وا به‌ڕێوه‌م
غوربه‌تی ئۆقره‌ی لێ بڕیوم،
ته‌نیایی له‌خه‌م زیاتر،چی پێ به‌خشیوم؟
دێمه‌وه به په‌رۆشه‌وه باسکه‌کانم،
له‌باڵای کێو و باغه‌کانت ده‌ئاڵێنم،
له ئامێزم تێر ده‌تگووشم
تا ته‌ڕی ئه‌شک وه ئاگام دێنێته‌وه
من دێمه‌وه...
به‌رامبه‌رت
هه‌ڵ ده‌کورمێم
گوێ بۆ خه‌م و ئازاره‌کانت هه‌ڵده‌خه‌م
تۆش هه‌گبه‌ی پڕله‌حه‌سره‌تیت بخه کۆڵم،
به‌یه‌که‌وه ئه‌شکی خه‌م هه‌ڵده‌وه‌رێنین
من دێمه‌وه...
تا برینه‌کانت له‌گه‌ڵ
که‌زی زامی ئازاری خۆم ده‌چنمه‌وه،
وا دێمه‌وه...
ده‌بمه‌وه به‌و منداڵه‌ی لچکی عه‌باکه‌ت ده‌گرم و
هه‌ر به‌گریان به‌دواتا دێم،
دڕنه‌یه‌کی درێژ داده‌گرم،
تالوقمێکی شیرینم بۆ نه‌کڕی،هه‌ر به‌دواتادێم،
وا دێمه‌وه
....
ده‌بێ ئاوێنه‌که‌م مابێ؟
خۆ وه‌ک جاران ،له‌روخسارم
له‌ڕه‌نگ و ڕووم وه‌رس نی یه؟
ده‌بێ ..له‌سه‌ره‌خۆ بڕوانێته له‌ش و لارم؟
وه‌کو جاران به‌هێمنی بمدوێنێ؟
پێم بڵێ ...له‌وه
جوانتر،چی ترت ده‌وێ
بڕۆ پێڵاوه ..دۆمیه‌که‌ت له‌پێ بکه
جاده‌ی ئاشی ،جاده‌ی ڕه‌زان ،
تامه‌زرۆی دیده‌نی تۆنه
وا به‌ڕێوه‌م
غوربه‌تی ئۆقره‌ی لێ بڕیوم
ته‌نیایی له‌خه‌م زیاتر چی پێ به‌خشیوم؟
وا دێمه‌وه..
بۆ پاییزی پڕ له میوه‌و،
به‌هاری گوڵه حاجیله‌و گوڵه نیسان،
بۆ باوه‌شی که‌کۆن و هه‌یبه‌ت سوڵتان،
بۆخه‌نده‌یه‌کی سه‌رلێوی...
کوڕي غیلمان و کچه حۆریان
دێمه‌وه..بۆ ده‌ست له‌ملانێ ی
دیمه‌نی گوڵه هه‌ناری ده‌م ڕه‌زان
من دێمه‌وه...
ته‌نیایی ئۆقره‌ی لێ بڕیوم
چون غوربه‌تی له‌م به‌هه‌شته‌ی دابڕیوم
بۆیه هه‌ر بۆلات دێمه‌وه.
|