ئه‌ی ڕۆۆۆۆۆ ئه‌ی ڕۆ.... ئه‌م جاره‌ش مافی كورد ڕۆ....


كانی هه‌ڵه‌بجه‌یی
هۆڵندا

Kani_awin@hotmail.com

وه‌ك هه‌مومان ئاگادارین هه‌واڵی له سێ داره‌دانی دیكتاتۆر سه‌دام گه‌شتۆته ماڵی گشتمان و له گوێی هه‌موماندا ده‌زرنگێته‌وه، ئه‌م هه‌واڵه چه‌نێ ئێمه‌ی كورد بۆی به‌ په‌رۆش بووین، چه‌نێ خۆمان بۆی ئاماده كردبوو، چه‌نێ چاوه‌ڕوانی ئه‌و ڕۆژه بووین كه له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی سه‌دام به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌مانی كردووه له سێ داره بدرێ، ئاااااای دایكی شه‌هید، ئااااای ئه‌نفال، ئاااای هه‌ڵه‌بجه، گشت زامه‌كانمان دیسان پشتگوێ خران و گشت مافه‌كانتان بوونه‌وه قوربانی برا گه‌وره‌ی شیعه.

هه‌رچه‌نده دادگایی كردنی دیكتاتۆری چه‌رخی بیسته‌م سه‌دام حسێن له‌لایه‌ن دادگای تاوانه‌كانی عیراق به پێی بیر و باوه‌ڕی هه‌ندێ له سه‌ركرده سیاسییه‌كانی عیراق گه‌وره‌ترین ده‌ست كه‌وته له مێژوی عیراقی نوێدا و گه‌لی كورد وه‌ك یه‌كێك له گه‌لانی عیراق سته‌م دیده‌یی زۆری بینیوه له ژێر ده‌ستی ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌م دیكتاتۆره، وه هه‌مومان وه‌ك كورد چاوه‌ڕوان بووین ڕۆژی له‌سێ داره‌دانی دیكتاتۆر بكه‌ینه یه‌كێك له جه‌ژنه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كه‌مان ، به‌ڵام ئاااخ هه‌زار جار ئاخ ، دیكتاتۆر له‌سه‌ر ئه‌و تاوانه مرۆڤ سڕ كه‌رانه له سێ داره نادرێ كه به‌رامبه‌ر گه‌له‌كه‌مان ئه‌نجامی داوه.

وه‌ك ئاگادارین پرۆسه‌ی دادگایی كردنی دیكتاتۆر به سه‌رۆكایه‌تی دادوه‌رێكی كورد به‌ڕێز ڕزگار بو وه به شێوه‌یه‌كی یاسایی یانه پرۆسه‌كه به‌ڕێوه ده‌چو وه كورد پێی خۆش بوو كه دادوه‌رێكی كورد سه‌رۆكایه‌تی پرۆسه‌ی ئه‌و دادگاییه ده‌كات به‌ڵام له‌به‌ر هۆیه‌كی سیاسی ڕێڕه‌وی ئه‌م دادگایی كردنه گۆڕدرا وه بووه هۆی ده‌ست له كار كێشانه‌وه‌ی به‌ڕێز ڕزگار،  بێگومان پاڵه‌په‌ستۆی شیعه‌كان بوو وای كرد كه به‌ڕێز ڕزگار ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه، ئایا پێویست نه‌بوو كورد لێره‌دا هه‌ڵوێسته‌یه‌ك بكات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌مكوتی نه‌یاره‌كان بكات كه ده‌یانگووت پرۆسه‌ی دادگایی كردنه‌كه سیاسیه نه‌ك یاسایی؟

ئه‌وه بوو دوای ئه‌وه پارێزه‌رێكی كوردی دیكه(ڕه‌ئوف) جێگای گرته‌وه. هه‌رچه‌ند به‌ڕێز ڕه‌ئوف بووه جێگای ڕه‌خنه‌گرتنی زۆر له‌و نه‌یارانه‌ی دژی گه‌لی كورد بوون، به هه‌رشێوه‌یه‌ك بوو دادگایی یه‌‌كه به‌ڕێوه چوو وه پرۆسه‌كه به خوێندنه‌وه‌ی حوكمی له سێ ده‌ره‌دانی سه‌دامی دیكتاتۆر كۆتایی هات. كه له‌سه‌ر تاوانی كوشتنی كه‌متر له 200 هاوڵاتی شیعه بوو له دوجه‌یل.

بێگومان وه‌ك ئاگادارین سه‌دام له پرۆسه‌ی دادگایی كردنی چه‌ند تاوانێكدا بوو نه‌ك ته‌نها تاوانی دوجه‌یل. وه‌ك پرۆسه‌ی دادگایی كردنی ڕژێم و داروده‌سته‌كه‌ی له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ئه‌نفال كه گه‌لی كورد زۆر به كه‌یف و خۆشییه‌وه شایه‌ته یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی به به‌ڵگه‌ی پێویسته‌وه ده‌نارده ناو دادگاوه، له هه‌ژاران و خوێنه‌رانی كورد هه‌موو به په‌رۆشه‌وه هه‌وڵی ئه‌وه‌یان ئه‌دا كه فریای دادگاو شایه‌تی دانه‌كه بكه‌ون، ئه‌لێره‌دا هه‌ڵوێسته‌مان پێویسته، ده‌بێ بپرسین بۆچی له‌م كاته‌دا كه پرۆسه‌ی ئه‌نفال به‌رداوامه‌و ته‌واو نه‌بووه حوكمی له سێ داره‌دانی سه‌دام ده‌رده‌چێت؟  ئه‌ی كورد كوا؟؟؟؟ 8000 بارزانیه‌كان كوان؟؟؟؟ 5 هه‌زار شه‌هیدی هه‌ڵه‌بجه‌و 10 هه‌زار بریندار كوان؟؟؟؟ كوان 4500 دێی ڕوخاو؟؟؟؟ هه‌موویان بونه قوربانی كه‌متر له 200 كه‌س؟؟؟؟ ئه‌ی كووا هه‌ڵوێستی سه‌ركردایه‌تی كورد؟ بۆچی ده‌هێڵێت سه‌دام له سێ داره بدرێ پێش ئه‌وه‌ی تاوانه‌كانی دژ به گه‌له‌كه‌مانی به‌سه‌ردا بچه‌سپێت؟. دیسان وه‌ك پرۆسه‌ی یه‌كه‌می دادگایی كردنه‌كه كه‌وتینه‌وه ژێر پاڵه‌په‌ستۆی شیعه؟ خۆ به‌لای سه‌ركردایه‌تی كورده‌وه له‌گه‌ڵ شیعه‌ی هاوپه‌یمانمان به یه‌كسانی زۆردارییه‌كانی سه‌داممان به سه‌ردا دابه‌ش كراوه، ئه‌ی بۆچی ئێستا هه‌موو ئه‌نجامی دادگایی كردنه‌كه بۆ ئه‌وان بێ؟ بۆ هاوبه‌ش نه‌بین؟ 

گه‌ر سبه‌ینێ ڕۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان پرسیان كوا مافی كورد؟ سه‌ركرده‌كان ده‌ڵێن چی؟ گه‌ر كه‌سێ پرسی سه‌دام له‌سه‌ر چی له سێ داره درا، له ڕویان دێ وه‌ڵام به‌نه‌وه؟ ئه‌ڵێن له سێ داره‌درا له‌سه‌ر كوشتنی كه‌متر له 200 برای شیعه؟ سه‌یر ئه‌بێت به‌ته‌مابن به غیابی سه‌دامی دیكتاتۆر حوكمی تاوانه‌كانی بده‌ن كه دژ به كورد ئه‌نجامی داوه؟

ئای چه‌ن تیرێكی ژه‌هراوی بوو كاتێ ئه‌مڕۆ29-12-2006 به‌رێزێكی ده‌سته‌ی دادگایی كردنه‌كه به ناوی ( مونێر حه‌داد) ووتی:، پێویست ناكات ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئیمزای ئه‌م له سێ داره‌دانه بكه‌ن!!!! كه‌وابوو ....مامه گیان.... ڕاسته هه‌ر سه‌رۆكی پێشوازی و خواحافیزی كردنی، یان دیسان پاڵه‌په‌ستۆی شیعه‌ی هاوپه‌یمانه؟ ئه‌ی بۆ له بڵندگۆكه‌ته‌وه و بڵندگۆی كورده‌وه ڕه‌دی ئه‌وه ناكه‌یته‌وه كه ئه‌بێت دادگایی كردنه‌كه به‌رده‌وام بێت تاكو سه‌پاندنی تاوانه‌كانی به‌رامبه‌ر كوردیش به سه‌ر دیكتاتۆردا ده‌چه‌سپێت؟،.... كاكه گیان.... بۆ وه‌ك سه‌ركردایه‌تی كورد نایه‌یته وه‌ڵام؟ ئه‌مڕۆ ڕكێفی میلله‌تێك له ژێر ده‌ستی به‌ڕێزتدایه چۆن یاری به چاره‌نوسی زامه‌كانی گه‌لێك ده‌كرێ كه هێشتا قه‌تماغه‌یان ساڕێژ نه‌بووه؟ كاكه گیان كوا ئێسك و پروسكی 182 هه‌زار ئه‌نفال؟ كوا هه‌ڵه‌بجه‌و كوا زینده‌به‌چاڵ؟ ئه‌مانه‌تان هه‌موو گۆڕییه‌وه به كه‌متر له 200 شیعه؟ كه خۆشتان و هه‌مومان ده‌زانین ئه‌و تاوانه‌ی دوجه‌یل به‌رامبه‌ر ناكرێ به هیچ له یه‌كێك له‌و تاوانه نا مرۆڤایه‌تیانه‌ی به‌رامبه‌ر گه‌لی كورد كراوه.

خۆ ڕۆشنبیرانی كورد له ئه‌وروپا ئه‌وه‌نده‌شیان به‌ڵگه پێ نه‌بوو وه‌ك ئێوه وه كۆمه‌كێكی ئه‌وتۆیان له ئێوه وه‌رنه‌گرت و توانیان تاوانبارێكی هۆڵندی كه چه‌كی كۆمه‌ڵ كوژی به سه‌دام دابو بخه‌نه به‌رده‌م دادگاو دادگاش حوكمی به‌سه‌ردا بات. ئه‌ی ئێوه چیتان كرد؟ بۆ یاری به چاره‌نوسی ئازارو خوێنی شه‌‌هید ده‌كه‌ن؟ یاخود بۆ دێڵن شیعه هه‌ر برا گه‌وره بێت وه‌ك ڕژێمه دیكتاتۆرییه‌كه‌ی سه‌دام؟ گه‌ل به هیوای ئه‌وه بوو سه‌رانی ڕژێم له هه‌ڵه‌بجه‌ی چه‌ند جار شه‌هیددا دادگایی بكرێن و حوكم بدرێن، ئه‌ی ئێستا چی وه‌ڵامی شه‌هیدو كه‌سوكاریان ده‌ده‌نه‌وه؟ چی وه‌ڵامی كه‌س و كاری ئه‌نفال ئه‌ده‌نه‌وه؟ بۆچی قسه‌ی نه‌یاره‌كان به‌سه‌ر خۆتاندا ساغ ده‌كه‌نه‌وه كه ده‌ڵێن دادگاییه‌كه سیاسییه نه‌ك یاسایی؟

دوای ئه‌وه‌ی خۆمان كرده قوربانئ عیراقێكی نوێ وابزانم برا شیعه‌كانمان حیسابی  ئه‌لقاعیده‌و به‌عسییه‌كان و سوننه‌ی توندڕه‌ویان بۆ كورد كردووه. چونكه ڕای كوردیان وه‌رنه‌گرتووه، ته‌نانه‌ت له دادگایی كردنی سه‌ره‌خۆره‌كه‌شماندا مافه‌كانیان خواردین..... ئه‌‌ی هاواااااااااااااااااار ئه‌ی ڕۆۆۆۆۆۆۆۆ، ئه‌ی داااااد ئه‌ی بێ دااد بۆ مافه خواردوه‌كانی كورد،

له بری هه‌لهه‌له دیسان ده‌بێ دایكی شه‌هیدان زمایشیان بێو هه‌ر بڵێن ئه‌ی ڕۆۆۆۆۆۆۆۆ ئه‌ی ڕۆ، مافمان ڕۆۆۆۆ....

 

 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca