پاسپۆرتی عێراقی به‌عه‌ره‌بی

شێرزاد عه‌زیز

sherzadmalmo@hotmail.com

                                       

عێراقی نوێ گه‌ر ببێته پێناسی پاش سه‌رده‌می سه‌دام و ته‌مه‌نی ئێستای 3 ساڵ پتر بێت ، ده‌بێت خوێندنه‌وه‌ی كوردی بۆی یان نه‌خشه‌ی كوردی له عێراقی نوێ‌دا له كوێ‌بێت. گه‌ر نه‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژووی ( 2002 - 2003) و هه‌موو ئه‌و بۆچوون و ئه‌گه‌رانه‌ی كه‌باسیان له ئێراقی ئازاد ده‌كرد و له فه‌رهه‌نگی ئێمه‌دا به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كه‌ركوك و هه‌رێمه‌كانی تری كوردستان ناسرا بۆ جوگرافیای ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵكشانی خه‌ونه نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانمان  بۆ كه‌ناری سه‌ربه‌خۆیی یان قۆناخی خۆ ئاماده‌كردن بۆی.
گه‌ر پرسی هه‌ره گرنگ ئه‌وه‌ بێت به‌رژه‌وه‌ندی كوردی به‌راوردی نێوان دوو مێژوو بكرێت ده‌كرێت ڕووخاندنی سه‌دام وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی تاڕاده‌ی ( هه‌رگیز نه‌بوون) بڕوایه‌كی سه‌پاو و جێگیری له بیری كوردی‌دا گۆڕی و كردی‌یه سه‌ره‌تای خه‌ونی پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ك له‌باشووردا به‌ڵكو له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستاندا. ئه‌گه‌ر ڕووداوێكی مه‌زنی وا تا ئێساش كاریگه‌ری كاڵ نه‌بوێته‌وه‌و ئه‌گه‌ری گه‌وره‌ی له‌سێداره‌دانی جارێكی تر ته‌وژمێكی تری نوێبوونه‌وه‌ی ڕۆژانی 3 ساڵی ڕابردوو بێت و كاتێكی تریش پرسه نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كانی تر دوابخات و له‌ئاهه‌نگی قوربانی‌یه‌كانی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه بیر بكرێن لای تاكی كوردستانی به‌ڵام ناتوانێت تاسه‌ر به‌رده‌وام بێت.
ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌و فاكته‌ر و خوێند‌نه‌وانه‌ی بۆ ڕانه‌گه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان له داگیركردنی به‌غداد لۆژیكی بن و عێراقی بوون چاره‌نووسێكی سه‌پێنراوی وویستی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكی و هه‌رێمایه‌تی بێت و په‌سه‌ندی كوردیش  ناچاربوونی هێزێكی به هێزێكی له‌خۆی گه‌وره‌تر بێت به كۆمه‌ڵێك به‌ڵێن و په‌یمانی تازه له‌ووڵات و سه‌رده‌مێكی نوێ .
كێشه‌ی كوردی له عێراقدا ناكه‌وێته سنووری كێشه‌ی ( سونه و شیعه) چونكه خه‌ونی كوردی له سنووری حه‌مرین تێناپه‌ڕێت و ململانێ‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌غداد ناكات كه جه‌نگی نێوخۆی ئێستای

 ( شیعه و سوونه) بۆی له‌وپه‌ڕی توندوتیژیدایه بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی.
ڕاگه‌یاندنه‌كانی كوردستانی له‌م ڕۆژانه‌دا هه‌واڵی پاسپۆرتێكی نوێ‌ی عێراقیان بڵاو كرده‌‌وه به‌زمانی عه‌ره‌بی كه بۆ جاری 3 چاپ ده‌كرێته‌وه. ئه‌مه شۆكێكی تری هه‌ر كوردستانی‌یه‌كه بۆ تێڕامان و به‌دگوومانی كه گه‌ر زمانی كوردی زمانی دووهه‌م بێت و له‌په‌رله‌مانی عێراقیدا تابلۆی( ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران) هه‌ڵواسرابێت و زمانی فه‌رمی بێت بۆ ناخرێته سه‌ر پاسپۆرت  دۆخی ڕامیاری عێراقی نوێ گۆڕانی خێرا و زووبه‌زوو به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت و ئه‌گه‌ری گۆڕینی پاره‌ی عێراقیش له ئارادایه كه تائێستا به‌زمانی عه‌ره‌بی‌یه و له‌دیدی پاسپۆرته ‌نوێ‌یه‌كه‌وه چاوه‌ڕوانی به‌كوردی نووسین بێ‌هووده‌یی‌یه. ئاڵای عێراقی نوێش له خه‌تی ده‌سته‌وه كراوه به‌كوفی و بۆ كوردستانی باشووریش مانایه‌كی تازه‌ی نی‌یه.
گه‌ر ئه‌وه‌ش به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت كه‌ده‌ڵێت  فشاری كوردی له‌ئێستادا هۆكاری نزیكبوونه‌وه‌ی شیعه و سونه‌ن به‌رامبه‌رمان( گه‌رچی  ڕاستی‌یه‌كی تا ئێستا نه‌گۆڕه هه‌میشه لاوازه‌كان له‌هه‌ردان‌و سانێكدامه‌رجی به‌هێزه‌كان ده‌سه‌لمێنن نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه(.
ئایا ئه‌مه پرسیار نی‌یه پاسپۆرتێك به‌زمانی دایكی ( سه‌رۆك كۆمار و شالیاری ده‌ره‌وه‌ی) ووڵاتێك نه‌توانرێت بنووسرێت ، هیوای ئاینده بۆ عێراقی نوێ لای كورد له‌باشووردا چی‌یه.؟
 
 

 

 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca