پرسیاری یه‌که‌م: بۆچی کۆچ سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه پاش، ماوه‌یه‌ک له
کزی؟
کۆچ رووداوه. ئه‌م رووداوه چه‌ندین ره‌هه‌ندی هه‌یه. ره‌هه‌ندی
ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، که‌لتووری، رامیاری، وه هه‌روه‌ها
خودی. ئه‌گه‌ر بۆ ساتێ دۆلۆزیانه بیرکه‌ینه‌وه؛ رووداو دوو
ئاستی هه‌یه. ئاستێکیان ئهکچواڵه، که فیزیکی کۆچه، ئاستی
دووهه‌میان ڤێرچواڵه که ساته‌وختی پێش و پاش رووداوه. بۆیه
ئه‌و ره‌هه‌ندانه‌ی که له سه‌ره‌تادا ئاماژه‌م پێ‌کرد
کاریگه‌ریان هه‌یه له روودانی رووداوی کۆچدا، له هه‌مانکاتدا
ئه‌و ره‌هه‌ندانه‌ش گۆرانیان به‌سه‌رادێت کاتێک که رووداوی کۆچ
رووئه‌دات. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ له مێژووی ئه‌م دواییه‌ی کۆچ
بگه‌ین ئه‌وا ده‌توانین بڵیین ئه‌م مێژووه له شێوه‌ی دۆڵێکی
قوڵدایه له ناوه‌راستی بیابانێکدا. یان به مانایه‌کی تر؛ کۆچ
به‌شێوه‌ی لێشاوبوو، کزبوو، گه‌رایه‌وه بۆ دۆخی لێشاو.
که‌واته ره‌وایه بپرسین ئێمه وه‌ک کۆمه‌ڵگایه‌ک له رووی
ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتوری و رامیاری و خودیه‌وه
گه‌راینه‌وه بۆ ساته‌وه‌ختی پێش روخانی رژێم. بۆئه‌وه‌ی ئێمه
به‌باشی تێبگه‌ین پێویسته زیاتر وه به‌شێوه‌کی زانستیانه له
ساته‌وه‌ختی روخانی رژێم بکۆڵینه‌وه. به روخانی رژێم ئاسوێکی
نوێ کرایه‌وه، که له‌گه‌ڵ خۆیدا ئایده‌لۆژیایه‌کی نوێی بۆ ژیان
هێنا. من لێره‌دا چه‌مکی ئایده‌لۆژیا به یه‌کێک لهومانایانه
به‌کارده‌به‌م که لوی ئالتۆسێر کاری له سه‌رکردوه؛ ئه‌ویش
ئایده‌لۆژیا وه‌ک تراویلکه‌یه‌ک بۆ به‌خشینی مانایه‌ک به ژیان.
که رژێم روخا؛ گه‌شبینیه‌ک به‌رامبه‌ر داهاتوو هاته کایه‌وه.
بۆیه ده‌توانین سێ هێلی هاوته‌ریب بکێشین. هێڵی یه‌که‌م؛
روخانی رژێم، که مایه‌ی خوشحاڵی هه‌موان بوو، ره‌هه‌ندی
رامیاری. هێڵی دووه‌م؛ ئه‌و لافاوه به‌ربڵاوه له شتومه‌ک به
نرخێکی هه‌رزان، ره‌هه‌ندی ئابووری. هێڵی سێهه‌م گه‌شبینی
به‌رامبه‌ر داهاتوو، ره‌هه‌ندی خودی.
ئه‌گه‌ر ئێستا بپرسین: ئایا ئێستا هه‌ریه‌ک له‌و هێڵانه
گه‌شتنه بن به‌ست. به مانایه تر، ئایا روخانی رژێم، نه‌بووه
هۆی گۆرانی رژێم، یان هاتنه ئارای شێوازێکی دیموکراتیانه له
رامیاری که خه‌می هاوڵایان بێت نه‌ک ده‌سه‌ڵاتداران وه‌ک
جاران. ئایا کوردوستان له رووی ئابووریه‌وه چوه قۆناغی
نیولیبراڵهوه که هه‌موو شتێک له بازاردا هه‌یه به‌ڵام
هه‌تابێت خه‌ڵک توانای کرینیان که‌م ئه‌بێته‌وه. سیاسه‌تی
نیولیبراڵ که ده‌سه‌ڵاتی کوردی به شێوازێکی سه‌قه‌ت پیاده‌ی
ئه‌کات، وه‌ک زۆربه‌ی تری وڵاتانی جیهانی سێ، جگه له
هه‌ڵاوسانی شار و گه‌شه‌کرنی شانتی تاون، ماڵی له
قوروتهنهکه، و هه‌ژاری هیچی تر به‌و کۆمه‌ڵگایانه
نه‌به‌خشیوه. که‌واته نه دیموکتراتیهت له ئارادایه، بۆ
ئه‌مه‌ش ته‌نها وه‌ڵامدانه‌وه‌ی تاکه پرسیارێ به‌سه، ئایا
گه‌نده‌ڵی به‌هێزه له کوردوستان یان دیموکراسی، که گه‌نده‌ڵی
گه‌وره‌ترین رێگره له دیموکراسی. نه ئابووری بۆ هه‌موانه یان
هه‌رزانه. نه داهاتو هیچ موژده‌یه‌کی پێیه.
پرسیاری دووه‌م: ده‌سه‌ڵاتی کوردی و به‌رپرسیارێتی
به‌رامبه‌ر ئه‌م دیاریده‌یه؟
ده‌سه‌ڵاتی کوردی، چ جۆره ده‌سه‌ڵاتێکه. ئایا که‌س ئه‌زانێ
داهاتی کوردوستان چه‌نده و چۆن سه‌رف ئه‌کرێت. ئه‌گه‌ر
فه‌لسه‌فه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی کوردایه‌تیه، یان به مانایه تر،
کورد ده‌بێت حاکمی کوردبێت. به داخه‌وه ئه‌مرۆ چه‌مکی
کوردایه‌تی له هه‌مووشتێک زیاتر مانایه‌کی بازرگانیانه‌ی
هه‌یه. ده‌سه‌ڵاتی کوردی قۆرخکراوه رۆژ له دوای رۆژ به‌ره‌و
زیاتر قۆرخکردن ئه‌چێت. داهات بۆ ده‌سه‌ڵاتداران، شهر بۆ
هه‌ژاران. که کانت ووتاری ئاشتی هه‌تاهه‌تای نووسی بروای وابوو
نه‌ته‌وه دیموکراته‌کان ناچنه شه‌ره‌وه، چونکه شهر
به‌زه‌ره‌ری هه‌موان، هاوڵاتیان ده‌شکێته‌وه، وه له سیسته‌می
دیمۆکراتیدا هاوڵاتی سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاتن. به‌ڵام کانت له‌وه
بێئاگابوو که له کۆمه‌ڵگای بهناودیموکراسی دا هه‌موان له
ئاستێکدانین. هه‌ن بۆ شهر و هه‌ن بۆ خۆشی. ره‌نگه ئه‌مرۆ
ئاگاییه‌ک هاتبێته ئاراوه، ئه‌وانه‌ی که بوونه سوته‌مه‌نی
شه‌ره‌کان وا هه‌ستبکه‌ن که ووڵات و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ته‌نها
بۆ شهر نه‌بێ بۆ هیچ شتێکی تر ئه‌وانی ناوێ، بۆیه ئه‌گه‌ر
بیانه‌وێ به ژیان ئاشنابن ده‌بێ برۆن بۆ سه‌ر زه‌مینێکی تر.
پرسیاری سێهه‌م: پێت وا نیه هه‌ر جیهان به‌گشتی له
کاڵبوونه‌وه‌یه‌کی ئینتیمادایه، له فۆرمه ته‌قلیدیه‌که‌ی،
گه‌نجی کوردیش به‌شێک بێت له گه‌نجی دونیا، وه‌ک حاڵه‌تێکی
جیهانگیری ئه‌م دیاریده‌یه هه‌بێت، نه‌ک ته‌نها بێزاری له دۆخی
کوردوستان؟
ئه‌مرۆ چه‌مکی جیهانگیری بۆ به ده‌رمانی ده‌ردان، پانهسیا
وه‌ک یونانهکان ده‌ڵێن. هه‌موو شتێک لێک ئه‌داته‌وه و بۆ
هه‌موو شتێک ئه‌شێت. خه‌ڵکی کورد ئینتیمای کاڵ نه‌بوه‌ته‌وه.
که‌سێک ئه‌توانێ له کوردوستان دوورکه‌وێته‌وه به‌ڵام گرانه
بتوانێ کوردوستان له خۆی دوورخاته‌وه. ئاماده‌بوونی هه‌میشه‌یی
ووڵات به‌شێکی دانه‌براوی غوربه‌ته. دیاره ژیان له کوردوستان
ژیانه له کونجێکدا. مرۆڤیش به سروشت حه‌زی له ژیانه له
دونیادا. به‌ڵام که مرۆڤ ده‌یه‌وێ بێته دونیاوه هه‌رده‌م
پێویستی به ناسنامه‌یه‌که. هه‌ر ئه‌م پێویستیه‌یه وه‌هایکردوه
که هاوشان له گه‌ڵ جیهانگێریدا ناوچه‌گه‌رێتی گه‌شاوه‌ته‌وه.
ئه‌مرۆ زیاتر له هه‌موو ساتێکی تر له مێژوودا ووڵاتان به‌ره‌وه
ئه‌وه ئه‌رۆن ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیان کزبکه‌ن له به‌رامبه‌ر
ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی یان لامه‌رکه‌زی. وه‌ک ئه‌وه‌ی له عێراق
ده‌یبینین.
لێره له ئایرله‌ندا که ئابووری خراپ بوو هه‌موان کۆچیان
ده‌کرد، ئێستا که ئابووری گه‌شاوه‌یه هه‌موو کۆچی بۆ ئه‌که‌ن.
ئه‌گه‌ر گلۆبالیزم دونیای بچوککردوه‌ته‌وه ئه‌مه به مانای
ئه‌وه نیه که شوێن بێ‌نرخ بووه یان جیهان بووه‌ته یه‌ک یه‌که.
ئه‌مرۆ له هه‌موو ساتێ زیاتر پارته راستره‌و و
ره‌گه‌زپه‌رسته‌کان له رۆژئاوا له گه‌شانه‌وه‌دان. من دڵنیام
مرۆڤی کورد وه‌ک هه‌موو که‌سێکی تر له دونیا حه‌زی له‌وه‌یه له
دونیای به‌ریندا بژی. به‌ڵام ژیانێکی به حورمه‌ت، نه‌ک ژیانی
په‌نابه‌ری.
پرسیاری چوارهه‌م: هه‌ندێک پێیان وایه فاکته‌ری ماددی له پشت
ئه‌م دیاریدهیهوه نیه، ته‌نیا نامۆبونێکه له تاکی کورددا
هه‌یه له ناو نیشتمانه‌که‌ی خۆیدا، به‌رای ئێوه ئه‌مه تا چه‌ند
دروسته؟
نامۆبوون چه‌مکێکی فه‌لسه‌فی قوڵه. یه‌کێک له هه‌ره به‌هێزترین
لێکدانه‌وه‌کانی لێکدانه‌وه‌که‌ی کارل مارکسه. مارکس ده‌ڵێ؛
مرۆڤ توشی نامۆی ده‌بێت کاتێک ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی به‌رهه‌می
ده‌هێنێ بۆئه‌و نابێ. ئه‌گه‌ر ئه‌م تێروانینه بکه‌ینه کوردی
ئه‌وا ده‌لێین. ئه‌گه‌ر مرۆڤی کورد له کوردوستاندا نامۆبێت
له‌به‌رئه‌وه‌یه چونکه به به‌رهه‌می کوردوستان نامۆیه، به
داهاتی کوردوستان نامۆیه، به پیاده‌کردنی ده‌سه‌ڵات له
کوردوستاندا نامۆیه. نامۆیی قوڵترین ره‌گی له ئابووریدایه.
ئه‌گه‌ر تۆزێک ئه‌م تیوره گه‌شه پێبده‌ین و له گه‌ڵ کۆمه‌ڵناس
و فه‌یله‌سوفی فه‌رنسی پێیه‌ر بۆردیودا بیرکه‌ینه‌وه؛ به‌لای
بۆردیووه سێ جۆر له سه‌رمایه هه‌یه؛ سه‌رمایه‌ی ئابووری،
سه‌رمایه‌ی که‌لتوری( چه‌ندێک زانیاریت هه‌یه) وه هه‌روه‌ها
سه‌رمایه‌ی سیمبولی یان ره‌مزی (چه‌ندێک خه‌ڵك ئه‌ناسی یان
چه‌ندێک خه‌ڵک ئه‌تناسێ). به‌مانایه‌کی تر بۆئه‌وه‌ی که‌سێک له
کۆمه‌ڵگاکه‌یا سه‌رکه‌وتوبێت پێویسته یه‌کێک له‌م
سهرمایهیانهی هه‌بێ له هه‌مانکاتدا بتوانێ له میانه‌ی
به‌کارهێنانی دا ئه‌و دوو جۆره سه‌رمایه‌که‌ی تر به‌دی بێنێ.
بۆ زۆرینه‌ی لاوی کورد ئه‌م سه‌رمایانه موسته‌حیلن بۆیه له
ده‌رئه‌نجامدا به که‌سێکی سه‌ر به کۆمه‌ڵگا خۆی له قه‌ڵه‌م
نادات.
پرسیاری پێنجه‌م: ئه‌م دیاریده‌یه تاچه‌ند زیانی ده‌بێت و
کاریگه‌ری ده‌بێت له سه‌ر کۆمه‌ڵگه؟
زیانی ئه‌م دیاریدیه بێشوماره. کوردوستان پێویستی به
مناڵه‌کانیه‌تی بۆ بونیادنانه‌وه‌ی. پێویستی به بازوو هێزه،
پێویستی به عه‌قڵه، پێویستی به نه‌وه‌کانیه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی
درێژه‌ی پێبده‌ن، تیابژین نه‌ک لێی هه‌ڵبێن. ره‌نگه کۆچ
هه‌ندێک کاریگه‌ی ئیجابی هه‌بێ به‌ڵام له هه‌مانکاتدا
کاریگه‌ری سلبی زۆر زۆره.
پرسیاری شه‌شه‌م: ئه‌گه‌ر زیانی هه‌یه؛ چاره‌سه‌ر له دیدی
ئێوه‌وه ئه‌گه‌رێکی نزیکه و مومکینه بکرێ؟
ئه‌گه‌ر کوردوستان بکرێته ماڵی کورد، ده‌سه‌ڵاتێکی
دیموکراتیانه، به‌خشینی هیوایه‌ک به داهاتوو. ئه‌گه‌ر که‌سێک
به‌رده‌وام کاربکات، نه‌توانێ ژن بێنێ، نه‌توانێ ببێته خاوه‌ن
خانوو، نه‌توانێ به حورمه‌ته‌وه بژی، ووڵات نابێته ووڵاتی
ئه‌و. له گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا گۆرانی کۆمه‌ڵایه‌تی پێویسته بێنه
ئاراوه. له کۆمه‌ڵگای کوردیا ژن هێنان وه‌ک خوێنمژین وایه.
ئه‌وه‌ی پێویسته بووترێ ئه‌گه‌ر کوردوستان دۆزخ بێت ئه‌وا به
هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌وروپا به‌هه‌شت نیه. میدیای کوردی پێویسته
کامیراکانی بباته ناو شوێنه دیکنزیهکانی، تراژیدیا‌کانی، ژیانی
په‌نابه‌ری کورد، نه‌ک ته‌نها هه‌ڵپه‌رکێی و
گۆرانی.
|