ڕاگه‌یاندنێک له‌ کوردستانیانی دانیشتووی فینلانده‌وه‌، به‌ حزب و ڕێکخراو و کۆمه‌ڵه‌کانه‌‌وه‌

   
 

 

 

گه‌لی کورد له‌  باشووری کوردستان، به‌ درێژایی مێژوو له‌ پێناوی مافه‌ ڕه‌واکانیدا وه‌ك گه‌لێکی چه‌وساوه‌ تێکۆشاوه‌ و به‌ هه‌زاره‌ها له‌ ڕۆله‌کانی کردووه‌ته‌ قوربانی، تا توانی له‌ ڕاپه‌رینی 1991 و پرۆسه‌ی ئازادیدا به‌ هاوکاری هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌کان به‌ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکا به به‌شێك له‌ مافه‌کانی بگات.

له‌ کاتێکدا گه‌لی کوردستان چاوه‌ڕوانه‌ ماده‌ی 140 ی دستووری عێراق جێبه‌جێ بکرێت و کۆتایی به‌ ڕه‌وتی چه‌وسانه‌وه‌ و پرۆژه‌ی ژێنۆسایدی گه‌لی کورد بهێندرێت که‌چی، ڕاپۆرتی بیکه‌ر- هاملتۆن ده‌یه‌وێت ده‌سکه‌وت و ئاواته‌کانه‌ی گه‌لی کوردستان له‌بار به‌رێت و ڕه‌وتی دیموکراتیزاسیۆنی عێراق به‌ره‌و پاشتر ببات.

ئێمه‌ی کوردستانیانی دانیشتووی فینلاند له‌ ئێواره‌ی ڕۆژی هه‌ینی ڕێکه‌وتی  15.12.2006 کۆبوونه‌وه‌یه‌کی به‌رفراوانمان به‌ست و گفتوگۆی چڕوپڕمان سه‌باره‌ت به‌ ڕاپۆرته‌که‌ی بیکه‌ر-هاملتۆن کرد.

ئێمه ڕایده‌گه‌یه‌نین که‌ دژی ئه‌و خاڵانه‌ین که‌ له‌ ڕاپۆرته‌که‌ی بیکه‌ر- هاملتۆن دا سه‌روه‌رییه‌کانی گه‌لی کوردستان پێشێل ده‌که‌ن و هه‌رێمی کوردستان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی له‌ قه‌واره‌ ده‌ده‌ن، په‌سه‌ندکردن و جێبه‌جێ‌کردنی ئه‌و خاڵانه‌ی ڕاپۆرته‌که‌ی بیکه‌ر- هاملتۆن له‌مه‌ڕ کوردستان کاره‌ساتێک له‌ ناوچه‌که‌دا دروست ده‌کات ، جگه‌ له‌ تیرۆریستان هیچ لایه‌نێک لێی سوودمه‌ند نابێت.

بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ک کوردستانیانی دانیشتووی فینلاند به‌ تاک و حزب و کۆمه‌ڵه‌ و ڕێکخراوه‌کانه‌وه که‌ له‌ خواره‌وه‌ ئێمزامان کردوو ه‌، ‌ڕایده‌گه‌یه‌نین که‌ پێویسته‌:

  1. بڕگه‌ی 140 ، به‌تایبه‌تی له‌و به‌شه‌دا که‌ په‌یوه‌سته‌‌ به‌و ناوچانه‌ی کوردستانه‌وه‌ که‌ تائێستا له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری هه‌رێمی کوردستانن، تا کۆتایی ساڵی 2007 جێبه‌جێ بکرێت.

  2. داهات و سامانی سروشتی هه‌رێمی کوردستان بسپێررێت به‌ گه‌لی کوردستان.

  3. سه‌روه‌رییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بپارێزرێت و گه‌لی کوردستان خۆی بڕیارده‌ر بێت له‌ چاره‌نووسی داهاتووی کورستان وه‌ك هه‌رێمێکی یه‌کگرتوو‌.

  4. هه‌ربڕیارێک که‌ په‌یوه‌ست بێت به‌ کوردستانه‌وه ‌پێویسته‌ پرس به‌ گه‌لی کوردستان بکرێت.

 

هه‌روه‌ک ڕایده‌گه‌یه‌نین که یاداشتنامه‌یه‌ک به‌ هه‌مان ئه‌م ناوه‌ڕۆکه‌وه و به‌ ئیمزایه‌کی زۆره‌وه‌‌ ده‌ده‌ین به‌ باڵێۆزخانه‌ی ئه‌مریکا و به‌رده‌وام ده‌بین له‌ چالاکییه‌کانمان به‌ ئیمزا کۆکردنه‌وه‌ و خۆپیشاندان و مانگرتن و هه‌ر شێوازێکی تری شارستانیانه‌ تا به‌دیهێنانی داواکارییه‌کانمان, بۆیه داوا له هه‌موو کوردستانیانی دانیشتووی فینلاند ده‌که‌ین که به‌شداری و هاوکاریمان بکه‌ن بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و داواکارییانه.‌

 

ئیمزاکان:

 

پارتی دیموکراتی کوردستان- ڕێکخراوی فینلاند

یه‌کێتی نیشتیمانی کورستان- کۆمیته‌ی فینلاند

حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران- کۆمیته‌ی فینلاند

حیزبی دێموکراتی کوردستان – ئێران- کۆمیته‌ی فینلاند

حزبی شیوعی کوردستان- ڕێکخراوی فینلاند

کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕ شگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران- کۆمیته‌ی فینلاند

یه‌کێتی ژنانی کوردستان- فینلاند

کۆمه‌ڵه‌ی ژنانی كورد له‌ ئێسپۆ

کۆمه‌ڵه‌ی ئاشتی بۆ کوردستان

کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکارانی کوردستان- فینلاند

سه‌نته‌ری گه‌نجانی کورد له‌ فینلاند

کۆمه‌ڵه‌ی کوڵتووری کۆمه‌ڵایه‌تی کورد- فینلاند

بزووتنه‌وه‌ی ڕیفراندۆمی کوردستان- کۆمیته‌ی فینلاند

کۆمه‌ڵه‌ی کولتووری و راگه‌یاندنی کۆچه‌ر - ده‌نگی کورد

ناوه‌ندی چاک- فینلاند

 

15‏/12‏/2006

هێلسینکی

 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca