ژیان شوێنه‌واری ماچێک
به شه‌خته‌ی تاوان ئه‌شواته‌وه‌و
لێم ناگه‌ڕێ
من.. به‌م هه‌موو ئه‌سه‌فه‌وه
تاوێک له‌باوه‌شی ئارامیدا
په‌نجه‌کانم به میلۆدیای ئه‌شقێکا بگێڕم
وێڵم..
وێڵم و ئه‌و په‌یڤه بابردووانه‌م بۆ ناکرێته هێلانه‌یه‌ک
تا زه‌رنه‌قووته‌ی حه‌زه‌کانمی تیا بشارمه‌وه!
ژیان.. ئای ژیان چه‌ند سه‌یره
له‌گه‌ڵ مه‌رگ
ته‌نها هه‌ناسه‌یه‌ک
لێكیان دائه‌بڕێ
له‌گه‌ڵ مه‌رگ چی لێکیان جودا ئه‌کاته‌وه؟
ئه‌میان ڕه‌نگاو ڕه‌نگه و
ئه‌ویان بێڕه‌نگ
ئه‌میان پڕ له‌جه‌نجاڵ و هات و هاواره و
ئه‌ویان بێده‌نگ..
* * *
لێم گه‌ڕێ سه‌رڕێژم له نائومێدی و
به دوای عه‌ترێکا وێڵم
بینێرمه‌وه بۆ نیشتمان
نیشتمانێكی وه‌همی
تا چیتر بۆنی مه‌رگ نه‌دات
بێزارم له ژماردنی هه‌نگاوه تێكه‌ڵه‌كانی سێبه‌ر و
ده‌رمانێكم بۆ نایه به‌دیاری
به‌ره‌و خامۆشی سۆزێکی زیندووم به‌رێت وه‌ک ئاواز
* * *
دوێ شه‌و..
به مردوویی
ئه‌و سه‌حرایانه ئه‌گه‌ڕام
پڕبوون له به‌تاڵیی!
خۆم به لێواری قه‌سیده‌یه‌کا هه‌ڵواسیبوو
پڕ بوو له‌ونبوون
نه ئه‌گه‌یشتمه ڕوخساری مانگ و
نه‌ئه‌ستێره هۆره‌ی بۆ ئه‌چڕیم..!
تۆ ئه‌زانی
مانگ له دووره‌وه جوانه‌و
ئه‌ستێره‌ش هه‌ر له‌به‌رزایی ورشه‌ئه‌دات؟!
* * *
دوێ شه‌و
ونبووم.. ون
ته‌نهایی گه‌یاندمیه زه‌مه‌نێک
له‌خۆرێکی ڕه‌نگ په‌ڕیو و تاریکی به‌ولاوه
ده‌نگی هیچی دیکه‌م گوێ لێنه‌بوو
جه‌نگه‌ڵستانێک..
سه‌رم لێره و پێیه‌کانیشم له قه‌راغ دونیا
نه هاوارێکم فه‌له‌کی پڕ کرد و
نه نزایه‌کم گه‌یشته خودا
ته‌نهاییه‌کی ته‌ڵه‌زماوی ونی کردم!
* * *
لیم گه‌ڕێ..
ئاسمان هێنده نزم بۆته‌وه
هه‌ور ئه‌بارێت!
زه‌وی کیژۆڵه‌یه‌کی تۆقیوه و
سه‌ری ناوه‌ته‌نێو تاریکی شه‌وێکی ئه‌نگوسته چاو
تۆ بڵێی ئه‌وه‌ژیان بێت یان..!
وه‌ک باڵنده‌یه‌کی مه‌ست گێژ ئه‌خۆم و
له بازنه‌یه‌کی داخراوا
ئاسمانم چه‌رخ ئه‌دا
چیت لێم ئه‌وێ..؟
من.. هه‌موو ڕۆژێک ئه‌کوژرێم
له بێده‌ره‌تانی ئه‌م گوزه‌رانه‌دا
جه‌سته‌م ئه‌که‌مه قوربانی ده‌نکێ کبریت!
له‌م خه‌راباته..
کێ هه‌یه له‌من بێسه‌وادتر؟
کێ بۆمن ئه‌گری؟
ئای ژیان!
ژیان وه‌ک مه‌رگێکی شه‌رمن
پێی وایه چاوه‌کانی ناخوێنمه‌وه
ئه‌و..
هه‌ناسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێواره‌یه‌ک
ناباته‌وه بۆ سه‌ر حه‌نینی سنگێک
به‌رد به هاژه‌ی ڕووبار ئه‌خنکێنێ و
به‌رائه‌تی ئه‌و مناڵییه سه‌رئه‌بڕێت
که هێشتا ده‌می وا به گۆی مه‌مکی لانکه‌وه‌یه و
داره‌داره‌ی گه‌وره‌بوون
مناڵی نه‌کردۆته‌وه!
ژیان.. ئافاتێکه
یا ئافات ئافاتی ژیانه؟
ده‌لێم گه‌رێ..
با پڕ به‌گیرفانه‌کی گه‌وره‌ییم
شیکایه‌ت به‌رمه حزوری به‌زه‌یی و
نهێنیه‌کانم له‌که‌نار ده‌ریایه‌ک زینده به‌چاڵ بکه‌م
تۆ ئه‌زانی..
ده‌ریا چه‌ن هێمنه به‌ر له شێت بوون!؟
* * *
دوێ شه‌و..
مه‌لاومه‌ل بووم له ترس
بووبوومه پاسارییه‌ک و
بۆ هێلانه
له به‌رده‌م میحرابی زه‌رده گه‌ڵایه‌کا
سوجده‌م ئه‌برد و ئه‌گریام..
خه‌و ده‌ستی نابوومه نێو ده‌ستی شه‌هره‌یارێک
بۆنی باده‌په‌رستی
که‌لله‌سه‌رمی پڕ کردبوو له‌مه‌ستی
منیش بۆنی سووتانی ئه‌شقێکی په‌نهانم لێئه‌هات
ئه‌و گوێی بۆ چیرۆکی په‌ریزاده‌و ئه‌ژدیها شلکردبوو
منیش به مار و په‌یژه‌ی ژیانا
به‌ره‌و قووڵترین خه‌یاڵ هه‌ڵئه‌چووم
تۆ ئه‌زانی شه‌هره‌یار هه‌ر له چیرۆکا جوانه؟!
* * *
ده‌لیم گه‌رێ..
من«ئه‌و
ساته خۆشه‌م هێشتا له‌بیره»*
زۆر ڕۆمانسییانه
چراکانم کز ئه‌کرد و تۆش پێت ئه‌ووتم:
ئه‌بێ له‌ژیان خۆشتر چی هه‌بێت؟
که تۆم هه‌بێت
قه‌د پیر نابم
بۆ ئه‌به‌د نامرم..
که‌چی ئێستا بووینه دوو هێڵی ته‌ریب و
هه‌رگیز به‌یه‌ک ناگه‌ین
ئاخر بۆ لێم ناگه‌ڕێی..؟
تۆ به‌م هه‌موو ڕه‌نگه‌وه
منیش له‌م ڕه‌نگه خۆڵه‌مێشییه‌دا ون بووم
ئیدی چۆن له گوڵدانێکا جێ‌مان ئه‌بێته‌وه.
هۆله‌ندا 26- 11 - 2006
• • •
* دێڕه هۆنراوه‌یه‌کی شاعیری گه‌وره‌ی ڕووس «پووشکین»ه.
|