ده‌رزه‌نێک له‌ بڕگه‌کانی ده‌ستووری حکومه‌تی هه‌رێم

   سه‌ردارعه‌بدوڵلا

 sardar@telia.com

 

یه‌که‌م: کوردستانی عێراق هه‌روه‌ک به‌ناوه‌که‌ی خۆێدا دیاره‌؛ به‌شێکی دانه‌بڕاوه‌ له‌ نیشتمانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی.  باسکردن له‌ جیابوونه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره‌، مانه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا پۆستی چه‌وری تێدایه‌ له‌ به‌غداد که‌ تاکو ئێستا هیچ مه‌سوول و ده‌سته‌ڵاتدارێکی کورد به‌ خه‌ویش نه‌یبینیوه‌!

دووه‌م: مێژووی به‌ئیسلام بوونی خه‌ڵکی کوردستان بۆ پێش ئیسلام ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌م هویه‌ پێویسته‌ خه‌ڵکی کوردستان سه‌ریان بچێ نوێژیان نه‌چێ، لانی که‌م  پێویسته‌ له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نیاندا حه‌جێک و عه‌مره‌یه‌کیش بکه‌ن!

سێیه‌م: ئاینی ئیسلام و په‌ندی پێشینان دوو بنچینه‌ی سه‌ره‌کی یاسادانانن له‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا!

چواره‌م: سه‌باره‌ت به‌ ژنهێنان: ژنی یه‌که‌م فه‌رزه‌؛ دووه‌م سونه‌ته‌، سێیه‌میش ده‌می مه‌لایه‌ک چه‌ورکه‌. له‌ کاتی به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی پرۆسێسی ماره‌به‌جاشیشدا پێویسته‌ کۆندۆم به‌کاربهێنرێت! سه‌رپێچی که‌ریش سزاکه‌ی به‌پێی یاسا رێکده‌خرێت!

چواره‌م:سه‌رۆکی هه‌رێم و جێگره‌که‌ی خۆشه‌ویستی خودان وپێویسته‌ که‌س قسه‌ له‌ قسه‌یاندا نه‌کات، له‌کاتی ناوهێنانیاندا پێویسته‌ پاشگری(خوا ده‌ست به‌باڵیانه‌وه‌بگرێت) به‌کاربهێنرێت!

پێنجه‌م: سیمبول و ئامراز و ده‌زگاکانی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی پیرۆزن؛ ئه‌وه‌ی به‌خراپ ناویان بهێنێت به‌شێوه‌یه‌کی دیموقراتیانه ئه‌نفال ده‌کرێت!

شه‌شه‌م:‌ دایک وباوک پێویسته‌ منداڵه‌کانیان به‌خێو بکه‌ن تا گه‌وره‌ده‌بن؛ پاشان به‌پێچه‌وانه‌وه منداله‌کان دایک و باوکی په‌ککه‌وته‌یان به‌خێوبکه‌ن؛ چونکه‌ حکومه‌ت ئیشی تری زۆره‌ و نابێت سه‌رقاڵی ئه‌م ئه‌رکه‌ بچووکانه‌ بێت!

حه‌وته‌م: سۆرانی و بادینی، که‌ڵهوڕی، هه‌ورامی، زازایی له‌پاڵ زمانه‌کانی کلدانی، ئاشوری، یه‌زیدی، عه‌ره‌بی، تورکمانی؛ ره‌سمین و قوتابخانه‌ و زانکۆیان بۆ ده‌کرێته‌وه‌ و پێویسته‌ به‌خێرایی بیردۆزه‌کانی فیساگۆرس، ئه‌نیشتاین و ئه‌و‌انی تر به‌خیێرایی بۆ ته‌رجه‌مه بکرێت!

هه‌شته‌م:‌ سامانی گشتی له‌ هه‌رێمدا موڵكی حیزبه‌کانی نێو په‌رله‌مانه‌، ئه‌مه‌ش به‌پێ یاسای "ئۆخه‌ی ئۆخی هه‌رکه‌س بۆ خۆی" رێك ده‌خرێن.

نۆیه‌م: رِاپرسی مافێكی رِه‌وای هاوڵاتیانی كوردستانه‌، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ به‌ قسه‌یان بکرێت!

ده‌یه‌م:مافه‌کانی مرۆڤ پارێزراوده‌بێت و پێویسته‌ له‌ لایه‌ن ده‌زگاکانی ئاسایشه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی نهێنی چاودێری بکرێت!

یانزه‌: هه‌رێمی کوردستان ئاڵایه‌کی هه‌یه‌، که‌ رۆژێکی گه‌وره‌ی تێدایه‌، له‌کاتی نه‌بوونی کاره‌با بۆ روناککردنه‌وه‌ و ‌و له‌کاتی نه‌بوونی نه‌وت بۆ خۆگه‌رمکردنه‌وه‌ به‌کارده‌هێنرێت!

دوانزه‌: هه‌رێمی كوردستان پشت به‌ سیسته‌می ئابووری ئازاد ده‌به‌ستێت و هه‌ربۆیه‌ قوش نییه‌ رِێگا به‌ قۆرخكردن و چه‌وسانه‌وه‌ بگرێت.

 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca