با به‌ هه‌موو لایه‌ک توندوتیژی پیاوان دژ به‌ ژنان مه‌حکوم  بکه‌ین

 رێکپۆش عزیز

 

 

له‌ ستۆکۆلمی پایته‌ختی سوید ئه‌مرۆ  25/11/2006   خۆپیشاندانێکی به‌ر فراوان ساز کرا به‌بۆنه‌ی  رۆژی جیهانی  کۆتای هێنان به‌ توندو تیژی پیاوان دژ به‌ ژنان، که‌ له‌ناو خۆپیشانده‌راندا هه‌موورێکخراوه‌ ژنانی و حزبی  فێمێنیستیسکه‌ ئینسیه‌تیڤ و  مرۆڤ دۆسته‌کان تیایدا به‌شدار بوون که‌ هه‌موویان به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ نامرۆیانه‌ی پیاوانیان کرد  که‌ دژ به‌ ژنان ده‌ینوێنن و هیوایان خواست که‌ ئه‌م دیارده‌ قێزه‌وونه‌ له‌ کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیدا به‌ره‌و نه‌مان  بچێت.

 هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ شه‌مه‌ی رابردوو که‌ ده‌کاته‌   رێکه‌وتی    18/11/ 2006

( رێکخراوی  مافی ژنی کورد مافی مرۆڤ ) سمینارێکی سازدا بۆ به‌رێزان کوبرای که‌ریمی   هه‌ڵسوراوی  بواری ژنان و ده‌رونناس و حسێن سه‌عیدی راوێژکاری کاروباری کار له‌ دائیره‌ی کار و ڕێکپۆش عزیز  نوسه‌رو رۆژنامه‌نوس و هه‌ڵسوراوی بواری ژنان به‌م بۆنه‌یه‌وه‌،. به‌رێوه‌به‌ری سمینار فایزه‌ی ساڵحی بوو که‌  ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌رێوه‌به‌ری رێکخراوو کادرێکی هه‌ڵسوراو چالاکی  بواری ژنانه‌.

سه‌ره‌تا کوبرای که‌ریمی ده‌ستی کرد  به‌ باس کردنی بابه‌ته‌که‌ی خۆی  وتی: ئه‌و  پیاوانه‌ی که‌ له‌ ژنان ده‌ده‌ن به‌و په‌ری ئاگای و هۆشیاریه‌وه‌ ئه‌و کاره‌ ده‌که‌ن، ئه‌و پاساوانه‌ی که‌ له‌م بواره‌دا ده‌یهێننه‌وه‌ وه‌ک باری ده‌روونی ناته‌واو هه‌موی بێ بنه‌مایه‌ ، پیاو بۆیه‌ له‌ ژنه‌که‌ی ده‌دات    چونکه‌ ده‌یه‌وێ کۆنترۆڵی هه‌بێ به‌سه‌ریدا و بریار ده‌ری یه‌که‌م له‌ هه‌مووشتێکدا خۆی بێت ، ئه‌و وتی: پیاو له‌ به‌کار هێنانی توندو تیژیدا دژ به‌ ژن  زۆر به‌ پلان و مه‌به‌ست به‌ ئاگایی ته‌واوه‌وه له‌ ژنه‌که‌ی ده‌دات‌  چونکه‌ له‌ لایه‌ک ئه‌و پیاوه‌ بۆ نمونه‌ له‌ دایکی خۆی نادات که‌ ئه‌ویش  ژنێکه به‌لام له‌لایه‌کی تره‌وه‌‌  هه‌ر ئه‌و پیاوه‌ی که‌ له‌ ژوره‌وه‌ له‌ ژنه‌که‌ی داوه‌ له‌ به‌ر درگای خۆیاندا به‌و په‌ری  رێزه‌وه‌ مه‌رحه‌بایی دراوسێکه‌یان ده‌کات و زۆر به‌ ئارامیش وه‌ڵامی ته‌له‌فۆنه‌که‌ی ده‌داته‌وه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بووبێ.  

 

به‌شی دووه‌م حسێنی سه‌عیدی بابه‌ته‌که‌ی  به‌ پرسیارێک ده‌ست پێ کردو وتی که‌ ئایا سیسته‌می دیمۆکراسی  سیسته‌مێکه‌ که‌   که‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی ژنانی پێبێت؟؟  پاشان وتی من جیاوازیاک له‌ به‌کار هێنانی تووندوتیژی ‌ نابینم له‌ نێوان پیاوانی سویدی و کورد هه‌موو پیاوان یه‌ک ئامانجیان هه‌یه‌ له‌ به‌کار هێنانی توندو تیژیدا ئه‌ویش کۆنترۆڵ کردنی ژنانه‌ . ئه‌و وتی له‌ کۆمه‌ڵگای پیاو سالاریدا ژنان دابێت هه‌میشه‌ ببنه‌وه‌ به‌شێک له‌ هیرارکیه‌تی پیاوان که‌ به‌ رای من ده‌بێ  ژنان  به‌ ئاگابێنه‌وه‌ له‌مه‌ ، ئه‌ وتی به‌ رای من پێویست نیه‌ ژن له‌ حزب و رێکخراوی پیاواندا  کار بکات به‌ ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ژن ده‌بێ به‌ جیا له‌ پیاو خۆی رێک بخات له‌ حزبدا چونکه‌ مه‌سه‌له‌ی ژن مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسیه‌ و پیاو اسان له‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆی ناگوزه‌رێ بۆ ژنان ژنان ده‌بێ به‌ سێوه‌یه‌کی سیاسی عه‌قلانی سه‌ربه‌خۆ له‌ پیاوان حزبی خۆیان دروست بکه‌ن. پاشان کۆتای قسه‌کانی به‌ شعری خاڵی گومانی که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د هێنا.‌

 

پاشان رێکپۆش عزیز بابه‌ته‌که‌ی خۆی ده‌ست پێکرد وتی:من سه‌ره‌تای باسه‌که‌م به‌م پرسیاره‌ ده‌ست پێ ده‌که‌م که‌ ئایا ره‌گه‌ز بوونی هه‌یه‌؟ ئێمه‌ هه‌ین له‌ هه‌موو شوێنێکی ئه‌م دنیایه‌دا هه‌ین  بێ جیاوازی ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ماڵه‌وه‌ین یا له‌ شوێنی کار کردندا، خاوه‌ن کارین یا له‌ حزبه‌ سیاسیه‌کانداین، به‌ڵام کاتێ فێمێنیزم ئه‌م راستیه‌ ده‌خاته‌ به‌ر چاوی  پیاوانی  دانه‌ری تیۆری سیاسی و سیاسه‌تی پراکتیزه‌ کراو  ئه‌وا نه‌ک هه‌ر دانی پێدا نانێن به‌ڵکوو نکۆڵیشی لێده‌که‌ن و به‌ بیانووی( مرۆڤ) بوون په‌رده‌ پۆشی ده‌که‌ن و ده‌ڵێن ژن و پیاو مرۆڤن و ناکرێ تایبه‌تی بکرێن له‌ سیاسه‌تدا، ئه‌و وتی: سیمۆن دیبۆڤوار ده‌ڵێ پێناسه‌ی مرۆڤ  ته‌نیا پیاو ده‌گرێته‌وه‌ ، ژن کاتێ پێناسه‌ی خۆی ده‌کات ده‌ڵێ من ژنێکم به‌ڵام پیاو ئه‌و کاره‌ ناکات، هه‌روه‌ها وتی له‌ پێناسه‌ی مرۆڤدا سود له‌ وشه‌ی پیاو وه‌رگیراوه‌ نه‌ک ژن و پیاو، هه‌ره‌ها وتی ژنان له‌ ناو پیاواندا  په‌ره‌وازاه‌ بوون نه‌  مێژوویان هه‌یه‌ و نه‌ ئینسجامی سروشتی، ژنان پێجه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌و گروپانه‌ی که‌ سته‌میان لێ ده‌چێ  له‌ ده‌وری یه‌ک کۆ نه‌بوبه‌ته‌وه‌ بۆیه‌ ژن هه‌میشه‌ له‌ په‌یوه‌ندیه‌کی لا سه‌نگدایه‌ له‌گه‌ڵ پیاو، بۆیه‌ش پیاو که‌سی یه‌که‌مه‌ له‌ هه‌موو شتێکداو ژنیش که‌سی دووه‌م.

 ئه‌و وتی بونی ژن پێچه‌وانه‌ی پیاو دوبه‌شه‌  مه‌وقعیه‌تی مرۆیی پیاو هیچ کات له‌گه‌ڵ چاره‌نوسی ئه‌ودا وه‌ک پیاو له‌ دژایه‌تیدا نیه‌ به‌ڵام ژنان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌  گه‌ر ژنێک پێ له‌سه‌ر سیفه‌ته‌ بنه‌ره‌تیه‌کانی  وه‌ک ژنێک  دابگرێ ئه‌وا  به‌ ساده‌و لاواز ده‌درێته‌ قه‌ڵه‌م. به‌لام کاتێ ژن پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دابگرێ که‌ مرۆڤه‌و به‌شداری ده‌کات له‌ بواری گشتیدا ئه‌وا ئه‌وا ده‌بێ حاشا له‌ هه‌موو سیفه‌ته‌ بنه‌ره‌تییه‌کانی خۆی بکات وه‌ک پیاو بیر بکاته‌وه‌ وه‌ک‌ پیاو بێت. مانای ژن هه‌ر کامیان هه‌ڵبژێرێ ئه‌وا نیوه‌ی نامێنێ.  

 

پاشان وتی: له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌  کاتێ چه‌مکی مرۆڤ و هاوووڵاتی و تاک داهێنرا پیاوان به‌ راسته‌و خۆیی ژنیان فرێدایه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م  ئه‌م چه‌مکانه‌.

هه‌ره‌ها وتی  له‌شی ئێمه‌ و ره‌گه‌زی ئێمه‌ له‌ ژیانی رۆژانه‌ماندا له‌ ئاستێکی ره‌هادایه‌ و ئێمه‌ ناتوانین بیر بکه‌ینه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی نه‌زانین سه‌ر با کام جۆری ره‌گه‌زین، بێگومان بێ دیاری کردنی ره‌گه‌زیش له‌شمان نیه‌.، پاشان باسی له‌ تیۆری یه‌ک مۆدێل له‌ ره‌گه‌ز و دومۆدێل له‌ ره‌گه‌زی کردو تیایدا ئاماژه‌ی به‌ ئه‌رستۆ و زیگمۆند فرۆید دا که‌ چۆن هه‌ردوکیان به‌ هوی ئه‌وه‌ی که‌ ژن خاوه‌نی منداڵدانه‌ بۆته‌ که‌سێکی پله‌ دوو و پیاویش به‌هۆی به‌رهه‌م هێنانی سپێرمه‌وه‌ بۆته‌ که‌سێکی پله‌ یه‌ک له‌ هاموو شتێکدا، کۆتای قسه‌کانی به‌وه‌ هێنا که‌ پیاوان  به‌ درێژایی مێژوو ئه‌و ته‌قیمانه‌ی که‌ کردوویانه‌‌ له‌سه‌ر ژن  هه‌مووی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ بوه‌ که‌ چی رووده‌دات له‌ نێوان دوو پێ ژندا ، خوێنی سوری مانگانه‌ و منداڵ بوون  پیاو له‌م پرۆسه‌یه‌ بێ به‌شه‌ بۆیه‌  ئه‌وپه‌ری عه‌قڵ و فه‌لسه‌فه‌ به‌کار ده‌هێنێ تا بیکاته‌  کارتێکی که‌م عه‌قڵی بۆ ژن و پیاو هه‌رگیز جورئه‌تی نه‌کردوه دان به‌ بوونی ‌ عه‌قڵی  ژندا بنێ..و ژن به‌ هۆی بوونی منداڵانیه‌وه‌ بۆته‌ پاشکۆی پیاو...

پاشان سمیناره‌که‌ به‌ جهه‌ند پرسیارێک له‌لایه‌ن ئاماده‌ بووانه‌وه‌  کۆتایی هات.

 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca