پ.دک و ی.ن.ک و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌رگریان له‌و ئانفالچییه‌ کرد. به‌ڵگه‌نامه‌کانی دادگا پشتڕاستی دروستیی هه‌ڵوێستی ناوه‌ندی چاک و دڵسۆزانی گه‌لی کورد ده‌که‌نه‌وه‌. له‌سه‌ر دادگا، حکومه‌تی ئێراق و کوردستان ئه‌رکه‌ که‌ هه‌رچی له‌ توانایاندایه‌ بۆ گرتنی ئه‌و تاوانباره‌ بیگرنه‌به‌ر، بۆئه‌وه‌ی بدرێته‌ دادگا و له‌سه‌ر تاوانی ژینۆساید دادگایی بکرێت.

-       له‌ به‌ڵگه‌نامه‌کاندا ئاماژه‌ به‌ ڕۆڵی ئیستخباراتی عه‌سکه‌ری له‌ تاوانی ژینۆسایدی ئه‌نفالدا کرا، که‌چی جێگری سه‌رۆکی ئیستخبارات که‌ تاوانبار وه‌فیق سامه‌ڕاییه‌ ئێستا نه‌ک هه‌ر نه‌گیراوه‌ به‌ڵکو کراوه‌ته‌ ڕاوێژکاری سه‌رۆکی ئێراق، ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین شه‌رمه‌زارییه‌. بۆئه‌وه‌ی چیتر سوکایه‌تی به‌گه‌لی قوربانی کورد نه‌کرێت، ده‌بێ ده‌ستبه‌جێ تاوانبار وه‌فیق سامه‌ڕایی زیندانی بکرێت و بدرێته‌ داگا.  شایانی گوتنه‌ له‌ 6ی سه‌پته‌مبه‌ری 2006 دا ناوه‌ندی چاک به‌ فه‌رمی داوای له‌سه‌ر وه‌فیق سامه‌ڕایی تۆمارکردووه‌.  

 

 

ناوه‌ندی چاک

24.12.2006

 

 

 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca