بۆئه‌وه‌ی چیتر شه‌رمه‌زاری یه‌کتر نه‌بین!

تایه‌ر حاجی حه‌سه‌ن
هۆڵه‌ندا

Hanskk_01@hotmail.com

                         

 

          ئه‌م بابه‌ته‌ ڕوو له‌ هه‌موانه‌ و گرفتێکی سه‌ره‌کی ئه‌مڕۆی نێو ژیانی خه‌ڵکانی په‌ناهه‌نده‌ و خه‌ڵکانی دانیشتووی کوردستان، به‌یان ده‌کات.

 

ئه‌گه‌رچی کۆمه‌ڵگه‌ی عێراق زۆرترین ته‌مه‌نی ژیانی به‌ نێو ئاپۆره‌ی جه‌نگی ده‌سه‌ڵاته‌ دڕنده‌ و وه‌حشیه‌کاندا به‌سه‌ر بردوه‌ و ده‌یبات، هه‌میشه‌ خۆی وه‌ک دیلی ده‌ستی ده‌سه‌ڵات باوه‌ڕهێناوه‌ و مێژوو به‌ دوای مێژوودا بوونی خۆی بووه‌ به‌ مه‌ینه‌تی بۆژیانی خۆی و خۆشبه‌ختی بۆ ده‌سه‌ڵات. ئه‌م نابووت بونه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ و خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێش، له‌ نێو چوارچێوه‌ی خورافه‌ی جه‌هل و نه‌زانیندا،هه‌رده‌م درێژه‌ی به‌ عومری خۆیداوه‌ و هیچ له‌ توانانه‌بوون بۆ ئیراده‌یه‌ک به‌ قازانی خۆ بووه‌ به‌ فه‌لسه‌فه‌ی ژیانی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی عێراق.

 

دوابه‌دوای سالی 91 و ده‌رئه‌نجامی ڕۆژ به‌ ڕۆژ خراپتر بوونی باری ژیان و گوزه‌ران، چ له‌ ڕووی باری ئابوری و سیاسی و بێئه‌منیه‌تیه‌وه‌، به‌شێکی زۆر ناچار بوون ڕێگه‌ی هه‌نده‌ران هه‌ڵبژێرن و ملی ڕێگای هات و نه‌هات بگرن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچۆنێک بێت بگه‌ن به‌مه‌نزڵێک ئاسوده‌ییه‌کی تیا به‌دی بکه‌ن. زۆرێک له‌م سه‌فه‌ری نادیاره‌دا تیاچون و بوون به‌ خۆراکی نێو ڕوبار و که‌ندڕه‌کان، زۆرێک گه‌شتن و نسیبێک له‌ چاوه‌ڕوانی نێو که‌مپه‌کاندا و جێهێشتنی ئازیزان و ژینگه‌یه‌ک به‌جێی هێشتبوو، به‌رده‌وام له‌ نێو خه‌یاڵاتی دێوه‌زمه‌ییدا گینگڵی ده‌دا، ئاخۆ جێم ده‌بێته‌وه‌ له‌م وڵاته‌ یان تێبکوتم بۆ وڵاتێکی دی، یان له‌ کوی کارێکم ده‌ست بکه‌وێت شتێک یارمه‌تی ده‌ست که‌سوکار و ماڵومنداڵ بخه‌م.

 ئابڵوقه‌ی ئابوری سه‌ر عێراق وجێخستنی زۆرترین ڕاده‌ی هه‌ژاری به‌شوێن خۆیدا به‌ جێ هێشت، خه‌ڵکی کوردستان له‌م نێوه‌دا، دووجار به‌ری ئه‌م ئابڵوقه‌یه‌ که‌وت جاریک وه‌ک باره‌ گشتیه‌ نێونه‌ته‌وه‌یه‌که‌ی سیاسه‌تی ئه‌مریکی و هاوپه‌یمانانی جارێکیش له‌ لایه‌ن حکومه‌تی به‌عسه‌وه‌. ئه‌و بارودۆخه‌ و ململانێی نابوت و به‌رژه‌وه‌ند خوازیه‌کانی نێو دووپارته‌ سه‌ره‌کیه‌که‌ش بۆ وه‌دست خستنی ده‌سه‌ڵاتی زیاتری خۆیان، هێنده‌ی تر باری ژیانی سه‌رشانی خه‌ڵکی زه‌حمه‌ت تر کرد. لێره‌دا ئه‌وه‌ی بوو به‌ قوربانی و کردنی به‌ جۆرێک له‌( سواڵکه‌ر) به‌و مانایه‌ی ڕێزو مانای ئینسانی بوون هه‌یبه‌تی خۆی تێدا وون کرد بوو، خه‌ڵکی کوردستان بوو. ڕاهێنانی خه‌ڵک بۆ نێو ئه‌م دیدگایه‌ له‌ بڕیاری 986 نه‌وت به‌رانبه‌ر به‌ خۆراک، سه‌رچاوه‌ی ڕاسته‌وخۆی گرت و ته‌واوی ڕویه‌کی ئینسانی بوونی له‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی به‌رهه‌م هێنه‌ره‌‌وه‌، گۆڕی بۆ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی به‌کاربه‌ر.

 

ئه‌م بڕیاره‌ هێدی هێدی خه‌لکی له‌گه‌ڵ خۆیدا ڕاهێناو، ده‌سه‌ڵاتیش هه‌رچی بۆی کرا شانی خۆی خاڵی کرد له‌ به‌ به‌رپرسیارێتی کردن بۆ هێنانی ژیانێکی گونجا و ئینسانی بۆ سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگه‌.

 

خه‌ڵکانی په‌نابه‌ر له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا و زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان، بوون به‌ به‌شی سه‌ره‌کی بۆ یارمه‌تیدانی که‌سوکاریان و به‌هه‌رچ شێوه‌یه‌ک بۆیان کرابێت یارمه‌تی ئه‌و خه‌ڵکانه‌یان داوه‌ و، بوون به‌ به‌شێک له‌ قوربانیانی ده‌ستی ڕؤژگاری دواکه‌وتی کۆمه‌ڵگه‌ و ده‌سه‌ڵاتدارانی حاکم. ئه‌و بارودۆخه‌ وای کرد زۆرینه‌یه‌ک هه‌رده‌م چاویان له‌ده‌ستی ڕۆڵه‌کانیان بێت که‌ نیشته‌جێی وڵاتانی دنیا بوون و، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ته‌نها ئه‌رکی هێنانی جه‌نگ و به‌کوشتدانی ئه‌م کۆیلانه‌ی بێت و، ئیتر ئه‌رکی به‌ڕێوه‌ بردنی ژیان له‌ ئه‌ستۆی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌بێت بۆ دابین کردنی ژیانێک، بتوانێنت جیهانبینی( ته‌کلیف) کردن له‌ نێو تاکه‌کاندا بسڕێته‌وه‌ و ته‌نها خۆی واته‌ ئه‌می حکومه‌ت و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بچێته‌ ژێر باری دابین کردنی گوزه‌رانێکی شیاو بۆ سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگه‌.

 ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بمانه‌وێت چیتر شه‌رمه‌زاری یه‌کتر نه‌بین و (ڕوی ئیحراج بوون)ی له‌ به‌رانبه‌ر یه‌کدیدا له‌ نێو به‌رێن، ده‌کرێت ته‌واوی داخوازیه‌کانمان ڕوبه‌ڕوی حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵات بکه‌ینه‌وه‌. لێره‌وه‌ ده‌توانین داخوازیه‌کان بسه‌پێنین به‌سه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا و بیخه‌ینه‌ ژێرباری دابین کردنی ژیان بۆ هه‌موان. ئه‌م کاره‌ ته‌نها چاره‌سه‌ره‌ ئه‌گه‌ر خوازیاری ئه‌وه‌ بین چیتر خه‌ڵکانی وه‌کو ئێمه‌ی په‌نابه‌ر ئیحراج نه‌کرێت و ئێمه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی چیتر له‌ ڕوی ویژدانی و ئینسانیه‌وه‌، نه‌تلێینه‌وه‌ به‌و باره‌ قورسه‌ی که‌ له‌سه‌ر ژیانی ئێوه‌یه‌. ئه‌وه‌ی به‌ خه‌ڵکی په‌نابه‌ر کرابێت له‌و بڕوایه‌دام درێغی نه‌کراوه‌ و له‌ ناسک ترین کاتی بارقورسی ژیاندا به‌ شێک بوون بۆ هه‌ستاندنه‌وه‌ی باری ناهه‌مواری گوزه‌رانی ئێوه‌. ئه‌م کارانه‌ بۆ خۆی به‌شێکن له‌ شۆڕشێک، که‌ مێژوو ده‌توانێت شاهیدی بدات، وه‌له‌و زۆرێک له‌ به‌رپرسه‌ به‌ڕێزه‌کان و هونه‌رمه‌نده‌کان ده‌یان ناوناتۆره‌شیان بڕیوه‌ته‌وه‌ به‌سه‌ر دیدی خه‌ڵکانی ئاواره‌ی ئه‌وروپاو، هه‌ر له‌ قاپ شۆر و پیره‌ژنشۆر و تا ده‌گات به‌سه‌گ خاوێن که‌ره‌وه‌، ئه‌م ئه‌رکانه‌ ئه‌گه‌رچی له‌ ته‌سویری ئه‌و به‌ڕێزانه‌دا به‌کارێکی که‌م و سلبی سه‌یر ده‌کرێت، به‌ڵام له‌ دیدگای کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی پێشکه‌وتوه‌وه‌، هه‌موو کاره‌کان شایانی ڕێزن و هه‌ر له‌ کاری دکتۆرێکه‌وه‌ تا ده‌گات به‌کاری سیاسه‌تمه‌دارێک و تا ده‌گات به‌ کاری که‌ سێک که‌ خاوێنی ئاوده‌سته‌کانیشی له‌سه‌ر شانه‌، ئه‌مانه‌ هه‌موو وه‌ک کارێکی ئینسانی و ته‌واوکه‌ری ژیانێکی مه‌ده‌نیانه‌ حیساب ده‌کرێت، چونکه‌ ژیان به‌م ڕێزه‌وه‌ ده‌توانێت جوان بێت و لانی که‌م حورمه‌تی ئینسان پارێزراوه‌ و که‌س شه‌رمه‌زاری ئه‌وی دی به‌رانبه‌ری نابێت. ئه‌گه‌رچی لێره‌ش نیزامی سه‌رمایه‌داری حاکمه‌، به‌ڵام لێره‌ ئاستی پێگه‌یشتوویی کۆمه‌ڵگه‌یکی مه‌ده‌نی و سکولار، هه‌رده‌م وا داخوازیه‌کانی خۆی سه‌پاندووه‌ به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا، ده‌بێت به‌رپرس بێت له‌ ته‌واوی ژیانێکی شایسته‌ بۆ هه‌موان.

من ده‌مه‌وێت، ئه‌وه‌ بڵێم به‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، به‌شی ( عه‌قار و دانی سولفه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی خانوو دروست ده‌که‌ن) ئه‌گه‌ر چی ئه‌و بڕیاره‌ به‌ به‌شێکی ئیجابی ده‌ژمێردرێت، بۆ یارمه‌تیدانی خه‌ڵکانی هه‌ژار، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ڕه‌خنه‌ی من و ڕه‌نگه‌ به‌شێکی زۆری دیکه‌ی خه‌ڵکانیش بێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، ئێوه‌ بڕیارتان داوه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بده‌ن به‌و که‌سانه‌ی که‌ فه‌رمان به‌رن یان پێشمه‌رگه‌ن‌ یان پۆلیسن‌، دیاره‌ زۆرینه‌ی ئه‌م خه‌ڵکانه‌ له‌ڕوی ئیمکاناتی مادییه‌وه‌ که‌م ده‌رامه‌تن، ئێوه‌ش پێیان ده‌ڵێن، خانوه‌که‌ت بگه‌یه‌نه‌قۆناغێک که‌ دیار بێت شێوازی خانوی له‌ خۆی گرتبێت.

 به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجی منه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م که‌سه‌ هیچ ئیمکاناتێکی نه‌بوو بۆ جێبه‌جی کردنی ته‌نانه‌ت بناخه‌کردنی خانوه‌که‌شی، بڕوات ڕوو له‌ کوێ بکات، بۆ وه‌رگرتنی قه‌رز، بڕوات له‌ کێ بپاڕێته‌وه‌ یارمه‌تی بدات. گریمان ئه‌و که‌سه‌ هه‌ر هیچ که‌سێکی به‌ ئیمکانی نه‌بوو له‌ نیو که‌س و کاریدا، تاوانی چیه‌؟  ئه‌گه‌ر ئێوه‌ به‌ڕاستی ده‌تانه‌وێت خزمه‌ت به‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌تان بکه‌ن و شه‌ر‌مه‌زار بوونی تاکه‌کان له‌ نێو خۆیاندا وه‌لابخه‌ن. وه‌رن ڕاسته‌وخۆ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یان بده‌نێ که‌ به‌پێی بڕیاری خۆتان ئه‌و که‌سانه‌ ده‌گرێته‌وه‌، با ئه‌ویش بتوانێت، هه‌چۆنێک بێت کورد واته‌نی داڵده‌یه‌ک بۆ ما‌ڵ و منداڵه‌که‌ی پێکه‌وه‌ بنێت.

 ئێوه‌ی ده‌سه‌ڵات دار ڕۆژ به‌ ڕۆژ ده‌م له‌ جیهانبینیه‌کی( دوبه‌ی) ئاسا ده‌کوتن و کامتان هه‌ڵده‌ستن ده‌ڵێن کوردستان ده‌که‌ین به‌ (دوبه‌ی). من ده‌ڵێم کوردسان مه‌که‌ن به‌و جێگایه،‌ چونکه‌ ئه‌و وڵاته‌ زۆرترین بێحورمه‌تی تێدا ده‌کرێت به‌ هه‌زاران ئینسانه‌وه‌، ته‌نها ئێوه‌ بتوانن کور‌دستان بگه‌یه‌ننه‌ ئاستی گوندێکی ئه‌وروپا، که‌ مافی هاووڵاتی بوون به‌ ڕه‌سمی بناسرێت. ئه‌و‌کات ئایدیاکه‌تان به‌عه‌مه‌لی خۆی ده‌چه‌سپێنێت!!!!!!!!!!!

  

                                                                   08/12/06

                                                                                               

 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca