عه‌ترت بۆنکڕوزی منه..!

 خاڵه‌به‌کر  
bakeramin@hotmail.com 

 

لانه‌م ئاگره،

پێخه‌ف ژیله‌مۆ،

خۆراک سووتانه‌..،

بێ ئان و سات،بۆ ڕۆحم،ڕازاوه‌ترین خوانه‌،

جاران ..!

بۆنکڕوزمان..!

عه‌تری یه‌کتری بوو،

ئه‌مێستاکه‌ عه‌ترو جاهت،زاره‌تره‌کی کردووم،

له‌حه‌یبه‌تا..،

‌‌ شه‌وانه‌،دامده‌چڵه‌کێنێ..!

ساتۆکه‌خه‌وێکی ئاگرینم پێ ڕه‌وا نابینێ..!

له‌حه‌یبه‌تا..،

هه‌ر ئاگره‌و ئاگر ئه‌گرێ..!

هاوسه‌رهکه‌شم بۆژۆ کردووه‌و ناهه‌قم ناگرێ..،

هه‌موو به‌یانیه‌ک قه‌وانه‌ سواوه‌که‌ی به‌گوێدا ئه‌ده‌م..،

+بمبووره‌..،

بێ له‌م به‌یانیه‌،دوێ به‌یانیش، 

دره‌نگ وه‌خت،به‌یانی باشم لێ کردیت،

+بمبووره‌..!‌

پۆشاکم پووشه..!‌

به‌بێ ده‌نگی هه‌ناسه‌ ئه‌ده‌م..!

چرکه‌،به‌چرکه‌..!

 به‌ده‌م سه‌مفۆنیای کڵپه‌وه‌ سه‌ما ئه‌که‌م..!

ناهه‌قم مه‌گره..،

‌ سه‌ودامه‌ زوخرێ بم..،

واده‌ی نیهله‌وه‌ زیاتر گڕ بگرم..!

حه‌یفێ،

چاک و چۆنی هاوڕێکه‌م..!

به‌زمانی چاو نه‌بوو..

حه‌یفێ..،

ته‌نها دیوی ده‌ره‌وه‌ بوو..!

زه‌یف، زۆر، زۆر، جوانتر بوو ..

ئه‌شی زانی مرۆڤم،مرۆڤ،

به‌رگه‌ی مه‌شهه‌دێکی تراژیدی درامایه‌ک ناگرم..،

هه‌ر وه‌ک جاران..!

بۆ کاری کرده‌ش هه‌ڵۆیه‌کی هه‌ڵمه‌ت به‌رم..!

حه‌یفێ،

وه‌کو جاران

 لووتفی نه‌نوان،

نه‌یووت..!

بۆنکڕوزی تۆ نه‌بوایه‌،

یه‌خه‌م،ئه‌م عه‌تره‌ی ئێستای چۆن بدیایه‌..!‌

وای ئه‌زانی..

کوچه‌و شه‌قام و شۆسته‌ پێم نامۆن..!

نه‌ی ئه‌زانی تاکو ئێستاش..!

 له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌ شه‌که‌ت و،پێڵاوه‌ پینه‌کراوه‌کانم تاپۆن..!

حه‌یفێ...!

هاوڕێکه‌م و هاوڕێکه‌شی..!

پێیان وابوو..!

باری شانیانم قورس کردبوو..

وه‌لێ به‌ده‌س خۆم نه‌بوو.،

قانونی پیاسه‌م نه‌ئه‌زانی...

هه‌رده‌م به‌دوو ڕیانی جه‌هه‌ننه‌ما ڕه‌ت ده‌بووم..،

جارجاره‌ش..،

به‌تیله‌ی چاو له‌جه‌ننه‌تیشم ئه‌ڕوانی.،

ده‌ڤه‌رێ بوو پڕ له‌ئافات...

چۆڵ و هۆڵ..

مه‌زرایه‌کی ئه‌فیون بوو،ووشک،ووشک..

ئه‌میره‌کان تیایدا ببوون به‌داهۆڵ..!

موجاهیده‌کانیش ته‌یرێکی گووولی بێ ده‌وا..!

له‌وه‌عزی ئه‌میره‌کان تۆقیبوون..!!

قانونی پیاسه‌م نه‌ئه‌زانی..،

زستانان چ به‌ریک هه‌تاو بوایه‌،خۆم بۆ به‌ری نسسرم ئه‌کوتی..،

زه‌مهه‌ریرله‌کوێ بوایه‌ له‌وێ بووم..!

هاوینان چ به‌رێک سێبه‌ر بوایه‌،خۆم بۆ به‌ری هه‌تاو ئه‌کوتی..

پایزان،خۆم بۆ به‌ری ڕه‌شه‌با ئه‌کوتی..

به‌هاران،چ به‌رێک ووشک و برینگ بوایه‌ سینگی هه‌ورم بۆ ئه‌کوتی..

ئاسوده‌یی،بێ ماناترین مانابوو..

ڕه‌وشت و شکۆمه‌ندی سه‌رتۆپی به‌هاکان بوو..

هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو..

به‌رده‌رکی سه‌راو کانێسکان و گه‌ڕه‌کی شێخان لێم بیزار بوون..،

چونکه‌ پیاسه‌م نه‌ئه‌زانی ..

کوڕێنی و چاوبڕکێ و خه‌نده‌ی چڵیس له‌ قاموسی گه‌نجێتیما مه‌حف بوون..

عیشقێکی ئه‌زه‌لی له‌هه‌ناوما په‌ره‌و بڵێسه‌ی سه‌ندبوو..،

تا، ئێستاو به‌یانی و دوو به‌یانی و سێ به‌یانی و چواربه‌یانیش..،

هه‌ر وه‌ک جاران..!

بۆنکڕوزم عه‌ترمه‌

ئه‌مه‌ک و وه‌فا لانکه‌مه‌

ناڵه‌ی دڵم خامۆشترین هه‌ناسه‌مه‌

* * *

نۆڤه‌مبه‌ری 2006

 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca