دڵێك له كاغه‌ز |
ئه‌حمه‌دی مه‌لا پێستی زه‌مین دووه‌مین شیعری سه‌ر كاغه‌زه و پێستی دڵم شین. ده‌نووشتێمه‌وه و به ناوله‌پم برینه‌كه‌ی ده‌سڕم. برینی ئه‌زه‌لی ئینسان. به ناوله‌پم ئه‌م برینه شینه ده‌سڕمه‌وه و ته‌ماشای هه‌ردوو ناوله‌پم ده‌كه‌م: جۆگه‌له تاریكیی به نێو شهوزهنگدا خوڕه‌ی دێ، ئاوازی ته‌یرێ برووسكه‌ی دێ. به سه‌ر پێستی زه‌مین دا راده‌بوورم. پێش ئه‌وه‌ی به‌هار بداته قاقا ئاوزه‌نگ ده‌ده‌م وه‌كو ئاونگ له سه‌ر نووكی دڕكه‌وه داده‌چۆڕێم پێستی زه‌مین به وزه ده‌شۆمه‌وه. ته‌یرێ له سه‌ر وشه‌یه‌ك راده‌وه‌ستێ. په‌نجه‌ره‌یه‌ك له نێو بهتاڵییدا ده‌كرێته‌وه. ئاسمان : له‌چكه شینه‌كه‌ی خودا ده‌رژێته سه‌ر روخسارم خرمه‌ی ته‌رزه‌ش له سه‌ر گۆناكانم. وشه‌یه‌ك له هیچه‌وه داده‌تاشم راده‌بوورم به نێو قه‌رسیلی ره‌شا وه‌ك ئاوێنه له سه‌د لاوه درز ده‌به‌م و واقیعی هزر ده‌نووسمه‌وه.
|
|
02/09/2015 |