كورد چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ده‌ی نوێ بكات؟

هه‌ژار خۆشناو
ڕۆما
- ئیتالیا

hajarkhoshnaw@hotmail.com

سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌ دوو جه‌نگی جیهانی گه‌وره‌ و دروست كردنی سنوری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ لایه‌ن ئه‌وڕوپیه‌كانه‌وه‌ و دوو جه‌مسه‌ری سۆڤیه‌ت و ئه‌مه‌ریكا ده‌ناسرێته‌وه‌. سه‌ده‌یه‌ك پڕ له‌ نه‌هامه‌تی و نا دادپه‌روه‌ری، خواردنی مافی هه‌ندێ له‌ نه‌ته‌وه‌كان و كه‌مینه‌كان. ‌مێژووی نوێی كورد و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و‌ڕوپیه‌كان به‌ ڕۆژێكی وه‌ك دوێنێ و ئه‌مڕۆی گه‌یشت و ئه‌م نه‌ته‌وه‌ش بووه‌ گه‌وره‌ترین قوربانی له‌ دانانی سنوره‌كان و به‌خشینه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات. كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش دا كورد كۆڵی نه‌دا و به‌م نادادپه‌روه‌ریه‌ هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ و بوو به‌ پێشمه‌رگه‌.

سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك هات و هه‌زاره‌ بوو به‌سێیه‌م، به‌ نه‌مانی سۆڤیه‌ت، تاك جه‌مسه‌ری و به‌رژوه‌ندی  و بۆچوونی به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریكا وایخواست، سنوره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست سه‌ر له‌ نوێ داڕێژێته‌وه‌ و زیاتر ناوچه‌كه‌ی فراوان بكات. دروست كردنه‌وه‌ی سنور و ڕێكخستنه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌مجاره‌یان له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌مه‌ریكا به‌ ناوی دیموكراسی و شه‌ڕی تیرۆر بوو.

به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌رۆك بووش له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی به‌ سێ قۆڵی كاری ده‌كرد، ئه‌مانیش خاتوو كۆنده‌لیزا ڕایس كه‌ كه‌سێكه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ سیاسه‌ته‌وه‌نیه‌ و ئه‌گه‌ر سه‌یری "سی ڤی"ه‌كه‌ی بكه‌یت كارگێڕێكی كۆمپانیای نه‌وته‌. به‌ڕێز ڕامسفێڵد له‌وه‌ته‌ی هه‌یه‌ په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رباز و كۆمپانیای چه‌ك دروست كردن و فرۆشتنه‌وه‌ هه‌بووه‌.‌ سه‌رۆك بوشیش كه‌ به‌یه‌كه‌م كه‌سی شۆڕشگێڕی سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌می ده‌زانم به‌لامه‌وه‌ گرینگ نیه‌ هه‌ڵه‌ی كردوه‌ یا ڕاست، چونكه‌ ئه‌و جه‌نگانه‌ی هه‌ڵگیرساند و به‌ كردار سه‌لماندی ده‌یه‌وێ گۆڕان بكات و دكتاتۆر لابه‌رێت. ئه‌گه‌ر چی هه‌ندێ هاوپه‌یمانی هه‌بوو له‌ ئه‌وڕوپا، ئه‌وانه‌شی له‌ده‌ست دا وه‌ك بێرلوسكۆنی له‌ ئیتالیا و ئه‌زنه‌ر له‌ ئیسپانیا، نه‌ك هه‌ر له‌ ده‌ست دان به‌ڵكو هاتنه‌ سه‌ر حكومی نایارانی و‌ دژی سیاسه‌تی ئیداره‌كه‌ی بوش وه‌ستانه‌وه‌. له‌ لایه‌كی تریش بلێر تا دێ متمانه‌ی نه‌ك هه‌ر له‌ ووڵاته‌كه‌ی بگره‌ له‌ نێو پارته‌كه‌شی له‌ده‌ست ده‌دا‌. له‌ لایه‌كی تریش فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و چین و ڕووسیا پشتگیری ئه‌و گۆڕانه (شه‌ڕی دژه‌ تیرۆر، بڵاوكردنه‌وه‌ی دیموكراسی، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێ) ‌ی بوشیان نه‌كرد، جگه‌ له‌وه‌ی چه‌ندین ووڵاتی تر گرنگ له‌ ناوچه‌كه‌ زۆر به‌ توندی دژی وه‌ستانه‌وه‌.

له‌وه‌ی بوش وه‌ك ئه‌فگانستان نه‌یتوانی بۆ عێراق پشتیوانی به‌ده‌ست بێنێ و به‌هۆی ئه‌مانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ باسمان كرد و له‌گه‌ڵ ده‌رنه‌چوونه‌وه‌ی له‌ نوێكردنه‌وه‌ی كونگرێس و ماڵئاوایی ڕامسفێڵد، شه‌ڕی عێراقی دۆڕاند.

بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕاپۆرتی "عێراق ستودی گروپ" كه‌ كاری گه‌وره‌ترین ناوه‌ندی بڕیاری ئه‌مه‌ریكایه و به‌سه‌رۆكایه‌تی بیكه‌ر و هامیلتۆن نووسراوه‌‌، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م بۆ خستنه‌ گۆشه‌ی سه‌رۆك بوش، پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر كاری بۆ  نه‌كا ئه‌وه‌‌ ده‌بێته‌ دووه‌م سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كه‌ پێش كاتی ته‌واو بوونی ده‌بێ ده‌ست له‌ كاربكێشێته‌وه‌. دووه‌م به‌لاوه‌نانی (شه‌ڕی دژه‌ تیرۆر، بڵاوكردنه‌وه‌ی دیموكراسی، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێ) و هه‌موو لایه‌ك و ناوچه‌كه‌ ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ ئه‌مه‌یه‌ ستراتیژی نوێی ئه‌مه‌ریكا و حكومه‌تی مسۆگه‌ری داهاتووی دیموكراته‌كان. هه‌ر وه‌ك له‌و لاوه‌ش سه‌رۆك بلێر ده‌ڵێ "شه‌ڕی عێراق دژه‌ تیرۆر نیه".‌

ئه‌م ڕاپۆرته‌ ئه‌گه‌ر چی به‌ ناوی "عێراق ستودی گروپ"ه‌ به‌ڵام پرۆژه‌یه‌كی نوێیه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و بێگومان ئه‌وڕوپا پشتیوانی لێ ده‌كا به‌تایبه‌تیش چونكه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كا كه‌ ده‌بێ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئێران و سوریا بكرێ.

هه‌ر چه‌نده‌ دڵنیا كردنه‌وه‌ له‌ سیاسه‌ت نیه‌ به‌ڵام من سه‌ركرده‌ و گه‌لی كورد دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ڕاپۆرته‌كه‌ ئه‌گه‌ر چی به‌ داخه‌وه‌ دووباره‌ له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌یه‌كی نوێ كورد فه‌رامۆش ده‌كا، به‌ڵام ئه‌وه‌ سیاسه‌تی واقعی ئه‌مه‌ریكایه‌ و كاری بۆ ده‌كا و زۆربه‌ی ووڵاتانیش پشتیوانی لێ ده‌كه‌ن.‌ هیچ ده‌سكه‌و‌تی تر به‌ ده‌ست ناهێنین و بگره‌ ده‌بێ ده‌ست له‌ فیدالیزم بشۆین، ورده‌ ورده‌ له‌سه‌ر شتی بچووك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و شیعه‌ و سوننانه‌ دا بكه‌ین كه‌ تا دوێنێ قه‌ڵاچۆلان و سه‌ری ڕه‌ش په‌ناگه‌یان بوو. له‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تی كورد پێویسته‌ به‌ بڕیارێكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان شته‌ ستراتیژیه‌كانی وه‌ك فیدرالیزم و سنور و كه‌ركوك و داهاتی نه‌وت له‌ نێو عێراق یه‌ك لایی بكاته‌وه‌. ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه‌ نه‌ك ده‌ستكه‌وتی تر ئه‌سبه‌ر ناكه‌ین به‌ڵكو زیاتر له‌وه‌ی له‌و "١٥ ساڵه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌"ش له‌ ده‌ست ده‌ده‌ین و تا سه‌د ساڵی تر ده‌بێ چاوه‌ڕی بین و بێگومانم له‌وه‌ی ده‌چینه‌وه‌ شاخ و هه‌ر چه‌نده‌ چه‌كمان دانه‌ناوه‌ به‌ڵام چه‌ك هه‌ڵده‌گرینه‌وه‌ به‌ مانای خوێن ده‌ڕژێته‌وه‌، ئه‌و كات‌ بریا ته‌نیا په‌نجه‌ گه‌ستن یا كرۆژتنه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش ناكه‌ین تا سه‌رۆك بوش وه‌ك سه‌ركرده‌ ماوه‌ و ئه‌وڕوپا به‌ ته‌مایه‌ ده‌ست وه‌رداته‌ ناوچه‌كه‌ و چاكی بكا به‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ نه‌بڕژێته‌ ماڵی. هه‌رچه‌نده‌ قه‌ت پێم واقیعی نه‌بووه‌ و چه‌ندین لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێ به‌ڵام سه‌ركرداه‌یه‌تی و گه‌له‌كه‌ی ده‌وڵه‌تی كورستان بكاته‌ ئه‌مری واقیع و سه‌ربه‌خۆیی ڕابگێنێ، پێم له‌ هه‌موو ڕێگاكان چاكتره‌ و ئه‌مڕۆش ئه‌وه‌نده‌ی میدیامان به‌‌هێزه‌ و خه‌ڵكمان له‌ ئه‌وڕوپا هه‌یه‌ هه‌رگیز نه‌مان بووه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كات ئه‌وه‌ دووباره‌ ده‌ڵێم ده‌سكه‌و‌ته‌كان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ین و بڕوا به‌ ته‌له‌فۆنه‌كان و دڵنیاكردنه‌وه‌كان مه‌كه‌ن ئه‌مه‌ سێ ساڵ بۆ سوونه‌كانیش وابوو.‌ كورد ته‌نیا له‌ عێراق نیه‌، ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كوردیان تێدایه‌ چۆن ڕازی ده‌بن به‌ فیدرالیزم و وه‌رگرتنی مافه‌كانمان له‌ عیراقێكی نوێ و كورد تیایدا بێ دۆست و پڕاو پڕ له‌ دوژمنه‌.

 

16-12-2006

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca