يه‌کگرتنه‌وه‌ی  دوو ئيداره‌ چ  په‌يوه‌ندييه‌کى به‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکى کوردستانه‌وه‌ ‌هه‌يه‌ ....!

 

                                                                        ئه‌کره‌م عبدوڵا

ئه‌مه‌ يه‌که‌م جار نييه‌ که‌ خه‌ڵکى کوردستان گوێ بيستى هه‌واڵى موژده‌ى ريێکه‌وتنى نێوان يه‌کێتى و پارتى ئه‌بن ، رێکه‌وتنه‌کانى تاران و ئه‌نقه‌ره‌و دبلن و واشنتن له‌ ماوه‌ى 15 ساڵى رابردودا که‌ له‌ نێوان ئه‌م دوو حيزبه‌دا به‌ستران هيچکاميان نه‌يان توانى نانێک بۆ سه‌ر سفره‌ى خه‌ڵکى کوردستان زياد بکه‌ن ، له‌ هه‌موو جارێکيشدا به‌ ده‌ستکه‌وتى گه‌وره‌و مژده‌ى خۆشى و به‌رژه‌وه‌ندى باڵا فرۆشتويانه‌ته‌وه‌ به‌ خه‌ڵک.

وا ئه‌م جاره‌ش يه‌کگرتنه‌وه‌ى دوو ئيداره‌يان وه‌ک و ده‌ستکه‌وتى گه‌وره‌ و نه‌مانى باڵاده‌ستى حيزبايه‌تى به‌ سه‌ر ژيانى خه‌ڵک و دامه‌زراندنى کۆمه‌ڵگايه‌کى مه‌ده‌نى و هاوکاتيش به‌رقه‌رار بونى  ده‌سه‌ڵاتى ياسا له‌ کوردستان بونه‌ هه‌وێنى راگه‌ياندنى يه‌کگرتنه‌وه‌ى دوو ئيداره‌که‌يان.

 چه‌ند پرسيارێک له‌م نێوه‌دا خۆى ده‌رده‌خات ئه‌ويش ئه‌وه‌يه‌ ، ئايا کێشه‌ى ئه‌سڵى خه‌ڵکى کوردستان بونى دوو ئيداره‌ييه‌؟ ئايا به‌ راست لێره‌ به‌دواوه‌ ده‌سه‌ڵاتى ميليشيا نامێنێت؟ له‌کوردستاندا کۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى به‌رقه‌رار ده‌بێت؟ ئايا خه‌ڵکى کوردستان ئه‌م قسانه‌ به‌ جدى له‌ بارزانى و تاڵه‌بانى وه‌ر ئه‌گرن؟  ئه‌مانه‌و چه‌ندين پرسيارى تر له‌ زهنى خه‌ڵکى کوردستاندان ، چونکه‌ ته‌جروبه‌ى تاڵى ژيانى ئه‌م دوو حيزبه‌ پێچه‌وانه‌ى ئيديعاکانيان به‌ ئێمه‌ ئه‌سه‌لمێنێ .

دامه‌زراندنى کۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵکى کوردستاندايه‌ ، به‌ڵام مێژوى به‌شه‌رى ئه‌و راستي يه‌‌ى سه‌لماندووه‌ که‌ هێزێک ئه‌توانێت کۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى دابمه‌زرێنێت که‌ خۆى مه‌ده‌نى بێت و برواى به‌ عه‌لمانييه‌تى کۆمه‌ڵگا هه‌بێت ، نه‌ک يه‌کێتى و پارتى که‌ خۆيان نه‌وه‌ک مه‌ده‌نى نين ، به‌ڵک و پاڵپشتێکى باشن بۆ هێزه‌ ئيسلامييه‌کان و له‌ ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتيشياندا بونه‌ زيندو کردنه‌وه‌ى عه‌شيره‌ت و خێڵ و بره‌ودان و ته‌سپيتکردنى زياترى بۆنه‌ دينيه‌کان نه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ، وه‌ هه‌موو ئه‌و کۆمه‌ڵگايانه‌ى که‌ توانيويانه‌ تا ڕاده‌يه‌ک پێشکه‌وتن به‌ خۆيانه‌وه‌ ببين يه‌که‌م کار که‌ کردويانه‌  دينيان له‌ ده‌وڵه‌ت جيا کردۆته‌وه‌ ، به‌ڵام يه‌کێتى و پارتى ئه‌هلى ئه‌و کاره‌ نين چۆن ئه‌تانن ببن به‌ هێزێک کۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى له‌ کوردستان دابمه‌زرێنن . له‌م رێکه‌وتنه‌ياندا مژده‌ى نه‌مانى ميليشياى چه‌کدار و  به‌رقه‌رار بونى ياسا باس ئه‌که‌ن ، به‌ڵام ئه‌وه‌ 15 ساڵه‌ ئێوه‌ خاوه‌نى ميليشيان و فه‌لسه‌فه‌ى بونيشتان به‌ مانه‌وه‌ى هێزى  ميليشيايه‌ ، ئێوه‌ هه‌رگيز ئاماده‌نين ميليشياى چه‌کدارتان نه‌بێت بۆيه‌ مژده‌ى راگه‌ياندنى يه‌کگرتنه‌وه‌ى دوو ئيداره‌ بۆ خه‌ڵک کوردستان هيچ مانايه‌ک په‌يدا ناکات .

خه‌ڵکى کوردستان به‌ دواى نه‌بونى کاره‌باو شوێنى نيشته‌جێبون و پێداويستى يه‌کانى ژيانه‌وه‌ن ، کێشه‌ى سيستمى خوێندن و په‌روه‌رده‌و دابين کردنى موچه‌ى مانگانه‌يه‌ بۆ هه‌موو تاکێکى کۆمه‌ڵگا . کۆمه‌ڵگا کێشه‌ى لاوانى هه‌يه‌ نه‌ک دوو ئيداره‌ ، به‌شێکى زۆرى مناڵان بێبه‌شن له‌ خوێندن دايک و باوکان له‌به‌ر که‌مى ئيمکانات ناتوانن بيانێرن بۆ قوتابخانه‌ ، که‌چى ئێوه‌ش له‌ولاوه‌ خه‌ريکى شاى و لۆغانن بۆ شه‌راکه‌تى ده‌سه‌ڵاته‌که‌تان ، به‌ پێى قسه‌کانتان بێت ئيتر خه‌ڵکى کوردستان له‌ کۆڵ هه‌موو ئه‌و کێشانه‌ ئه‌بێته‌وه‌ که‌ له‌ ماوه‌ى 15 ساڵى رابردودا پێوه‌ى گيرۆده‌بون ، موچه‌ى مناڵ ديارى ئه‌که‌ن و چى تر له‌ سه‌ر جاده‌کان کار ناکه‌ن ، لاوانى کورو کچ به‌ ئاسانى ئه‌تانن زه‌واج بکه‌ن و ئيتر کێشه‌ى نه‌ بونى خانوو نابێته‌ گيرو گرفت بۆيان ، ياسا له‌ کوردستان به‌رقه‌رار ئه‌بێت و هه‌موو خه‌ڵکى کوردستان له‌ به‌رامبه‌ر ياسا يه‌کسان ئه‌بن و کۆمه‌ڵگاش ئه‌توانێ له‌به‌ر ده‌م دادگا لێتان بپرسێته‌وه‌ که‌ ئه‌م هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانه‌تان له‌ کوێ بووه‌ ،  من باوه‌ر ناکه‌م ئه‌ندامه‌کانى خۆشتان ئه‌م قسانه‌تان به‌جدى لێوه‌ربگرێت نه‌وه‌ک خه‌ڵکى کوردستان .

ئێوه‌ ‌بۆ به‌رژه‌وه‌ندى ته‌سکى حيزبايه‌تى و تايبه‌تى خۆتان و به‌ده‌ست هێنانى چه‌ند کورسييه‌ك له‌ ده‌سه‌ڵات خه‌ڵکتان برده‌وه‌ ژێر ده‌ستى ئيسلامى سياسى و که‌وتنه‌ پياهه‌ڵدانى کۆنه‌په‌رسترين بزوتنه‌وه‌ى ئيسلامى له‌ عێراقدا ، خه‌ڵکى کوردستان کێشه‌ى سه‌ره‌کيان سته‌مى ميللى يه‌ و بونيان به‌ ده‌ره‌جه‌ دووه‌ له‌ عێراقدا و دورکه‌وتنه‌وه‌يانه‌  له‌ به‌ڵاى ئيسلامى سياسى نه‌ک بونى دو ئيداره‌ وه‌ک و ئێوه‌ ئيديعاى بۆ ئه‌که‌ن .

به‌ڵام ئێوه‌ هه‌قى خۆتانه‌ که‌ ئه‌م هه‌موو هه‌راو هۆريايه‌ى بۆ بکه‌ن چونکه‌ باشتر ئه‌توانن

ئه‌توانن کۆنتڕۆڵى کوردستان بکه‌ن و وه‌ به‌م شێوه‌يه‌ش ڕێگه‌ له‌ سه‌رهه‌ڵدانى هه‌ر بزوتنه‌وه‌يه‌كى مۆدێرن و پێشکه‌وتنخواز بگرن که‌ بييه‌وێت سه‌ر هه‌ڵبدات . به‌ڵام خه‌لکى کوردستان سه‌رکوتى حيزبى به‌عسى پێ قبوڵ نه‌کرا که‌ به‌ درندانه‌ترين شێوه‌ سه‌رکوتى ئه‌کرد ئێوه‌ چۆن ئه‌تانن به‌م شێوه‌يه‌ ئيدامه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتى خۆتان بده‌ن . ته‌نانه‌ت ئه‌م يه‌کگرتنه‌وه‌شتان له‌ ژێر فشارى ئه‌مه‌ريکا و له‌ به‌ر خاترى ئه‌و بوو نه‌ک له‌به‌ر خه‌ڵکى کوردستان. ئێوه‌ ساڵانێکه‌ گوێ بيستى ئه‌مه‌ريکاو به‌ريتانيا و عه‌مامه‌ به‌سه‌ره‌کانى ئێران و خوارو ناوه‌راستى عێراقن رێزێکى زۆريشيان لێ ئه‌گرن ، شه‌هامه‌تر ئه‌وه‌يه‌ ته‌نها جارێکيش گوێ بيستى خه‌ڵکى کوردستان بن و رێز له‌ ئيراده‌يان بگرن ، بۆيه‌ ئه‌م يه‌کگرتنه‌وه‌يه‌ هيج په‌يوه‌ندييه‌کى به‌ خه‌ڵکى کوردستانه‌وه‌ نييه‌ ته‌نها خۆتان و دارو ده‌سته‌که‌تان لێ ى  سودمه‌ندن .

                                                                1/02/2006        

 

 ‌  

 

           

 

02/09/2015