(لێره‌و له‌وێ):

جه‌ژن و گرانی

   كه‌ژاڵ ئیسماعیل
 

ساڵانێکی زۆره له ‌باشووری کوردستان هه‌ر چه‌شنه‌ کڕین و فرۆشتن و هه‌موو جۆره‌ئاڵوگۆڕه‌ بازرگانییه‌‌كان به‌(دۆلار) مامه‌ڵه‌ده‌كرێ و هۆکاره‌كه‌شی نازانم، له‌وانه‌یه دیارده‌یه‌کی شارستانێتی پێشکه‌وتنخوازیی کۆمه‌ڵگا بێت و نه‌مانزانیبێت، یان به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئابووری خه‌ڵک و ڕژانی دراوێکی زۆروزه‌وه‌ند بێت له‌ناو بازاڕه‌کاندا که ‌سه‌رچاوه‌که‌شی هه‌ر به‌لای خه‌ڵکه‌وه جێی گومانه، به‌تایبه‌ت دوای دروست بوونی له‌نه‌كاوی ژماره‌یه‌‌ک ده‌وڵه‌مه‌ندی خه‌یاڵیی و،   به‌کارهێنانی هه‌ندێک زاراوه‌ی بازرگانی وه‌ک ده‌فته‌ر و بلۆک و گه‌لێک ناوی دیکه‌ی سه‌ر سووڕهێنه‌ر.

به‌هه‌رحاڵ کڕین و فرۆشتن به‌هه‌ر دراوێک بێت گرنگ نییه، گرنگ نرخی که‌لوپه‌ل و پێداویستییه‌کانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکی یه به‌ هه‌موو جۆرێکه‌وه که ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ له ‌به‌رزبوونه‌وه‌دایه و، بۆته هۆی نیگه‌رانی و بێزاربوونی خه‌ڵک.

دیارده‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی که‌لوپه‌ل و زه‌رووره‌تییه‌کانی خه‌ڵک له ‌هه‌ندێک بارودۆخی تایبه‌تدا ده‌بێته جێی باس و سه‌رنجی خه‌ڵک له‌کاتی بۆنه ‌و ئاهه‌‌‌نگه‌گرنگ و‌تایبه‌تییه‌کان و به‌تایبه‌ت له‌کاتی جه‌ژن دا. ئه‌وی لای هه‌مووان ئاشکرایه له ‌کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه ‌و زۆربه‌ی وڵاته‌ئیسلامییه‌کاندا خه‌ڵك به‌پێی دابونه‌ریت و  عورف و عاده‌تێکی که‌لتووری و ئایینی، وه‌ک موباره‌کی  و نوێبوونه‌وه‌، جل و به‌رگ و پۆشاکی تازه به‌تایبه‌ت بۆ مناڵان ده‌کڕن. هه‌روه‌ک ده‌زانین جه‌ژنه‌کانیش چونكه‌ئه‌وه‌نده‌یان مه‌ودا به‌یه‌كه‌وه نییه، فرۆشیار و دوكانداره‌كان ئه‌م بۆنه‌یه به‌هه‌ل ده‌زانن بۆ به‌رز کردنه‌وه‌ی نرخی که‌لوپه‌ل و پێداویستییه‌کانی جه‌ژن. دیاره دوکاندار و بازرگانه‌کان پێیان وایه که فه‌رمانبه‌ر و کارمه‌نده ڕه‌سمی و حکومییه‌کان جه‌ژنانه‌یان بۆ خه‌رج ده‌کرێت! یان پاره‌یان به‌سه‌ردا ده‌بارێت و بۆ خه‌ڵکی مه‌ینه‌تبار و ماندووی کوردستان هیچی تێناچێت!

ئه‌وه‌ی له‌م باسه‌دا جیێ سه‌رنجه، هیچکام له‌لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان گوێ به‌م مه‌سه‌له‌یه‌ناده‌ن، له‌لایه‌که‌وه خه‌ڵک بۆخۆیان بێباکن له زیادبوونی نرخی بازاڕه‌کان و، وه‌ک ئه‌و‌ه‌وایه‌ كه‌ یه‌کجار خه‌ڵک خواردن بخۆن یان کاڵاو به‌رگی تازه بپۆشن..! ته‌نانه‌ت ئێستا وه‌ک عاده‌تێکی مۆدێرن و چاولێکه‌ریی خه‌ڵکی که‌لوپه‌ل و ئه‌ساسی ماڵ نوێ ده‌که‌نه‌وه که ئه‌مه‌یش زیاتر ته‌ماع ئه‌نێته به‌ر خاوه‌ن دوکان و بازرگانه‌کان. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره حکومییه‌کان خۆ ناگه‌یه‌ننه مه‌سه‌له‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی که‌لوپه‌ل و بازاڕ و، نه‌بوونی کۆنترۆڵ خه‌ڵکی ده‌کاته نێچیری بازرگان و خاوه‌ن دوکان و مارکێته چاوچنۆکه‌کان.

لێره‌دا شتێک ماوه ‌بیڵێم ئه‌ویش بێده‌نگی و كڕبوونی خه‌ڵکه له ‌ئاست ئه‌م دیارده‌یه‌دا و، کاتێکیش به‌ڕێکه‌وت له‌ناو بازاڕدا کامێرای یه‌کێک له‌میدیاکان ده‌گه‌ڕێت بۆ ڕاپرسی له ‌بازاڕ و ڕای خه‌ڵک بزانین، ده‌بینین هه‌ر دوکانێک نزیکی زیاد له‌په‌نجا که‌سی تێدایه و له‌گه‌ل ئه‌وه‌دا كه‌ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیش به‌رز ده‌که‌نه‌وه، ئه‌وه‌ی سه‌یر و جێگه‌ی سه‌رسووڕمانه هه‌ر هه‌موو پێداویستییه‌کان ده‌کڕن!! دوکانداره‌کانیش هه‌‌ر له ‌ده‌رزییه‌ک ڕا بگره‌ تا ده‌گاته‌ گه‌وره‌ترین که‌ره‌سه، ‌له‌سه‌ر خه‌ڵک گرانی ده‌که‌ن. ته‌نانه‌ت نرخی خانوو و سه‌یاره‌ش به‌رزده‌بێته‌وه. جگه له‌ نرخی نه‌وت و غاز و به‌نزین که‌له‌شته‌ئه‌ساسییه‌كانی جه‌ژنن.

• • •

 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca