وه‌زاره‌تى وه‌رزش و لاوان خه‌ڵاتێكى ساڵانه‌ بۆ كارێكى شايسته‌ى دژى توندوتيژى دژ به‌ ئافره‌تان راده‌گه‌يه‌نێت.

 
 

له‌ژێر ناونيشانى گفتوگۆيه‌كى ئازاد سه‌باره‌ت به‌ توندوتيژى دژ به‌ ئافره‌ت و له‌ رۆژى 25/11 كه‌ تايبه‌ته‌ به‌ رۆژى نه‌هێشتنى هه‌موو جۆره‌ توندوتيژييه‌كى دژ به‌ ئافره‌تان؛ رۆژى يه‌ك شه‌ممه‌ رێكه‌وتى 26/11/2006 به‌ ئاماده‌بوونى رێزدار ته‌ها به‌روارى وه‌زيرى وه‌رزش و لاوان و ژماره‌يه‌ك له‌ نوێنه‌رى رێكخراوه‌كانى ئافره‌تان و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى وNGO يه‌كان؛ وه‌زاره‌تى وه‌رزش و لاوان به‌ هاوكارى له‌گه‌ڵ رێكخراوىWADI له‌ هۆڵى هوتێلى هه‌ولێر پلازا سيمينارێكيان به‌م بۆنه‌يه‌وه‌ سازكرد.
له‌ ده‌سپێكدا چيمه‌ن ره‌شيد به‌رپرسى رێكخراوى WADI كورته‌ باسێكى سه‌باره‌ت به‌ رێكخراوى ناوبراو پێشكه‌ش كرد و سوپاسی خۆى ئاراسته‌ى وه‌زيرى وه‌رزش و لاوان كرد بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتنيان و بايه‌خدان به‌ پرسی ئافره‌ت و پاڵپشتى وه‌زاره‌ت له‌ كاراكردنى رۆلى ئافره‌ت له‌ سه‌رجه‌م نێوه‌نده‌كاندا و به‌شداريكردنيان له‌ به‌ديهێنان و چه‌سپاندنى ديموكراسی له‌ كوردستاندا.
له‌لايه‌ن خۆيه‌وه‌ سه‌ره‌تا وه‌زيرى وه‌رزش و لاوان ئاماژه‌ى به‌ گرنگيی ئه‌و رۆژه‌ دا و باسی له‌ سه‌ره‌تاى راگه‌ياندنى كرد كه‌ به‌ بڕيارى 134/ 54 له‌ رێكه‌وتى 17/12/1999ى ئه‌نجوومه‌نى گشتى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان رۆژى 25/11 وه‌ك رۆژى جيهانيى بۆ نه‌هێشتنى تووندوتيژى دژى ئافره‌ت راگه‌ينراوه‌. له‌لايه‌كى ديكه‌ش چالاكانى مافى ژن رۆژى 25/11/1981 به‌ يادى كوشتنى 3 خوشك له‌ ساڵ ى1960 له‌ كۆمارى دۆمينيكان راگه‌ياندووه‌.
پاشان باسی له‌ چه‌ند خاڵێكى گرنگ كرد و گوتى:
1
- وه‌زاره‌تى وه‌رزش و لاوان به‌ په‌يڕه‌و له‌ به‌رنامه‌ى ديموكراتیكى ڕێزدار نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ 7/5/2006 بڕيارى دا خه‌ڵاتێكى ساڵانه‌ پێشكه‌ش به‌و كه‌سايه‌تی و لايه‌نانه‌ بكات كه‌ باشترين كاريان له‌ كوردستان كردووه‌ و هه‌روه‌ها له‌ناو كورده‌كانى ده‌ره‌وه‌ى وڵاتيش بۆ نه‌هێشتنى تووندوتيژى و وشياركردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ له‌ مه‌ڕ پرسى تووندوتيژى دژى خانمان.
2
 - وه‌زاره‌ت پشتگيرى له‌ چاپكردنى هه‌موو به‌رهه‌مێكى نووسين و فیلم و دۆكیومێنته‌ر ده‌كات لم باره‌يه‌وه‌.
3
 - وه‌زاره‌ت به‌ هاوكارى له‌گه‌ل وه‌زاره‌ته‌كانى ترى په‌يوه‌ندار ئاماده‌يه‌ كۆرسى درێژخايه‌نى ئينگليزى و كۆمپيوته‌ر‌ بۆ ڕێكخراوه‌كانى لاوان بكاته‌وه چ ئه‌وانه‌ى سه‌ر به‌ پارتيه‌كانن ياخود له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و ڕێكخراوانه‌ن.
4
 - وه‌زاره‌ت پرۆژه‌ى تايبه‌ت ڕاده‌گه‌یه‌نێت و ده‌رگای بۆ هه‌موو ڕێكخراوه‌كان ئاواڵايه‌ بۆ زياتر به‌ ده‌ستخستنى فاكت له‌سه‌ر پرسى تووندوتيژى دژى ئافره‌تان و چۆنيه‌تى به‌ڕێوه‌چوونى كارى دادگاكان له‌ پێش گۆرين و دواى گۆرينى ئه‌و ياسايه‌ى به‌ ناوى نامووس پارێزى كراوه‌.
5
 - وه‌زاره‌ت ئاماده‌يه‌ كۆرسى تايبه‌ت بۆ ئافره‌تانى چالاك له‌ بوارى داكۆكى كردن له‌ مافه‌كانى ژنان بكاته‌وه‌ و هه‌ماهه‌نگيان پێ بكات له‌گه‌ڵ وه‌زراه‌ته‌كانى ترى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.
6
 - ئه‌گه‌ر رێكخراوه‌كانى داكۆكيكه‌رى خانمان پرۆژه‌ى بچووكى ئابووريان هه‌بێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى لاوانى هه‌ژارى ژن ئه‌وا‌ وه‌زاره‌ت دواى ديراسه‌تى پرۆژه‌كه‌، ره‌زامه‌ندى له‌ سه‌رى پشتگيرى ئابوورى ده‌كات به‌ رێگاى پێدانى قه‌رزى تايبه‌ت.
7
 - وه‌زاره‌ت پشتگيرى له‌ كردنه‌وه‌ى قاوه‌خانه‌ى تايبه‌ت ده‌كات بۆ لاوان به‌ گشتى و لاوانى ئافره‌ت به‌ تايبه‌تى.
8
- وه‌زاره‌ت به‌ نووسراوێكى فه‌رمى داواى له‌ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژينه‌ه‌وه‌ى زانستى كردووه‌ كه‌ پرسى لاوان له‌ رێگه‌ى توێژينه‌وى زانستى هانى كۆلێژه‌كانى په‌يوه‌ندار بدرێت و سێ گۆشه‌ى په‌يوه‌ندى حكومه‌ت، زانستگه‌ و بازاڕ به‌هێزتر بكرێت.
9
 - بۆ زياتر به‌ هێزكردنى په‌يوه‌ندى رێكخراوه‌كانى NGO ى خانمان، وه‌زاره‌تى وه‌رزش و لاوان ئاماده‌يه‌ وێب سايتيان بۆ بكاته‌وه‌.
له‌كۆتاييدا ئاماده‌بووان كه‌ بريتى بوون له‌ نوێنه‌رى چه‌ندين لايه‌ن و رێكخراوى تايبه‌ت به‌ كاروبارى ئافره‌تان و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى، پرسيار و پێشنيازى جۆراوجۆريان ئاڕاسته‌ى وه‌زيرى وه‌رزش و لاوان كرد و به‌ڵێنيان دا به‌ پاڵپشتى وه‌زاره‌ت كارى هاوبه‌ش و پرۆژه‌ى هاوبه‌ش‌ ئاماده‌بكه‌ن.
ئه‌و لايه‌نانه‌ى كه‌ له‌ سيميناره‌كه‌ ئاماده‌بوون ئه‌مانه‌بوون:-
1
- رێكخراوى ئاسوده‌.
2
-  يه‌كێتى ئافره‌تانى كوردستان.
3
- رێكخراوى په‌رى.
4
-  رێكخراوى روناهى.
5
- مه‌كته‌بی ناوه‌ندى رێكخراوه‌ جه‌ماوه‌ريی و پيشه‌ييه‌كان.
6
-  رێكخراوى نيرۆژ بۆ چالاكى كۆمه‌ڵايه‌تى.
7
-  رێكخراوى هێلان بۆ په‌ره‌پێدانى كه‌سايه‌تى ئافره‌ت و منداڵ .
8
- رێكخراوى دايك.
9
-  به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى چاكسازى نه‌وجه‌وانان و ئافره‌تان.
10
-  ڕێكخراوى ئاشتى.

 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca