خۆشم ده‌وێی

   پ. ساكار

paeezsakar@hotmail.com

 

به‌ خاتری ئه‌و ژنانه‌ی
نه‌مدیون و
نه‌مناسیون
خۆشم ده‌وێی

 

به‌ خاتری ئه‌و پیاوانه‌ی
به‌ دیتنت

سه‌ڕسووڕماو

تیپه‌ڕیون
خۆشم ده‌وێی

 

به‌ خاتری ئه‌و رۆژانه‌ی

یه‌كه‌مجار
وێنه‌ی ڕوخساری جوانت

له‌پڕ كه‌وته‌ به‌رچاوم
خۆشم ده‌وێی

 

به‌ خاتری ئه‌و شه‌وانه‌ی

تا به‌یانی له‌ جێژوان

به‌ یادت ڕاوه‌ستاوم

خۆشم ده‌وێی

 

به‌ خاتری ئه‌و به‌فرانه‌ی

بۆ ئاودان و خه‌مڵانی

گوڵه‌ گه‌زیزه‌ و به‌یبوون

له‌ سه‌رده‌می به‌هارا

تك تك وا ده‌‌توێنه‌وه

خۆشم ده‌وێی

 

به‌ خاتری ئه‌و په‌رییانه‌ی

پۆل پۆل

ده‌رسی دڵداریی

به‌ گه‌نجان ده‌‌ڵێنه‌وه

خۆشم ده‌وێی

 

به‌ خاتری ئه‌و وشانه‌ی
وه‌ك مرواری هۆنراوه‌

قه‌ف قه‌ف
ده‌‌خرێنه‌ گه‌ردنی یار

خۆشم ده‌‌وێی

 

به‌ خاتری ئه‌و لێوانه‌ی

خوناوه‌ی خۆشه‌ویستییان

ناز ناز
لێ ده‌ڕژێته‌خوار

خۆشم ده‌وێی

 

به‌ خاتری گشت كچانی

چاوجوانی سلێمانی

كه‌وا هه‌موو ئێواران

به‌ سه‌د غه‌مزه‌ و چاوچاوێن

ڕاو ده‌كه‌ن دڵی یاران

ــ به‌ڵام من خۆشم ناوێن ــ
دووراودوور

خۆشم ده‌وێی..!!

 

24-11-2006

 

 

 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca