سه‌دام و په‌تی سێداره‌ و چاوه‌ڕوانی!

   تایه‌ر حاجی حه‌سه‌ن

Hanskk_01@hotmail.com

   سه‌دام و ڕژێمه‌که‌ی و ده‌ورانه‌که‌ی بۆخۆی یه‌ک پێناسه‌ به‌شوێن خۆیدا به‌جێده‌هێڵێت، ئه‌ویش مێژوویه‌ک پراوپڕ له‌ شه‌رمه‌زاریه‌تی و وه‌حشیه‌ت و دڕندایه‌تی، که‌ ده‌رهه‌ق به‌ خه‌ڵکی بێدیفاعی عێراق ئه‌نجامیدا. ئه‌م دڕندایه‌تیه‌ ته‌نانه‌ت له‌ نێو پێناسه‌ی ئاژه‌ڵه‌ دڕنده‌کانیشدا جیگه‌ی نابێته‌وه‌، هیچ نه‌بێت ئه‌وان وه‌ک غه‌ریزه‌ شوێن هه‌ڵگری دڕندایه‌تین!

       ئێستا مێژوویه‌ک له‌ چاوه‌ڕانی بینینی ئه‌و ساته‌وه‌خته‌دایه‌ و ملوێنان بزه‌ی دزراو نزیکه‌ بگات به‌و چرکه‌یه‌ی مه‌رگی دیکتاتۆرێکی فاشست و ترسنۆک ببینێت، ئه‌گه‌ر شانسی هه‌بێت ئه‌می چاوه‌ڕوانی خواز مه‌رگی پێش مه‌رگی دیکتاتۆر نه‌که‌وێت!

 تیۆری چاوه‌ڕوانیکردن بۆخۆی مه‌دلولاتی جۆراو جۆر به‌خۆوه‌ ده‌گرێت، ئه‌م وشه‌ی چاوه‌ڕوانیکردنه‌ زۆرکات تاقه‌ت پڕوکێن و مه‌رگهێنه‌ر بووه‌. واهاتوه‌ته‌وه‌ ئومێده‌ خوازبووبیت به‌ ئاواتێکی شه‌خسی خۆت بگه‌یت، به‌ڵام زۆرجار واڕێکه‌وتوه‌ ده‌رفه‌ت و مه‌رگ نه‌یان هێشتوه‌ ئه‌و تاکی چاوه‌ڕوان خوازه‌ بگات به‌ ئاواته‌کانی. به‌تایبه‌ت له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کدا پێگه‌ی ژیان بۆ ژیانێکی ئینسانیانه‌ وه‌ک کارێکی بێهووده‌یی خۆی تێدا جێخستبێت.

سه‌دام و په‌تی سێداره‌ و چاوه‌ڕوانی بۆخۆیان ئێستا له‌ ململانێو جه‌نگێکی بێپسانه‌وه‌دان و یه‌ک یه‌خه‌ی ئه‌وی دی گرتوه‌ و پێی ده‌ڵێت: کێ تاوانباره‌؟ من یان په‌تی سێداره‌؟ کاممان ئه‌وی تری دروستکرد؟ چاوه‌روانیش هێدی هێدی خۆی له‌ نزیکیانه‌وه‌ مه‌ڵاس داوه‌ و، خه‌ریکه‌ مێژوویه‌ک بۆ دیکتاتۆر ده‌گێڕێته‌وه‌ و به‌ یادیدا ده‌هێنێته‌وه‌، ته‌واوی  ئه‌و چرکه‌ ساتانه‌ی که‌ له‌سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵات بوویت و  کۆمه‌ڵگه‌ت وه‌ک ئاژه‌ڵ به‌ره‌و قه‌سابخانه‌ به‌ ڕێده‌کرد و غه‌رقی نائومێدی و بێهوده‌یت ده‌کردن، تۆش خه‌ریکی ئیغرابوونێک بوویت به‌ غه‌یری خۆت و دڕنده‌کانی چوارده‌ورت که‌ سی دیت نه‌ده‌بینی. چاوه‌روانی هه‌روا به‌رده‌وام ده‌بێت و نیشانی دیکتاتۆری ده‌دات، مێژوویه‌ک سه‌رانسه‌ر بێت له‌ دڕندایه‌تی و کوشتنی ملوێنان حه‌زو ئاره‌زو به‌ شێک بێت له‌ ئامانجه‌کانت بۆ ئه‌وه‌ی تا سنووری په‌رستن بپه‌رسترێیت! ده‌کرێت له‌م کۆتاییه‌ شه‌رمناویه‌ت باشترت به‌ نسیب نه‌بێت! تۆ کۆتاییه‌ک به‌ شوێنخۆتدا به‌ جێده‌هێڵیت، کۆتای مه‌رگی ڕۆژانه‌ی سه‌دان ئینسان. تۆ ساڵی هه‌شتاوپێنج وتت (ئه‌گه‌ر بڕۆم له‌م وڵاته‌، ئه‌وا کاوله‌یه‌ک به‌ جێدێڵم) به‌ ڕاستی ته‌واوت ووت و تابڵێیت مێژوویه‌کی لێوان لێو له‌ ناشیرینی و دڕندایه‌تیت دابه‌ده‌ستی شمشێر به‌ ده‌ستانی شۆفێنستی و ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری پاراستنی عروبه‌ی و گه‌وجیه‌که‌ت بوون.

 ئه‌مڕۆی کۆمه‌لگای عێراقی که‌ له‌‌ نێو گۆمی خوین و نابه‌رابریدا  لرفه‌ی دێت به‌رهه‌می مێژوویه‌ک بووه‌ و، ململانێکان بۆ گه‌شتن به‌ کورسی ده‌سه‌ڵات و سه‌پاندنی بیروباوه‌ڕه‌ تاک په‌رستیه‌کانی دیکتاتۆریه‌ت به‌شی سه‌ره‌کی ئه‌و هاورده‌یه‌یه‌ ئه‌مڕۆ ده‌یبینین. مه‌رگی تاوانبارێکی وه‌ک سه‌دام هێنده‌ی به‌ شێک ده‌بێت له‌و ئه‌جێنداو پرۆژه‌ سیاسیه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌مریکا به‌ شوێنیه‌وه‌یه‌تی له‌ ناوچه‌که‌دا، هێنده‌ به‌شێک نه‌ بووه‌ له‌و ئاوات و ئومێدانه‌ی که‌ خه‌ڵکی عێراق چاوه‌ڕێی بووه ڕزگاری ببێت له‌و ڕۆژگاره‌ مه‌ینه‌تی هێنه‌ره‌ی که‌ خودی ئه‌و ڕژێمه‌ هۆکارێکی ڕاسته‌وخۆی بووه‌‌‌. چونکه‌ ئه‌م دیکتاتۆره‌ بۆخۆی پێناسه‌یه‌که‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتێک و مێژوویه‌ک که‌ ده‌ورانێک خه‌ڵکی بێدیفاعی ئه‌م وڵاته‌ ده‌خزێنرانه‌ نێو په‌تی سێداره‌ و چاڵه‌کانی مه‌رگی ئه‌نفال و کیمیاباران کردن و تا ئه‌و سنووره‌ی به‌ هه‌زاران ئینسانی ناڕازی باشوروناوه‌ڕاستی عێراقیش به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ قه‌تڵوعام ده‌کران، به‌پێشچاوی ده‌سه‌ڵات دارانی سیاسی ئه‌مریکایی ئه‌م کاره‌ به‌ڕێده‌خراو بۆ چرکه‌یه‌کیش نووزه‌یان لێوه‌ نه‌ده‌هات! ئه‌و کات به‌رژه‌وه‌ندی پاراستنی ئامانجه‌ ئابوریه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌که‌ له‌ ڕوی به‌ده‌ستهێنانی نه‌وته‌وه‌ و ساغ کردنه‌وه‌ی کاڵاکانی وای ده‌خواست، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی دیکتاتۆر له‌ به‌رنامه‌یه‌ک بۆی داڕێژرابوو لایدا، ئیتر به‌که‌ڵکی ئه‌م نه‌زمی نوێیه‌ نه‌ماو بوو به‌ به‌شێک بۆ ئامانجێک که‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌مریکا به‌ شوێنیه‌وه‌ بوو. هه‌ڵبه‌ت له‌ پاش ڕوخانی ئه‌م ڕژێمه‌وه‌ کۆمه‌ڵگای عێراقی به‌ گشتی بووه‌ به‌ ناشیرینترین سه‌رزه‌مینی جیهان، بووه‌ به‌ به‌شێکی سه‌ره‌کی نێو ململانێ ته‌واو دڕنده‌ و پاوان خوازه‌کانی پیاوانی ده‌سه‌ڵاتی ئاینی سونه‌مه‌زهه‌ب و شیعه‌مه‌زهه‌ب. ئه‌مه‌ به‌رهه‌می ده‌ورانێک ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ وڵاتێک به‌ درێژایی ته‌مه‌نی له‌ بازنه‌ی گێژاودا خۆی دووباره‌ کردۆته‌وه‌‌. نادیاری چاره‌نووسی داهاتووی وڵاتێکه‌ کات و شوێن تێیدا وون بووه‌‌. بۆ نابێت بپرسین، کام له‌ مێژووی هێزو ده‌سه‌ڵاته‌کان تا ده‌گات به‌مه‌ی ئێستاش له‌ مه‌یداندان توانیویانه‌ بۆ چرکه‌یه‌کیش کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و وه‌رچه‌رخانێکی مه‌ده‌نیانه‌ به‌رن؟ یان ئه‌وه‌تا ئه‌م به‌ڕێزانه‌ی ئێستاش گرفتدارن به‌ به‌شه‌ ده‌سه‌ڵاتیان و به‌ شێکی سه‌ره‌کین له‌ نێو گرفته‌ بێچاره‌سه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی عێراقیدا؟ ئایا بۆخۆیان به‌شێکی به‌رچاوی نێو گه‌مه‌ کۆمیدیه‌که‌ی کوشتارگاکه‌ی ئه‌مڕۆ پێک ناهێنن؟ ئایا به‌مه‌رگی دیکتاتۆرێک ده‌کرێت چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ بین ئیتر شه‌ڕوکوشتاری خه‌ڵکی سڤیل کۆتایی پێدیت؟ یان ده‌کرێت بڵێین له‌ جیاتی دیکتاتۆرێک ده‌یان دیکتاتۆری دیکه‌ هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که‌یان  به‌ جێ نه‌ هێشتوه‌و له‌ کاروانه‌که‌‌دا دوانه‌که‌وتوون!!!!!!!!!!

 

مانه‌وه‌ی په‌تی سێداره‌ خۆی له‌ هه‌مان مێژوودا ده‌بینێته‌وه‌، کاتێک ده‌سه‌ڵاتی ڕابردوو کردبووی به‌ به‌شێکی سه‌ره‌کی مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی بۆ ترساندن و تۆقاندنی ئازادیخوازانی کۆمه‌ڵگه‌، که‌وایه‌ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌م په‌ته‌ ناشیرینه‌و ئه‌و ئایدیایه‌ی هه‌ڵگریه‌تی هه‌مان ڕابردوو به‌ گوێی کۆمه‌ڵگه‌دا نا‌داته‌وه‌. ئه‌گه‌ر وانیه‌ بۆ تائێستا نه‌توانراوه‌ بڕگه‌ی       له‌ سێداره‌دان له‌ نێو یاساکاندا هه‌ڵبگیرێت! ئه‌مه‌ به‌رهه‌می ڕژێمه‌ سه‌ربازییه‌ یه‌ک  له‌دوای یه‌که‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ ڕۆژهه‌ڵاتیه‌کانه‌ و فه‌رهه‌نگی کۆمه‌ڵگه‌ به‌ چه‌مکێکی ئاوا دڕندانه‌ په‌روه‌رده‌ ده‌که‌ن.  ئه‌مریکای دیموکراسی هێنه‌ر و ئازادی خوازیش هه‌ڵگری هه‌مان په‌تی سێداره‌یه‌. مێژووی ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌ربازیه‌کان به‌ده‌ر نه‌بووه‌ له‌م پێناسه‌ی په‌تی سێداره‌یه‌و هه‌رده‌م بۆ ترساندنی هه‌رچ ده‌نگێکی ناڕازی په‌تی سێداره‌یان به‌ بیری کۆمه‌ڵگه‌دا هێناوه‌ته‌وه‌ و ڕۆژڕه‌شی و برسی کردنی سه‌دان هه‌زار ئینسان  بۆ کولتووری تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ و کوشتنی یه‌کدی له‌ نێو به‌رهه‌می ئه‌و مێژووه‌ خوێناویه‌ دیکتاتۆریه‌وه‌ خۆی دووباره‌ده‌کاته‌وه‌.

 لێره‌دایه‌ پرسیاری سه‌ره‌کی ئه‌مڕۆی خه‌ڵکی عێراق به‌ گشتی، ئایا ئه‌و نائارامیه‌یه‌ی ئێستا خه‌ڵکی تێیدا ده‌ژی نه‌بووه‌ به‌و بارودۆخه‌ی سه‌دام تیاچێت یان تیانه‌چێت ده‌توانێت چ  چی که‌م بکاته‌وه‌ له‌و خه‌مومه‌رگه‌ساته‌ی ئێستا یه‌خه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی گرتووه‌. یان ده‌توانێت چ گۆڕانێک به‌رپابکات له‌ به‌رانبه‌ر  ئه‌و بێکاریه‌ بێشوماره‌ و ئه‌و نا جێگیریه‌یی که‌ خۆی سه‌پاندووه‌ به‌سه‌ر ته‌واوی ژیانی کۆمه‌ڵگادا؟

                                                         29/12/2006

                                                       هۆڵه‌ندا

 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca