کورد له‌ په‌ڕاوێزی راپۆرته‌که‌ی بێکه‌ر- هاملتن دا

   رێکار ئه‌حمه‌د

 

ئه‌مریکا سه‌رده‌سته‌ی ئه‌و وڵاته‌ به‌رژه‌وه‌ندخوازانه‌ی جیهانه‌ که‌ ته‌واوی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌کانیان له‌سه‌ر سوودی زیاتر داده‌ڕێژن ، تێکۆشانی خۆیان بۆ هه‌رچی زۆرتری ده‌سته‌به‌رکردنی قازانجه‌کانیان چڕ ده‌که‌نه‌وه. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌‌ ، هاتنی ئه‌مریکا بۆ عێراق ئه‌گه‌رچی رووخاندنی  رژێمی سه‌دامیشی لێکه‌وتۆته‌وه‌ ، به‌ڵام ئامانج‌  کۆنترۆڵکردنی ‌ رۆژهه‌ڵاتی ناڤین و سه‌پاندنی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌کانی ئه‌مریکای ته‌کانه‌یه‌ . 

 رووخاندنی رژێمی سه‌دام  به‌ سوودی به‌رژه‌وه‌نده‌کانی گه‌لی کوردستان هاته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش  ئاکامی خوێندنه‌وه‌یه‌کی ناته‌واوی به‌ ده‌سته‌ڵاتدارانی باشووری کوردستان ( د. ب. ک) به‌خشی، ئه‌وان پێوانه‌ی هاوپه‌یمانی ئه‌مریکایان بۆ خۆیان کرد و به‌ قسه‌ی بۆندارو رازاوه‌ شاگه‌شکه‌بوون. ( د. ب. ک)  خۆبه‌خشانه‌ گه‌لی کوردستانیان ئاوێته‌ی هاوکێشه‌یه‌کی قورس و گران کرده‌وه‌ ، پشتیان له‌ خواسته‌کانی گه‌ل و ئامانجه‌کانی بزاڤی رزگاریخوازی کرد و به‌ره‌و مسۆگه‌رکردنی پشکی ده‌سته‌ڵات له‌ عێراق هه‌نگاویان هه‌ڵێنایه‌وه‌ ، بۆ فراوانکردنی ده‌سته‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندی حزبایه‌تی ته‌سک خلۆر‌بوونه‌وه، به‌مه‌ش درزی نێوان خۆیان و جه‌ماوه‌ریان پانتر کرده‌وه‌ ، ته‌واوی راستیه‌کانی نێو دیدارو کۆبوونه‌وه‌کانیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌مریکی له‌ جه‌ماوه‌ر شارده‌وه‌و  که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندنی حزبیش به‌ ئاره‌زووی خۆیانه‌وه‌ هه‌واڵ و شرۆڤه‌ و لێکدانه‌وه‌یان ده‌رخواردی جه‌ماوه‌ر دا، ئه‌مریکای به‌رژه‌وه‌ندخواز له‌ چاوی ئه‌وانه‌وه‌ به‌ رزگاریخواز و رابه‌ری بزاڤی ده‌سته‌به‌رکردنی مافی مرۆڤ وێناکرا. له‌ کاتێکدا که‌ خودی ئه‌مریکا، خۆی به‌داگیرکه‌ر ناوده‌بردو ناسنامه‌ی داگیرکاری به‌خۆی ده‌به‌خشی، ئه‌وان به‌ رزگارکه‌ری گه‌لانی ناوچه‌که‌ و جیهانیان ده‌ناساند .

(د.ب.ک) له‌سه‌ر خۆنزیککردنه‌وه‌ له‌ کۆشکی سپی کێبه‌رکێیان کرد، هه‌رگیز داوای بۆنده‌و نووسراوی فه‌رمیان نه‌کرد ، ره‌فتاری دیوه‌خان و به‌ڵێنی هۆزایه‌تیان  زیندوو کرده‌وه‌ ، ئه‌وان پێیانوابوو ئیدی هاوکێشه‌که‌ کۆتابووه‌و ئه‌مریکا به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ ده‌سته‌ڵاتدارانی باشوور له‌ ته‌ک خۆیدا‌ ده‌بینێته‌وه‌ ، وه‌ک هاوپه‌یمان و دۆستی راستین پێوانه‌یان بۆ ده‌کات ، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له‌ نووسه‌رانیان وایان پێشان ده‌دا که‌ سیاسه‌ته‌کانی کۆشكی سپی له‌ هاوینه‌هه‌واره‌کانی کوردستان سه‌رڕاست ده‌کرێنه‌وه‌و ئۆکه‌یان پێده‌درێ.

به‌گوێره‌ی وته‌ی یه‌کێک له‌و ئه‌مریکایانه‌ی که‌ راسته‌وخۆ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ  به‌رپرسه‌ عێراقیه‌کاندا هه‌بووه‌ ، ( د.ب.ک) هه‌رگیز ته‌نیا جارێکیش داواکانی ئه‌مریکایان ره‌ت نه‌کردۆته‌وه‌ . ئه‌مریکیه‌کان بۆ هاوسه‌نگی نێوان پێکهاته‌کانی عێراق ئاره‌زوو‌یان کردووه‌ که‌ کورده‌کانیش ناڕه‌زایی پێشان بده‌ن و پێداگری له‌سه‌ر خواسته‌کانی خۆیان دا بکه‌ن ، که‌چی وه‌ڵامکی له‌و شێوه‌یه‌یان وه‌رنه‌گرتۆته‌وه‌ .  به‌وته‌ی ئه‌و شاهیده‌‌ ، ئه‌مریکیه‌کان پێش هه‌ر هه‌نگاوێک  ده‌یانزانی که‌ ره‌زامه‌ندی ( د.ب.ک)یان  مسۆگه‌ر کردووه‌ .

ئه‌مریکا کاتێک به‌خۆی زانی که‌ له‌نێو زه‌لکاوی عێراق دا نغرۆ ببوو، بۆ ده‌ربازبوون له‌ گیژاو ‌و دووپات نه‌بوونه‌وه‌ی ڤێتنامێکی دیکه‌ ، ده‌بووایه‌  به‌ سیناریۆ و پلانی دیکه‌ سه‌رکه‌وتنه‌کانی خۆتی پێشان بدات و به‌خشکه‌یی هێزه‌کانی خۆی بکێشێته‌وه‌ ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش گروپی تۆژینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی عێراق له‌ ئه‌ندامانی هه‌ردوو پارتی ده‌سته‌ڵاتداری ئه‌مریکا  پێکهێنرا ، جه‌میس بێکه‌ر و لی هاملتن بۆ رابه‌رایه‌تی کردنی گروپه‌که‌ ده‌ستنیشان کران .

کاتێک گروپی تۆژینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی  عێراق  ده‌ستیان به‌ گه‌ڕان و سه‌ردانه‌کانیان کرد، ده‌یانزانی ‌ کوردستانیش هه‌یه‌ و تا ئێستاش به‌ به‌شێکی عێراق پێوانه‌ ده‌کرێ ، ئاگایان له‌وه‌ هه‌بوو که‌ گه‌لی کوردستان چاوی له‌ ماف و خواسته‌کانی خۆی بڕیوه‌ ، به‌ڵام له‌ ره‌زامه‌ندی (د.ب.ک) دڵنیا بوون، بۆیه‌ نه‌ سه‌ردانی کوردستانیان کردو نه‌  کێشه‌ی کوردستانیشیان به‌ بایه‌خه‌وه‌ وه‌رگرت . بۆ سه‌رخستنی به‌رنامه‌کانی ئه‌مریکا و بۆ رازیکردنی دڵی لایه‌نه‌کانی دیکه‌ ، ده‌بوایه‌ له‌ خاڵی لاوازه‌ ده‌ست پێبکه‌ن ، کوردیش به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ خاڵه‌ لاوازه‌که‌ بوو . ئه‌و نیگه‌رانیه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ له‌ ئاکامی ئاشكرابوونی راپۆرته‌که‌ی بێکه‌ر - هاملتن باڵی به‌سه‌ر کوردستان دا کێشاوه‌و کوردستانیانی به‌ خۆیه‌وه‌ خه‌ریک کردووه‌ ، به‌رهه‌می ئه‌و سیاسه‌ته‌یه‌ که‌ (د.ب.ک) به‌ درێژایی 3 ساڵی رابردوو درێژه‌یان پێداوه‌ ، خۆیان به‌ ئیراده‌ی هه‌موو گه‌ل ناساندووه‌ ، وه‌ک نوێنه‌رایه‌تی تێکڕای کوردستانیان ره‌فتاریان کردووه‌و گوێیان له‌ رامان و بۆچوونی دیتران نه‌گرتووه‌ . راپۆرته‌که‌ راشکاوانه‌ ده‌نووسێ که‌ کوردستانیان داوای سه‌ربه‌خۆیی ده‌که‌ن و (د.ب.ک)یش ده‌یانه‌وێ له‌ چوارچێوه‌ی عێراق دا بمێننه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌سته‌ڵاتداران به‌ پێچه‌وانه‌ی خواستی خه‌ڵکه‌وه‌ ده‌ڕۆن و سیاسه‌ت ده‌که‌ن . ئه‌مڕۆ که‌   له‌گه‌ڵ  به‌رهه‌می دروێنه‌کردنی سیاسه‌ته‌کانیان رووبه‌ڕوو بوونه‌ته‌وه‌ ، به‌روه‌ستی نایه‌ن و په‌نا بۆ جه‌ماوه‌ری کوردستان ده‌به‌ن . له‌مه‌شیانه‌وه‌ به‌ ترسه‌وه‌ بۆی ده‌چن ، حه‌ز ناکه‌ن جه‌ماوه‌ر برژێته‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان، راپۆرتی بێکه‌ر- هاملتن ره‌تبکه‌نه‌وه‌ و سیاسه‌تی به‌رژه‌وه‌ندخوازانه‌ی ئه‌مریکا له‌ قاو بده‌ن ، به‌ ئیمزا کۆکردنه‌وه‌یه‌ک ده‌یانه‌وێ پاڵی لێبده‌نه‌وه‌ ، ده‌یانه‌وێ به‌ پێوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فۆنی جۆرج بووش جه‌ماوه‌ری تووڕه‌ هێوربکه‌نه‌وه‌ ، ئه‌وان ده‌خوازن وه‌ک جاران په‌سنی سه‌رۆک و هێزه‌کانی ئه‌مریکا بکه‌ن و به‌ شان و باڵی سه‌رکه‌وتنه‌کانیان دا هه‌ڵبڵێن .

ئه‌مریکا به‌و زل هێزیه‌ی خۆیه‌وه‌ چاو به‌ سیاسه‌ته‌کانی خۆی دا ده‌خشێنته‌وه‌ ، بۆئه‌وه‌ی زیانی زۆرتری پێنه‌گات و ‌ شكستێکی ئاوڕووبه‌ر نه‌بینێ ،  گروپی تۆژینه‌وه‌ پێکده‌هێنێ و ئه‌رکێکی گرنگیان پێده‌سپێرێ ، گوێ له‌ رامانی دیتران ده‌گرێ ، به‌بایه‌خه‌وه‌ بۆچوونی رۆژنامه‌و که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندن هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ ، که‌چی (د.ب.ک) وه‌ک ئه‌وه‌ی نه‌بای دیبێ نه‌باران بێباکانه‌ له‌ راپۆرتی بێکه‌ر- هاملتن ده‌ڕوانێ و به‌وه‌ی که‌ ئه‌گه‌ری کارپێنه‌کردنی زۆره‌ و ناخرێته‌ واری کرداریه‌وه‌ پشتی لێکردۆته‌وه‌‌ ، رێگه‌ نادات هێزه‌کانی  هه‌ڵوێست بنوێنن و سیاسه‌ته‌کانی ریسوا بکه‌ن .

ئه‌مریکا  هه‌م له‌ عێراق زیانی پێگه‌یشتووه‌و ئه‌گه‌ری پوچه‌ڵ بوونه‌وه‌ی به‌رنامه‌کانی له‌ گۆڕێ دایه‌ ، هه‌م له‌وه‌ش‌ ده‌ترسێ نه‌وه‌ک به‌‌ ناچارییه‌وه‌ شان نزمی زیاتر بۆ ئێران و سوریا بکات ، ئه‌وه‌تا ده‌ستپێشخه‌ری ده‌کات و ده‌یه‌وێ سه‌رنجی سوننه‌کانی عێراق‌ و وڵاتانی عه‌ره‌بی و  دراوسێکانی عێراق بۆ لای خۆی رابکێشێ ، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ پێ له‌ به‌رژه‌وه‌نده‌کانی گه‌لی کوردستان ده‌خشێنێ و ئاوڕ له‌ دۆزی کوردستان که‌ دوای دۆزی فه‌له‌ستین، دووه‌مین دۆزی گڕگرتووی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین و جیهانه‌ ،  ناداته‌وه‌ .  یاری کات کوشتن کایه‌ ده‌کات و له‌ خه‌می سه‌رخستنی به‌رنامه‌ و به‌رژه‌وه‌نده‌کانی خۆیدایه‌ .   پێشکه‌شكردنی راپۆرتی بێکه‌ر- هاملتن و به‌ڕێوه‌بردنی کۆنفرانسی هێزه‌ سوننه‌کانی عێراق له تورکیا و سه‌ردانی تۆنی بلێر ، سه‌رۆکوه‌زیرانی به‌ریتانیا بۆ ناوچه‌که‌  به‌ئامانجی  سه‌رخستنی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌کانی ئه‌مریکا سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌ ، که‌چی دیسانیشه‌وه‌ (د.ب.ک ) به‌خه‌مساردییه‌وه‌ سه‌یری ئه‌و هه‌وڵانه‌ ده‌کات و چاو له‌ پێوه‌ندی ته‌له‌فۆنی ده‌بڕێ و  به‌پارێزه‌وه‌ لێیان ده‌ڕوانێ . ئه‌گه‌ر کوردستانیان ریزه‌کانی خۆیان پته‌وو بکه‌ن ، ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ڵات و هێزه‌ سیاسیه‌کانی باشووری کوردستان راشکاوانه‌ دژی په‌راوێزکردن بوه‌ستنه‌وه‌ ، ئاکامی باشتر وه‌ده‌ست دێ و دۆزی کوردستانیش به‌رچاوتر ده‌بێته‌وه‌و پێوانه‌ی زۆرتری بۆ ده‌کرێ .

سوننه‌کان به‌ شه‌ڕکردنیان له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی ئه‌مریکا ، کۆشکی سپییان ناچار کرد که‌ ‌ پێوانه‌یان بۆ بکات و ئاوڕیان لێبداته‌وه‌و هه‌وڵی مسۆگه‌رکردنی به‌رژه‌وه‌نده‌کانیان بدات ، ئێستا که‌ راپۆرتی بێکه‌ر- هاملتن له‌ رۆژه‌ڤدایه‌ ،  ده‌بێ کوردستانیان گوشاره‌کانی خۆیان چڕ بکه‌نه‌وه‌و کۆشکی سپی ناچار بکه‌ن که‌ گوێ له‌ داخوازیه‌کانی گه‌لی کوردستان بگرێ و هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کوردستان بدات .‌

ئه‌گه‌ر راسپارده‌کانی بێکه‌ر- هاملتن کاریان پێنه‌کرا ، ده‌بێ (د.ب.ک)  به‌ پشتیوانی جه‌ماوه‌ر  په‌له‌ له‌ ئاسایی کردنه‌وه‌ی پارێزگای که‌رکوک و ناوچه‌ دابڕاوه‌کانی دیکه‌دا بکات و راپرسی به‌ڕێوه‌بچێ . ئه‌گه‌ر راسپارده‌کانیش  کاریان پێکرا ، ده‌بێ ( د.ب.ک) ئه‌و بوێرییه‌ی تێدا هه‌بێ که‌‌ سه‌ربه‌خۆیی  کوردستان رابگه‌یه‌نێ .

ئه‌گه‌ر (د.ب.ک) له‌سه‌ر په‌ڕاوێزکردنی جه‌ماوه‌ر به‌رده‌وام بێ ، ئه‌گه‌ر وه‌کو جاران گوێ له‌ رامان و بۆچوونی دیتران نه‌گیرێ ،  کوردستانیان به‌رده‌وام ده‌ستیان له‌سه‌ر دڵیان د‌ه‌بێ ، له‌دوا وێستگه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی چیتر گوێ بۆ هه‌واڵی ناخۆش  هه‌ڵنه‌خه‌ن و پێشوازی له‌ کاره‌سات نه‌که‌ن ، رێگه‌چاره‌یه‌کی دیکه‌ ده‌گرنه‌به‌ر، هه‌م راپۆرته‌که‌ی بێکه‌ر- هاملتن ناکام ده‌مێنته‌وه‌ ، هه‌م (د.ب.ک)یش باجی سیاسه‌ته‌که‌یان ده‌ده‌ن .

15-12-2006

-------------

(د.ب.ک)  کورتکراوه‌ی ده‌سته‌ڵاتدارانی باشووری کوردستانه‌ .  ‌  ‌   

 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca